رێبوار هه‌ورامی _ خه‌بات
مامۆستای پایه‌به‌رز ( عه‌لی مه‌ردان ) قوتابخانه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ندی زانستی مه‌قامه رۆژهه‌ڵاتیه‌كان بوو له كوردستان و عێراقدا ، هه‌تا ئه‌مرۆش وانه‌كانی مامۆستا مه‌ردان بناغه‌ی فێربوونی مه‌قامن له كوردستان و وڵاتانی ده‌وروبه‌ردا ، مامۆستا (عه‌لی عه‌بدولقادر – مه‌ردان ) له ساڵی 1904 له گه‌ڕه‌كی بهرتهكیهی كه‌ركووك له دایك بووه ، مامۆستا عه‌لى مه‌ردان له ته‌كیه‌ى شێخ عه‌لى تاله‌بانى له كه‌ركوك له حوجره بابه‌ته‌كانى ئایینى و زمانه‌وانى و ئه‌ده‌بیاتی به عه‌ره‌بى و كوردى فێربووه، فێری ته‌جویدی قورئانخوێندن بووه، كه به‌شێكه له مه‌قام ، له‌كاتى گه‌نجى باوكى کۆچی دوایی ده‌کات … عه‌لی مه‌ردان له ساڵانی بیسته‌كان، یه‌كه‌م مه‌قامی خۆی (ئای ئای) به شێوه‌زاری باجه‌لانی تۆمار كردووه. دواتر چه‌ند مه‌قام و به‌سته‌یه‌كی دیكه‌ی تۆمار كرد ، دوای ئه‌وه، كۆمپانیای (به‌یزافۆن) كه ده‌زانن مه‌قامه‌كانی عه‌لی مه‌ردان خواستی گوێگرتنی زۆری له‌سه‌ر بووه، ناردوویانه به شوێنی‌دا و بردوویانه‌ته‌وه به‌غدا و له‌وێ چوار قۆریاتی بۆ تۆمار ده‌كه‌ن، كه له یه‌كێكیاندا هێمای بۆ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی و شارۆچكه‌ی له‌یلان كردووه .. له ساڵی 1932ـدا چووه‌ته قاهیره و له‌وێ به زمانی كوردی مه‌قامی چڕیوه … هه‌روه‌ها هه‌ر له 1932ـدا كاتێك ڕادیۆی عێراق له لایه‌ن شا غازییه‌وه داده‌نرێت، ئه‌و له‌وێ ده‌ستبه‌كار ده‌بێت و هه‌فته‌ی ڕۆژێك بۆ ماوه‌ی كاتژمێر و نیوێك، مه‌قام و به‌سته‌ی چڕیوه ، مامۆستا مه‌ردان له 1949ـدا بووه‌ته مامۆستای په‌یمانگه‌ی نابینایان و وانه‌ی (سۆڵڤێج) ـی به قوتابیان وتوونه‌ته‌وه ، له چه‌ند ئێزگه‌یه‌كی به‌ناووبانگی وڵاتانی عه‌ره‌بیدا گۆرانیی كوردی وتووه، له‌وانه ڕادیۆی شهرقولئهدهن، به‌یرووت و شام و چه‌ندانی دیكه. كه چووه‌ته ده‌ره‌وه عه‌لی سیدۆ و میقداد به‌درخانی ناسیوه و له‌وێ له ماڵی میقداد به‌درخان ماوه‌ته‌وه ماوه‌یه‌ك خزمه‌تیان كردووه ، له سه‌ره‌تای شه‌سته‌كاندا ده‌چێته كرماشان و تاران و له‌وێ چه‌ند ئاهه‌نگێك ساز ده‌كات، كه له‌وێدا شای ئێران و وه‌زاره‌تی ڕاگه‌یاندن، خه‌ڵاتی (جامی زیوین و كاتژمێری زێڕین) ـی پێ ده‌ده‌ن. … پاشان ده‌گه‌رێته‌وه به‌غدا و له‌سه‌ر پیشه‌كه‌ی خۆی به‌رده‌وام بووه، هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا 3 جار خه‌ڵات ده‌كرێت و ڕێزی لێ ده‌ندرێت، كه خه‌ڵاته‌كان بریتی ده‌بن له میدالیای زێڕین و بڕوانامه‌ی شانازی … هه‌موو گۆرانییه‌كانی جگه له (دانه‌یه‌ك كه ئاوازی ئه‌حمه‌د خه‌لیل بووه) ئاوازی خۆی بوون، شیعری خۆی و پیره‌مێر، گۆران، نالی، ئه‌سیری، كه‌مال باپیر، مه‌وله‌وی و بێكه‌سی كردووه‌ته گۆرانی. كه دواتر له دوو كتێبی جیادا (گۆرانییه‌كانم… به‌رگی یه‌كه‌م و دووه‌م) و (هه‌ڵبژارده‌ی شیعری گۆرانی) سه‌رجه‌م شیعره‌كانی خۆی و شیعری ئه‌و شاعیرانه‌ی كه كردوونی به گۆرانی، له‌سه‌ر ئه‌ركی وه‌زاره‌تی ڕاگه‌یاندن چاپ كردووه.
له گۆرانییه هه‌ر ناسراوه‌كانی مامۆستا عه‌لی مه‌ردان (ست فاتیمه، گیانه به‌سیه‌تی، كه‌ی دێته‌وه، وه‌ره قوربان، گۆڵه‌باخ، كه‌تان كه‌تانه، شیرین شیرین شه‌مامه، ئای چه‌نده‌م خۆش ده‌وێی، هه‌ی گۆڵێ، نازیلێ) ـن .. له 1980ـدا له دوائاههنگیدا كه له هۆڵی ڕۆشنبیریی سلێمانی ئه‌نجام دراوه، دوای كۆنسێرته‌كه، هه‌ودارانی هونه‌رمه‌ند، له خۆشه‌ویستییان بۆ ئه‌و، ئه‌و ئۆتۆمبێله‌یان به ته‌واوه‌تی به‌رز كردووه‌ته‌وه كه مامۆستا عه‌لی مه‌ردانی تێدا بووه .. مامۆستا له له به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی 24ـی 07ـی 1981 له نه‌خۆشخانه‌ی (ئیبن نه‌فیس) له به‌غدا كۆچی دوایی كردوه ، به‌ڵام پاش خۆی گه‌نجینه‌یه‌كی پڕ گه‌وهه‌ری بۆ هونه‌رو ئاوازی كوردی و رۆژهه‌ڵاتی جێ هێشتووه ..