سەلام عەبدوڵلا
دوابەدوای کۆنفڕانسی رۆژی (19/5/2021) کە لە ژێر ناوی یەکڕیزی و دەستوور گرێدرا، جارێکی دیکە مەسەلەی دەستوور و بایەخی بۆ هەرێم خرایەوە بەرباس بە بەشداری هەموو حزبەکانی هەرێم و پێکهاتە جیاجیاکانی و نوێنەری UN لە هەرێم.
دیارە هەموو هاوڕابوون لەسەر گرنگی بوونی دەستوورێک بۆ هەرێم، چونکە وا بۆ نزیکەی سی ساڵ دەچێت حوکمڕانی کورد لە هەرێم بەرقەرارە و تا ئێستاش دەستووری نییە.
ئەمەش بەو مانایە نییە کە حکوومەت و پەرلەمانی هەرێم هەوڵی بۆ ئەو مەسەلەیە نەدابێت. ئەوەتا پەرلەمانی کوردستان لە 11/7/2002 پرۆژە دەستووری هەرێمی بۆ یەکەمینجار خستۆتەڕوو، هەروەها پەرلەمان بە بڕیاری ژمارە (5) لە 8/9/2005 لیژنەیەکی بۆ پێداچوونەوە لە سەر پرۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستان لە بەر رۆشنایی دەستووری عێراقی پێکهێنا و پرۆژەیەکیان لە (123) بەند ئامادە کرد و لە دانیشتنی رۆژی 24/6/2009 ئەم پرۆژەیە بە (95) دەنگ لە کۆی (96) دەنگ و ئامادەنەبوونی (14) ئەندام پەسەند کرا و سەرۆکی هەرێمیش ئەو بڕیارەی پەسەند کرد کە بڕیار بوو لە 25/7/2009 راپرسی لەسەر بکرێت.
گومانی بێ بنەمای هەندێک لایەنی سیاسی کە بووە هۆی پەکخستنی دەستوور و راپرسی لە سەری، هیچ لە جێی خۆیدا نەبوو، چونکە دەستوور پەڕاوێکی پیرۆز نییە کە نەتوانرێت لەمەودوا دەستکاری و هەموار بکرێت وەک لە هەموو وڵاتانی تردا روودەدات و بە کارێکی نایاساییش لەقەڵەم نادرێ، چونکە دەستووریش وەک هەموو لایەنێکی دیکەی ژیان بەپێی زەمەن دەگۆڕێ و پێویستە لەگەڵ بارودۆخی سەردەمی خۆیدا بگونجێت، بۆیە سووربوونی ئەو لایەن و لایەنانەی بوونە لەمپەر لە بەردەم بوونی دەستوور بە هۆی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم، هیچ لە جێی خۆیدا نەبوو، چونکە دەکرا بەپێی زرووف و بارودۆخی وڵات دەستکاری بکرێ، نەک بەو شێوەیەی ئەوان کە نەیانهێشت – بە کردەوە – دەستوورێک بۆ هەرێم هەبێت.
گۆڕین و هەموار و دەستکاریی دەستوور کارێکی ئاسایی و یاساییە و وڵاتان بۆ سەقامگیری وڵات و گونجاندنی دەستوور لەگەڵ سەردەمەکەی خۆیدا ئەوکارە دەکەن.
ئەوەتا وڵاتی مەغریب کە لە ساڵی 1908ەوە دەستووری هەیە تاکو ئێستا (5) جار دەستووری هەموار کردۆتەوە کە دواجاریان لە (2011) بووە.
میسڕ کە لە ساڵی (1923) خاوەنی دەستووری خۆیەتی تا ساڵی (2014)، دە جار دەستکاری دەستوورەکەی خۆی کردووە و وڵاتانی تریش هەروەها، کە نموونەیان زۆرە.
واتە دەتوانرا ئەو دەستوورەی لە پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاری لەسەر درا، بخرایەتە رێفراندۆمەوە و گەل بڕیاری لەسەر بدایە، جا چەندجار دەستکاری و هەمواری ئەو دەستوورە دەکرا ئەوا کارێکی ئاسایی دەبوو، چونکە کاری نایاسایی نەبوو.
بەھەرحاڵ، ئەوەی رۆیشت ناگەڕێتەوە بۆیە ھیوادارین ئەم ھەوڵەی ئێستا دەدرێ لەمپەری نەخرێتە بەردەم و رێگری، بە پاساوی بێ جێ، لێنەگیرێ و پاش (30) ساڵ دەستوورێک بۆ ھەرێم بڕیاری لە سەر بدرێ.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

ته‌ندروستی هه‌رێم: 239 كه‌سی دیكه‌ تووشی كۆرۆنا بوون

تەندروستی هەرێم ئاماری 24 كاتژمێری رابردووی نه‌خۆشی كۆرۆنای بڵاوكرده‌وه‌ رایگه‌یاند: 239 ك…