سەلام عەبدولڵا
پارتی دیموکراتی کوردستان بە دڵنیابوونەوە چووە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنەوەو بە هێمنی و بە ئارامی کەمپینەکەی دەستپێکرد و بێ هاش و هوش و هات و هاوار و قسەی زل و پەیمانی بێ بنەما.

ئەو دڵنیاییەش لەوەوە سەرچاوەی دەگرت کە پارتی متمانەی بە خۆی و بە ئەندامانی چالاک و بە جەماوەری دڵسۆز و بە لایەنگران و دۆستە هۆشیارەکانی کە دەیانتوانی بە ئاسانی جیاوازی لەنێوان ڕاستی و دروستی و سیاسەتی چەواشەکارانە و پەیمانی بێ بەڵێن و وەعدی بێ کردار بکەن، چونکە دەیانزانی پارتی گەر توانای جێبەجێکردنی بەڵێنێکی نەبێت ئەوا هەر باسی ناکات و خۆی بەرانبەر جەماوەرەکەی شەرمەزار ناکات.

هەموومان لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا بینیمان کە چۆن هەندێک لایەن بەڵێنی بێ بنەمایان دەدا و سواڵی دەنگییان پێدەکرد و لە پراکتیکیشدا هیچیان بۆ جێبەجێ نەکرا، چونکە ئەو بەڵێنانە بنەمای ڕاستییان نەبوو و بۆیان نەکرا جێبەجێیان بکەن، وەک ئەوەی بانگەشەیان دەکرد، کە دەتوانن هەرێم بە داهاتی ناوخۆ و بێ فرۆشتنی نەوتیش بەڕێوەبەرن!!

بە پێچەوانەی هەموو ئەو حزب و لایەنانەی کە بەڵێنی گەورە بە خەڵک دەدەن، پارتی سەیری بارودۆخی ئابووری و تواناکانی هەرێم دەکات و بەو پێیەش بەڵێن دەدات کە بتوانێ دوای هەڵبژاردن جێبەجێی بکات.

پارتی کەمپینێکی شارستانی بەڕێوەدەبرد، کە ئەویش نیشانەی متمانە بەخۆبوون بە سەرکردایەتییەکەی و بە جەماوەرەکەی بوو، هەروەک بە بەڵگەوە کار و دەستکەوتەکانی بۆ هەرێم دەخستەڕوو و داتای متمانەپێکراویشی نیشانی دەنگدەران دەدا و بارودۆخی ئابووریی هەرێم و ئاستەنگەکانی بەردەمی وەک خۆی شرۆڤە دەکرد و داهات و خەرجیشی بە بەڵگەوە بۆ جەماوەر شی دەکردەوە.

هەر ئەم ڕاستگۆییەش بووە هۆی ئەوەی پارتی لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا، زیاتر لە هەموو حزبەکانی دیکەی هەرێم دەنگ و کورسی پەرلەمان بەدەست بهێنێت و ببێتە گەورەترین حزبی هەرێمی کوردستان و لەسەر ئاستی هەموو عێراقیش وەکوو حزبێکی گەورە و تۆکمە و بە هەڵوێست دەربکەوێت.

ئێمە گومانمان نییە کە هەڵوێستە نیشتمانییەکانی پارتی و داکۆکیی بەردەوامی لە هەرێم و بەرژەوەندییەکان و ڕاوەستانی تۆکمەی بەرانبەر ئەو دەستدرێژییانەی دەکرێنە سەر هەرێم، پاڵنەرێکی دیار و ئاشکرایە بۆ ئەو دەنگە زۆرەی بە دەستی دەهێنێت و لەم هەڵبژاردنەشدا بە زیادەوە هەموومان دەیبینین و ڕۆژی 10/10 ئەو ڕاستییە دەسەلمێنین.

دەنگدەری بەڕێز ویژدانت ئاسوودە بکە و داهاتووت مسۆگەر بکەو دەنگ بە بەربژێری پارتی بدە.

بابه‌تی تر

فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانی پشتیوانیی پێشمه‌رگه‌: داستانی پردێ خه‌ونی گڵاوی دوژمنانی كوردستانی پووچه‌ڵ كرده‌وه‌

فەرماندەیی ھێزەکانی پشتیوانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌یاننامه‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌ یادی چوار…