نووسینی: حوسێن ئێحسانی
وەرگێرانی لە فارسی: کاروان کەریمخان

هاتنەوەی دووبارەی تاڵیبان لە دوای ڕۆیشتنی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان، دیسان زەنگی مەترسی لە ناوچەکە وەدەنگ هێنایەوە. لە دوای ڕاگەیاندنی دەرچوون لە لایەن جۆبایدن، سەرەک کۆماری ئەمریکا، تاڵیبان هەناسەیەکی تازەی هەڵکێشا بۆ ئەوەی بتوانێت بە سەر وڵاتادا زاڵ بێتەوە. هەواڵەکانی سەرەتایی لەبارەی ترسی خەڵک لە کردەوە و پەلامارەکانی گروپی تاڵیبان لە سەر هەندێک ناوچەی ئەفغانستان دەدوان. تاڵیبان ژمارەیەکی زۆری هێزەکانی ئاسایشی ئەفغانستانیان یەخسیر کرد و بێبەزەییانە ئەشکەنجەی دان و فیلمەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو دەکردنەوە. بڵاوکردنەوەی ئەم وێنانە لەلایەک بوونە هۆی ڕقی گشتی و لەلایەکی دیکە بوونە هۆی دروست بوونی ترسێکی زۆری خەڵک لە تاڵیبان. هەروەها ئەو ناوچانەی کە تاڵیبان گرتبوونییەوە، یاسا و سنووری تایبەتی تێدا سەپاندبوو، هەمان ئەو یاسایانەی کە لە سەردەمی حکوومەتی ئیماڕەتی ئیسلامی بە سەر خەڵکدا سەپێندرابوون. لەوانە دەتوانین ئاماژە بە جێبەجێ کردنی ئەو یاسا قورسانە بکەین کە بۆ حەددی شەرعی ئیسلامی، جێبەجێ کردنی بەرنامەی سنووردارکردنی هاتوچۆی ژنان و نیکاحی بەزۆر بۆ کچانی سەرووی 15 ساڵی و بێوەژنانی هێزە ئاسایشییەکان، داندرابوون. لەم ڕووەوە ترس و تۆقین لە ناو ژنانی ئەفغانستاندا پتر لە هەموو چینەکانی دیکە زیاتر بوو. شایانی باسە نموونەی نیکاحی بەزۆر لە ویلایەتی بامیان ڕووی دا؛ تاڵیبان لە ڕێگەی تۆڵەی ڕەگەزیانە لە ژنانی بامیانی لە شارەکانی سیغان و کەهمەرد دەیانویست جگە لە بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن تۆڵە لە خەڵک و هێزە ئاسایشییەکان بکەنەوە.

لەوبارەوە پەروانە، بە ناوی خوازراو، بە مەسعود حوسێنی پەیامنێر دەڵێت: “سەعات 11 شەو بوو کە هێزەکانی ئاسایشی کشانەوە و تاڵیبان هاتە ناو سیغان، ئێمە هەواڵ و بڵاوبۆوەی خەرابمان بیستبوو. چەند سەعات دواتر باوکمان بە پەشۆکاوی هاتەوە ماڵ و پێی گوتین کە تەنیا یەک دەستە جل هەڵگرن چونکە دەبێ هەڵبێین.” بە گوتەی سەرچاوە ناوچەییەکانی شاری سیغانی ویلایەتی بامیان، تاڵیبان سێ شووڕایان لە سیغان پێکهێنابوو کە ناویان نابوو شووڕای شەرعی. شوڕای یەکەم بۆ هەر سەر خێزانێک بڕی 8000 ئەفغانی (100 دۆلار)یان داوا دەکرد. شووڕای دووەم (أمر بالمعروف) بوو کە نەیاندەهێشت ژن لە ماڵ بچێتە دەرێ. شووڕای سێیەم بە هاوکاری مەلای سیغان، کە ساڵانێک بوو لەگەڵ خەڵک دەژیا، خەریکی کۆکردنەوە لیستی زانیاری بوو لەبارەی کچان و ئەو بێوەژنانەی کە پێشتر خێزانی هێزەکانی ئاسایش بوون.

لەو بارەوە نەزیفا کە دایکی منداڵێک بوو بە مەسعود حوسێنی دەڵێت: “تاڵیبان کوڕەگەنجی زۆریان چەکدار کردن و لە ناوچەکانی خۆیان هێنانیانە ئێرە. تاڵیبان دەیەوێت کچان بێنێتە نیکاحی شەڕکەرانی خۆی و ئەو بێوەژنانەی کە پێشتر خێزانی هێزە ئاسایشییەکان بوونە بیانداتە سەرکردەکانیان. جیاوازیشیان پێناکات لە ئەفغانستان بێت یا لە پاکستان”. عاتیفە بە ناوی خوازراو بەو پەیامنێرەی گوت: “دوای دوو مانگ هاوسەرگیری، کاتی کشانەوەی هێزە دەوڵەتییەکان لە شاری سیغان مێردەکەی بەپەلە هەندێک پارەی پێداوە بۆ ئەوەی هەرچی زووترە لە سیغان ڕابکات و خۆی بگەیێنێتە ناوەندی بامیان یان کابۆل.”

جگە لەم ڕاپۆرتەهەواڵانە، گروپی تاڵیبان بە بڵاوکردنەوەی چەندین نامە خوازیاری وەرگرتنی لیستی کچان و بێوەژنانی هێزەکانی ئاسایش بوون بۆ ئەوەی بە زۆر نیکاحیان بکات. ئەم ڕاپۆرتانە شتێک بوون لە چەشنی هێرشی داعش بۆ سەر کوردانی ئێزیدی لە هەرێمی کوردستان. ئایا ژنانی ئەفغانستان چ هەڵبژاردەیەکیان هەبوو و لە کوێی ئەم بەزمە گوناهبار بوون؟ دەڵێی ئەم ڕاپۆرتانە ڕێک وەک درێژەی داستانی نادیە مورادی ئێزیدییە کە لە چەنگی داعش هەڵات. چارەنووس و تەقدیری ژنان لەم دۆخەدا ڕێک هەمان ئەو چارەنووسەیە کە لە شنگال، باخور و سەلاحەدین ڕوویان دا. لەو ناوە ژنانی ئەفغانستان چ بژاردەیەکیان هەبوو؟ ژنانی ئەفغانستانی کە لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا بۆ چالاکیی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری، ئازادیی تەواویان هەبوو ئێستا تووشی هەڕەشەیەک بە ناوی ئیسلامگەرایی توندڕەوانە بوونەتەوە و خەریکە گشت دەسکەوتەکانیان بە فیڕۆ بڕوات. 20 ساڵ بوو ژنان بۆ چەسپاندنی مافی خۆیان کاری مەدەنییان دەکرد. ئەوان لەوە تێگەیشتبوون کە بۆ مانەوەی دەسکەوتەکانیان و خۆڕاگری لە بەرانبەر هەڕەشەی تاڵیبان نە هەنگاوی شارستانیانە کارسازە و نە هەڵاتن لە وڵات؛ تەنیا یەک ڕێگە مابۆوە: “خۆڕاگری”

لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان تا دەگاتە باکووری ئەفغانستان

ڕەنگە لە داهاتوودا هەمان ئەو تاکتیکەی کە لە لایەن هێزی ژنانی کورد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش دروست بوو، لە ئەفغانستانیش هەر ئەو تاکتیکە لەلایەن ژنانی خەباتکاری ئەفغان بۆ خۆڕاگری لە دژی تاڵیبان دروست بێت. بینیمان لە سەرەتادا، ڕێژەیەکی زۆری ژنان لە زۆربەی ناوچەکانی ئەفغانستان لە کەنار هێزەکانی ئاسایشی و ڕاپەڕیوەکانی دژبەری تاڵیبان چەکیان هەڵگرتبوو یان هاوکاریی لوجستیکیان دەگەیاندە هێزەکانی دەوڵەتی شەرعی. ڕێژەیەکی زۆری ژنان لە ویلایەتەکانی فاریاب، بەلخ، غوور و بامیان چوونە ناو ئەم بزووتنەوە خۆڕاگرییە. وێنەگەلێکی ئەم ژنانە لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتیدا بڵاو بۆتەوە، کە تێیدا ژنان دەست بە چەک هاواریان دەکرد بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن جارێکیتر تاڵیبان یا داعش بە سەر چارەنووسی ئەواندا حوکمڕانی بکاتەوە.

سەلمیە مەزرای، نموونەی ئافرەتی خۆڕاگر
بەناوترین فەرماندەی ئەم ژنانەی کە لە باکووری وڵات لە دژی تاڵیبان خەبات و خۆڕاگری کرد، سەلمیە مەزاری فەرماندەری شاری چهارکەنتی (ولسوال چارکنت) ویلایەتی بەلخ بوو. شاری چهارکەنت کەوتۆتە باکووری ڕۆژئاوای ویلایەتی بەلخ و لە ڕووی مەزهەبییەوە دانیشتووی جۆراوجۆری لێیە. تاڵیبان ساڵانێک پێش دەچوونە ناو کۆمەڵگەی هەزارەی شیعە و بە بانگەواز خەڵکی شیعەیان باگهێشتی، بە گوتەی خۆیان، ئیسلام دەکرد. هەروەها ئەوان باج و فیدیەیان دەستاند و ماڵ و ماڵاتیان بە زۆر لە خەڵک دەستاند. سەرەڕای ئەم فشار و ستەمەی تاڵیبان لە دژی خەڵکی شاری چهارکەنت، ژنێکی ئەم شارە خۆی بۆ قایمقامی شارەکە کاندید کرد و دوای سەرکەوتنی لە پڕۆسەی هەڵبژاردن چۆوە نیشتیمانی باب و باپیرانی خۆی. دوو ساڵ و نیو پێش ئەوەی بۆ یەکەم جار بچێتەوە چهارکەنت تاڵیبان دەیوست هێرش بکاتەوە سەر ئەم شارە، بەڵام ئەم ژنە شان بە شانی هێزەکانی دەوڵەت و پۆلیسی شار، کە ژمارەیان کەم بوو، خۆڕاگرییان هەڵبژارد. بۆ یەکەم جار لەوێ پەلاماری تاڵیبان تێکشکا و ئەمە بووە خاڵی باوەڕی خەڵک بەو ژنە و سەرەتای تەیاربوونی خەڵک لە دژی تاڵیبان.

