“رۆنیێکم بەدڵداهات دیم لە یادی تۆ دەچێ” ئاسۆ

کاروان کەریمخان گوندەژۆری

ڕۆژی 28ی خەزەڵوەری 2720ی ماد، بای خەزانی مەرگ خاسەگوڵێکی تازە پشکووتووی بوستانی لێبژارد و تێکەڵی گەڵاڕێزانی پاییزێکی خەماوی کرد و ڕەنگی زەردی کردە خەڵاتی گوڵزار. خەزان نەیزانی ئەو گوڵە هێشتا شەهدی کارامەیی و توانایی تێدایە و زانای گەلێ ڕازە، هێشتا زووە و بۆ وەرین ناشێ. ئاخر «چەپ گەردی گەردوون» کەی چاک و بەجێ گەڕاوە، هەرچی چاکە لەگەڵی خرابە، هەی داد لەو بێدادییە. فەلەک نەیزانی فەرسەتی بە فەراسەت فورسەتێکی سیمیاگەر بوو بۆ گەلە بەشسەندراوەکەی. لە ناو تەمی خەمی ئەو نادادییە، خامە بەرگی ماتەمی لەبەر کردوە و ناتوانێ لە ناو جۆگەی فرمێسکان بە دەستی لەرزۆک و دڵی پڕ کوڵ بە لاڵەپەتێ پڕ بە گەورەیی لە دکتۆر فەرسەت بدوێت.

ئوستادی بەرزەبیر فەرسەتی بە فەراسەت، هەر کەسێ بە دیدەیەک و لە کەلێندیدێک ڕۆندکت بۆ دەڕێژێت، بەڵام من بە بیستنی کۆچە ناوادەکەت پڕ بە کانیی چاوان بۆ خۆم و کۆمەڵگای هەژار لە ڕووی زانستی و فەرهەنگیی دەگریام. بۆ ژیانی بێناز و خاکەڕای تۆش دەگریام. لە چاویلکەی قوتابیت تۆ لە ناو بەردەڵانێکی ڕک و لێژ تاقە گوڵێک بووی کە ڕوو بە ئاسمان و بەروە خۆر سەرت هەڵدابوو و هەر زووش بەرەو ئاسمان هەڵفڕی. شوێنی تۆ ئەو بەردەڵانە نەبوو کە تێیدا بەدڕەوشتانی تاریکەبیر بەردی ڕشک و ئیرەییان تێدەگرتی. مەیدانی تۆ حەوتەوانانی ئاسمان بوو. تۆ بە کردە، وێنەی شیعری سوارەت کێشا: «چەند جوانن پەلەوەڕ لەو بەرزە ـــ ئاخ کە چەند خوێڕیگرە ئەم عەرزە». کە هاتمە سەر خاکی خاکیشت بۆ نیشتیمانێک دەگریام کە عامی و ڕەشۆکی پۆشتەی تێدا زۆر و بۆرە و سیاهی لەشکەر دەنوێنێ و کوڕە خاسەی خاکەڕای تێگەیییشتوو و پێگەییشتووی وەک تۆی ئەنگوست ژمێر و کەم. هەر ڕۆندکێک ڕەنگێکی دەنواند، بۆ وارگەی زانستیی دەگریام کە لەبەر نەبوونی کات و سەرقاڵی، بوارت نەبوو دەیان توێژینەوە و کتێبی زانستی بنووسیت و لە ناو زەینی ئایەندە ئاکادیمییەکان بە هەرمان بمێنێتەوە. خەڵکی چاولەدونیا پێیان وابوو چاوی چاوەندازی ژیرانە و پاکی تۆ لە پلە و پایە بوو، ئەوان نازانن تۆ لە خەمی وڵات خۆت بۆ گەل تەرخان کردبوو دەنا شوێن و ڕێی سەرەکی تۆ کونجی کتێبخانە بوو، مەیدانی تۆ کاری نەمر و سەنگینی زانستی و زانکۆیی بوو. جیاوازیی تۆ ئەوە بوو کە بە لێزانی و کارزانیی خۆت، فورسەتت بۆ وڵات هێنابوە ئارا تاکو سوودت لێ ببینێت نەک وەک هەندێک کەس کە بە فورسەتێکی ناڕەوا لە سەر کورسی بەرپرسیارێتی چەسپیون.

