حامید گه‌وهه‌ری
چل ودوو ساڵ لەمەوبەر، ڕۆژی پێنجشه‌ممه ۱۹۷۹/۳/۱ سه‌رۆک مسته‌فا بارزانی به هۆی نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه‌ی ڕیخۆڵه له وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا له واشنتۆن کۆچی دوایی کرد. ته‌رمی بارزانی هێنرایه‌وه بۆ ئێران و ڕۆژی ۱۹۷۹/۳/٥ له‌نێو ئاپۆره‌ی ماته‌مینیی نزیکه‌ی ٣٠٠ هه‌زار کوردی هه‌ر چوارپارچه‌ی کوردستان و ژماره‌یه‌کی زۆر هه‌واڵنێری ئێرانیی و بیانیی له شاری شنۆ له سێ سوچی سنوری ڕۆژهه‌ڵات و باکور و باشوری کوردستان به خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا. مسته‌فا بارزانی سه‌رکرده‌یه‌کی زانا، به وەج، لێوه‌شاوه، کارزان و نه‌ترس بوو. هه‌ڤاڵی نزیک و باوه‌ڕپێکراوی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د بوو له کۆماری کوردستاندا.
هه‌ر له کۆماری کوردستانه‌وه تا شۆڕشی ئه‌یلول، دوژمنانی کورد چه‌ندان جار هه‌وڵیاندا به پلانی جۆراوجۆر بارزانی له‌نێو به‌رن، به‌ڵام نەیانتوانی، تا سه‌رئه‌نجام به پلانێکی نێوده‌وڵه‌تی و ئیمزا کردنی په‌یماننامه‌ی “جه‌زاییر” له لایه‌ک و ته‌مه‌نی زۆر و نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه و پیریی پشوویان لێ‌بڕی و دڵیان له لێدان خست. بارزانی سه‌رۆکێکی خاوه‌ن بیری نه‌ته‌وه‌یی و خاوه‌ن ستراتیژیی کوردستانیی بوو، چه‌ندان سیفه‌تی شایسته و مرۆڤدۆستانه‌ی هه‌بوو، ڕێباز و دروشمه‌کانی ڕووناکیین بۆ سه‌رکه‌وتنی کورد و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان.
وتارێکی بارزانی له ڕۆژنامه‌ی کوردستان، لاپه‌ڕه‌ی ٣، ژماره ٢٣، ڕۆژی ۱۳۲٤/۱۲/۱٥ـ ۱۹٤٦/۳/٦دا بڵاوکراوه‌ته، وتارەکە باس لە ڕێککەوتنێک لە نێوان بارزانی و قازی محه‌مه‌د دەکات وەک: کۆماری کوردستان، کۆمارێکی سەربەخۆ و دیموکرات بێت، بۆ بەرزکردنەوەی بژیوی خەڵک هەوڵبدات و تێبکۆشێت بەشەکانی تری کوردستان ئازاد بکات. واتا لە سەربەخۆیی کوردستانی گه‌وره ده‌دوێت.
شورای شۆڕشی ئیسلامیی شاری شنۆ به بۆنه‌ی کۆچی دوایی سه‌رۆک مسته‌فا بارزانییه‌وه بۆ ماوه‌ی ٦ ڕۆژ ماته‌مینی گشتی ڕاگه‌یاند و به‌و بۆنه‌وه‌یه‌وه هه‌موو خوێندنگه‌کان، ئیداره‌کان، دوکان و بازاڕی شنۆ داخران.
له ڕێوڕه‌سمی هێنانه‌وه‌ی ته‌رمی سه‌رۆک مسته‌فا بارزانییدا بۆ شنۆ، هه‌ریه‌ک له ئیدریس بارزانی و مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان سوپاسی به‌شداریی کردنی خه‌ڵکه‌که و به تایبه‌تی خه‌ڵکی شنۆیان کرد. مه‌لا که‌ریم شاریکه‌ندی له‌لایه‌ن خه‌ڵکی شاری مهاباد، مه‌لا عه‌بدوڵا له لایه‌ن خه‌ڵکی مه‌ریوان، نوێنه‌رێک له لایه‌ن کورده‌کانی ورمێ و هه‌روه‌ها ئه‌سعه‌د سیراجه‌دینی له لایه‌ن شێخ عوسمان سیراجه‌دینی ڕێبه‌ری ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندیی وتاریان خوێنده‌وه و هه‌ژار موکرایانی شیعری “بارزانی پاله‌وانی کوردی” خوێنده‌وه. دوکتۆر که‌مال که‌رکوکی په‌پامی پارتی دیموکراتی کوردستان “سه‌رکردایه‌تی کاتی” ئاراسته‌ی به‌شداران و خه‌ڵکی کوردستان کرد و له کۆتاییدا په‌یامی پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا خوێندرایه‌وه.
