غازی حەسەن

بەکورتی و پوخی دەتوانم بڵێم هەڵبژاردنی ١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ نەخشە ڕێگەیەکی نوێی لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەهێنێتە پێشەوە، ئەو شتانەی لە ڕۆژانی بانگەشەی هەڵبژاردن و ساتی دەنگدان و ئاکامەکان بەڕێوەچوون، مەرج نییە هەمان شت بن و لەدوای هەڵبژاردنیش دووبارە ببنەوە.

لەم هەڵبژاردنە مۆدێلی “گوتاری دژە پارتی” لە هەرێمی کوردستان و “گوتاری دژە هەرێمی کوردستان” لە عێراقی عەرەبی “سونی و شیعی” گۆڕانێکی کاریگەری بەسەردا هات، کە ئیدی مەرج نییە ئەم مۆدێلە بتوانێت چی دیکە ببێتە کانیاوی لەزەتی دەنگ کۆکردنەوە.

لەهەمان کاتدا گوتاری “توند، زبر، هێرشبەرانە، سوکایەتی، خۆ مەلاس دان لەپەنای گوتاری چەواشەکاریی” تێکشکا، هەندێک کەس و لایەنیش پێیان وابوو ئەم گوتارە تائەبەد دەتوانێت بەرهەمهێن بێت، بەڵام وا دەرنەچوو.

گوتاری توندوتیژانە، گوتاری هێرشبەر بە، هێرشکەر بە، هێرشچی بە، لەپاشەکشەیەکی بەرچاوە لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا، گەڕانەوە بۆ لۆژیک و گەڕان بەدوای هەقیقەت و واقیعیی بوون، ئەم جارە باشتر لەهەڵبژاردنەکانی دیکە جێگەی بایەخی دەنگدەر بووە، لەهەمان کاتدا دەنگدەر دەتوانێت “مافی دەنگدان” وەکو هوشارییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و یاسایی و ئەخلاقی باشتر بەکاربهێنێت.

لەم هەڵبژاردنەدا ڕێژەی دەنگدەر لەدابەزینە، گەنج کەمتر بەشداری دەنگدانی کردووە، واتە ئەو حزبانەی پشتیان بە دەنگدەری ئاسایی و سروشتی و بەتەمەن بەستووە، ڕێژەی کورسییەکانیان لەهەڵکشان بوو.

پارتی براوەی یەکەمی نێو ڕکابەرەییەکەیە، زۆرترین کورسی هێناوە، کە هەندێک لە پارتییەکان خۆشیان چاوەڕێی ئەم ئەنجامە نەبوون، لەهەمان کاتدا ڕێژەی دەنگەکانیشی لەدابەزینە، هاوکێشەی دەنگ و ڕێژەی دەنگەکان و ژمارەی کورسییەکان لە گۆڕان دایە.

پارتی پێش هەڵبژاردن ناکرێت وەکو پارتی پاش هەڵبژاردن بێت، لەچەند بوارێکدا دەکرێت ئاماژە بەم خاڵانە بکەین:
یەکەم: حزبی براوە ئەرکی لەهەموو بوارێکدا قورستر دەبێت، واتە بەقەد ژمارەی کورسییەکان و پێگەی سیاسی، ئەرکی ئابووری و سیاسی و دیبلۆماسی و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی پتر و ئاڵؤزتر و هەمەلایەنەتر دەبێت، ئەم بردنەوەیە بۆ پارتی بەهێزبوونی (هێزێکی ناوەندی، یان ناوەندی هێز و بڕیار) وایە، بەڵام ئەمە بەواتای کۆکردنەوەی دەسەڵات و هێز و کارەکان لەیەک ناوەندی داخراوی سنووردار نایەت، ئەگەر بەم ئاراستەیەشدا ببرێت، مەترسی و ناکۆکی قوڵتر دەبێتەوە.

دووەم: هەندێک لە هێزە کوردییەکان، وڵاتانی هەرێمایەتی بەدژایەتی پارتی و هەرێمی کوردستان پێگە و ئەرک و ڕۆڵ و متمانەی پارتیان بەرەو سەرەوە برد، بۆیە دوور نییە ئەم سیاسەت و ئاراستەیە پێداچوونەوەیەکی ئەرێنی لەهەندێک بواردا بەدوای خۆیدا بهێنێت.

سێیەم: یەکێتی و گۆڕان و هەتا ئیسلامییەکانیش پێویستیان بەپێداچوونەوەیەکی هەقیقی و ژیرانە بە سیاسەت و شێواز و قەناعەتەکانیان هەیە، ئەوان خۆیان کردە حزبی ناوچەیەکی سنوردار. گۆڕان وەکو پەرچەکردار، پێویستی بەپەرچەکردارێکی هێمن هەیە. بەپێچەوانەش پارتی وەکو حزبێکی سەرتاسەری نمایشی کرد و ئەنجامەکانیش پتر ئەمەیان ساخکردەوە.

