غازی حەسەن

گەلێک جاران دەڵێن کە مرۆڤ عەیبدار بوو، ئیدی کونی هەموو گلەیی و ڕەخنە و ناڕایبوون و تەنیا سوکایەتیشی بەسەردا دەکرێتەوە، ئەگەر بەردێک لە ئاسمانیش بەربێتەوە دەبێژن خەتای ئەوە. پیاو شکستبار بێت و کاروانی ڕوو لەنشێو بێت، هەرچی هەیە بەباری خراپە دەملی ئەویدا ڕادەکەن، یان دەبێتە نموونە بۆ هەموو شکست و پاشەکشە و خراپەکاریی و تەنیا نوکتەشەوە. رەنگە ئەم هەقیقەتە خەیاڵێندراوە هەندێک توندڕەویش لە وێنەکردنەکەدا لەخۆ بگرێت، یان بەپێچەوانە هەقیقەتەکە کال بکرێتەوە.

لەنێوان ڕەشبینی و بێ ئومێدی، لەنێوان بەگۆترە قسەکردن و پێوانەکردنی شتەکان بەپێی مەزاج و لۆژیک و پڕۆفیشنالبوون و گشتاندنی هەموو شتێک بەسەر هەرێمی کوردستاندا، لەنێوان داکۆکییەکی تێکشکاوی زەلیل و هێرشێکی ئابڕوبەرانەی بێ بنەما و لەنێوان زانین و نەزانیندا خەریکە هیچ سنوورێک ناهێلدرێت، مانشێتی گەورە، مانشێتی ترسناک، مانشێتی هێرشبەرانە، زمانی توند و ڕەتکردنەوە و ڕەشبینی و ناڕازیبوون و گلەیی بێ سنوور و نیشاندانی خراپەکاری تا ئاستی لەنێوچوون و توانەوە باڵادەستە، نازانم من هەڵەم و لەگۆشە نیگایەکی نیشتیمانی و پەیوەست بەقۆناغی سەردەمێکی سەختی تێکۆشانی پێش ڕاپەڕینەوە و بە دونیابینییەکی جیاوازەوە سەیری کێشەکان دەکەم، یان ئەوانەی هەموو شتێک تەنیا بە ڕەش و هەموو شتێک تەنیا بە سپی دەبینن، ڕاستن. هەرچەندە لەشیکردنەوەی گوتاردا (ڕاستی و هەڵە) نییە، بەڵکو گونجان و نەگونجان هەس.

گرنگ ئەم زەمەنە زەمەنێکی غەدارە، لورفکەر شەرعیەت بەخۆی دەدات و لرفلێدراو بە شەرعیەت دەمکوت دەکرێت و ڕەخنەگر شەرعیەت بەخۆی دەدات و ڕەخنەلێگراویش بەشەرعیەت دەبێت ڕای بێت و هەقیقەت و خەیاڵ وێرانکەرن.
لە ئۆکرانیا شەڕ دەبێت، هەرێمی کوردستان دەخرێتە بەردەم ئەگەرێکی مەترسیدار، لە ئەفغانستان حکوومەت دەڕوخێنرێت و تاڵیبان دەهێنرێتەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەخرێتە بەردەم ئەگەری لەناوچوونەوە، داعش دەردەکەوێتە هەرێم زیڕەی لێهەڵدەستێت، لە بەسرە ئاو پیس دەبێت، ڕەخنە لە هەرێمی کوردستان دەگرن، لە ناسرییە و نەجەف و کەربەلا میلیشیا و مشەخۆرە گەندەڵەکان لەجیاتی خزمەت پارە دەخۆن و لرف دەکەن، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆکار دەزانن، ترەمپ دەڕوات و بایدن دێت، سەری دونیامان لێ وێک دێتەوە. نوێنەری پۆتین دێت دەگەشێینەوە، ماکگۆرک دێت دونیایەک گریمانە و پرسیار و ختووکەمان لا دروست دەبێت. وەزیر دێت و وەزیر دەڕوات، هەندێک گیفەی سمێلیان دێت. هەموو دونیا لەکوردستانە، کەچی هەدنێک هێشتا لەترسان خەویان لێ ناکەوێت، پێشمەرگە لەسەنگەری شەرەف گیانفیدایی دەکات، هەیە دڵی بەرایی نادات بەشەهید وەسفیان بکات. هەرێم لەگەڵ بەغدا پەیوەندییە باش و دۆستانەی دەبێت، هەیە جەڵتەی سیاسی لێی دەدات. ڕۆژنامەنووس و بەناو شکاری سیاسیمان هەیە، خەوی لێ ناکەوێت، جونکە شەڕ و ناکۆکی لەنیوان حزبە کوردستانییەکان نییە و کەوچکی ماستاوی شکاوە.

کارەبا و ئاو، ئیدی وەکو دوو سەرەخۆرەی ترسناکی دەردار سەیر دەکرێت و ناڕەزایەتی قوتابیان و چی و چی بەکۆتایی دونیا وەسف دەکرێت، تەنیا ئەگەر لە باشووری ئەفریقاش مانگایەک بەرباوێت، خەتای حکوومەتی هەرێمی کوردستانی تێدایە. لە ئاسیا لافاو هەڵبستێت، ئیدی چارەنووسی حکوومەتی هەرێم دەخرێتە بەردەم ئەگەر و مەگەر و ترسەوە! لەترس و ڕووخان و پاشەکشە و هەڵدێران و تێكچوون و ڕەشبینی و خراپی دۆخەکان هیچ شتێکی دیکەمان گوێ لێنابێت. نازانم بۆچی هەرچی دەم دەکاتەوە، باس باسی داڕمان و ڕەشبینییە، تەنیا هەندێک لەوانەی بەپارەی حکوومەتیش قسەدەکەن، دەیانەوێت خۆیان بکەنە بەشێک لەبەرەی ناڕازیبوون، یان شێوازی قسە و دەربڕینیان دەگۆڕن بۆ ئەوەی لەبەرەکەی دیکەدا خۆیان بشارنەوە. بەرەکەی دیکەش هێندە لەخشتەبراوانە دەئاخڤێت و ئاگای لەوە نییە خشتی ژێر پێی دەرهێنراوە، وێنەیەکی کاریکاتێری نێگەتیڤ و خەمنکای بۆ خۆی نەخشاندووە. ئەو باش باش دەزانیت دۆراوە، بەڵام تۆپینی خۆی لە قازانجی خاوەنەکەی پێ باشترە.

هەموو ئەو شتە هەقیقی و خەیاڵیانە، هەموو ئەو پێشهاتە دروست و نادروستانە، هەموو لێدانەوەیەکی واقیعی و توندڕەوانە، مایەی خوێندنەوە و سوود لێوەرگرتنە، بەڵام مەرج نییە، هەرچی ڕووداوێک لەجیهاندا ڕووبدات، کاریگەریی، یان پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستان و کوردەوە هەبێت، وەکو چۆن مەرج نییە گلەییەکی بچووکی ناوەخۆیی لەئایندەدا نەبێتە ئاژاوە و ناڕەزایەتیی و فشارێکی جدیی دژ بەدەسەڵاتی کوردی.

بەشێکی ئەو بۆچوونانە پەیوەندی بەدۆخی هەقیقی و ئاڵۆزکاو و فشارە سیاسییەکان و خراپی دۆخی ئابووری و دارایی و ئیداریی و نەبوونی دادپەروەریی و بێئومیدی گەنجان و شێوازی بیرکردنەوە و ڕیکارەکانی حکوومەتی هەرێمەوە هەیە، بەشێکی پەیوەندی بەڕۆڵی (ئەرێنی و نەرێنی، بەرپرسیاریەتی و تێکشکاندنی بەرپرسیارێتی خودی حزبەکانەوە هەیە)، (بەشێکی پەیوەندیی بە قەناعەت و کەسایەتی هاووڵاتیان و بەرە بەرە لاوازبوونی متمانەی خەڵکەوە هەیە)، (بەشێکی بەکردەوە پەیوەندی بەڕۆڵی گومانهەڵگری میدایەوە هەیە، کە پەیوەستە بەو سەدان هەزار وشەیەی ڕۆژانە لەڕێگەی هەواڵ و وتار و شیکردنەوە و ڕیپۆرتاژ و گوتار و وێنە و ڕیکلام و پڕوپاگەندەی زارەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی .. تاد) بڵاودەکرێتەوە، ڕاگەیاندن بەهەموو جۆرەکانییەوە وەکو ئاشی ئاو لێبڕاو، هەر تەقەتەقیەتی، زۆربەری بەکارهێنەرەکانی دەزانن بەشێکی زۆری ئەم شتانە دروستکراوی سەختەکارانەی گاڵتەجاڕیی تێکشێنەری پووچگەراییە (دەقێکی بۆشە)، بەڵام دیسان بەهۆی توڕەیی و بێکاریی و لەڕقی ئەم و ئەو، دەیەوێت وا نیشان بدات (درۆیەکی خۆش، لەهەقیقەتێکی ناخۆش) خۆشترە.

ئەرک و پەیامی ڕۆژنامەگەری کوردستان بەهۆی (نەزاینەوە بێت، یان مەبەستدارییەکی پێداگرانەی قینهەڵگری پێشوەختەی سیاسی و کەسی و فووپێداکراو بێت)، یان (بەڕاستی لەنەزانین و هەڵچوون و حەماسەت و هەژاریی فکری هەندێک لەڕۆژنامەنووسانەوە) بێت، (یان لەئەنجامی کورتبینی بەڕێوەبەرایەتی دەزگاکانی ڕاگەیاندن) بێت ڕۆژانە دەیان بابەتی دژی بە هەرێم، کە دەبێتە خۆرکە و ڤایرۆسێکی داهێزەر بە توانا و وشە و خواست و مەبەستی کوردی بڵاودەکرێنەوە.

هەرێم لاوازە، هەرێم مایەی ڕەخنەیە، هەرێم مایەی پێداچوونەوە و چاکسازیی و پاکسازیی و چاککارییە، کورد گوتەی خوا نەکات بارت لەلێژی بێت، ئیدی دەبیتە مایەی قسە و توانجی هەموو کەسێک، بەداخەوە دۆخی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش وا دێتە پێش، نەک هەر دوژمنەکانی، بەڵکو خودی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی لایەنە بەرپرسەکانی هەرێمیش هەیانە بەقد دوژمنێک بەناوی (ئازادبوون و میدیاکار بوون و کرانەوە و خۆبەڕۆژنامەنووسی گەورەی جیهانی زانین و خۆپفدانەوە) دکرێک بە هەرێم و کوردستان و پێکهاتەکانی کوردستان دەکەن، هیچ ناحەزێک ئیرادە نەکات وای پێبکات.

لەئەنجامی ئەوەشدا هەرچی (ڕەشبینی و تێکشکان و لێژبوونەوە و هاوار لێ هەڵستانێک هەبێت) دەڵێن بەقەد باڵای حکوومەتی هەرێم و کوردە.

بابه‌تی تر

یارییەكی دۆستانە هونەرمەندانی شاری هەولێر كۆدەكاتەوە

خەبات: هاوكار كەلهوری:- لە یاریگای بچووكراوی شەهید فرەنسۆ هەریری، یارییەكی دۆستانەی تۆپی پ…