ئاسۆ عه‌لی فه‌ره‌ج
سه‌رۆككۆماری ئێستای ئه‌مه‌ریكا جۆبایدن پێش 15 ساڵ رێك له‌ مانگی 9ـی 2006 له‌باره‌ی چاره‌سه‌رێكی گونجاو كه‌ بتوانێت به‌شێك له‌ كێشه‌كانی ده‌وڵه‌تی عێراقی دوای سه‌ددام حوسێن چاره‌سه‌ر بێت و هاوسه‌نگی نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بی رابگیرێت رای وابوو پێویسته‌ سیسته‌می فیدراڵی له‌و وڵاته‌ بچه‌سپێندرێت.

بایدن ئه‌و كات ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پیرانی وڵاته‌كه‌ی و جێگری سه‌رۆكی لێژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ بوو، به‌رده‌وام به‌وه‌ سه‌رزه‌نشت ده‌كرا كه‌ خاوه‌ن بیرۆكه‌ی دابه‌شكردنی عێراقه‌ بۆ سێ هه‌رێم(هه‌رێمی شیعه‌كان، هه‌رێمی سووننه‌كان، هه‌رێمی كورده‌كان) كه‌ ئه‌و پێچه‌وانه‌ی ده‌یگوت: بیرۆكه‌ی عێراقێكی فیدراڵ له‌پێناو یه‌كبوونه‌ نه‌ك دابه‌شكردن.

له‌و بۆچوونانه‌ی 15 ساڵ پێش ئێستا خستبوویه‌ڕوو باس له‌ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانیان ده‌كات له‌ عێراق، كه‌ ئه‌وكاتیش هێشتا رێككه‌وتنی ئه‌منی(سۆفا- 2008) له ‌نێوان(عێراق و ئه‌مریكا) ئه‌نجامندرابوو، ئه‌م كشانه‌وه‌شی به‌وه‌ وێنا كردبوو كه‌ ده‌بێته‌ هانده‌ر شیعه‌ و سووننه‌ و كورد كێشه‌كانیان له‌ رێگه‌ی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌وه‌ له‌و چوارچێوه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن، كه‌ خودی بایدن و به‌تایبه‌تیش كورد پێداگیریان له‌سه‌ر ده‌كرد كه‌ بڕوابوونه‌ به‌وه‌ی عێراق وڵاتێكی فیدرأڵی بێت و له‌ ده‌ستوره‌كه‌یشیدا رێگه‌دراوه‌.

بایدن سه‌رزه‌نشتی ئیداره‌ی وڵاته‌كه‌ی ده‌كرد به‌وه‌ی له‌ عێراقدا به‌رده‌وامی به‌ شكست ده‌ده‌ن، چونكه‌ توندوتیژیه‌كانی نێوان شیعه‌ و سوننه‌ له‌ لوتكه‌دا بوون، وه‌ك بایدن وتویه‌تی: له‌و قۆناغه‌دا ئه‌مریكا ته‌نیا به‌رده‌وامبوونی به‌ شكست پێباشتر بووه‌ له‌ هه‌ر بژارده‌یه‌كیتر.

پرۆژه‌كه‌ به‌ پێنج خاڵی سه‌ره‌كی ده‌ستپێكردووه‌، كه‌ به‌ بڕوای بایدن عێراق ده‌باته‌ قۆناغێكی زۆر باش و ئه‌و كات بوونی هێزێكی زۆری ئه‌مه‌ریكا به‌ پێویست نازاندرێ و ته‌نیا ئه‌و هێزانه‌ بمێننه‌وه‌ كه‌ ده‌بنه‌ پاڵپشت بۆ به‌هێزكردنی سوپایه‌كی نیشتیمانی.

