نوێترین به‌رهه‌می شاعیر و نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس، سه‌رنووسه‌ری پێشووی خه‌بات نه‌ژاد عه‌زیز سورمێ، به‌ناوی (كاژه‌ به‌ژن بڵنده‌كانی ڕۆژهه‌ڵات)، به‌دیزاین و به‌رگێكی قه‌شه‌نگ و قه‌باره‌یه‌كی‌ بچووكی 104 لاپه‌ڕه‌یی، كه‌وته‌ به‌ردیدی خوێنه‌ران.
ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه‌، له‌ سێ قه‌سیده‌ پێكهاتووه‌ (كچ و كوڕانی ڕێبه‌ندان)، (گوڵی ئاگر..خه‌ونی هه‌میشه‌یی) و (كاژه‌ به‌ژن بڵنده‌كانی ڕۆژهه‌ڵات). هه‌رسێ قه‌سیده‌كه،‌ له‌ نیسان و حوزه‌یران و ئابی 2020 نووسران، واته‌ له‌ سه‌رده‌می كۆڕۆنا له‌دایك بوون. وێڕای دۆزینه‌وه‌ی ڤاكسین،‌ كۆڕۆنا، هێشتا هه‌ڕه‌شه‌ له‌ مرۆڤایه‌تی ده‌كات. ئه‌و په‌تایه،‌ كه‌ زیانی گه‌وره‌ی به‌ ئابووریی وڵاتان گه‌یاند و مرۆڤی ناچار كرد خۆی له‌ تێكه‌ڵاوی بپارێزێ. كه‌ره‌نتین و مانه‌وه‌ له‌ ماڵ، بۆ به‌شێكی زۆری شاعیران و نووسه‌ران، كاتی زێڕین بوو، ئه‌م قه‌سیدانه‌ی شاعیریش، به‌رهه‌می سه‌رده‌می كۆرۆنان، بۆیه‌ په‌تایه‌كه‌ له‌ قه‌سیده‌ی (گوڵی ئاگر..خه‌ونی هه‌میشه‌یی)دا ره‌نگیداوه‌ته‌وه‌:

كۆڕۆنا هات،
به‌ جل و به‌رگێكی ڕه‌شداگه‌ڕاو
پێده‌شته‌ سووتاوه‌كان ئاسا
سواری كه‌ژاوه‌ی خۆی كردین
كۆڕۆنا هات فێرمان بكات
دونیا ببینین
بیری لێ نه‌كه‌ینه‌وه‌..
فێری كردین هه‌وری چڕ
نیشانه‌ نییه‌ بۆ باران
كۆڕۆنا
سیاماڵ .. شه‌و ڕاشكان
ڕوونایی ڕۆحی به‌بیر هێناینه‌وه‌
به‌ڵام ئه‌ویش
به‌ هه‌موو ترس و تاوییه‌وه‌
شه‌ڕی له‌بیر نه‌بردینه‌وه‌ ..

له‌ قه‌سیده‌ی (كاژه‌ به‌ژن بڵنده‌كانی ڕۆژهه‌ڵات)دا، كه‌ وه‌ك ئاماژه‌مان پێكرد، ئه‌ویش هه‌ر له‌ سه‌رده‌می كۆڕۆنا نووسراوه‌. له‌به‌رئه‌وه‌ی شاعیر له‌ خوێندنی زانكۆدا، ده‌رچووی به‌شی شوێنه‌واره‌، ده‌مانباته‌وه‌ داڵانه‌كانی مێژوو و ره‌مزه‌كانیان ده‌خوازێ و تێكهه‌ڵكێشی ناو قه‌سیده‌كه‌یان‌ ده‌كات، بۆ تافی لاوێتی و ڕۆژگاره‌ جوانه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌:

بیرت ده‌كه‌م
له‌ سه‌رده‌مێك
ده‌ققه‌ و سه‌عاتی بێ مه‌رگ تێناپه‌رێ
بیرت ده‌كه‌م
كه‌ زستانێ ده‌ركه‌وتی و
زستانێ ئاوا بووی ..
چوومه‌ به‌ر ئاستانه‌ی (نیپۆر)
هاوارم برده‌ پێش (ئینلیل)
خوداوه‌ند (ئانۆ)
له‌ مه‌ینه‌تی جودایی ئاگادار بكاته‌وه‌
قوربانیم نه‌برد
قوربانی بۆ ببه‌م
كه‌ خۆم ساڵه‌های ساڵه‌ قوربانیم؟
ده‌كوژرێم و
وه‌ك ئاردی ناو دڕك
به‌ گوند و شاران وه‌ر ده‌كرێم
پاشان له‌ خۆڵه‌مێشی خۆمدا
بۆ مه‌رگێكی دی
تاراوگه‌یه‌كی دی
ژیانێكی پڕ حوزنی دی
زیندوو ده‌بمه‌وه‌.

شایانی باسه‌ به‌رگی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ (كارێكی كۆلاژ)ی شاعیره‌ و، دیزاینی له‌ لایه‌ن هاوكارمان (كاروان محه‌مه‌د سینۆ) كراوه‌. ده‌ست خۆشی له‌ شاعیر ده‌كه‌ین، چاوه‌ڕوانی به‌رهه‌می نوێی لێ ده‌كه‌ین، كه‌ باڵایان به‌ قه‌د باڵای كاژه‌ به‌ژن بڵنده‌كان بێ، خه‌رمان به‌ره‌كه‌ت.

بابه‌تی تر

گوندی لهێبان لە سەرگەڕان بەتەواوی چۆڵ كرا

ئەمڕۆ یەكشەممە، ئه‌و ژماره‌ كەمەی لە خێزانه‌ كوردانەی له‌ گوندی لهێبان مابوونه‌وه‌، به‌ ته…