سەلام عەبدوڵڵا

گومان لەوەدا نییە کە ناحەزانی هەرێم پەنا بۆ هەموو مێتۆدێکی ناڕەوا و خراپ بۆ لێدانی هەرێم و بەرژەوەندییەکانی بە هەموو شێوەیەک دەدەن، ئەویش بەو هیوایەی ڕەوڕەوەی بەرەو پێشەوەچوونی، کە بە ئاشکرا لە هەموو لایەکەوە دەبینرێت، ڕابگرن گەر نەشتوانن تێکیبدەن.

جا لەم هەڵمەتە ناشەریفانەدا – بەداخەوە- لە ناوخۆی هەرێمیش بە تاک و بە ڕەوتی سیاسیش بەشداری دەکەن و هەندێک جار لە نەیارانی هەرێمیش زیاتر پێیان دادەگرن.

جاران ناحەزان و دوژمنانی کورد بە چەک و جبەخانەی پڕ لە چەکی مەترسیدار و قڕکەرەوە ئەو کارانەیان دەکرد کە لە ئەنجامدا دەرکەوت ئەو شێوازەیان سەرکەوتوو نییە و ئامانجەکانیان ناپێکێت و گەلەکەمان بە خۆڕاگری – بە قوربانی زۆریشەوە – هەر لەسەر پێی خۆی ڕادەوەستێ و خەباتی بەردەوام دەبێت، ئیدی ئەوانە شێوازی خۆیان گۆڕی بەشێوەیەک زۆر ڕیاکارانە وەک ئەوەی ئەوان دڵسۆزی گەنجانمان بن کەوتنە پشتیوانی گەنج و لاوانمان بۆ هیجرەت بەرەو هەندەران بەو حیسابەی لەوێ دەتوانن ژیانی پڕ لە خۆشی و کامەرانی بەرنە سەر، کە ئامانجی ڕاستەقینەیان دوور خستنەوەی ئەو نەوە تازە پێگەیشتووە بوو کە دەبوو جڵەوی بەرپرسیارەتی هەڵبگرێ و خەباتی باب و باپیرانی بەرەو ئامانج بەرێت، ئەوەی ئەوان بە خوێن و خەبات دەیانکرد ئەمان بە زانست و پەروردە و تەکنەلۆژیای مۆدێڕن بەردەوامی پێبدەن.

ئێستاش کە چەند رۆژێکی ماوە بۆ هەڵبژاردنی سەرتاسەری عێراق کە لە (10)ی ئۆکتۆبەردا بەڕێوەدەچێت، زۆر بە ئاشکرا دیارە کە هەڵمەتێکی قێزەون بەڕێوەدەچێت ئەویش هاندانی گەنج و لاوانە بۆ بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردندا و دەنگ نەدانە بە نوێنەران بۆ پەرلەمان کە ئێستا تەنیا مەحفەلی یاساییە بۆ داکۆکی لە مافە ڕەواکانی هەرێم و پێشێلکاری حکوومەتە جیاجیاکانی عێراق سەبارەت بە هەرێم، کەچی ئەو دەنگە ناسازە لە زۆر شوێن لە میدیا و سۆشیال میدیا و تەنانەت هەندێک لە مزگەوتەکانیش دەبیسترێ، کە زۆر چالاکانە داوای بایکۆتی هەڵبژاردن و دەنگ نەدان دەکرێ کە بەڕاستی خزمەتێکی بەلاشی نەیارانی هەرێمە و تەنیا دوژمنانی کورد و هەرێمی پێ خەنی دەبێ.

بۆیە دەنگدەری بەڕێز، گەنج و لاوانی نیشتمانپەروەری ئەم نیشتمانە، بەپێچەوانەی ئەو دەنگە ناسازانەوە، ڕۆژی دەنگدان چالاکانە بەشداری بکەو ویژدانی خۆت ئاسودە بکە.

بابه‌تی تر

فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانی پشتیوانیی پێشمه‌رگه‌: داستانی پردێ خه‌ونی گڵاوی دوژمنانی كوردستانی پووچه‌ڵ كرده‌وه‌

فەرماندەیی ھێزەکانی پشتیوانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌یاننامه‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌ یادی چوار…