نووسینی: نێچیرڤان بارزانی

کشانەوەی بە پەلەی رۆژئاوا لە ئەفغانستان بابەتی دەستوەردانی لیبراڵی هێنایەوە بەرباس. ئەم گفتوگۆیە زۆرجار ئەو راستییە لەبەرچاو ناگرێت کە هەموو دەستوەردانەکان خراپ نین. ئەو هەنگاوەی لە ساڵی 1991 هاوێژرا لەلایەن بەریتانیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، فەرەنسا و وڵاتانی دیکە لە کوردستانی عێراق، سەدان هەزار هاونیشتمانیی منی لە کوشتن لەلایەن سەددام حوسێنەوە رزگارکرد.

ئۆپەراسیۆنی نەوای ئارام، کە بیرۆکەی سەرەکی جۆن مەیجەر بوو، هەروەها ناوچەی ئارام کە بە دوای ئۆپەراسیۆنەکەدا هات بۆ ماوەی 12 ساڵ کوردستانی پاراست. ئەو هەوڵە زەوینە و سەقامگیرییەکی رێژەیی رەخساند بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، پەرلەمان و دامەزراوەی حکومەت دابمەزرێن و هێزێکی سەربازیی رەواش کە پێشمەرگەیە درێژە بە ئەرکەکانی بدات. کاتێکیش عێراق لە ساڵی 2003 دا ئازادکرا، هەزاران گوندمان ئاوەدانکردنەوە کە لەلایەن بەعسییەکانەوە تەختی زەوی کرابوون. پاشان، ئێمە پیشەسازیی نەوت و ئابوورییەکی بازاڕی گەشەسەندوومان دامەزراند. بە کورتی، دەستوەردانەکەی 30 ساڵ لەمەوبەر رێگەی پێداین بۆ ئەوەی وڵاتی خۆمان پێشبخەین.

ئەمڕۆ، خەڵکی کوردستان و بەریتانیا دۆستن، هاوبەشی بواری ئابووری و هاوپەیمانی دژی تیرۆرن. سەردانەکەی ئەم هەفتەیەم بۆ بەریتانیا جەختکردنەوەیە لەو هاوبەشییە قووڵە و ئەوەش لە وەبەرهێنانی بەریتانیا لە کوردستان، پەرۆشیی کوڕان و کچانمان بۆ خوێندن لە زانکۆکانی بەریتانیا و دیاسپۆرای زیادبووی کورد لە سەرانسەری شانشینی یەکگرتوودا رەنگدەداتەوە.

بەڵام شەڕی هاوبەشمان دژی تیرۆر تەواو نەبووە و پێویستیمان بە ئارامگرتنی ستراتیژییە. داعش لە عێراق، سووریا و شوێنی دیکە ماوە. هەروەک بینیمان تاڵیبان وەستا تاوەکو هێزە نەیارەکانی ئەفغانستانیان جێهێشت، داعشیش پەلەی نییە، خۆی بەدەستەوە نادات و هەڵنایێت. پێشمەرگە شانبەشانی هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی رۆژئاوا لە رووبەڕووبوونەوەی ئەم هەڕەشەیە بەردەوامە، چونکە داهاتوومان و ئاسایشی هاوپەیمانەکانمان، کە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا کاری شۆکهێنەری تیرۆریستی لە وڵاتەکانیاندا روویانداوە، پشتی پێدەبەستێت.

کوردستان لە هێڵی پێشەوەی پێکدادانی نێوان ئازادی و تاکڕەوی، ئومێد و تاریکدایە. گرووپە رادیکاڵ و تیرۆریستییەکان هەڕەشە لە خۆمان و شێوازی ژیانمان دەکەن. سەرەڕای ئەوە، ئێمە وەک ناوچەیەکی ئارام و لانکەی یەکتر قبووڵکردن دەمێنێنەوە. ئێمە میوانداری نزیکەی ملیۆنێک پەنابەری سووری و ئاوارەی عێراقی دەکەین کە لە دەستی داعش هەڵاتوون و ئەگەر ئێمە دەرگاکانمان نەکردنایەتەوە، ئەو کەسانە یان دەکوژران یان پەیوەندییان بە شەپۆلی کۆچبەرانەوە بۆ ئەوروپا دەکرد. ئێمە پێشوازی لە شوێنکەوتووانی هەموو باوەڕەکان دەکەین و دەیانحەوێنینەوە: کریستیانەکان، ئێزدییەکان، موسڵمانان و باوەڕدارانی دیکەش.

گفتوگۆی ئەوەی لە ئەفغانستان روویدا لە داهاتوودا گەرمتر دەبێت، بەڵام دەستوەردان لە کوردستان سەرکەوتن بوو بۆ شانشینی یەکگرتوو و مرۆڤایەتی. راستە دەبێت لە هەڵەی لایەنێک پەند وەربگیرێت، بەڵام گرنگە سەرکەوتنی لایەنێکی دیکەش بە گرنگ و شکۆدار سەیر بکرێت.

سەرچاوە: رۆژنامەی تایمزی بەریتانی

بابه‌تی تر

فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانی پشتیوانیی پێشمه‌رگه‌: داستانی پردێ خه‌ونی گڵاوی دوژمنانی كوردستانی پووچه‌ڵ كرده‌وه‌

فەرماندەیی ھێزەکانی پشتیوانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌یاننامه‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌ یادی چوار…