خەبات: سلێمانی
زۆر جار نائومێدی و بێكاری لەنێو كۆمەڵگەدا دەبێتە نەخۆشییەك و پەلوپۆی كایەكانی لەناو دەبات، هەژاری، گەندەڵی و بێ ئومێدی لە نێو چینی گەنجاندا یەكێكن هۆكارەكانی كۆچی گەنجان بەلێشاو بۆ دەرەوەی وڵات. لەگەڵ دروست بوونی شەڕی داعش و قەیرانی ئابووری كە بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتەوە، شەپۆلێكی تری كۆچ لە هەرێمەوە بۆ ئەورووپا و وڵاتانی رۆژئاوا دەستی پێكرد. رێڕەوی كۆچەكە بریتین لە وڵاتانی توركیا، یۆنان، ئیتاڵیا و پاشان وڵاتانی تری ئەورووپا و رۆژئاوا. لەكاتی ئەو گەشتەدا كە لە نائومێدیەوە بەئومێدی گەیشتن بە هیوا ئەنجام دەدرێت، زۆر رێگەی سەخت دێتە بەردەم كۆچبەرانی نایاسایی، كە ناچاریان دەكات خۆیان بدەنە دەست قاچاخچیەكانی مرۆڤ، لەوێوە رووبەڕووی مامەڵەی نەشیاو دەبنەوە، ئەمە جگە لەوەی چەندین رێگەی مەترسی وشكانی و ئاویی دەبڕن. هەندێك لە كۆچبەران لەرێگەی ئاوییەوە هەوڵ دەدەن خۆیان بگەیەننە وێستگەكانی تری رێڕەوی كۆچەكەیان، ناچار دەبن لە ئاوی دەریاكانی ئیجە، و ئایۆن بدەن تاكو لە توركیا و بپەڕنەوە بۆ یۆنان و لەوێشەوە بۆ ئیتاڵیا. تا ئێستا چەندین رووداوی نقوم بوونی بەلەم لەو دەریایەدا روویان داوە، لەوانە لە 11ی كانوونی دووەمی 2020دا بەلەمێك بە 23 سەرنشینەوە نقومی دەریای ئایۆن بوو، دواتر تەرمی 5 لە كۆچبەرانی نایاسایی دۆزرانەوە و 3ی دیكەیان رزگار كران و تا ئێستاش 15 لەوانە بێسەروشوێنن. كەسوكاری 3 لەو كۆچبەرانەی رێگای هەندەرانیان هەڵبژارد، لەم بەداداچوونەدا قسەی خۆیان دەكەن بەو مەبەستەی بتوانن لە رێگەی میدیاكانەوە سۆراغی كەسە بێسەرو شوێنبووەكانیان بكەن. ئامینە فەتاح: چەندین جار شارەوانی عەرەبانەكەیان لێ دەسەند و دەیانشكاند نەیاندەهێشت كاسبیەك بكات، بۆیە كوڕەكەم رێگای هەندەرانی هەڵبژارد ئامینە فەتاح دایكی یەكێكە لەو بێسەروشوێنەكانی رووداوی نقوم بوونی بەلەمەكە و بە دەنگێكی پڕ گڕیانەوە باس لە دوایین پەیوەندی خۆیی و كوڕە 23 ساڵانەكەی دەكات، بەناوی شیروان ئەحمەد عەبدولقادرەوە و دەڵێت: كوڕەكەم لەبەرنەبوونی تا پۆلی 7ی خوێند، دواتر ناچاربوو بچێتە بازاڕ كاسبی بكات و دەستی دایە عەرەبانەیەك و سەرقاڵی پاقلە فرۆشتن بوو. ئامینە باس لەوە دەكات كە شیروانی كوڕی لە سلێمانی سەرقاڵی دەستگێڕی بووە و عەرەبانەی پێ بووە و چەندین جار لەلایەن پۆلیسەوە عەرەبانەكەی دەستی بەسەرداگیراوە یان شكێندراوە، هیچ مووچەیەكی نەبووە، بۆیە بڕیاری دا كە بڕوات بۆ هەندەران و دەڵێت: چەندین جار شارەوانی عەرەبانەكەیان لێ دەسەند، لێیان دەشكاند نەیاندەهێشت كاسبیەك بكات، لەگەڵ باوكیدا عەرەبانەیان پێبوو، باوكی سەوزەی دەفرۆشت، خۆیشی