مەریوان قەرەنی كاندیدی ژمارە (33) لە بازنەی چواری هەولێر: ئەركی لەپێشینەی پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا ئەوەیە كە داكۆكی لە هەر شتێك بكات كە مافی گەلی هەرێمی كوردستانی تێدایە

خەبات: بارزان كەمال

مەریوان قەرەنی كاندیدی ژمارە (33)ـی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بازنەی چواری هەولێر، وەك مافپەروەرێك ساڵانێكی زۆر لە بواری ڕێكخراوەیی و مافی مرۆڤدا كاری كردووە. هەروەها ئەزموونێكی درێژی لە كاركردن لەگەڵ كەرتی گشتی هەیە، لە ڕووی حزبیشەوە ماوەیەكی زۆرە لە ڕیزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەركی جۆراوجۆری لە ئەستۆ گرتووە. لە دیمانەیەكی تایبەتی خەباتدا قسە بۆ دەنگدەرانی دەكات و دەڵێت: ئەركی نوێنەرانی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەركێكی هەمەلایەنە و ناتوانین لە سێكتەرێكی دیاریكراودا چڕ بكرێتەوە، چونكە ئێمە ئەركێكی نەتەوەییمان لە ئەستۆیە و دەبێت كار بۆ بەدیهێنانی مافەكانی خەڵكی كوردستان لە هەموو ڕووەكانەوە بكەین، لە نێویشیاندا مافە داراییەكانی خەڵكی كوردستان و فشارخستنە سەر لایەنی عێراقی بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لەسەر پاڵپشتیكردنی دارایی خەڵكی كوردستان، هەروەها ڕێگەگرتن لە هەر هەوڵێك كە لە دژی هەرێمی كوردستان بدرێت. لەبەر ئەوەی من خۆم ئەزموونی تایبەتیم لە بواری یاسایی هەیە وەك مافپەروەرێك، هەروەها كاریشم لەسەر هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان كردووە و لە نزیكەوە تێكەڵیی زۆرم لەگەڵ كەسوكاری شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان هەیە، لە بەغدا هەرچی لە تواناماندا بێت دەیكەین بۆ ئەوەی دەسەڵاتەكانی عێراق ناچار بكەین دەستوور جێبەجێ بكەن .

ئەو كاندیدەی پارتی دەشڵێت: بە دڵنیاییەوە گرنگە دەنگدەران بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا بكەن و گورموگوڕی بە هەلبژاردنەكان بدەن. ئەگەر هەلبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ پێكهاتەكانی دیكە گۆڕینی نوێنەرێك بە نوێنەرێكی دیكە بێت، هەلبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ خەڵكی كوردستان دووبارە نیشاندانەوەی ئیرادەی گەلی كوردستانە بەوەی پشتیوانی لە كام ڕەوت و ئاراستە دەكات. هەموان دەزانن دوو ئاراستە لە نێو لایەنە كوردستانییەكاندا هەیە، ئاراستەیەك كە دەچێتە بەغدا بۆ ئەوەی مافەكانی خەڵكی كوردستان دەستەبەر بكات و رۆژ بە ڕۆژ كوردستان بەهێز بكات تا ئەو كاتەی بارودۆخی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لەبار دەبێت بۆ هەر گۆڕانكارییەك چونكە ئەو ئاراستەیە دەستبەرداری خەونی گەلەكەی نەبووە، هەموو خەڵك دەزانێت كە ئەو ئاراستەیە تەنیا یەك حزب لەسەریدا دەڕوات، ئەویش پارتی دیموكراتی كوردستانە.

