خەبات: هاوار مورتكه‌یی:- هێلین ئه‌نابێل گوادالۆپی ته‌مه‌نی ته‌نها 14 ساڵه و یه‌كێكه له شه‌تره‌نجزانه لاوه به‌تواناكانی وڵاتی پاراگوای له شه‌تره‌نج، چه‌ندین جار نوێنه‌رایه‌تی وڵاته‌كه‌ی كردووه له پاڵه‌وانێتییه‌كانی ئه‌مه‌ریكای باشوور و ئه‌نجامیشی هه‌بووه، ئه‌و جگه له یاری شه‌تره‌نج، یارییه‌كانی دیكه وه‌كو باسكه و گۆڕه‌پان و مه‌یدانیش ده‌كات، لاپه‌ڕه‌ی وه‌رزشی رۆژنامه‌ی خه‌بات دیمانه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ ئه‌نجامداوه كه به‌مشێوه‌یه باسی لهدهسكهوت و هه‌روه‌ها كاتێك ده‌دۆڕێنێت چ هه‌وڵوێستێكی ده‌بێت؟
بایه‌خی زیاتر بهیارییهكهم ده‌ده‌م
هێلین Helen Anabel Guadalupe كه له ساڵی 2006 له شاری ئه‌سۆنسیۆن له پاراگوای له‌دایك بووه له‌باره‌ی چۆنێتی ئاشنابوونی به شه‌تره‌نج گوتی: له‌خێزانه‌كه‌مدا كه‌سێكی وانییه كه زۆر زیره‌ك بووبێت له شه‌تره‌نج، به‌ڵام باوكم و براكانم ئه‌و یارییه‌یان زۆر خۆش ویستووه و به‌رده‌وام له‌ماله‌وه یارییان به‌یه‌كه‌وه ده‌كرد، ئه‌مه وای لێكردم ئه‌و یارییه‌م خۆش بوێت چونكه ئه‌وان كه یارییان ده‌كرد فێریان ده‌كردم كه چۆن داشهكان ده‌جولێنرێت و ناویان چییه، ئیتر به‌دواوه خۆم زیاتر بایه‌خم پێدا و له ته‌مه‌نی 9 ساڵیدا ته‌واو فێر بووم و له ساڵی 2016 بۆیه‌كه‌مین جار به‌شداریی پاڵه‌وانێتییه‌كی سه‌ر ئاستی پاراگوام كرد بۆ خوار 10 ساڵی و خۆشبه‌ختانه له‌یه‌كه‌م تاقیكردنهوهمدا توانیم پله‌ی چواره‌م به‌ده‌ست بهینم، ئه‌م ئه‌نجامه وای لێكردم كه زۆر زیاتر له‌جاران بایه‌خ به‌و یارییه بده‌م، هه‌روه‌ها شه‌تره‌نج بكه‌مه ئاره‌زوو و به‌شێك له‌ژیانم، له ساڵی 2017 فیستیڤاڵی لاوانی ئه‌مه‌ریكای باشوور به‌ڕێوه‌چوو، به‌نوێنه‌رایه‌تی وڵاته‌كه‌م به‌شداریم كرد و توانیم یه‌كیك بم له باشترین 20 به‌شداربووانی فیستیڤاڵه‌كه و تاكه یاریزانی پاراگوای بووم له‌نیو ئه‌مانه‌دا، ئه‌مه خۆی له‌خۆیدا پاڵنه‌رێكی باش بوو كه ده‌بێ زیاتر خۆم ماندوو بكه‌م و ئه‌ركی داهاتووم قورس‌تر ده‌بێت.
دیاری بۆ ولاته‌كه‌م ده‌به‌مه‌وه
ئه‌و كچه لاوه‌ی پاراگوای زیاتر باس له به‌شدارییه‌كانی ده‌كات و ده‌ڵێت: له ساڵی 2019 به‌شداری پاڵه‌وانێتی لاوانی ئه‌مه‌ریكای باشوورم كرد له ئه‌رژه‌نتین و ئه‌گه‌رچی پله‌ی پێنجه‌مم به‌ده‌ست هێنا، به‌ڵام له ئاستی خۆم رازی نه‌بووم چونكه ده‌متوانی باشتر یاری بكه‌م، ئێستاش ئامانجی گه‌وره‌ی من بریتییه له‌وه‌ی نازناوی پاڵه‌وانێتی ئافره‌تانی جیهان به‌ده‌ست بهێنم، هه‌روه‌ها به‌یاوه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی پاراگوای به‌شداری له ئۆڵۆمپیاد بكه‌م و دیارییه‌ك بۆ وڵاته‌كه‌م ببه‌مه‌وه، هه‌روه‌ها گوتی: شه‌تره‌نج سه‌رباری هه‌موو شتێك خۆشه‌ویستیم پی ده‌به‌خشێت كه ئه‌مه‌ش به‌لامه‌وه زۆر گرنگه، شه‌تره‌نج وه‌ك دارێكی به‌رز وایه، هه‌وڵ ده‌ده‌م بگه‌مه لووتكه‌ی ئه‌و داره ئه‌وكات ده‌زانم شه‌تره‌نج چه‌نده به‌نرخه.
فێرت ده‌كات خۆبهدهستهوهنهدهی
له كۆتاییدا هێلین گوادالۆپی كه دوو راهێنه‌ری هه‌یه به‌ناوه‌كانی MF Antonio Almirón ، MF Edgar Espinoza گوتی: شه‌تره‌نج هونه‌ری چێژ وه‌رگرتنه، فێركردنه، هه‌ست به به‌رپرسیارێتی كردنه، ئارامی و دان به‌خۆداگرتنه، به‌ڵام زۆر جار كه ده‌دۆڕێم هه‌سته‌كه‌م توڕه ده‌بم، به‌ڵام ئه‌و یارییه وات لێده‌كات كه بیر له‌وه بكه‌یته‌وه بۆ دۆڕاندت و چ هه‌ڵه‌یه‌ك وایكرد بدۆڕێنیت، كه‌واته بیر له‌وه ده‌كه‌یه‌وه بۆ جاری دووه‌م ئه‌و هه‌ڵه‌یه دووباره نه‌كه‌یته‌وه، هه‌موو ئه‌مانه‌ش ئومێدت پیده‌به‌خشن بۆ ركابه‌ری داهاتوو، كه‌واته لهكهوتنیشدا هێز و بیرت ده‌داتێ كه زیره‌كانه هه‌ستیته‌وه و خۆ بهدهستهوهنهدهی.