خەبات: هاوار مورتكەیی:- سەیرێكی ئەكاونتی فەیسبووكم كرد، بینیم ئافرەتێك یاریدەدەری راهێنەرە، لە پۆستەكانیدا بینیم كچێكی چالاك و بەتوانایە، كەسایەتییەكی كۆمەڵایەتی و خەمخۆری وەرزشی دەڤەری سۆرانە، ئەو كچەش هەڵاڵە فەیسەڵ حەسەنە، كەلە كاروانی ژیانی وەرزشیدا بەزۆر قۆناخی جیاجیادا تێپەڕیوە، ئەمانە هانیدام كە پەیوەندی پێوەبكەم و دیمانەیەكی جیاوازی لەگەڵ ئەنجام بدەم، پرسیارەكانیشم بەشێوەیەكن كە وەڵامەكەییم دەستكەوێت، چونكە هەستم كرد وەرزشوانێكی رۆشنفكرە و دەتوانێت دەست لەسەر برینەكان دانێت، هەڵاڵە فەیسەڵ لە ساڵی 1994 لە گوندی هەسنانی سەر بە قەزای سۆران لەدایك بووە، ئەو بەكالۆریۆسی لە سكولی وەرزشی زانكۆی سۆران هەیە.

وەرزش عەیبەیە بۆ ئافرەتان

* چۆن بوو چوویتە ناو وەرزشەوە؟ ئەو بڕیارەت كەی لا درووست بوو؟ وە بۆچی؟
– ھەر لە منداڵیەوە حەز و ئارەزووم بۆ وەرزش ھەبوو، پێش ئەوەی بچمە زانكۆ لە گوندكەمان جار جارە وەرزشم دەكرد و پاسكیلسواریم دەكرد، دوای دەرچوونم لە پۆلی 12 بریارمدا بچمە بەشی وەرزشی كە لە ساڵی 2011 یەكەم ساڵی زانكۆم بوو، ھەر لەو ساڵەشدا چوومە ناو پێشبركێیەكان و چالاكییە وەرزشییەكان، چونكە خەون و ئارەزووی من وەرزشكردن بوو.

* لەو كۆمەڵگایەدا هەمیشە بۆ كچ ئاسان نەبووە بچێتە نێو وەرزشەوە، ئایا تۆش چیرۆكێكی لەم شێوەیەت هەیە كاتیك بڕیارتدا وەرزش بكەی؟
– بێگومان ئێمەی كچ ھەمیشە كێشەمان بۆ درووست دەبێ، چ لە لایەن خێزانەكانمانەوە، چ لەناو كۆمەڵگا پێیان شتێكی عەیبەیە كچ بچێتە ناو وەرزش و وەرزش بكات، كە دەبینین زۆربەی ھەرە زۆری نەخۆشەكان چارەسەری سەرەكیان وەرزش كردنە، بەڵام بەداخەوە ئەو تێگەیشتنە لەم وڵاتە بیركردنەوەی نادرووستی لەمبارەیەوە بۆ دەكرێت، منیش بێبەش نیم لەم كێشانە و كۆمەڵێك ئاستەنگ ھاتوونەتە بەردەمم، بەحوكمی ئەوەی من لە گوند بووم، یەكجار زەحمەت بوو بۆم، بەڵام سوپاس بۆ خودا ھەموو شتێكم تێپەراند و گوێم بە قسەی خەڵكی نەدا.

* بۆچی وەرزش دەكەی؟
– وەرزش خەون و ئاواتی منە، وەرزش بەشێكی پێویستە لە رووی دەروونی و جەستەیی بۆ مرۆڤ، بەڵام بەداخەوە ھەموو كەس لەو سوودەی تێناگات و گرنگی پێنادات.

هەر خۆبەخش یاری كردووە
* بۆچی لەنێو ئەو هەموو وەرزشەدا تۆپی پیت هەڵبژارد؟
– من پێشتر كۆمەڵێك یاریم دەكرد كە لە زانكۆ بووم، یەكەمجار وەكو یاریزانی گۆڕەپان و مەیدان دەستم پێكرد، دواتر وەكو یاریزانی تۆپی پێ و وەكو پاسكیلسواری، ھەر لە زانكۆ ئەو یارییانەم دەكرد، دواتر كە لە زانكۆ تەواو بووم ھەر لە یاری تۆپی پێ بەردەوام بووم و جارجارە وەكو یاریزانی پاسكیلسواری و راكردن بەشداریم لە پێشبركێیەكان دەكرد وە ساڵێكیش وەكو یاریزانی یاری خلیسكانەی سەر بەفر بۆ یەكەمجار لە كوردستان بەشداربووین لەم یارییەدا، ھەلبژاردنی تۆپی پێش لە كوردستان جگە لە تۆپی پێ گرینگی بە ھیج یاریەكیتر نادرێ بۆ ئافرەتان، منیش زیاتر لەم یارییەدا توانای خۆم دەدیتەوە بۆیە ئەم یاریەم ھەلبژاردن.

* لەژیانی یاریزانیت گەیشتیت بە خەونەكانت یان نا؟ خەونی تۆ چی بوو؟
– نەخێر ھێشتا نەگەیشتوم بە خەونی خۆم بەڵام زۆری نەماوە ئینشالڵا بەمزوانە ئەویش دێتەدی، خەونی من ھەبوونی شوێنێك و یانەیەكی بەھێزە لە دەڤەرەكەم و گرنگی پێدانی یاریزانە كچەكانە لەم شارە.

* دیارە حەزەكانت بۆ وەرزش لە رادەبەر بوونە بۆیە دواجار وازت نەهێنا و رووت كردە راهێنەرایەتی؟
– بێگومان حەزی من بۆ وەرزش پێش ھەموو شتێكە زۆر جار تووشی كێشە بوویمە لەسەری، نارەحەتیم لەگەڵی دیوە و توشی پێكان بوویمە، زۆر شت تا ئێستا من لەناو وەرزش كردندا دەستكەوتێكی مادیم نەبووە ھەر خۆبەخش بوویمە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ حەز و خولیای زۆرم بۆ وەرزش كردن و بەردەوام بوونم، ھیج كاتیش بیرم لەوە نەكردۆتەوە واز بێنم تا بەرھەمی ماندووبوونم نەبینم.

خەرجی لەگیرفانی خۆی
*دەتوانی پێمان بڵێی دەسكەوتێك لە ژیانی یاریزانی و راهێنەرایەتی كە شانازی پێوە بكەی چ بووە؟
– دەستكەوتی من ھەبوونی ئەو رێز و خۆشەویستیەی لەناو خەڵك و متمانەی خەڵك و ھاوڕێیان و شانازی ھاورێیان بەمن گەورەترین دەستكەوت بووە و وایكردووە بەردەوام بم، ھەبوونی تیپێكی بەھێز و ئامادە بۆ ھەموو پێشبركێیەكان ئەوە لەسەرووی ھەموو شتێكەوەیە، ئەگەرنا وەكو ماددیەن ھیج دەستكەوتێكم نەبووە ھەتا خۆشم لە زۆربەی پێشبركێیەكان لەسەر گیرفانی خۆم خەرجیم كردووە.

* تۆ ئەزموونێكی زۆرت هەیە لەوەرزشی ئافرەتاندا؟ چۆن دەڕوانیتە دوارۆژی وەرزشی ئافرەتان بەگشتی؟
– وەرزش لەم شارە و لەم وڵاتە بۆ ئافرەتان زۆر خراپ و كەمترخەمی پێوە دیارە، یانەكان وەكو كوڕەكان گرنگی بە یاریزانە ئافرەتەكان نادەن و پاڵپشتیان ناكەن، ئەوەش ئافرەتەكان سارد دەكاتەوە لە حەز و ئارەزوویان بۆ وەرزشكردن، من كەس گرنگی پێنەدام، خۆم ھەستام گرنگیم بە ھەندێ ھاورێی یاریزان دا و تیپێكم دامەزراند، ھەتا ئەوان دروستبن خۆم وازم لە یاریكردن ھێنا، كەس نەبوو پاڵپشتیان بكات، بەداخەوە لەم دەڤەرە تا ئێستا یانەیەك نییە كچی ھەبن و بەشداری خولەكانی كوردستان بكەن.

