خەبات: رۆشنا عەلی:- نەبوونی هۆڵی خوێندن لە كۆلێژی ئاداب كێشەی سەرەكی چوار بەشی كۆلێژەكەیە، قوتابیان لەبەر بێ‌ هۆڵی ناچارن تەنها هەفتەی سێ‌ رۆژ و ئێواران دەوام بكەن لەكاتێكدا خۆیان قوتابی خوێندنی بەیانیانن ، جگە لە خراپی و بچوكی هۆڵەكان وەك قوتابیان لەم راپۆرتەدا باسیان كرد ، راگرو سەرۆك بەشەكانی كۆلێژەكەش دەڵین بە تەواوكردنی ئەو بینا تەواو نەكراوەی بریار بووە بۆ ئەو بەشانە بكرێت كێشەكە چارەسەر دەبێت، لاپەرەی پەروەردە بەدواداچوونێكی لەمبارەیەوە ئامادەكردووە.

گلەیی قوتابیان
*سەرەتا قوتابی دانا فازیل لە قۆناغی سێیەمی بەشی كۆمەڵناسی بۆ خەبات دەربارەی كێشەكەیان وتی : ئێمە قوتابییەكانمان یەكجار زۆرن و شوێنەكەش زۆر بچوكە لە زۆربەی وانەكان كورسی لە هۆڵەكانی تر ئەهێنین ئەگەر نا دەبێت تا كۆتایی وانەكە بە پێوە بوەستین و بە زستانانیش زۆر ساردە چونكە كابینەیە، هیچ هۆكارێكی گەرمی و ساردی تێدا نییە داتا شۆكان ئیش ناكەن هۆڵەكان تەنها سەقفیان هەیە چەندین جار داوامانكردووە، بەڵام تا ئێستا هیچمان بۆ نەكراوە ئێمە داواكارین ئەو بینایەمان بۆ تەواو بكەن كێشەكانمان چارەسەر دەبێت.

*مەدینە قوتابی بەشی كۆمەڵناسی قۆناغی سێیەم دەربارەی گرفتی بێ‌ هۆڵی بۆ خەبات وتی : بەداخەوە كەم و كوریەكی زۆر هەیە لەكۆلێژی ئاداب بەشی كۆمەڵناسی هۆڵەكانمان هەمووی كابینەیە و زۆر پەرتەوازەیە و بچوكە جێگامان نییە ئەمەش كاریگەری لەسەر ئاستی خوێندنمان دەكات دەنگی مانمۆستاكان بەتەواوی ناگاتە لامان ، چونكە ژمارەمان زۆرە كەم و كوریەكی زۆرمان هەیە هیوادارین بۆمان چارەسەر بكەن
*سومەیە محەمەد لە بەشی كۆمەڵناسی قۆناغی سێیەم بۆ خەبات وتی: ئێمە هۆڵمان كەمە و فەراغێكی زۆرمان هەیە قوتابی ئەبێت هەر لە كۆلێژ بسورێتەوە 8:30 محازەرەیەك ئەخوێنیِ سەعات 11:00 محازەرەیەكی تر ئەخوێنێ‌ بە هاوینان گەرم و بە زستان سارد تەنها قوناغی یەكەم 180 قوتابی وەرگیراوە قوتابی زۆرەو شوێن كەمە.

*هەڵمەت بەكر قۆناغی دووەم لە بەشی كاری كۆمەڵایەتی بۆ خەبات وتی: مامۆستاو قوتابی زۆر بێزارن و كێشەیان هەیە لەگەڵ خشتەی وانەكان و دەكەونە ئێواران ، مامۆستاكانیش ناتوانن زانستەكەیان بە تەواوی بە قوتابییەكان بگەیەنن لەسەرەتای ئەمساڵەوە ئێمە هەر سیِ رۆژ دەواممان كردووە لەبەر بێ‌ شوێنی و داتا شۆكانیش زۆربەی زۆری تێكچووە.

