ئارام رسوڵ مامەند

سەردانەکەی سەرۆک مەکرۆن بۆ هەولیری پایتەختی هەرێمی کوردستان چەندین پەیام و لێکدانەوەی جۆراوجۆر هەڵدەگرێت و لە بواری پشتیوانی فەرەنسا بۆ هەرێمی کوردستان دلنیا کردنەوەیەکی ڕاستەوخۆیە کە فەرەنسا لە چوارچیوەی سیاسەتی دەرەوەی خۆی بایەخی تایبەت بە هەرێمی کوردستان دەدات و ئەوەش دەگەڕیتەوە بۆ پەیوەندیەکی دیرینی نێوان کەسایەتیە سیاسیەکانی فەرەنسا و سەرکردایەتی سیاسی کوردستان لە لایەک و لە لایەکی تریش سەرکەوتنی دیپلۆماسیەتی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێمە لە برەو دان بە پەیوەندیەکان و گرتنە بەری ستراتیجیەتی دروست لە پەیوەندیە نێو دەوڵەتیەکان.

دڵنیا کردنەوەی گەلی کوردستان لە پشتیوانی فەرەنسا لەم کاتەدا بایەخی زیاتری هەیە لە کاتێکدا بڕیارەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان جۆرێک لە گومان و چەندین پرسیاری بۆ دانیشتوانی عێراق دروست کردوە. لەگەڵ ئەوەی جیاوازی زۆر هەیە لە نێوان عێراق و ئەفغانستان، بەڵام سەردانەکەی سەرۆکی فەرەنسا لەم کاتەدا بۆ لوتکەی بغداد و بە تایبەت تریش بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان هەڵگری چەندین پەیامی سیاسی و دیپلۆماسی و پشتیوانی بەردەوام بوو کە زۆرێک لە نوسەران و چاودیرانی سیاسی لەسەریان نوسیوە و بە وردی باسیان کردوە.  من لێرەدا دەمەوێت باسی پەیامیکی تری سەرۆکی فەرەنسا بکەم بۆ هەرێمی کوردستان.

 لە چوارچیوەی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان و بە پێی پرۆتۆکۆڵە کان زیارەتی سەرۆکەکان بۆ هەر وڵاتێک بە بەرنامەیەکی پرۆتۆکۆلێ ئامانجدار ڕێک دەخریت و کۆبونەوەکان لەگەڵ هاوتاکانیان و سەرۆکی دامەزراوە دەستوریەکان گرێ دەدرێن، هەر بۆیە سەردانەکەی سەرۆک مەکرۆن بۆ دیداری سەرۆک بارزانی و بە تایبەتیش باسی رۆڵی سەرۆک و هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ڕوبەڕو بونەوەی تیرۆرستانی داعش گەیاندنی پەیامێکی ترە بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان و بۆ هەمو جیهان. سەرۆکی فەرەنسا لە دیداری لەگەڵ سەرۆک بارزانی بە گەلی کوردستانی گوت ئیوە خاوەن سەرۆک و باوکێکن کە پیگەیەکی نێودەوڵەتی هەیە و ئەوان بە ڕێز و بایەخەوە دەڕواننە ڕۆڵ و پێگەی سەرۆک بارزانی لە ڕابردو و ئێستا و بۆ داهاتوش. هەروەها سەرۆک مەکرۆن لە پەیامێکی تردا پێی گوتین کە ئێوە خاوەنی هێزی پێشمەرگەن و پێشمەرگە بۆتە سومبولی ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆر و تێکشکاندنی داعش.

 ئیمە دەبێت لە گرنگی پەیامە شاراوەکەی  سەرۆکی فەرەنسا تێبگەین کە وڵاتان خاوەن بەرژەوەندین و لەسەر ئەو بنەمایەش سیاسەتی دەرەوەی خۆیان دادەڕیژن، بۆیە بۆ فەرەنسا گرنگە کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە هێز بێت و هێزیکی یەکگرتوو و بە توانا و ئامادەبێت بۆ ڕوبەڕو بونەوەی مەترسیەکان و هەر هەڕەشەیەک لەسەر هەرێمی کوردستان و ناوچەکە. هەرێمی کوردستان ئێستا خاوەن سوپایەکە کە لە مەیدانی جەنگدا تاقی کراوەتەوە و تواناکانی هێزی پێشمەرگە لە لایەن دۆست و نەیارانی کوردستان حیسابی لەسەر دەکرێت.  دەستەواژۆی پێشمەرگە خاوەن مێژویەکی پتر لە سێ چارەگە سەدەیە و بەرهەمی خەباتی دەیان دەست کەوت و کیانی دەستوری هەرێمی کوردستانە و بۆ داهاتووش دڵنیای مانەوەو پاسەوانی ئەم هەرێمەیە. کاتی ئەوە هاتوە سوپای پێشمەرگەی کوردستان گرینگی زۆر زیاتری پی بدریت و حکومەتی هەرێم پرۆژۆی بەردەوامی بۆ زیاتر خزمەت کردن و بەهێز کردنی تواناکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان جی بە جێ بکات.  دەبێت گەلی کوردستان ئەو راستیە بزانن کە هێزی سوپا لە ژمارە دانیە، بەلکو لە ئیرادە و توانای دایە و ئیرادە و باوەڕی  هیزی پێشمەرگە پۆڵاینە. هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ژێر سایە و ڕێبەرایەتی سەرۆک بارزانی گیان فیدا بەرگری لە گەلی کوردستان و دەست کەوتەکانی دەکەن و ئەو ڕاستیەش لە پەیامەکەی سەرۆک مەکرۆن بە ئاشکرا رەنگی دایەوە.

بابه‌تی تر

وەک چۆن پێویستە لە هەڵەی کەسێک فێربین ئاواش گرنگە سەرکەوتنەکانی کەسێک بەرز بنرخێنین

فەرحان جەوهەر ناونیشانی سەرەوەی ئەم وتارە، پەرەگڕافی کۆتایی وتارێکی نێچیرڤان بارزانی سەرۆک…