* پەیامی تۆ چییە بۆ كچان؟ بۆ دایك و باوكان؟
– بە كچەكان دەلێم ھەرگیز واز لە خەونەكانتان مەھێنن ئێمەش بەھێزین وەك كوڕەكان و توانای یاریكردنمان ھەیە و دەتوانین بەشداری پێشبركێ بكەین، بۆیە بەردەوام بن، پەیامی من ئەوەیە بۆ دایك و باوكان چیتر رێگر نەبن لە خەونی كچەكانیان، چونكە كچمان ھەبووە ئەوەندە حەزی بەوەرزشكردن بووە، بەداخەوە ماڵەوەبان رێگر بوونە لەجیاتی پشتیوانی، بەڵام لەبەر كۆمەڵگا و خێزانەكان یارمەتیان نادرێت و بێبەشیان دەكەن لە خەونەكانیان، ھیوادارم ئەو رێگریە نەمێنێ و ھاوكاری كچەكانیان بكەن.

* پەتای كۆڕۆنا تا چەند كاریگەری لە وەرزش كرد؟
– كۆرۆنا ساڵێك زۆربەی چالاكییەكانی خولی كوردستانی راگرت، ئەوەش وایكرد لە كۆمەڵێك یاریزان داببرێن و ئاستیان كەمبێتەوە و بەزەحەمت بتوانین ئەو یاریزانانە بێنینە ئاستی جاران.

گەنج و وەرزش پشنگوێ خراوە
* تۆ ئێستا یاریدەدەری راهێنەری هەڵبژاردەی كچانی سۆرانی، بۆ ئایندە چی دەكەن و ئامانجتان چییە؟
– بەلێ وەكو یاریدەدەری ھەلبژاردەی كچانی سۆران كار دەكەم ، وە بۆ ئایندە كار و پلانی گەورەمان ھەیە ئینشاڵلا كاتی ھات ئەویش رادەگەیێنین.

*چۆن دەڕوانیتە هاوكاری حكومەتی هەرێم بۆ وەرزش بەتایبەتیش بۆ وەرزشی ئافرەتان؟ ئایا ئەوەی كراوە لە ئاست حەزەكان ئێوە بووە؟
– سەبارەت بەم پرسیارە نازانم چی بڵێم؟ ھیج شتێك نەكراوە لە لایەن حكومەت وەكو ھاوكاری، من بینیوەمە نیوەی داھاتی حكومەتەكان بۆ گەنجان و وەرزشە، بەڵام بەداخەوە لە كوردستان ئەوەی ھیچ نەبێ وەرزشكردنە، كەس گرنگی پێنادات كە ھەموومان دەزانین بنچینەی دروستبوونی دەوڵەت، گەنج و وەرزش كردنە، كە زۆر پێوستن بۆ وڵات، بەڵام بەداخەوە نەوەك حكومەت ھەتا بەرپرس و ئیدارەكانیش پشتگیری وەرزش ناكەن و سپۆنسەری ناكەن، ئەوە زۆر كێشەیە بۆ ئێمەی كچ بەتایبەتی، ئێمە كەلەم شارەین شوێن نەما نەگەرێین و بازرگان نەما ھانای بۆ نەبەین تا سپۆنسەرمان بكەن، بەڵام بەداخەوە كەس خۆی لێمان نەكردە ساحێب و لەسەر ئەركی خۆمان بەكۆمەڵێك كەموكوڕیەوە بەشداری پێشبركێیەكان دەكەین، ھەتا بەس ئەم كۆمەڵە كچە خەونەكانیان لەناو نەچێت و بەردەوام بن لە وەرزش كردن، لە كۆتاییدا دەمەوێ ئەوە بڵێم زۆر سوپاس بۆ رۆژنامەی خەبات كە ھەمیشە پێشەنگن لە بەسەركردنەوەی وەرزشوانان.

بابه‌تی تر

ڕۆشنگەری لە مێژووی سەد ساڵەی پارتی کۆمیونستی چینی

نی ڕووچی  لە ڕۆژانی ٨ بۆ ١١ ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ , شەشەهەمین کۆبوونەوەی گشتی ١٩یەمین لێژنە…