پارێزگاری هه‌ولێر ئه‌مڕۆ دووشه‌م له‌گه‌ڵ نوێنه‌رى سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌ به‌شداربووه‌كانى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌ سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر كۆبووه‌وه‌ و چه‌ند بڕیارێك له‌باره‌ی شێوازی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌ركرد.

له‌مباره‌یه‌وه‌ ئومێد خۆشناو پارێزگارى هه‌ولێر ڕایگه‌یاند: له‌پێناو به‌ڕێوه‌چوونى پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق به‌ شێوازێكى شارستانى و سه‌رده‌مییانه‌ له‌ شاره‌كه‌مان و فه‌راهه‌مكردن و ده‌سته‌به‌ركردنى ئازادى بۆ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌بێ جیاوازى و پارێزگاریكردن له‌ كاندیدان و پاراستنى ئارامى و پاك ڕاگرتنى شار و به‌ڕێوه‌چوونى ماوه‌ى دیاریكراوى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن به‌سه‌ركه‌وتوویى و به‌رگریكردن له‌ ناو و ناوبانگى هه‌ولێرى پایته‌خت كه‌ هه‌میشه‌ له‌ هه‌موو ڕوویێكه‌وه‌ پێشه‌نگ بووه‌، له‌گه‌ڵ نوێنه‌رى سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌ به‌شداربووه‌كانى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌ سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر كۆبووینه‌وه‌.

ڕاشیگه‌یاند: له ‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دواى خوێندنه‌وه‌ى چه‌ند بڕیارێك، نوێنه‌رى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ڕه‌زامه‌ندى و پابه‌ندبوونى ته‌واوى خۆیان به‌سه‌رجه‌م بڕیاره‌كان نیشان دا كه‌ به‌مشێوه‌یه‌ى خواره‌وه ده‌بێت:-

یه‌ك/ نابێت به ‌هیچ شێوه‌یه‌ك بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن به‌ كاروانى زۆرى ئۆتۆمبێڵ له‌ شه‌قامه‌ گشتییه‌كان بكرێت كه‌ ببێته‌ هۆى دروستكردنى ئاسته‌نگ له‌ ڕێگاى هاتووچۆى هاووڵاتییان، هه‌روه‌ها نابێت ئامێرى بێزاركه‌ر به‌كار بهێنرێت كه‌ ببێته‌ هۆى ناڕه‌حه‌تى هاووڵاتییان.

دوو/ نابێت وێنه‌ و پۆسته‌ر و دروشمى كاندیدان له‌و شوێنانه‌ى كه‌ ڕێگه‌ دراوه‌، به‌ ماده‌ی لێكده‌ر وه‌ك (له‌زگه‌ یان غه‌ڕه‌) لێ بدرێت، به‌ڵكو ده‌بێت هه‌ڵبواسرێ یان له‌سه‌ر ستاند له ‌شوێنیك دابنرێت كه‌ ڕێگا نه‌گرێت.

سێ/ نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ چوارڕیان و ترافیكلایته‌كان وێنه‌ و پۆسته‌ر و دروشمى كاندیدان لێ بدرێت.

چوار/ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت وێنه‌ و پۆسته‌رى كاندیدان له‌ فه‌رمانگه‌ حكوومییه‌كان، نه‌خۆشخانه‌، قوتابخانه‌كان، هتد .. بدرێت.

پێنج/ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت پۆسته‌ر و دروشمه‌كانى تایبه‌ت به‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر دیوار و شوێنه‌ گشتییه‌كان وه‌ك مزگه‌وت، كلێساكان، شوێنه‌ پیرۆزه‌ ئاینیه‌كان و هتد.. هه‌ڵبواسرێت.

شه‌ش/ به‌كارنه‌هێنانى پاڕك و باخچه‌ گشتییه‌كان بۆ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن.

حه‌وت/ به ‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت وێنه‌ و تابلۆى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن له‌ قه‌دى داره‌كان و دوورگه‌ ناوه‌ندییه‌كان دابنرێت، نابێت وێنه‌ و دروشم له‌ دارى باخچه‌ و پاڕكه‌كان بدرێت.

هه‌شت/ له‌ كاتى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردندا نابێت ئۆتۆمبێڵى میرى و حكوومى به‌كار بهێنرێت.

نۆ/ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێگه‌ پێدارو نییه‌ ڕسته‌ى ئاڵاى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به ‌ستوونى ڕۆناككه‌ره‌وه‌ى شه‌قامه‌كان هه‌ڵبواسرێت.

ده‌/ له ‌هه‌ره‌ حاڵه‌تێكى سه‌رپێچى پاش دیكۆمێنتكردن، به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردن پێبژاردن بۆ كاندیدان و لایه‌نه‌كان ده‌كرێت.

یازده‌/ له ‌ڕۆژى هه‌ڵبژاردن ژوورى عه‌مه‌لیات له‌ پارێزگاى هه‌ولێر به‌ به‌شدارى نوێنه‌رى سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌بێت له‌ ده‌ستپێكردنى پڕۆسه‌ى ده‌نگدان تا كۆتایى هاتنى پڕۆسه‌كه‌، هه‌ر سه‌رپێچییه‌ك له‌ بنكه‌كانى هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت ئاگادارى ژوورى عه‌مه‌لیاتى پارێزگاى هه‌ولێر ده‌كرێته‌وه‌، پاشان له‌گه‌ڵ لایه‌نى په‌یوه‌ندار چاره‌سه‌ر ده‌كرێت.

دوازده‌/ بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ر گردبوونه‌وه‌یه‌كى جه‌ماوه‌رى به‌ مه‌به‌ستى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژرادن له‌ پێناو پاراستنى ئاسایشى شاره‌كه‌مان و گربوونه‌وه‌ جه‌ماوه‌ریه‌كه‌، ده‌بێت ڕه‌زامه‌ندى لێژنه‌ى ئه‌منى پارێزگاى هه‌ولێر وه‌ربگیرێت.

بابه‌تی تر

مەحموود محەمەد: بە شەراکەت و تەوافق و تەوازنی ڕاستەقینە وڵات ئارامی بە خۆیەوە دەبینێت

مەحموود محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، ئە…