د. سامان سۆرانی
یەکێك لە هێما گرینگەکانی نیشتمان و دیارترین هێمای هەر دەوڵەتێك ئاڵا نیشتمانیەکەیەتی، بۆیە تێكڕای دەوڵەتەکان هۆشیارن لەسەر ڕێزگرتن لە ئاڵا و دانانی لە شوێنێك، کە شایەستەی بێت و بە چڕی ڕێگری دەکەن لەوەی سووکایەتی بە ئاڵا بکرێت و لە شوێنی نەشیاو دابنرێت، ئاڵا هێما و نیشانەی دەوڵەتە، هاوڵاتیان لە ناوخۆ و لە دەرەوە لە دەوری کۆ دەبنەوە و لە سایەی ئاڵا بەرهەم و سەرکەوتەنکانیان لە بوارەکانی سیاسی و ئابوری و وەرزشی و ڕۆشنبیری دەستەبەر دەکەن.

ئاڵا هێمای ئاشتی و ئازادی و دیموکراسی و لێبوردنە، ئاڵا ڕەنگدانەوەی کەسایەتی دەوڵەت و ناسنامەیەتی، ئاڵا لە ڕێگەی ڕەنگەکانی کە لەسەری نەخشێنراون، پێك دێت، بۆیە ڕێزگرتن لە ئاڵا ڕێزگرتنە لە ناسنامەی نیشتمانی و قووڵکردنەوەی ڕەهەند و مانا جیاوازەکانێتی، ئاڵای هەرێمی كوردستان بە ڕەنگی سوور و سپی و زەرد و سەوز، کە لە لای كوردستانیان بە ئاڵای نیشتمان ناسراوە، هێمای یەکبوونی هەموو کوردستانیانە، کە لە سایەیدا کۆبوونەتەوە بۆ خۆشویستنی و گیان بەختکردن لە پێناوی و بەرگری کردن لە پیرۆزییەکانی.

ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان لە بەرواری ١١/١١/١٩٩٩ دانیشتنێکی یاساکاری کردووە لەپێناو دەرچوواندنی یاسای ژمارە ١٤ ی ساڵی ١٩٩٩ کە پەیوەست بووە بە ئاڵای هەرێمی كوردستان. بەداخەوە لەو دە ماددەیەی کە لەو یاسایە هاتووە، بە ماددەیەك ئاماژە بەوە نەکراو، ئەگەر سووکایەتی بە ئاڵا کرا، چ سزایەک چاوەڕوانی تاوانکار دەبێت،لە وڵاتانی خاوەند سەروەری سووکایەتی کردن بە هێماکانی دەوڵەت سزایەکی دارایی زۆر و تەنانەت سەندنەوەی ئازادی (زیندان کردن) بۆ ماوەی سێ ساڵ چاوەڕوانی تاوانکار دەکات.

سووکایەتی کردن بە ئاڵا بریتیە لە جنێودان بە ئاڵا و بێ ئەرزش کردنێتی لە شوێنە گشتیەکان یان لە کاتی گردبوونەوە، یان لە ڕێگەی نووسین، تەنانەت لە ڕێگەی ئینتەرنێت، هەر سووکایەتی کردنێ بە ئاڵا سووکایەتی كردنی ڕاستەوخۆیە بە نیشتمان، بۆیە هیچ دەوڵەتێ ڕێگە نادات ئاڵاکەی لە ناوخۆ و لەدەرەوە سووکایەتی پێ بکرێت، زۆر جار ئەنجامدانی کارێکی لەو شێوەەیە قەیران و گرفتی سیاسی لێ کەوتۆتەوە، بۆیە پێویستە ڕێگری لە هەر هەوڵی بکرێت بۆ سووکایەتیکردن بە ئاڵا، ئەگەر چی ئەو سووکایەتی پێ کردنە بە دەست مەبەستیش نەبووبێت.
پێویستە ڕێز لە هێما نیشتمانیەکان بگیرێت و هەردوو وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا قوتابخانە و زانکۆکان پابەند بکەن بە هەڵکردنی ئاڵا تا شەکاوە و بەرز بێت.

ئاشکرایە کەوا حکومەتی هەرێمی كوردستان کار بۆ پاراستنی سەقامگیری و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و دەسکەوتە نیشتمانیەکان دەکات و هەموو هەوڵێکی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ پارێزگاریکردن لە بەها نیشتمانیەکان، پێویستە لەسەر هەموو تاکێکی هەرێمی كوردستان لە ناوخۆ و لەدەرەوە کار بۆ بەرز ڕاگرتنی شکۆی ئاڵای كوردستان بکات و لێ نەگەڕێ هێمای یەکگرتن و سەقامگیری و پێشکەوتنی كوردستانیان لە لایەن ناحەزانی ئازادی و دیموکراسی و پەرەپێدان سووکایەتی پێ بکرێت.

هەر شەکاوە بێت ئاڵای بەرز و پیرۆزی كوردستان

بابه‌تی تر

یارییەكی دۆستانە هونەرمەندانی شاری هەولێر كۆدەكاتەوە

خەبات: هاوكار كەلهوری:- لە یاریگای بچووكراوی شەهید فرەنسۆ هەریری، یارییەكی دۆستانەی تۆپی پ…