ئاخر تۆ چ پەرجویەکی ئاسمانیی بووی کە وەک خۆر زوو هەڵاتی، زوو بارگەت لێنا و هەڵاتی و ئاوڕت لە دڵی زاری قوتابیی هەمیشەیی خۆت نەدایەوە. نازانی جگە لە حەسرەتی نەبوونی تۆ بەرنامە جوانەکانیشت بە نیوەچڵی مانەوە. خۆزگە مابای و خۆت بدیتبا کە باری ئامانجە پڕ لە ئاڕمانەکانت لە کام مێرگوزار و جاڕەگوڵ دادەنا، نەک وا زوو هەرێم و هەواری دڵی دۆستانت بکەیە بەستەڵەک جانا. تۆ پەڕ و باڵی شادیت بەرەو ئاسمان لێدا بەڵام بەو هەڵفڕینە بێ لەنگەرەت پەڕوباڵی هیوای یارانت هەڵوەراند، ئەمە کەی دادوەرییە قوربان. نازانی چ تاڵاوێکت ڕژاندە ناو گەرووی یاران، نازانی چۆن ڕۆژگاری ئێمەت تاڵ کرد گوڵم، مەگەر تۆ نازانی… .

خۆ دکتۆر تەنیا هەر بەرپرسێک نەبوو، ئەو دکتۆرێک بوو کە دەردی کۆمەڵگا و وڵاتی دەزانی و بە عەشق و ڕێکاری زانستیانە لەهەوڵی ڕێچارە بوو بۆی. ئەو گەورهەرە ناب و نایابە سەرمایەیەک بوو کە هەڵقووڵاوی ئاخ و هەناسەی پڕ لە ئارەزووی پێشمەرگە ڕاستەقینەکانی قاف و لوتکەی شاخ بوو. ڕوانین بۆ ئەو لوتکە سەربەرزە ئەوی کردە سەرمایەی زانستی و ئاکاریی بۆ نیشتیمان.

دروست بوونی سەرمایەی قووڵی زانستی، ژیرایەتی، ڕەوشتمەندی و خەڵکمەداری خۆ هەوەنتە نیە و کاری شەو و ڕۆژێک نیە. سەرمایەی زانستی و فەرهەنگیی ئەو سەرمایەیە کە دەبێتە مەکینە و چەرخدەندەی پێشکەوتنی کۆمەڵگا و وڵاتێک. ئەم سەرمایە مەزنە بە کەڵەکەی زانست و ئەزموون و ئەدەب و پەروەردەی دروست ساز دەبێت کە بە سووڕ و هەژماری زۆری ڕۆژ و مانگ و ساڵان دێتە بەر و بەرهەم. یەکێک لە هۆیەکانی دواکەوتوویی دەوڵەتانی وڵاتانی جیهانی سێیەم کەم بوون یان بێ دەسەڵاتیی ئەم جۆرە سەرمایانەیە. ئەم جۆرە کۆمەڵگایانە بیرمەندانی خۆیان ناناسن. باشووری کوردستانیش بە هۆی ئەو نەهاتیی و بەدبەختیە مێژووییەی کە تێی کەوتووە لە ڕووی سەرمایەی زانستی و فەرهەنگیی فرە هەژارە و زیاتر لە دەبدەبەیەکی قەبە و ناوبەتاڵ دەچێت و دەبێ بە خوێناو بۆی بگری.

