خەبات: عەلی بانیشاری:- وەزارەتی تەندروستی رایدەگەیەنێت لەگەڵ پەسەندكردنی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا پشكی هەرێمی كوردستان پارێزراو دەبێت. رێكخراوی تەندروستی جیهانی پێشتر رایگەیاندبوو ئەستەمە لە وەرزی زستاندا ڤاكسینێكی سەلامەت بگاتە عێراق و هەرێمی كوردستان. بەپێی پێشبینیەكانی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێم شەپۆلی دووەمی كۆرۆنا زۆری نەماوە. وتەبێژی وەزارەتەكە دەڵێت: هێشتا حاڵەتی خراپی تووشبوون بە كۆرۆنا زۆرە. 

د.ئاسۆ حەوێزی بە (خەبات)ـی راگەیاند: ژمارەی تووشبووان بە كۆرۆنا بەراورد بە دوو هەفتەی رابردوو بە رێژەی 20-30% كەمیكردووە. گوتیشی: داخستنی قوتابخانەكان و پابەندبوونی هاوڵاتیان تارادەیەكی باش بە خۆپارێزی و تووندكردنی رێنماییەكانی تەندروستی بەتایبەت لە شوێنە داخراوەكان، هەروەها راگەیاندنی هەڵمەتی هۆشیاری تەندروستی لەلایەن وەزارەتی تەندروستی و هەڵمەتی نیشتیمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە هەمئاهەنگی لەگەڵ رێكخراوی تەندروستی جیهانی بوونە هۆكار بۆ كەمبوونەوەی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا.  

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی گوتیشی: ئەگەر هاوڵاتیان پابەندی رێنماییە تەندروستییەكان بن، ژمارەی تووشبووان بە كۆرۆنا زیاتر دابەزین خۆیەوە دەبینێت. د.ئاسۆ حەوێزی دەشڵێت: لەبەر قوورسی شەپۆلی دووەمی كۆرۆنا پێویستە زۆر بە وردی مامەڵە لەگەڵ ڤایرۆسەكە بكەین و پشتی تێ نەكەین. پێشی وایە ساردبوونەوە لە خۆپارێزی بەرامبەر بە كۆرۆنا بەو بیانووی رێژەكە كەمیكردووە كێشەی گەورە دروست دەكات و رەوشی تەندروستی هەرێمی كوردستان دەگەڕێنێتەوە خاڵی سفر. 

باسی لەوەشكرد هێشتا حاڵەتی خراپی تووشبووان بە كۆرۆنا زۆرە و رێژەی مردنیش لە ئاستێكی بەرزدایە. ناوبراو جەختی لەوەشكردەوە بەرپرسیاریەتی كۆرۆنا تەنها لە ئەستۆی وەزارەتی تەندروستی نییە، بەڵكوو دەبێت شوێنەكانی دیكەی پەیوەست بە ڤایرۆسەكەوە بڕیارەكان جێبەجێ بكەن وهاوڵاتیانیش كەمتەرخەمی لە جێبەجێكردنی رێنماییەكانی تەندروستی نەكەن. لەبارەی بوونی ئۆكسجینی پێویست، گوتی: هیچ كێشەیەكی نەبوونی ئۆكسجین لە نەخۆشخانەكان نییە. 

د.ئاسۆ ئاماژە بۆ ئەوە دەكات نەخۆشی مام ناوەند لە نەخۆشخانەكان كەمە و ئەوەی هەیە زۆربەیان دۆخیان باش نییە. دەشڵێت: نەخۆشخانەكان توانای وەرگرتنی نەخۆشی هەیە، بەڵام شوێنكردنەوە بۆ نەخۆشی چاودێری چڕ سنوودارە و ئەوانەشی پێویستیان بە ئۆكسجینە تاڕادەیەكی باش لە نەخۆشخانەكان شوێنیان دەبێتەوە. سەبارەت بە رێژەی زۆری گیانلەدەستدان بەهۆی كۆرۆناوە، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی گوتی: نەخۆشی وا هەیە 10-20 رۆژ لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە و پاشان گیانلەدەستدەدات، بێگومان ئەوەیش بەهۆی خراپی باری تەندروستی نەخۆشەكەیە. ئەوەشی گوت: تا ژمارەی تووشبووان بە كۆرۆنا كەم ببێتەوە، حاڵەتی خراپیش كەم دەكات، كەمبوونەوەی حاڵەتیشی خراپ كاریگەری راستەوخۆی لەسەر كەمبوونەوەی ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسەكەوە دەبێت.

وەزارەتی تەندروستی ژمارەی پشكنینی رۆژانەی لە 2500 پشكنینەوە بۆ 7000 هەزار پشكنین زیاد كردووە. د.ئاسۆ حەوێزی دەڵێت: وەزیری تەندروستی هەمیشە جەخت لەسەر ئەو خاڵە وردانە دەكاتەوە كە پەیوەستن بەو كۆرۆناوە یەكێك لەوانەش ژمارەی پشكنینەكانە. دەشڵێت: سەرەڕایی قەیرانی دارایی حكوومەتی هەرێم و وەزارەتی تەندروستی زۆر بەباشی خۆیان لەگەڵ دۆخەكەدا گونجاندووە و بۆ ئەو مەبەستەش بە بەردەوامی لەسەر هێڵن. 

لەبارەی دابینكردنی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا پاش پەسەندكردنی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی گوتی: رێكخراوی تەندروستی جیهانی دڵنیایی ئەوەی داوە كە پشكی هەرێمی كوردستان لە ڤاكسیندا پارێزراوە و چاوەڕێی ئەوە دەكەین یەكێك لە ڤاكسینەكان پەسەند بكرێت تا بە زووترین كات بگەیەنینە هەرێمی كوردستان. گوتیشی: پەسەندكردنی ڤاكسین ئاڵۆزە و چەندین قۆناغ و مانگێكی دەوێت، هەر لەبەر ئەوەش رێكخراوی تەندروستی جیهانی بەراشكاوی وتوویەتی قورسە لە وەرزی زستاندا ڤاكسین بگاتە عێراق و هەرێمی كوردستان. 

هەروەها ئەوەشی گوت: حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەوردی چاودێری دۆخی بەرهەمهێنانی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا دەكات و بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی تەندروستی لەسەر هێڵە و ئەگەر عێراق گرێبەستی كڕینی ڤاكسینەكە بكات پشكی هەرێمی كوردستانی تێدایە. د.ئاسۆ حەوێزی ئاماژەی بەوەشدا وەزارەتی تەندروستی هەموو توانایەكی خۆی دەخاتەگەڕ تا كێشەی كەمی ڤاكسین لە كوردستان دروست نەبێت و هەموو ئەو كەسانە وەریبگرن كە پێویستیانە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

كامێلا هریچینكۆ: شانازی بەوەدەكەم لە 2018 ناسناوی ئەورووپا و لە 2019 ناسناوی جیهانم بەدەستهێنا

خەبات: هاوار مورتكەیی:-  (رۆژێك لەگەڵ دایكم لە قوتابخانەی میوزیك دەگەڕاینەوە، لەناكاو چەند…