*رەیان محمد قۆناغی دووەم لە بەشی كاری كۆمەڵایەتی : ئیمە بە چوار قۆناغی دوو گروپی سێ‌ هۆڵمان هەیە من قۆناغی دووەمم هەفتەی سێ‌ رۆژ دەوام دەكەم نەمامۆستا ئەتوانێ‌ زانستەكە بەتەواوی بگەیەنێت نە ئێمە هیچ فێر ئەبین.

*سارا پشتیوان قۆناغی دووەم لەبەشی كاری كۆمەلایەتی گوتی :ئێمە قوتابی بەیانیانین ئێواران دەچینەوە ماڵەوە ئێمە شەممان دەوان دەكەین لەبەر ئەوەی بەشی فەلسەفە ئۆفیان هەیە تا بچین لەهۆڵەكانی ئەوان بخوێنین.

*كارین قوتابی دەرەوەی هەولێرە و لەبارەی كێشەی خۆی لەگەڵ نەبوونی هۆڵ بۆ خەبات وتی: من قوتابی دەرەوەی هەولێرم ولە خەبات بە پاس هات و چۆ دەكەم شەممان پاس نایەت، چونكە هەموو قۆناغەكان ئۆفیان هەیە ئێمە نەبێت پاسیش بەتەنها لەبەر من نایەت منیش ناچارم نەیەم غیاباتم زۆر زۆرە لەبەر ئەو كێشەیە داواكارم ئەو بینایە مان بۆ تەواو بكەن بە زوترین كات تا بتوانین بە باشی خوێندنی خۆمان بكەین.

گرفتی كارگێڕی و مامۆستایان
*دەربارەی بینا تەواو نەكراوەكەی ناو كۆلێژیش كە ئایا بۆ چ بەشێكە و ئایا سەرۆك بەشەكان كێشەیان لەگەڵ ئەم بیِ هۆڵییە چییە؟ د. شڤان ئیسماعیل سەرۆكی بەشی كاری كۆمەڵایەتی بۆ خەبات وتی: ئەم بینایە بۆ بەشی كۆمەڵناسی كاری كۆمەڵایەتی دروستكراوە كێشەی سەرەكیمان ئەوەیە كە بینامان نییە، قوتابیمان هەیە لە سیستەمی بەیانیان وەرگیراوە ئێمە ناچارین لەبەر بێ‌ جێگەیی دەواممان كردۆتە ئێواران ، بەو هۆكارەش تووشی گرفت بووین لەگەڵ كەس و كاری قوتابی كە زۆر جار هەست دەكەن قوتابییەكەیان لە ئێواران دەوام دەكات گرفتی سایكۆلۆژی و كۆمەڵایەتی بۆ دروستكردووە ئێمە سێ‌ هۆڵی كابینەمان هەیە 650 قوتابیمان هەیە قۆناغی یەكەم لە كاتژمێر 1:00 محازەرەیان دەستپێدەكات تا كاتژمێر 4:30 ی ئێوارە.

*دەربارەی بیناكە ئەو سەرۆك بەشە وتی : نزیكەی دەساڵە ئەم بینایە هەر وا بە ناتەواوی ماوەتەوە لە ساڵی 2011 وە هەیكەلی دروستكراوە تا ئێستا ماوەتەوە كە تەواكردنی زۆر زۆر پێویستە بەگشتی بۆ هەموو بەشەكان و بە تایبەتی بۆ بەشەكەی ئێمە كە پێویستمان بە بابەتی پراكتیكە و دەبێت قوتابیان بازنەیی دانیشن بەپێی سیستەمی پێداگوجی كە ئێمە پەیرەوی دەكەین ، جگە لەوە ئەم بینایە بەمجۆرە كێشەو مەترسیشە بۆ سەر قوتابی ،چونكە قوتابی هەبووە كێشەی هەبووە چۆتە سەر بیناكە خۆی بكوژێت.