لەگەڵ ئەوەشدا بەقەد پەنجە دەستێک خۆسازی لێوەشاوە و بەپەرۆشی و مەتینی وەک دکتۆر فەرسەت سۆفیی، گوڵئاسا لە ناو ئەو گوڵخەنە سەردەردێنن و گەرەکیانە وڵات بکەنە گوڵشەن. ئەم جۆرە کەسانە واز لە کەیف و حەزی هەرمان دێنن و پێشمەرگانە خۆیان بۆ خاک و خەڵک تەرخان دەکەن. بەڵام هێشتاش نرخیان نازانین، کۆمەڵگای دواکەوتوو هەموو کەسە بەناوبانگەکانی خۆی دەناسێت بەڵام بیرمەندی لەبیر نیە و نازانێ کە ودم و کۆڵەگەی سەرەکیی پێشخستنی وڵات وەکازی سیحرەکەی لە دەست مەسیحێکی بیرمەند دایە. ڕۆژێک دۆستێکی ئاکادیمی بە فەرسەت سۆفی گوتبوو: «تۆ وازت لە کاری بناغەیی و ناوبانگی هەمیشەیی هێناوە و لە جیاتی ئەوەی کات بۆ کاری زانستی و مانەر دابنێی، بۆ وێنە ببیە دکتۆر کاتووزیان، خۆت سەرقاڵی کاری کاتگر و ڕۆژمەڕە و ماندووکەری وەک پەرلەمان و کاری حکوومیی کردوە»، ئەو لە وەڵامدا پێی گوتبوو: «دەزانم، زۆر چاکیش دەزانم کە ڕێگای دروست ڕێگەی کەسانی وەک د. کاتووزیانە بەڵام پێم وایە جارێ لەم قۆناغە ئۆرژانسیەی باشووری کوردستاندا دەبێ واز لە ناوبانگی ئەبەدیی بێنین و ناچارین لە ئێستا کات بۆ خزمەت کردنی وڵاتێکی خوێنبەربوو دابنێین».

هەر واشی کرد؛ هەموو کات و ساتی بۆ خزمەت دانا. بە هۆی سەختی کار، خەو و خواردنی نامیزان و ناڕێک بوو و سیستەمی بەرگریی لەشی بە توندیی تووشی هەڕەشە و داهێزان بوو. ئەرکی ئەو، وەک کەسایەتی خۆی، زۆر گران و سەنگین بوو. لە لایەک دەیویست ڕێڕەوی پێشکەوتنی پایتەخت بگرێتەبەر و لە لایەک ئازایانە شەڕی گەندەکار و گەندەڵکارانی دەکرد. هەروەها بە ئاوری دەروونی پڕ لە بەزە ئاوڕی وەهەژار و نەدارانیش بوو. لە لایەک تیۆری و زانستیی بیری دەکردەوە و لە لای دی پیاوێکی عەمەلگەرا و کارا و ماندوویی نەناس بوو. جگە لە کاری بەڕێوەبردن، کاری تەریبیی دیکەشی دەکردن، بۆ وێنە ئەو دەیزانی ڤایرۆسی شوومی کۆڕۆنا زیان بە ڕشتەی بیرکردنەوە دەگەیێنێت و ناوەندە زانستیەکانیش تووشی هەناسەی ڤێنتیلاتۆر دەکات، بۆیە هەر زوو پێشنیاری وەرگێڕانی ڕێنماییەکانی خۆپارێزیی لە کۆڕۆنای وەک کارنامەی فەرهەنگی پاکپارێزیی پارێزگا پەسند کرد و توانیمان پێکەوە بیگەیێنینە قۆناغی پێش چاپ، بەڵام هێشتا چاپ نەکراوە.

