نه‌ژاد عزیز سورمێ

دره‌خت ڕاده‌كه‌ن

ئاسمانیان لێ وێك هاتووه‌ته‌وه‌ ئه‌ستێره‌

تۆ هه‌ڵدێی ،

ڕێگه‌ت پێ نادا نیشتمان بمێنیه‌وه‌ ..

دیموكراسییه‌تی جه‌سته‌

قووڵایی دۆزه‌خ

له‌ دووكه‌ڵی جه‌هل

له‌ ناو كاكۆڵی ئیره‌ییستانی

ئاده‌مزاده‌وه‌ هه‌ناسه‌ ده‌دا ..

دڵ نه‌ له‌ مه‌رگ

‌نه‌ له‌ عه‌شق

ئاگادارت ناكاته‌وه‌ ..

بژارده‌ی سه‌رده‌می به‌دنیهادی ،

خه‌یاڵی تێدا ڕه‌ش ده‌بێته‌وه‌

ژه‌هر له‌ ڕه‌نگی شه‌هد ده‌رده‌كه‌وێ ..

دارستان ده‌قی كراوه‌ن

له‌ دونیایه‌كی داخراودا

وتارێكی دره‌نگ

له‌به‌ر ڕووناییه‌كی له‌رزۆكدا

بۆ بێدار كردنه‌وه‌ی یاده‌وه‌ریه‌كان ،

بۆ سه‌ره‌تای كۆتاییه‌كی دی ده‌درێ ..

هاوڕێگای هه‌میشه‌یی ، پڕشنگی خوێناوی ،

داڕسان دوای داڕسان ،

سه‌ربرده‌ی برینان ده‌گێڕێته‌وه

له‌ كلتووری زیندوومان :

له‌(شه‌ڕ) ده‌دوێ

كه‌ هه‌ر ده‌م

به‌ ساوی ئاوریشم

له‌ ده‌روازه‌ ئاسنینه ئه‌ڵقه‌ڕێزه‌ ئاڵتونییه‌كان ده‌دا و

به‌ ساوی پۆڵا به‌سه‌ر‌ دڵمان تێده‌په‌ڕێ ..

خۆر

مه‌زن ، گه‌ش ، دیار‌

شه‌ڕ ، هه‌ورێكی چڕ

له‌به‌ر نیگای هه‌ڵایساو و تووڕه‌یدا

كز ده‌نوێنێ‌

بچووك ، لێڵ

له‌ تیشكی خۆیدا ده‌گه‌وزێ ..

تاخچه‌ ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌كان

مێژووی ده‌قه‌ نه‌شكاوه‌كانیان هه‌ڵگرتووه‌

لێوه‌ به‌ باره‌كان

به‌ كورتی ده‌دوێن

له‌ ناو هه‌موو خه‌مێكدا

زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی شاراوه ..

شه‌وه‌ درێژه‌كانی ته‌مه‌نم

له‌ چاوه‌ڕوانی تۆدا توانه‌وه‌

یادگار ، هه‌مان یادگاره‌

ئه‌سرین ، هه‌مان ئه‌سرین

ده‌خنكێنن ده‌نگ ..

مه‌یخانه‌ ،

چوونه‌ته‌وه‌ پاڵ

په‌رژینی باخچه‌ نامۆكان

ئه‌وانه‌ی

له‌ خه‌ونی زڕه‌وه‌ به‌دیهاتوون

ڕۆژانه‌

(كوا من)ی تیا له‌ خاچ ده‌درێ

له‌ ژێی هه‌ستمان ده‌ده‌ن ..

كاردانه‌وه‌ نییه‌

مردوو كاردانه‌وه‌ی كوانێ ؟

گوێم لێته‌

به‌ ده‌م لاوكه‌ هه‌رده‌م له‌بیركراوه‌كان

وێنه‌ی ئه‌و ئه‌ستێرانه‌ی نیوه‌شه‌وان

به‌سه‌ر مێرگاندا ده‌كشێن و

باڵداران له‌ خه‌و ده‌كه‌ن

چه‌هره‌ی ڕۆژگاری كه‌ساس ده‌نێژی ..

گه‌واڵه‌ی ڕێكه‌وتی

هه‌نسكه‌ خه‌مباره‌كانی دارستانان

كه‌ به‌سه‌ر دوا چركه‌دا ده‌بارێ

پێشهاته‌ سه‌خیفه‌كان ده‌رده‌خه‌ی !

ئه‌سه‌ف

به‌ ده‌نگی ئه‌و ژنانه‌یان ناسپێری

سنگیان داوه‌ته‌ به‌ر قه‌ڵای شار

ئه‌و ژنانه‌

ئه‌وانه‌ نین

له‌ كلینیكه‌كانی جوانكاری و

ئارایشگه‌كان ده‌یانبینی

ئه‌و ژنانه‌

ئه‌وانه‌ن چیایان له‌ كۆڵه‌

سپێده‌یان له‌ چاو

له‌ ئاوێنه‌دا خاك ده‌بینن

له‌ گۆڕدا گه‌نجینه‌ی فریشتان

له‌ یه‌كه‌مین بارانا ،

سه‌مای ژیان

وێنه‌ی برووسك

خۆیان به‌ نادیاردا ئه‌ده‌ن ..