پوخته‌ی پێنج خاڵه‌كه‌ی بایدن ئه‌مه‌یه‌:
یه‌كه‌م: جێبه‌جێ كردنی نامه‌ركه‌زیه‌ت و به‌خشینی هه‌رێمی دیكه‌ به‌ (شیعه‌ و سووننه)هاوشێوه‌ی (كورد)، له‌وه‌شدا بتواندرێ خاڵ و به‌رژوه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوان ئه‌م سێ پێكهاته‌ گرنگه‌ی عێراق پێكه‌وه‌ گرێبدرێت به‌تایبه‌تی له‌ دابه‌شكردنی داهاته‌كان و پاراستنی سنور، (مه‌به‌ستی بایدن ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م دوو دۆسیه‌ ناوه‌ند به‌ڕێوه‌ی ببات).
دووه‌م: پێكهاته‌ی سووننه‌ به‌ هه‌ر جۆرێك بێت پابه‌ند بكرێت به‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ تابتواندرێ وه‌به‌رهێنانی نه‌وت ببێته‌ هاوبه‌ندییه‌ك و هه‌ر سێ هه‌رێمه‌كه‌ پێكه‌وه‌ ببه‌ستێته‌وه‌.
سێهه‌م: ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراق و كردنه‌وه‌ی ده‌رگایه‌كی دیكه‌ بۆ وڵاتانی كه‌نداو بۆ ئه‌وه‌ی وه‌به‌رهێنانی زیاتر له‌ عێراق بكه‌ن به‌ مه‌رجێك رێز له‌ ئیراده‌ی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هه‌ر سێ هه‌رێمه‌كه‌ بگرن.
چواره‌م: ئاماده‌كردن و به‌ستنی كۆنگره‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی (هاوپه‌یمانیه‌كی هه‌رێمی) تا هیچ وڵاتێك ده‌ستدرێژی نه‌كاته‌ سه‌ر عێراق و سێ هه‌رێمه‌كه‌(لێره‌ بایدن و هاوبه‌شه‌كانی مه‌به‌ستیان زێده‌تر له‌ ئێران و توركیایه‌).
پێنجه‌م: كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌ چه‌ند قۆناغێك، ته‌نیا ئه‌و هێزانه‌ بمێننه‌وه‌ كه‌ ئاماده‌یان هه‌بێت بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی هه‌ر ده‌ستدرێژییه‌ك بۆ سه‌ر عێراق یاخود گرووپه‌ تیرۆریستیه‌كان.

بایدن هه‌میشه‌ ئه‌و خاڵه‌ی لا گرنگ بووه‌ كه‌ به‌غدا وه‌ك شارێكی فیدراڵی بێت، ته‌نانه‌ت هێزێكی نێوده‌وڵه‌تیش بۆ پاراستنی پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی ناو به‌غدا بوونی هه‌بێت و ئه‌م شاره‌ش نه‌به‌سترێته‌وه‌ به‌هیچ یه‌كێك له‌ هه‌رێمه‌ پێشنیاز كراوه‌كان، ئه‌م دۆخه‌ی ئێستا له‌ به‌غدا هه‌یه‌ له‌وانه‌یه‌ بۆچوونی 15 ساڵ پێش ئێستای بایدنی گۆڕی بێت، چونكه‌ به‌غدا له‌ ماوه‌ی ئه‌م 15 ساڵه‌دا رووبه‌ڕووی پاكتاوێكی گه‌وره‌ی تائیفی و نه‌ته‌وه‌یی بووه‌ته‌وه‌. ئه‌و نموونه‌ی بۆسنه‌ی هێنایه‌ته‌وه‌ له‌ دابینكردنی ئارامی له‌ رێگه‌ی هێزی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌.

بایدن كاتێك پرۆژه‌كه‌ی خۆی وه‌ك تاكه‌ رێگه‌ی چاره‌سه‌ری نمایش ده‌كرد، به‌رده‌وام ئه‌وه‌ی ده‌هێنایه‌وه‌ بیر ئه‌مه‌ریكی و عێراقیه‌كان، جگه‌ له‌م پرۆژه‌یه‌، به‌دیلی دیكه‌ چیه‌؟
كه‌واته‌ ئێستا ده‌بێت كۆتا قسه‌ی خۆی به‌رامبه‌ر بگوترێت: به‌ڕێز سه‌رۆك بایدن به‌دیل چیه‌؟

بابه‌تی تر

وەک چۆن پێویستە لە هەڵەی کەسێک فێربین ئاواش گرنگە سەرکەوتنەکانی کەسێک بەرز بنرخێنین

فەرحان جەوهەر ناونیشانی سەرەوەی ئەم وتارە، پەرەگڕافی کۆتایی وتارێکی نێچیرڤان بارزانی سەرۆک…