بە نوسینی ڕۆژنامه‌ی ئیتلاعات له ژماره‌ی ڕۆژی ۱۳٥۷/۱۲/۱۳ـ ۱۹۷۹/۳/۷یدا: (ته‌رمی مه‌لا مسته‌فا بارزانی له گۆڕستانێکی تایبه‌تدا که ١٣ کیلۆمه‌تر له ده‌ره‌وه‌ی شاری شنۆ هه‌ڵکه‌وتووه و له کۆنه‌وه کراوه به گۆڕستانی کورده په‌نابه‌ره‌کانی عێراق، به خاک سپێردرا. دوێنێ ٣٠٠ هه‌زار کورد له هه‌موو ئێرانه‌وه خۆیان گه‌یانده شنۆ و به‌شداریی میتینگێکیان کرد که به بۆنه‌ی کۆچی دوایی بارزانییه‌وه پێکهێنرابوو. له‌و میتینگه‌دا که ژماره‌یه‌ک هه‌واڵنێری ناوخۆ و ده‌ره‌وه به‌شداریان تێدا کردبوو، به‌ڕێز مهحمودزاد نوێنه‌ری شورای شۆڕشی شنۆ به بۆنه‌ی کۆچی دوایی مه‌لا مسته‌فا بارزانییه‌وه سێ ڕۆژی تریش ماتهمهینیی گشتیی ڕاگه‌یاند.
مه‌لا که‌ریم شاریکه‌ندی نوێنه‌ری کورده‌کانی مهاباد وتارێکی خوێنده‌وه و له به‌شێکی وته‌کانیدا ڕایگه‌یاند: (ماده‌ی ٨ داخوازیی گه‌لی کورد نیه و به‌لاوه ده‌ندرێت.) مه‌لا ساڵحی ڕه‌حیمی نوێنه‌ری کورده‌کانی نه‌غه‌ده‌ش له‌و باره‌یه‌وه دوا و پشتگیریی وته‌کانی مه‌لا که‌ریم کرد. مامۆستا هه‌ژار چه‌ند کۆپله شیعری خوێنده‌وه و به توندیی هه‌ستی هه‌موو به‌شدارانی بزواند. له میتینگی کورده‌کانی شنۆ‌دا، مه‌سعود بارزانی کوڕی مه‌لا مسته‌فا، له وته‌کانیدا ڕایگه‌یاند:
– (ئیمام خومه‌ینی فه‌رموویان کورده‌کانی ئێران زوڵمیان لێکراوه و به مافی به حه‌قی خۆیان ده‌گه‌یه‌نێت و کورده‌کان هه‌رگیز جیاوازییخواز نه‌بوون و حازر نین گیروگرفته‌کانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامیی زیادتر بکه‌ن. بارزانی ڕایگه‌یاند: له چوارچێوه‌ی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی ڕێبه‌ری مه‌زنی ئێران‌دا چاوه‌ڕوانین له‌ژێر ئاڵای ئیسلام و چوارچێوه‌ی کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا، ئێوه براکانمان به مافی خودموختاری بگه‌ن.)
مه‌سعود بارزانی له کۆنگره‌یه‌کی ڕۆژنامه‌نوسییدا که له‌گه‌ڵ هه‌واڵنێرانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه کرد، گوتی: (ئێمه نه‌ک له شاری شنۆ به‌ڵکوو له هیچ جێیه‌کی ئێران پێگه‌مان نیه و پێگه‌کانی ئێمه له خاکی عێراق دان.)
هه‌روه‌ها مه‌سعود بارزانی ڕایگه‌یاند: (شا خەیانهتی له ئێمه کرد و به له‌ناوبردنی شۆڕشی گه‌لی کورد له عێراق، ٢٠ هه‌زار کوردی به کوشتن دا و له پشته‌وه خه‌نجه‌ری له ئێمه‌دا.)
به‌گوێره‌ی زانیاریی ئێمه نزیکه‌ی ١٠٠ هه‌زار کوردی عێراق و تورکیا ده‌یانویست بۆ به‌شدارییکردن له ڕێوڕه‌سمی به‌خاکسپاردنی مه‌لا مسته‌فا بێنه شنۆ، به‌ڵام دژی هاتنیان بۆ ئێران وه‌ستان و نه‌یانهێشت بێنه ئێرانه‌وه.).
هه‌روه‌ها ڕۆژنامه‌ی ئیتلاعات له ژماره‌ی ڕۆژی ۱۳٥۷/۱۲/۱۷ـ ۱۹۷۹/۳/۱۱دا ڕایگه‌یاند: (دوێنێ له‌سه‌ر بانگهێشتی مامۆستایان و زانایانی شاری مهاباد کۆڕێکی مه‌زنی ڕێزلێنان له مه‌لا مسته‌فا بارزانی له مزگه‌وتی سوری ئه‌و شاره پێکهات. ژماره‌یه‌ک هه‌واڵنێری بیانیی به‌شداریی کۆڕه‌که‌یان کرد. مامۆستا مه‌لا که‌ریم شاریکه‌ندی و مامۆستا مه‌لا ڕه‌شیدی قه‌ره‌نی له دوو وتاری جیاوازدا ئاماژه‌یان بۆ گه‌وره‌یی و خۆشه‌ویستیی مه‌لا مسته‌فا کرد و ڕێزیان له ژیانی پڕ له شانازیی و پله‌ی باڵا و خه‌باتی قاره‌مانانه‌ی مه‌لا مسته‌فا گرت. به‌شدارانی کۆڕه‌که جارێکی تریش ڕێبه‌رایه‌تی ئیمام خومه‌ینیان سه‌لماند و ته‌ئکیدیان کرده‌وه که نه‌ته‌وه‌ی کورد ئێرانییه و جیاوازییخواز نییه.)
—————————————