غازی حەسەن

نامەوێت باسی هۆکارەکانی بەهێز مانەوە و کاریگەریی پارتی لەنێو سیاسەت و خەڵکدا بکەم، چونکە بوونی سەرۆک و سەرکردایەتییەکی خاوەن یەکبڕیار و بەهێز و کاریگەر لەناوەخۆ و دەرەوەدا بەسە بۆ ئەوەی بڵێین پارتی دوژمن تۆقێنە، لەهەمان گاڤدا دەتوانین بڵێین پارتی تاکو ئەم ساتە کاراترین و بزوێنەرتین هێزی سیاسییە لە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەشدا.

دوژمنەکانی کورد لەهەر رووداوێکی سیاسی، لەهەر کاردانەوەیەکدا پارتی دەکەنە ئامانج و هێرش دژی سەرۆک بارزانی و سیاسەتی پارتی دەست پێ دەکەن. پارتی وەکو هەر بوونێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی بێ کەموکورتی نییە، بەڵام لەبەر ئەوەی تاکە حزبێکی سیاسییە ئامانجە کوردستانییەکانی هێندە ستراتیژیین و بەتوندی بەدوارۆژ و چارەنووسی کورد و پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستان بەستراوەتەوە، دوژمن لەئاشتی و شەڕیشدا تەنیا حیساب بۆ هەنگاو و لێدوان و سیاسەتەکانی ئەم حزبە کوردییە مێژووییە دەکەن.

فاشیستەکانی تورکیا، مەزهەبییە توندڕەوەکانی ئێران، شۆڤینیە مەزهەبییە نوێیەکانی عێراق، ئیسلامییە توندڕەوە تیرۆریستەکان، میلیشیا چەکدارە توندڕەوە مەزهەبییەکانی نێو عێراق، ڕاگەیاندنی شۆڤینی لەناوچەکەدا هەر هەموویان بەئاشکرا لەدژایەتی کورد و کوردستان ملی پارتی دەگرن و پارتی دەکەنە ئامانج و پێیان وایە هەر هەنگاوێکی ڕاستەقینەی ستراتیژیی کە ببێتە مایە و ماکی بەهێزکردنی هەرێمی کوردستان ئەوە لەبن سەری پارتی دیموکراتی کوردستانە.

لەڕاستیشدا من وای دەبینم، ئەمە واقیعێکی هەقیقیە، پارتی کارەکتەری ئەم ئاراستەیە کە دەیەوێت نەتەوە و نیشتیمانێکی بە‌هێز و سەربەخۆ دروست بکات، چونکە پارتی لەم قۆناغەدا تاکە حزب و هێزی سیاسیی کوردستانە، پێچەوانەی لایەنە ڕاڕا و محەلیی و هەڵگەڕاوە و پڕ کێشە نێوەخۆییەکانی دیکە بەقووڵی، بەپێداگریی و ڕەسەنایەتییەوە داکۆکی لەمافە نیشتیمانیی و نەتەوەییەکان کوردستان دەکات و بۆتە ناوەندی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیش.

لەکەرکووک خۆپیشاندانی حەشدی شەعبی دژی گەڕانەوەی پارتی بۆ شارەکە دەکرێت، لە شەنگال پەکەکە و حەشد و ئێران دژی گەڕانەوەی خەڵک و پارتین، لە تورکیا و ئێران دژی پولێک و نەخشەی کوردستان خەریکە قیامەت دژی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبستێنرێت. لە بەغدا موچەبڕینی خەڵک، سزای دارایی و ئابووری، بیرۆکەی هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی فیدرالی و هەرێمی کوردستان کە لەبنەڕەتدا سەرچاوەی لەفاشیزمی نوێی عێراق گرتووە، بەدژایەتی کردنی پارتی دەبەسترێتەوە.

گرنگ پارتی دیموکراتی کوردستان، وەکو حزبێکی کوردستانی ڕاشکاوانە و بەکردەوەی خاوەن بڕیار، خاوەن زەویی و خەڵک کار دەکات، کار بۆ ئابووریەکی سەربەخۆ، بۆ ئیدارەیەکی سەربەخۆ، بۆ ئیرادەیەکی سەربەخۆ دەکات، ئەم ئاراستە سیاسییە، نەک هەر تەنیا دوژمنەکانی کوردستانی تۆقاندووە، بوڵکو هەندێک لایەن و لایەنۆکەی کوردیشی لەنێو هەرێم تووشی هیستریا کردووە.

ئەم هیستریایە وای کردووە، ئەم گەلە حزبەش، دەگەڵ ڕەوتی دژایەتی دەرەکی یەکبگرنەوە، ئامانج لەم یەکگرتنەوەش لەبنەرەتدا بۆ هەڵتەکاندن و پاشەکشەپێکردنی کوردایەتییە. ئەگەر وانییە، بۆ لە کەرکووک و ناوچە داگیرکراوەکانی دیکەدا کە بەعەرەبکردن و بە شیعەکردن درێژەی هەیە، تەنیا (پارتی) مەترسیدارە. بۆ لەنێو پەرلەمانی تورکیا تەنیا سەرۆک بارزانی و پارتی مەترسیدارن، لەئێراندا بەهەمان شێوە هەر ئەمانە بکرێتە ئامانج. من ئەم دوژمنکاریانە دژی سەرۆک و سیاسەتی پارتی بەڕەسەنایەتی و کوردایەتی هەقیقی پارتی دەبەستمەوە، ئەگەر دوژمنەکان بیانەوێت کەسێک لەپارتی بکەنەوە، یان هەنگاو بەرو دواوەی بگێڕنەوە، لەبەرانبەردا پارتیش لایەنگرانی پتر دەبێت و هەنگاوەکانیشی متمانەدار دەبن.

لەبیری نەکەین، لەبەرانبەر ئەم دوژمنکاریەی ئێستا بەزەقی و توندی دژی پارتی بەڕێوە دەچێت، دۆستایەتیش هەیە، تەنیا و تەنیا پارتی وەکو حزبێکی سەرڕاست، نوێنەری بەکردەوەی هەرێم، دەسەڵاتدار و خاوەن ئیرادەی سیاسی دەناسن. پێویست ناکات لێرەدا ئاماژە بەشکستی هەندێک و سەرکەوتنە بەردەوامەکانی پارتی بکەم، چونکە مانگەشەو پێویستی بە ئاماژەی بەئەنگوست نییە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

بۆ سیاسەتی دەرەوەی هەرێمی كوردستان سەرکەوتووە؟

د. سامان سۆرانی هەرێمی كوردستان لە ساڵی ١٩٩١ وە، واتە پاش دوورخستنەوەی ڕژێمی پێشوو لە هەند…