بە بۆنەی هەڵمەتی ١٦ رۆژەى بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمانی هه‌رێمی كوردستان ڕاگه‌یاندراوێكیان بڵاو كرده‌وه‌

ده‌قی ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌ی خانمان:

بەیاننامەی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان بە بۆنەی هەڵمەتی ١٦ رۆژەى بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان

ئێمە لەکاتێکدا هەڵمەتی ١٦ رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان رادەگەیەنین کە پەتای کۆڤید-١٩ و وەڵامدانەوەی جیهانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی بە ساتەوەختێکی مێژووییدا تێدەپەڕێت. لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتاکەدا، ژنان و کچان بەشێوەیەکی جیاوازتر و زیاتر لە پیاوان و کوڕان کەوتوونەتە ژێر کاریگەرییە نەرێنییەکان و هەروەها رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی. نموونەی ئەو کاریگەرییانە بریتین لە: بە ناچاری مانەوەی ژنان و کچان لە ماڵەوە سەرقاڵکردنیان بە کاری ناوماڵ کاریگەری لە سەر سیستەمی پەروەردە کردووەو داهاتووی خوێندیانی لێڵ کردووە. هەروەها لەگەڵ دابەزینی ئاستی داهاتی خێزان یان نەمانی سەرچاوەی داهات ئافرەتان زیاتر لاوازبوون و رووبەڕووی توندوتیژی خێزانی بوونەتەوە. زۆری کارمەندانی ئافرەت لە کەرتی تەندروستی و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکاندا ئەوانی خستووەتە بەردەم مەترسی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە. هەروەها دەستپێڕاگەیشتنی ژنانی بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان کەمکردووەتەوە. لە کوردستانیش وەک هەموو وڵاتانی جیهان شێوازە جەستەیی، دەروونی و ئابوورییەکانی توندوتیژی لەسەربنەمای جێندەر لەکاتی هەبوونی قەیرانەنەکاندا دەردەکەون، ئەوەش بەهۆی گۆڕانی پێکهاتە و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان کە لەگەڵ هەبوونی نایەکسانی جێندەری سیستەمیکدا تێکهەڵکێش کراون و هۆکارە ریشەییەکانی توندوتیژی لەسەربنەمای جێندەر پێکدێنن. هەبوونی نایەکسانییەکان بۆ ژنان و کچان لەسەردەمی پەتای کۆرۆنادا زیاتر پەرەی سەندووە. پرسی ئافرەت لە چوارچێوەی هێڵە گشتییەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا وەک یەکێک لە پرسە گرنگەکان ئاماژەی پێدراوە. لە کارنامەکەدا هاتووە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەدژی هەر جیاکارییەکی رەگەزی و پەراوێزخستنی رۆڵی ئافرەت دەوەستینەوە و کار بۆ ئەوە دەکات کە ئافرەتان بە توانا و لێهاتوویی خۆیانەوە رۆڵ و پێگەی شایستەی خۆیان لە کۆمەڵگادا وەرگرن و هەروەها بەشدارییەکی کارا لەناو کایەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی هەرێمدا بکەن.
بۆیە، ئەگەر بە وردی سەیری پرسی ژن لە کارنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بکەن، ئەوەتان بۆ دەردەکەوێت کە حکوومەت هەوڵدەدات کە کەشێکی لەبارتر و گونجاوتر و پێشکەوتووتر؛ یەکەم، بۆ بەشداریکردنێکی کارای ئافرەتان لەناو کایە جۆربەجۆرەکانی کۆمەڵگای کوردستان بڕەخسێنین، ئەوەش بەبێ جیاوازی. دووەم، لەدژی هەر کردارێکی توندووتیژانەو پەراوێزخستنیان دەوەستینەوە و وەک ئەرکێکی حکوومەت دەیانپارێزێت. سێیەم، لەرێگەی دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتەوە و بە میکانیزم و رێوشوێنە یاساییە بەردەستەکان رێگری لە سەرهەڵدان و دووبارەبوونەوەی توندوتیژی و پەراوێزخستنەکان دەکرێت.
هەرلە ساتەوەختی سەرهەڵدانی پەتاکەوە تائێسا حکوومەتی هەرێم ئەم هەنگاوانەی خوارەوەی بۆ رێگرتن لە توندوتیژی هەڵگرتووە: ١. لەوە دڵنیابووەتەوە کە رێوشوێن و رێکارەکانی پاراستن کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەو رێکخراوە ناوخۆیی، هەرێمی و جیهانییانەی بواری ژنان کە لە کوردستان کار دەکەن نەکات. ٢. لەبەر کەمی بودجەی بەردەست و بڕێنی لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە، حکوومەتی هەرێم هەوڵیداوە کە ئامۆژگاری وڵاتانی کۆمەکبەخش و رێکخراوەکانی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بکات کە هاریکاری دامودەزگا حکوومییەکانی پەیوەست بە پرسی ژن و هەروەها رێکخراوەکانی بواری ئافرەتان بن بۆ ئەوەی سیستەمی وەڵامدانەوەی حکوومەت بەهێزتر ببێت، لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری ئافرەتان. ٣. بەشێوەیەکی بەردەوام هەڵسەنگاندنی بۆ رێوشوێنەکانی پاراستن و هەموارکردنیان کردووە و هەروەها لەوە دڵنیابووەتەوە کە ئافرەتان بەگشتی و قوربانی توندوتیژییەکان دەستیان بە رێوشوێن و خزمەتگوزارییەکان دەگات. ٤. لە رێگەی کەناڵە فەرمی و پارێزراوەکانەوە لەوە دڵنیابووەتەوە کە پرۆگرام و پرۆژەکانی وەڵامدانەوە رەنگدانەوەی خواستی ئافرەتانە بەگشتی و هەروەها ئەو ژنانەیە کە توندوتیژییان لەگەڵ کراوە.
لەکۆتاییدا ئێمە بە دەنگێکی بەرز و هاوڕا لەگەڵ کۆمەڵگەی جیهانی رایدەگەیەنین کە کارکردن لەپێناو کۆتاییهێنان بە توندوتیژی پێویستی بە بەخشین، وەڵامدانەوە، پاراستن و کۆکردنەوە هەیە. هەربەم بۆنەیەوە سوپاسی هەموو کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربووەنەوەی توندوتیژی دژی ئافرەت و خێزان دەکەین لە سەرانسەری کوردستان و هەروەها سوپاسی رێکخراوەکانی ژنانیش دەکەین بۆ هاوکاری بەردەوامیان لەگەڵ دامودەزگاکانی حکوومەت لەپێناو باشترکردنی رەوشی ئافرەتان لە کۆمەڵگاکەماندا.
کوردستانێکی بەهێز، نەوەیەکی دوور لە توندوتیژی

ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان
٢٥/١١/٢٠٢٠

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی یادی ڕاپەڕینەوە

بە ناو خودای بەخشندە و میهرەبان بە بۆنەی سییەمین ساڵڕۆژی ڕاپەڕینە مەزنەكەی گەلی كوردستانەو…