پاقلە، ماوەیەكی زۆر باوكی پەكی كەوتووە، ئەم هەواڵەشی بیستووە هێندەی تر باوكی پەكی كەوتووە، یەك دینارمان بۆ پەیدا ناكرێت، بەقەرز پارەمان بۆ پەیدا كرد تاكو پێی بڕوات. ئامینە فەتاح ئاماژە بەوە دەكات كە شیروان-ی بێسەروشوێن لە 25ی ئەیلوولی ساڵی رابردووەوە بەڕێكەوتووە بۆ هەندەران و بڕی 7700دۆلاریان بۆ خەواندووە تاكو لە یۆنانەوە بە بەلەم بچێتە ئیتاڵیاو دەڵێت: كوڕەكەی من لە 25ی ئەیلوولی ساڵی پارەوە رۆیشت، 4 مانگی پێچوو، دوایین جار لە 10ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ قسەمان لەگەڵ كرد پارەمان بۆ خەواند كەبڕی 7700 دۆلار دەبوو، گووتی بە یەخت دەڕۆم، قاچاخچیەكە ناوی نەوشیروانە، پێی گوتین یەختەكەمان باشە و ناشكێ، ئیتر لە11ی مانگی رابردووەوە هیچ هەواڵی نییە. ئامینە باس لە دوایین پەیوەندی خۆی و كوڕە بێسەروشوێنەكەی دەكات كە دوایین جار لەناو پاسێكدا لە یۆنان قسەیان كردووە پێكەوە و لەوكاتەوە دەنگی نییە و دەڵێت: شێروان بەنیاز بوو لە یۆنانەوە بچێت بۆ ئیتاڵیا، دوایین جار لە 10ی كانوونی دووەمدا قسەمان كرد. عەسرەكەی قسەمان كرد گوتی لەناو پاسداین دەچین بەرەو لای دەریاكە و دەڕۆین بە یەخت، ئیتر هێڵی پەیوەندی مۆبایلەكەی پچڕاو دەنگی نەما، چیتر نامەی نەنارد بڵێت وا گەیشتینە یەختەكە یان ئاوەكە، تاكو ئێستا هەرچاوەرێین. دایكی شێروان باس لەوە دەكات كە كوڕەكەی لەگەڵ هاوڕێیەكیدا بووە بەناوی زانكۆ خەڵكی سەیدسادقە و ئێستا هەردووكیان بێسەروشوێنن، بەڵام هیچ هاوەڵێكیان لەنێو ئەو 5 تەرمانەدا نەبوون كە ماوەكانی پێشتر هێنراونەتەوە هەرێمی كوردستان. خەدیجە فەتاح كە خوشكی ئامینەیە ئاماژە بەوە دەكات كە خوشكەكەی هیچ گوزەرانێكیان نەماوە، هەر جەرەسێك لێ دەدرێت، یان دەرگا لێدەدرێت، ئەمان رادەچڵەكن وا دەزانن كوڕەكەیانە، یان هەواڵی گەڕانەوەی كوڕەكەیان پێ دەدەن و داوا دەكات كە ئەگەر ئێسك و پروسكیشی بێت، بەڵام بۆی بهێننەوە، تاكو چیتر چاوەڕێی كوڕەكەیان نەكەن، چاولەدەرگا نەبن بە ئومێدەوە. لازۆی 4 ساڵان بێئاگایە لەوەی كە باوكی بێسەروشوێنە، پێان گووتووە رۆیشتۆتە هەندەران، ئەویش بەردەوام داوای باوكی دەكات شوان حەمە ئەمین (30 ساڵ) ، لەدوای خۆی دوو منداڵی 4 ساڵان و 2 ساڵەی بەجێهێشتووە، لازۆی كوڕی ئێستاش بێ ئاگایە لەوەی باوكی چی بەسەر هاتووە. شوان لەگەڵ ژنبرایەكیدا بەناوی دیاری سابیر (24 ساڵ )رێگەی هەندەران دەگرنە بەر، بڕیاربووە 11ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ لە یۆنان سواری یەختێك ببن و بەرەو ئیتاڵیا بەڕێ بكەون، بەڵام لە 10ی مانگی رابردووەوە هیچ هەواڵێكیان نییە. لازۆی 4 ساڵانە كوڕی شوان -یەو ئەو بێئاگایە