 

كلیل نه‌ما

قفڵه‌ ژه‌نگاویه‌كانی پێ تاقی نه‌كه‌ینه‌وه ..

بێباكی له‌ هه‌ڵه‌ كوشنده‌كانی

‌بازاڕی ڤایرۆس لێدراو

مێژووییه‌كی هه‌یه

ساته‌ بێهووده‌كان

له‌ بۆشایی ژیان و مه‌رگ دا

له‌و تیش و زنارانه‌دا ده‌گیرسێنه‌وه‌‌

بكوژی لێ په‌روه‌رده‌ ده‌كرێن ..

‌‌‌

نازانم له‌ چ په‌نجه‌ره‌یه‌ك بوه‌ستم

تۆم لێ دیار بێ

كه‌ هه‌موو ئاواز و تابلۆ و نۆته‌ بێكه‌سه‌كان له‌وێ بن ..

ئێمه‌ بۆچی چاو له‌سه‌ر ئه‌م جه‌نازانه‌ هه‌ڵناگرین

به‌ بناران شۆڕ ده‌كرێنه‌وه‌

ئاوابوونێكی چه‌ند بێده‌نگه‌

ئاوابوونی مرۆڤ ..

گوڵێكه‌ له‌ شه‌راب

وێنه‌ی له‌ به‌هه‌شتیش نییه‌

ڕوناهی هه‌ڵده‌فڕێنێ

تاریكایی چڕتر ده‌كاته‌وه‌

( كوا من ) چه‌ند ونه‌

بزرتر ده‌بێ ..

كۆڕۆنا هات ،

به‌ جل و به‌رگێكی ڕه‌شداگه‌ڕاو

پێده‌شته‌ سووتاوه‌كان ئاسا

سواری كه‌ژاوه‌ی خۆی كردین

كۆڕۆنا هات فێرمان بكا

دونیا ببینین

بیری لێ نه‌كه‌ینه‌وه‌ ..

فێری كردین هه‌وری چڕ

نیشانه‌ نییه‌ بۆ باران

كۆڕۆنا

سیاماڵ .. شه‌و ڕاشكان

ڕوونایی ڕۆحی به‌بیر هێناینه‌وه‌

به‌ڵام ئه‌ویش

به‌ هه‌موو ترس و تاوییه‌وه‌‌

شه‌ڕی له ‌بیر نه‌بردینه‌وه‌ ..

 

حیكایه‌ته‌ سواوه‌كان

مۆری به‌ختمان ، نینۆك هاتوو

له‌ زیندانه‌كانی جیهان ئاخنراون

بیر له‌‌ جۆللانه‌ پساوه‌كان ده‌كه‌نه‌وه

ئایینده‌ی پیر

له‌ ژێر چیله‌مێوێكی ڕووتدا

پێڵوی لێك ناون

ئه‌و ژنه‌ شۆخانه‌ نابینێ

له‌ ناخی دڵه‌ قه‌ره‌جییه‌كانیاندا

به‌ پێشیدا دێن و ده‌چن ..

له‌وێ

كه‌ زه‌رده‌خه‌نه‌ی تێدا له‌ كڕین نایێ

له‌ وێ

له‌ دووره‌وه‌

له‌ وێ

كه‌ نۆستالیژیای لێ بێدار ده‌بێته‌وه‌

له‌ وێ ( كوا من )

به‌ سیمای هه‌ڵقرچاوه‌وه‌‌

له‌ ناو تابلۆیه‌كی

چاخه‌ كپكراوه‌كانی ناوه‌ڕاست

سینه‌یه‌كی ژاڵه‌ گرتووه‌

له‌ به‌رابه‌ر چه‌ند چڕنۆكێكی برسیدا ..

(نینئه‌نا) ، كچی ئاسمان !

كه‌ شادی و له‌ززه‌ت بۆ خوداوه‌ند و ئاده‌مزاد دێنی !

ئه‌و هه‌ساره‌یه‌ هه‌ساره‌یه‌ك بوو

شیری ده‌دایه‌ خۆر

شادی به‌سه‌ر ماڵاندا ده‌به‌شییه‌وه‌

هاتین

به‌ چه‌ند پارچه‌ كاغه‌زێكی چاپكراو

هه‌ناسه‌مان لێ بڕی ..

چیا

له‌ سه‌مای ئه‌و جه‌ستانه‌ ڕاماون

مه‌مكیان

سه‌ره‌تا و كۆتایی بژێوی

له‌ كۆتی مێینایه‌تیی ئه‌م چاخه‌ داكه‌لاندوه‌

مۆسیقا ئیتر

له‌ قاچه‌‌ شووشه‌كانی ئه‌ودا نه‌ماوه‌

مۆسیقا

له‌ ترپه‌ی ئه‌و دڵه‌ تۆراوانه‌یه‌

گه‌مه‌ی ڕۆژگار

به‌ ڕاست و چه‌پی داداون ..