چوارەم: پارتی پێویستە لەپاش هەڵبژاردن بیر لەوە بکاتەوە چۆن لایانەکان لەنێو بەرەیەکی هاوسەنگ و کاریگەر و متمانەدار کۆدەکاتەوە، بۆ ئەوەی کورد بتوانێت بەیەکگرتوویی ئەرکەکانی لە بەغدا جێبەجێ بکات.

پێنجەم: ئایا ئێران بەئەنجامی دۆڕان و پاشەکشەی لایەنگرەکانی ڕازی دەبێت، ئەمە وەکو جۆرێک لەگۆڕانی نەخشەڕێی سیاسی دێتە بەرچاو. لە شەنگال و ناوچە کێشە لەسەرەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیشدا پەکەکە و حەشد و گروپە گومانلێکراوەکانی دیکە بەرانبەر پارتی تێکشکان، ئایا ئەمە دەبێتە سەرەتای پێداچوونەوەی گوتار و حیسابات و بیرکردنەوەکان؟.

شەشەم: دۆڕان و سەرکەوتن پێویستی بە کۆنفرانس و لێکدانەوەی هەموو بوار و ئەگەر و کێشە و هەڵچوون و داچوونێک هەیە، بۆیە پێویستە پارتیش بەزووی لێکۆڵینەوەی وردی ئەنجام و هۆکار و خاڵە لاوازەکان بکات.

پارتی پاش پارتی، بەواتای ئەوەی هەر کاتێک پارتی خۆی لەچوارچێوەی گوتارێکی دیاریکراوی تایبەت بەسەردەم و ئەرک و شێوازێک بەستایەوە، ناتوانێت سەرکردایەتی ڕووداوەکان بەشێوەیەکی پێویست بکات، بۆیە پێویستە پارتی هەڵبژاردن، هەمان پارتی پاش هەڵبژاردن نەبێت، پارتی بتوانێت هاوپەیمانییەکی بەهێزی کوردستانی بەگیانی هاوبەش و هاوسەنگ دروست بکات، نەک براوەی یەکەم.

گوتاری ستراتیژی پشت ب بنەمای چەسپیوو و ڕاشکاوانە و داکۆکیکار لەمافە بنەڕەتییەکان دەبەستێت، گوتارێکە خۆی لەبچووکردنەوە، ناوچەگەریی، دژایەتی و ڕق و تۆڵەسەندنەوە و تێکدانی شیرازەی کۆمەڵایەتی و داتەپاندنی ئابووری و دەروونی و ئەخلاقی دەپارێزێت. بەواتایەکی دیکە گوتاری ستراتیژی ناترسێت، بەڵکو ترس لەناو دەبات، خۆ بەدەستەوە نادات، بەڵکو هۆکارەکانی لاوازبوون تێک دەشێکێنێت.

پارتی پاش پارتی، پێویستی بەپێداچوونەوە بوارە لاوازەکان هەیە، ئەو بوارانەی هەندێکی پەیوەندییان بەخودی کاروبار و شێوازی نێوەخۆی پارتی و پەیوەندیی لەگەڵ دەنگدەر و کرانەوەی پتر هەیە و هەندێکیشیان پەیوەندی بە دەنگدەر و هەندێکیشیان پەیوەندی بە حزبەکان و ئەوانەی دیکەش پەیوەستن بە “ژیان و گوزەران و ئیدارەی دەوڵەت و کێشەی ئابووری و قڵکردنەوەی پتری چاکسازییەوە” هەیە.

پارتی پاش پارتی، واتا نوێبوونەوە و متمانە و سەرکردایەتییەکی دیموکراتیانەی کراوەیە. پارتی پاش پارتی واتا بەرپرسیاریەتی پتر، بەڵام قورستر لەپێش هەڵبژاردن، هەروەها یەکێتی پێش یەکێتی پێویستی بەئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی دەبێت، گۆڕان دەبێت خۆی یەکلایی بکاتەوە و کۆمەڵ نە خۆفرۆشتن بەخوا و نە غرور بەهاناییەوە نەهات، گوتاری چەواشەکاریی سەری خوارد. یەکگرتووش لەنێوان ڕەخنە و ئیمانداریدا دەبێت یەکێکیان هەڵبژێرێت، دەنگدەری سبەینێ وەکو دەنگدەری ئەمڕۆ نابێت.

بابه‌تی تر

ڕۆشنگەری لە مێژووی سەد ساڵەی پارتی کۆمیونستی چینی

نی ڕووچی  لە ڕۆژانی ٨ بۆ ١١ ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ , شەشەهەمین کۆبوونەوەی گشتی ١٩یەمین لێژنە…