لەوەی كە باوكی بێسەروشوێنە، كەسوكاری پێیان گووتووە، رۆیشتۆتە هەندەران تاكو دواتر تۆ رابكێشێت. لە لێدوانێكدا شەوبۆ رەشید، دایكی دیاری سابیر ئاماژە بەوە دەكات كوڕەكەی لەگەڵ زاواكەیاندا بەناوی شوان حەمە ئەمین، بەهۆی كەمدەرامەتیەوە رێگەی هەندەرانیان هەڵبژارد و دەڵێت: شوانە لە بەڕێوەبەرێتی پۆلیسی فریاكەوتنی دووكان كارمەند بوو، دیاری-ش بەگرێبەست كارمەندی شارەوانی دووكان بوو، لەبەر كەمی بژێوی ژیانیان ملی رێگایان بەرەو هەندەران گرتەبەر. لە دوایین نامەدا نووسییان كەمێكی تر دەچین سواری یەختەكە دەبین، كە داخڵ بووین نامەیەكی ترتان بۆ دەنێرین، بەڵام چیتر ئەو نامەیەیان بۆ نەناردین ناوبراو ئاماژەی بەوەدا كە 10ی مانگ نامەیەكیان نارد گوایا تۆزێكی تر دەچن سواری یەختێك دەبن تاكو لە یۆنانەوە بچنە ئیتاڵیا و گوتی: لە نامەكەدا نووسییان دەچین بۆلای دەریا سواری یەختەكە دەبین كە داخڵ بووین نامەیەكی ترتان بۆ دەنێرین. بەڵام ئەو نامەیەیان بۆ نەناردووین. لەباسی دوایین پەیوەندی تەلەفۆنیدا شەوبۆ ئاماژە بەوە دەكات رۆژی پێش رووداوەكەبوو، تەلەفۆنیان كرد و كامێرامان كردەوە و یەكترمان بینی و قسەمان كردو دەڵێت: لە پاسێكدا بوون دەرۆیشتن بەرەو نزیك ئاوی دەریاكە لە شاری سالۆنیكی یۆنان، كامێراكەیان كردبوویەوە، دەمەو عەسر بوو، گوتیان بۆ بەیانی سواری یەخت دەبین. ئیتر دوای ئەوە قسەمان نەكردەوە بەتەلەفۆن تەنها بە نامە نەبێت. شەوبۆ ئاماژە بەوە دەكات كە زاواكەیان دوو منداڵی بەجێهێشتووە لەگەڵ هاوسەركەیدا، یەكێك لە منداڵەكانی بەناوی لازۆیە، بەردەوام داوای باوكی دەكات و دەڵێت: ئەو كاتەی تەرمی نقوم بووەكانی تریان هێنایەوە لازۆ نەخۆش كەوت، ئێستا پێمان گوتووە كە باوكت لە هەندەرانە و ماوەیەكی تر تۆ دەبات بۆ لای خۆی.
-
سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان پیرۆزبایی له بایدن دهكات
مهسرور بارزانی، سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان، له تویتێكدا خۆشحاڵی خۆی بۆ دهستبهكا… -
سهرۆكی ههرێمی كوردستان پیرۆزبایی له بایدن دهكات
نێچیرڤان بارزانی سهرۆكی ههرێمی كوردستان له تویتێكدا پیرۆزبایی دهسبهكاربوونی بایدن و ه… -
نێچیرڤان بارزانی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مەزڵووم کۆبانێ: هاوخەمتانین
ئێوارهى ئهمڕۆ چوارشهممه، 20/1/2021 بهڕێز نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان، …
لێدوانێك بنووسه
بابهتی تر
با هەموومان پاڵپشتی پلان و بەرنامەی چاكسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بین
زیرەك ڕواندزی لە هەر وڵاتێكدا كارێزمایەك هەیە بۆ ئەوەی خزمەت بە گەل و نیشتمان بكات، …