به‌ چاوی شانس

سه‌یری پردی ڕوخاومان ده‌كه‌ین

خه‌یاڵێكی به‌دی نه‌هاتوو

به‌ هه‌نگاوه‌كانمانه‌وه‌یه ،

له‌ تێكه‌ڵه‌ی بۆیه‌ی هونه‌رمه‌ندێك

له‌ بانیژه‌یه‌كی داڕماو ده‌چێ

شه‌وت له‌ نیوه‌ڕۆدا پێشان ده‌دا ..

هێشتا له‌ نیوه‌ی ڕێگا دای

(ئه‌نكیدۆ)ت له‌ ده‌ست داوه‌

هێزی جارانت ،

جارانی شه‌قامه‌كانی( ئوور) و

مه‌یخانه‌ ئاوه‌دانه‌كانیت نه‌ماوه‌

ئاینده‌ی پیرت

دێننه‌وه‌ به‌ر چاو

ته‌نیا بۆت هه‌یه‌ بێده‌نگ بی ..

سنوورێكی یه‌كسانمان

له‌ ناسینی خوداوه‌ند هه‌یه‌

بیر ده‌كه‌ینه‌وه‌

له‌ كرده‌وه‌ به‌ده‌كانمان

له‌ گومانه‌ هه‌رواییه‌ نامه‌نتیقیه‌كانمان ڕازی نییه‌ ..

وامان ده‌زانی جۆگه‌ و ڕووبار

پێش ئێمه‌ له‌ خه‌و ڕاده‌بن

ئه‌وان هه‌میشه‌ بێدارن .. نانوون

جۆگه‌ و ڕووبار بوونه‌وه‌ری ڕووتن

ئێمه‌ین دارستانیان له‌به‌ردا ده‌بینین

ئێمه‌ین گیای كه‌نارانیان

به‌ سنگه‌وه‌ ده‌كه‌ین

كه‌ ده‌نگی دڵه‌كوته‌یان

ئاسمانان ته‌ی ده‌كا ..

سه‌یر نییه‌ له‌ ئێواره‌یه‌كی ئه‌رخه‌وانیدا

شاعیرێك

له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی وتوویه‌تی

مه‌مكی بێوه‌ژنان له‌ هی كچان

مێینه‌تیی زیاتره‌

چاوی بێوه‌ژنان خومارتره‌

شه‌ڕیكی بۆ به‌رپا بكرێ !؟

پاڵ به‌ قولله‌ی ڕۆحمانه‌وه‌ ده‌ده‌ین

چاومان له‌ ژیانه‌

له‌ سه‌رخه‌وشكاندنێكیشدا بێ

بیبینین

بۆمبای شه‌ڕان نه‌گاته‌ زه‌وی

له‌ نیوه‌ی ڕێ

ببن به‌ گوڵ ، به‌ باران ..

حیكایه‌ته‌ ڕه‌شه‌كانمان

له‌ بیر ببه‌نه‌وه‌

ئه‌وه‌ی له‌ قوتابخانه‌دا

منداڵییان تێدا مراند ..

 

ئای وڵاتی دڵگیرم

وڵاتی ته‌مبه‌ڵ

دوا جار چۆنم له‌خه‌و دیبووی

وا ده‌رچوو

به‌ته‌نیا له‌گه‌ڵ خۆمدا مامه‌وه‌

تازه‌ ڕۆیی ،

تیر له‌ كه‌وانێ ده‌رچوو

هاوارمان له‌بیر چووه‌وه‌

تازه‌ ڕۆیی

له‌ زنجیره‌ی شه‌ڕانمان زیاتر

به‌ بیر نه‌ماوه‌

كه‌ دێن و ده‌ڕۆن و دێنه‌وه‌ ..

ڕوومه‌تی شه‌و

هه‌مووی له‌بیر بردینه‌وه‌ ..

دڵی ساده‌مان ،

گۆرانیی خه‌مڕه‌وێن‌

پێشبینی شه‌ڕه‌كانی دادێ

هه‌مووی له‌بیر بردینه‌وه .

 

به‌ردی كه‌ڕ هه‌ڵدێ ، ئێمه‌ هه‌ڵدێین

ئاوی گێژ ڕا ده‌كا ، ئێمه‌ ڕا ده‌كه‌ین

پێكمان گه‌یانده‌وه‌ ناو كارتۆن

هه‌تاوی كوێر بانگم ده‌كا ، بگه‌ڕێوه‌

به‌ سه‌مای گه‌ڵا و

كه‌روێشكه‌ی گیا ڕا ده‌زانم

به‌و شنه‌یه‌ی

سپیداره‌ تازه‌هه‌ڵچووه‌كان ڕاده‌وه‌شێنێ

بگه‌ڕێوه‌ ..

گه‌ر بشمرین

با له‌ مه‌رگێكی شه‌ڵاڵ

له‌ ئامێز و پێكه‌وه‌نووسان و

توانه‌وه‌دا بمرین .

حوزه‌یرانی 2020

بابه‌تی تر

خشته‌ی دابه‌شكردنی مووچه‌ی سبه‌ینێ پێنجشه‌ممه‌ بڵاوكرایه‌وه‌

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان به‌رده‌وامه‌ له‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ی فه‌…