ماوەیەک پێش ئەوەی تاڵیبان هەموو ئەفغانستان بگرێتەوە تاکتیکێکی نوێتریان بەکار هێنا و ناوچە جیاکان و تەنانەت گۆڕستانەکانیان، بە مەبستی تێکدانی ورەی خەڵک، مینرێژ دەکرد. لە دوای توندتربوونی پەلامارەکان بە مەبەستی کەوتنی شارەکان، سەلمیە مەزاری فەرمانی گشتی دەرکرد و هەموو پیاوانی ئەم شارە دەست بەچەک بوون و ئەو کەسانەی کە توانای چەک هەڵگرتنیان نەبوو هاوکاریی هێزەکانیان دەکرد. هەر لەو کاتەوە ناوی سەلمیە مەزرای وەک فەرماندەی خۆڕاگریی چهارکەنت لە ناو هەواڵ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەست بە دەست بوو. ئەو بەو چەکەی کە لە شانیدا بوو، بەردەوام بە دووربینە ڕاوییەکەی چاودێریی مەیدان و بەرەی دەکرد و سەیر ئەوەبوو کە جگە لە جلی ژنانە هیچ جۆرە یۆنیفۆڕمێکی سەربازی و گولەبەندێکی لەبەردا نەبوو. یەکەمین ئەو کارەی کە کردی ڕێگەی ئابووریی شاری چهارکەنت بۆ ویلایەتی بەلخ و شاری مەزار شەریفی لە تاڵیبان پاک کردەوە بۆ ئەوەی خواردن و خۆراک بە بێ نیگەرانی بگاتە ئەوێ و خەڵک تووشی قاتی و قڕی نەبن.

ئەو وێڕای ئەوەی بە ئازایەتی خۆی هەوڵی بۆ پاراستنی ئاسایشی چهارکەنت دا، بە دوای دروست کردنی پەیوەندییەکی کاریگەر بوو لەگەڵ خەڵک و بەرپرسانی دەوڵەتی؛ شتێک کە تا پێش ئێستا نەبووە. سەلمیە مەزاری نموونەی ژنی خۆڕاگر لە دژی تاڵیبان بوو. تاڵیبان ئێستا دەزانێت کە نەک هەر خەڵکی ئەفغانستان بەڵکو ژنانیش بۆ پاراستنی دەسکەوت و ئەو بەهایانەی کە لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا کۆیان کردۆتەوە، لە بەرانبەر تاڵیبان دەوەستنەوە و ڕۆژیان دادێتەوە.
بەو ئەندازەیەی کە ئەزموونی ژنانی ئەفغانستان لە هەمبەر تاڵیبان یەکسانە بە ئەزموونی ژنانی کورد لە بەرانبەر شێرپەنجەیەک بە ناوی داعش، نموونەی خۆڕاگریی سەلمیە مەزاری و ژنانی دیکەی ئەفغانستانیش درێژەدەر و پەیڕەوی ژنانی کوردە لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاڤا لە سەرکەوتنیان بۆ ڕادانی داعش. لە ڕابردوودا لە ڕووی فەرهەنگی و زمانی وا وێنا دەکرا کە کورد و ئەفغان نزیکایەتی کەلتوورییان پێکەوە هەیە، بەڵام دیاردەی تیرۆریزم ئەوەی ڕوون کردەوە کە نموونەی خۆڕاگری لە دژی ستەم لە ناو سنوورەکاندا نامێنێتەوە و ئەم نموونەیە ڕەهەندی سنووربەزێن و ناوچەییشی هەیە.

بابه‌تی تر

دواجار ماگنۆس بڕیارەكەی خۆیدا وازبهینێت

خەبات: هاوكار كەڵهوری:- ماگنۆس كارلسن پاڵەوانەكەی شەترەجی جیهانی هەمووانی تووشی سۆك كرد كا…