فەرحان جەوهەر

مەسەلەی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کێشەیەکی ئاڵۆزە، بە چارسەرنەکردنیشی ناوچەکە ئاڵۆزتر دەبێت، چیدی چارەسەرە تەقلیدیەکان کاریگەرییان نەماوە، چارەسەری بنەڕەتی ئەوەیە، کورد خۆی لەگەڵ هەموو ئەو گرووپ و هێز و لایەنانەی باوەڕیان بە چەمکە مۆدێرنەکان هەیە، هاوپەیمانی پێکبێنێ و بەهاوبەشی خەبات بۆ گەشەپێدان و قووڵکردنەوەی ئەو مەفاهیمانە بکات.

ئێستاش لە هەموو کاتێک زیاتر زەمینە بۆ ئەم هاوبەشییە لەبارە، دوای ئەوەی دروشمی نەتەوەیی عەرەبی و فارسی و تورکی خەریکە بەتەواوی دەپوکێتەوە، خۆیان بە دروشمی ئاینی هەڵواسیوە و ئەویش بەکردەوە فەشەلی هێناوە، بۆیە ئەو میللەتانەش گەیشتوونەتە ئەو باوەڕە، جگە لە دەوڵەتی مەدەنی مۆدێرن نەبێت، هیچ بژاردەیەکی تریان نییە، هەرچەندە کورد خۆی لەم پارچەیە نەیتوانیوە ببێتە سەکۆیەکی مەدەنی و دیموکراسی بۆ چاولێکردن، بەڵام لەهەوڵدان بۆ گەیشتن بەم ئامانجە بەردەوامە، لەبەرئەوەی کورد هیچ بژاردەیەکی تری نییە، نە دەتوانێت بە سیستەمی ئاینی و نە تووندڕەوی نەتەوەیی بەردەوام بێت، ئەمە قەدەری ئەزموونەکەیەتی و گرێدراوی ویستی نێودەوڵەتییە.

هەر بەو چەمکانەش مانەوەی خۆی گارانتی دەکات، ئەگەر هەرێم بیەوێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە چاوێکی جیاوازتر لە عیراق سەیربکرێت، جگە لە گەشەپێدانی چەمکە مۆدێرنەکان و جێبەجێ کردنیان لەسەر ئەرزی واقیع، رێگایەکی تری نییە، ئێمە بە باڵەخانەو مۆڵ و خواردنگەکان، ناتوانین پیشتیوانی نێودەوڵەتی دەستەبەر بکەین، یان خۆمان جیاوازتر لە عیراق نیشان بدەین ، چونکە زۆربەی سیستەمە تۆتالیتاریەکانیش توانیوایانە کەرەستەی مۆدێرنە بن، بەڵام بەبێ عەقڵی مۆدێرنە، کەرەستەکانی مادی مۆدێرنە پێویستییەکی رۆژانەی خەڵکن و لە هەموو کۆمەڵگا داخرا و کراوەکان وەک یەک دەست دەکەون، بەڵام عەقڵی مۆدێرنە پەیڕەو ناکەن، ئەوەی کورد دەگەێنێتە مافەکانی، پەیڕەوکردنی عەقڵ و چەمکەکانی مۆدێرنەیە، ئەگەرنا کەرەستەکان گرێدراوی بازاڕی ئازادن و بەحوکمی جیهانگیری دەگەنە هەموو کونجێکی ئەم جیهانە، پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە و بەبازاڕکردن و هێنانی کەرەستە مۆدێرنەکان، کار و پسپۆری بازگانەکانە، بەڵام گەشەپێدان و قووڵکردن و جێبەجێ کردنی عقڵ و چەمکەکانی مۆدێرنە کار و پسپۆری سیاسیەکانە، ئایا چەند دەتوانن وەک بازرگانەکان لە کاری خۆیان سەرکەوتووبن؟ دەسکەوتنی ئەو وەڵامە گرێدراوی داهاتوو و ئەنجامی ئەزموونەکەیەتی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

بۆ سیاسەتی دەرەوەی هەرێمی كوردستان سەرکەوتووە؟

د. سامان سۆرانی هەرێمی كوردستان لە ساڵی ١٩٩١ وە، واتە پاش دوورخستنەوەی ڕژێمی پێشوو لە هەند…