ئەوەی جێی سەرنجە ئەو بەو گەنجییەی تەمەنی پڕباری خۆی، بە زانست و ئەزموون و تەهزیبی نەفس خۆسازیی بۆ کەماڵاتی بەرزی مرۆیی کردە پیشە و بە وازهێنان لە تام و حەزی دونیای کاتی و تێپەڕ خۆی گەیاندە قووڵایی عەقڵ و زانست و مرۆڤایەتیی ڕاستەقینە. لە خرابە بەریی بوو، بۆ هەموان وەک داری بەری بوو کە تازە هاتبوو بەر و سەمەر بدات. لە ناکاو بای ئەجەل ڕستەی هومێدی هەمووانی پسپس کرد و نەیهێشت لە بەری زانست و کار و کۆششی ئەو بچنین. لە ڕووی بیرکردنەوە و نوێخوازیی، دەکرێ بڵێین فەرسەت، ئەمیر کەبیری کوردستان بوو کە ڕێگای بۆ ئاسۆی ڕوونی ئایندە خۆش دەکرد بۆیە نەوەی خوێندەواری دڵسۆز و ڕاستەقینەی داهاتوو دەزانن کە فەرسەت سۆفی، سۆفیی ڕێگای زانست و بەرزەئاکاری و پێشکەوتن و ئاشتی و ئازادیی و دادپەروەریی بوو.

تەنانەت مەرگی دکتۆر فەرسەت وانەی ئاکار و ئەخلاق و مرۆڤایەتی بوو، ئەم جۆرە مەرگە واتادارە ژیانبەخش و پڕشکۆ بوو. ئەو ڕۆژەی هەموومان لە سەر خاکی پیرۆزی ئەو بووین دیمان کە بەری خەڵکمەداری و هەژارنەوازیی چەندە جوان و مرۆپەسەندە. پیر و پەککەوتە ڕۆڕۆیان بوو و خۆیان بە هێتیم دەدیت. ئەو لە ناو دڵی گەل ژییا بۆیە نەک هەر لە باشوور بەڵکو لە ناو دڵی پارچەکانی دیکەی کوردستان دڵان شینیان بۆ گێڕا. بە مەرگی ئەو قەسەم، بە مەرگی ئەو دەبێ زۆرێک لە خاسبیران بەچاوێکی خەسارناسی بیر لەوە بکەنەوە کە دەبێ پێستەی ناشایستەسالاریی بدڕێنین و بەرەو حکوومەتێکی شیاوسالاری بژاردەپەسەند هەنگاو بنێین. ئەگەرچی قاتی و قڕیی زانایی و لێهاتوویی و شایستەیی لەم کۆمەڵگایەی داوە، بەڵام هێشتاش ڕێگای دکتۆر فەرسەت هەندێک کەسی دڵسۆز و لێوەشاوە و ژیربیری دەستەبژێری تێدایە؛ ئەگەر لێنزی شکاری بژاردەی شایستە لە چاو بکەین هەندێک زانا و دڵسۆزی شیاومان هەن کە ئازایەتی و دڵسۆزی و ئەدەب و دیرایەت و کیاسەت و فەراسەتی فەرسەت ئاسایان هەیە. ئەم لاوە خۆسازانەی کە بە تەپشووی ڕۆژگاری سەخت و پەروەردەی ڕاست داتاشراون و بە هزر و خوێندنەوە و ژیرایەتی و هۆشمەندیی عەقڵ و دەروونیان جەلا دراوە ئەگەر هەڵێن و بچنە ناو سیستەمی وڵاتانی دیکە هەر یەکەی لە ناوەندێکی گرینگی زانستی و بەڕێوەبەریی ئەو وڵاتانە سودیان لێوەردەگیرێت و ئەگەر ئەوێ جێ بێڵن سوویان لێییە. کەواتا ئەگەرچی فەرسەتمان لەدەست چوو دەبێ ئەم فورسەتە نەفەوتێندرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

كامێلا هریچینكۆ: شانازی بەوەدەكەم لە 2018 ناسناوی ئەورووپا و لە 2019 ناسناوی جیهانم بەدەستهێنا

خەبات: هاوار مورتكەیی:-  (رۆژێك لەگەڵ دایكم لە قوتابخانەی میوزیك دەگەڕاینەوە، لەناكاو چەند…