نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌بۆنه‌ی سه‌ری ساڵی نوێی زایینی، په‌یامێكی راگه‌یاند و دووپاتیكرده‌وه‌ وه‌ك ئه‌ندامێكى كاراى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و فاكته‌رى ئارامى و سه‌قامگيرى له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ ده‌مێنينه‌وه‌، هه‌رێمى كوردستانيش سه‌رزه‌مينى پێكه‌وه‌ژيان و لێبوورده‌يى و فره‌يى ده‌بێت.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان هه‌وره‌ها جه‌ختی كرده‌وه‌، دوو ساڵى سه‌ختمان به‌ڕێكرد، هيوادارم ساڵى نوێ ساڵی خۆشى و كامه‌رانى و سه‌ركه‌وتن و كۆتاييهاتنى په‌تا و ناخۆشى بێت.

ده‌قی په‌یامی نێچیرڤان بارزانی بۆ سه‌ری ساڵی نوێی زایینی:

ساڵى تازه‌ى زايينى له‌ ته‌واوى گه‌لى كوردستان، به‌تايبه‌تى له‌ خانه‌واده‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هيدان، له‌ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان، هێزه‌ ئه‌منييه‌كان، گه‌نجان و له‌ كوردستانييانى ده‌ره‌وه‌ى وڵات، له‌ گه‌لانى عيراق و له‌ جيهان پيرۆز ده‌كه‌م، هيوادارم ساڵى خۆشى و كامه‌رانى و سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر كێشه‌ و قه‌يرانه‌كاندا و كۆتاييهاتنى په‌تا و ناخۆشى بێت. ئومێد، ئاسووده‌يى، سه‌قامگيرى و پێشكه‌وتن بۆ مرۆڤايه‌تى له‌گه‌ڵ خۆيدا بهێنێت.

ئێمه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ جيهاندا به‌ هۆى په‌تاى كۆڤيد-19 و لێكه‌وته‌كانييه‌وه‌، دوو ساڵى سه‌ختمان به‌ڕێكرد. له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تيرۆر به‌رده‌وام بووين، رووداو و به‌سه‌رهاتى دڵته‌زێنى كۆچ و كاريگه‌ريى خراپى گۆڕانى كه‌شوهه‌وا و لافاومان بينى. هاوسۆز و هاوخه‌مى خانه‌واده‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هيدان و هه‌موو ئه‌وانه‌م كه‌ ئازيزانيان له‌ ده‌ست دا و به‌ رێزه‌وه‌ ياديان ده‌كه‌ينه‌وه‌. سوپاسى گه‌لى كوردستان ده‌كه‌م كه‌ به‌رگه‌ى قه‌يران و كێشه‌كانيان گرتووه‌.

تێپه‌ڕاندنى سه‌ختى و ته‌حه‌دييه‌كان، پاراستنى ماف و ده‌سكه‌وته ده‌ستوورييه‌كان و قه‌واره‌ى فيدرا‌ڵيى هه‌رێمى كوردستان، ئێستا و داهاتوويه‌كى باشتر بۆ گه‌له‌كه‌مان، كار و به‌ر‌پرسياريه‌تيى هاوبه‌ش و يه‌كڕيزى و ته‌بايى و پێكه‌وه‌يى له‌ هه‌موو هێز و لايه‌ن و پێكهاته‌كانى كوردستان ده‌خوازێت.

له‌ عيراقيش به‌ سوودوه‌رگرتن له‌ هه‌ڵه‌كانى رابردوو، هه‌ڵدانه‌وه‌ى لاپه‌ڕه‌يه‌كى تازه‌، تێگه‌يشتنى واقعى و ئيراده‌ى جددى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، يه‌كتر قبووڵكردن و هاوبه‌شيى راسته‌قينه‌ى هه‌مووان له‌ پرۆسه‌ى سياسى و به‌ڕێوه‌بردنى وڵاتدا له‌سه‌ر بنه‌ماى دروست پێويسته،‌ كه‌ متمانه‌ و ئارامى و سه‌قامگيرى بگێڕێته‌وه‌ و به‌ ژيان و گوزه‌رانێكى باشتر بۆ هه‌مووان له‌ ئێستا و داهاتووى خۆيان دڵنيا بن.

سوپاسى هاوپه‌يمانى و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و دۆستان ده‌كه‌ين، كه‌ له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆردا پشتگيرى و هاوكارييان كردين. چه‌مك و به‌هاى هاوبه‌ش كۆمانده‌كاته‌وه‌ و پێكه‌وه‌ ده‌بين. وه‌ك هه‌ميشه‌ ئاماده‌ى ئه‌رك و به‌رپرسياريه‌تيى هاوبه‌شين و وه‌ك ئه‌ندامێكى كاراى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و فاكته‌رى ئارامى و سه‌قامگيرى له‌ عيراق و ناوچه‌كه‌ ده‌مێنينه‌وه‌، هه‌رێمى كوردستانيش سه‌رزه‌مينى پێكه‌وه‌ژيان و لێبورده‌يى و فره‌يى ده‌بێت.

به‌ ئومێد و گه‌شبينييه‌وه‌ له‌ ژيان و ساڵێكى تازه‌ و داهاتوو ده‌ڕوانين و ساڵى نوێ له‌ هه‌مووان پيرۆز بێت، هه‌ر شاد و سه‌ركه‌وتوو بن.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

بابه‌تی تر

ئەم رێگایانەی هەرێمی کوردستان کرانەوە

رێگاکانی مەرزی کێلێ و شێنێ و زەڵێ و چەند رێگایەکی دەڤەری راپەڕین کە بەهۆی بەفربارینەوە داخ…