مەریوان قەرەنی كاندیدی ژمارە (33) لە بازنەی چواری هەولێر گوتی: ئێمە داوا لە هەموو ئەوانە دەكەین كە حەز دەكەن كورد وەكوو نەتەوەیەكی سەربەرز لەسەر خاكی خۆیدا بمێنێتەوە، هەروەها ئەوانەی دەیانەوێت هەرێمی كوردستان ڕۆژ لە دوای رۆژ ئارام و ئاوەدانتر و سەقامگیرتر بێت و ببێتە بووكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەنگ بە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن كە دەیان كاندیدی بەتوانای لە سەرانسەری كوردستان كاندید كردووە. ناتوانین بڵێین هەموو ئەو بەڵێنانەی كە كاندیدەكان داویانە دەچنە واری جێبەجێكردنەوە، بە دڵنیاییەوە هەندێك لە كاندیدەكانی لایەنەكانی دەرەوەی پارتی بەڵێنی سەیر و سەمەرەیان داوە، بەشێكیشیان شتگەلێك دەڵێن كە ئامانج لێی دوورخستنەوەی گەلی كوردستانە لەسەر خواستی راستەقینەی خۆی. من داوا لە خەڵكی كوردستان دەكەم تەنیا باوەڕ بەوانە بكەن كە بەڵێنەكانیان واقیعین و لە ئەرزی واقیعدا زەمینەی جێبەجێكردنیان هەیە، كوردەواریش دەڵێ بەردی گەورە نیشانەی نەهاویشتنە. لەگەڵ ئەوەشدا زۆر كاندید هەن، كە بە دڵنیاییەوە بە كەسانی راستگۆ و دڵسۆز ناسراون و گومان لەوەدا نییە كە ئەو كاندیدانە ئەگەر دەربچن، خاوەنی بەڵێنەكانی خۆیان دەبن، سەرجەم كاندیدانی پارتی لەم جۆرەیانن.

مەریوان قەرەنی دەشڵێت: بەپێی دەستوور، سیستەمی فەرمانڕەوایی لە عێراقدا دەبێت لەسەر بنەمای شەراكەت و تەوازن و تەوافوق بەرێوە بچێت، بۆ ئەوەی هیچ پێكهاتەیەك مافی پێكهاتەیەكی دیكە پێشێل نەكات، بەداخەوە ئەم شەراكەتە لە عێراقدا رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر پشتگوێ دەخرێت. ئەگەر پێگەی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەهیز بێت، بە دڵنیاییەوە كاریگەریی گەورەی لەسەر پرسە داراییەكان دەبێت و حكوومەتی عێراق ناچار دەبێت مانگانە مووچە و بودجە بۆ كوردستان بنێرێت. هەروەها دەكرێ فشار بكرێ بۆ جێبەجێكردنی دەستوور و ماددە یاساییەكان و ڕێگەگرتن لە تەعریب، بە كورتی بەهێزبوونی پێگەی هەرێمی كوردستان لە هەموو ڕووەكانەوە كاریگەریی گەورەی دەبێت.

كاندیدی ژمارە 33ـی بازنەی چواری پارێزگای هەولێر مەریوان قەرەنی گوتیشی: ئەركی لەپێشینەی پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا ئەوەیە كە داكۆكی لە هەر شتێك بكات كە مافی گەلی هەرێمی كوردستانی تێدایە. پەرلەمانتار نوێنەری كوردستانە و بۆ ئەوە لەوێ نییە كە دژایەتیی هەرێمەكەی خۆی بكات یانیش هەوڵی لەكەداركردنی ناوبانگی هەرێمەكەی خۆی بدات. بەداخەوە لە ڕابردوودا پەرلەمانتارانی كوردستان لە بەغدا ببوون بە دوو كۆمەڵە، كۆمەڵەی یەكەمیان ئەوانەبوون كە بە ڕاستی دڵسۆزی ویست و داخوازییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان بوون و بە هەموو توانایان هەوڵی بەدیهێنانی مافەكانی كوردستان دەدەن، ئەمانە زۆرینە بوون چونكە سەرجەم پەرلەمانتارانی پارتی سەر بەو كۆمەڵەیە بوون و پارتیش گەورەترین حزبی عێراق بوو. بەڵام كۆمەڵەی دووەمیش هەبوون لە پەرلەمانتارانی عێراق، ئەوانە راستە بە كوردی دەدوێن و بە حیساب نوێنەری هەرێمی كوردستانن، بەڵام لە راستیدا وەك لە زمانی یاسادا بە لایەنی بەرامبەر دەگوترێ (خەسم)، ئەوانە وەك خەسمێك پشتیان داوەتە عێراق بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان.

بابه‌تی تر

كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ خەبات دەدوێن

د.سەباح سوبحی کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای هەولێر: بۆ بەهێزترکردنی پێگەی ک…