لە کۆنفرانسی رۆژنامەوانی نێوان مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران راگەیاندرا، لەمەودوا ڤیزای گەشتیاری لەنێوان عێراق و ئێران نامێنێت.

ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران لەو کۆنفرانسە رۆژنامەوانیەدا گوتی: “سەرۆک وەزیرانی عێراق پێی راگەیاندم، ئەوانیش رەزامەندن لەمەودوا ڤیزا بۆ گەشتیارانی هەردوولامان نەمێنێت و بەبێ ڤیزا سەردانی وڵاتی یەکتر بکەن”.

سەرۆک کۆماری ئێران گوتیشی: “مستەفا کازمی، هەواڵی ئەوەشی پێدام، عێراق بۆ ئەمساڵ رێگە دەدات ژمارەیەکی زیاتر لە زیارەتکاران لە ئێرانەوە بۆ چلەی ئیمام حوسێن بچنە عێراق، کە ئەمە هەواڵێکی خۆشە”، پێشتر عێراق رەزامەندی دابوو، بەهۆی کۆرۆناوە تەنها 30 هەزار کەس لە ئێران دەتوانن بەشداری لە چلەی ئیمام حوسێن بکەن.

رەئیسی، رایگەیاند: “ئەو هەواڵەی سەرۆک وەزیران، سەبارەت بە نەمانی ڤیزا لەنێوان دوو وڵاتدا هەواڵێکی باش بوو. هەروەها ویستی هەردوو وڵات بۆ پەرەپێدانی رێگای ئاسن و پێکەوەبەستنەوەی شەلەمچە و بەسرە کە بڕیارە بە خێرایی جێبەجێ بکرێت ئەوەش خاڵێکی باشی گفتوگۆکانمان بوو، کە بە بڕیاری جەنابیان و بەدواداچوونی وەزیرەکانی هەردوو وڵات جێبەجێ دەکرێ”.

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، سەرۆک کۆماری ئێران، گوتی: “بابەتی پەیوەندییە داراییەکانی نێوان هەر دوو وڵات کە بڕیارە بەدواداچوونی بۆ بکەن. یەکێکی دیکە لە خاڵە گرنگەکان ئەوەیە کە بەرەو رێوڕەسمەکانی چلەی شەهید بوونی ئیمام حسێن دەچین. دۆخی کۆرۆنا نەک لەم دوو وڵاتە، بەڵکو لە هەموو جیهان بووەتە کێشە.  پاراستنی زیارەتکاران بابەتێکی زۆر گرنگە کە بووەتە هۆی ئەوەی عێراق هەندێک سنوور بۆ زیارەتکاران دابنێت. بەڵام سەرۆک وەزیران بۆ ئەوەی ئەویندارانی ئیمام حسێن بتوانن بۆ زیارەتی مەزاری ئیمام حسێن بچن، بەڵێنی ئەوەیدا ئەوەی لە توانادابێت بکرێت، بۆ ئەوەی ژمارەی زیارەتکاران زیاتر بێت و ئەوەش هەواڵێکی خۆش بوو”.

راشیگەیاند: “هیوادارم پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات رۆژ بە رۆژ زیاتر بێت و بە پێچەوانەی ویستی دوژمنانی دوو وڵات، هەموو کات بینەری پێشکەوتنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بین”.

ئەمڕۆ یەکشەممە 12/9/2021 مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تاران و لەلایەن ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران پێشوازی لێکرا، دواتر لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسێکی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێکرا.

بابه‌تی تر

1253 كه‌سی دیكه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان تووشى ڤایرۆسی كۆڕۆنا بوون

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕاگەیاندراوی (٢٤) کاتژمێری تایبەت بە نەخۆش…