* د.سوها یونس سەرۆكی بەشی كۆمەڵناسی بۆ لاپەرەی پەروەردەو خوێندن وتی: ئێمە وەك بەشی كۆمەڵناسی كۆنترین بەشین لە كۆلێژی ئاداب و قوتابیمان یەكجار زۆرە كە ژمارەیان 700 قوتابییە لە قۆناغی یەكەوە تا 4 هەر چوار هۆڵی خوێندنیشمان هەیە، كە دەوامیش درێژ ئەكەمەوە بۆ ئێواران كێشە بۆ قوتابییەكان دروست ئەبێت لە رووی هاتوو چۆ گروپمان كردووە بە سێ‌ گروپ و چوار گروپ، بەڵام هیچیان چارەسەر نین.

*دەربارەی ئەوەشی ئایا هەماهەنگییان نییە لەگەڵ بەشەكانی تر و هۆڵەكانیان بەكار بهێنن د. سوها گوتی : هەماهەنگیمان كردووە تەنها یەك رۆژمان هەیە هۆڵەكانییان بەكار بهێنین كاتێك ئەوان ئۆفیان هەیە.

*دەربارەی ئەوەشی ئایا وەك سەرۆك بەشەكان كە سێ‌ بەشن هیچ یاداشتێكتان پێشكەش نەكردووە كە ئەم كێشەیەتان هەیە ؟ لەمبارەیەوە ئەو سەرۆك بەشە گوتی: كاتێك بوومە سەرۆك بەش یاداشتێكم پێشكەشكرد بۆ سەرۆكایەتی زانكۆ كە ئێمە لەسەر حسابی خۆمان بە سەندویچ پەنەڵ تۆزێك دەسكاری ئەكەین و بكرێتە هۆڵێكی كاتی بەو جۆرەش رەزامەندی نەدرا كێشەكەشمان گەورەتر ئەبێت ساڵ بەساڵ ، چونكە من داوای 70 قوتابی دەكەم 120 قوتابیم بۆ دێت ساڵی پار كردبوومانە دوو دەوام دەوامێك لە 8:30تا 12:30 بوو دەوامەكەی تر لە دوای 12:30 تا 3:30 بەڵام بۆ قوتابی زۆر كێشە بوو بەتایبەتی ئەوانەی دەرەوەی هەولێر كە گروپی هات و چۆیان پێكەوە بوو.

*مامۆستا رۆژگار شێخانی مامۆستا لە كۆلێژی ئاداب لەبەشی فەلسەفە دەربارەی كێشەی ئەوان وەك مامۆستایان و هەوڵەكانیان بۆ چارەسەر كردنی بۆ خەبات وتی : چەند ساڵێكە كۆلێژی ئاداب چەند بەشێكی زیاد كردووەو بەپێی پلانی ساڵانەی خۆی قوتابی زیاتر وەردەگرێت، بەڵام بینایەی كۆلێژ هەر وەك خۆیەتی و هۆڵی خوێندن و هۆڵی سیمیناری زانستی بۆ زیاد نەكراوە،ئەمەش گرفتێكی گەورەی بۆ كوالێتی پرۆسەی خوێندن دروست كردووە.

چەند بەشێك لەنێو ئەو هۆڵانەدا دەرسگوتارەكان دەخوێنن و وەردەگرن كە بە ماددەی(سەندویچ پەنەل) دروست كراون كە ئەمەش بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ پێوەرە زانستیەكاندا ناگونجێت ،چونكە دەنگی راڤەكردنی دەرسگوتارەكانی هەر مامۆستایەك لە هۆڵێكدا بۆ هۆڵەكەی دیكە دەچێت ئەمەش كاردەكاتە سەر كەشی دەرسگوتارەكان كە دەبێت لە كەشێكی تەواو ئارامدا قوتابی بابەتەكان وەربگرێت، ئەمە جگە لەوەی لە زستاندا هۆڵەكان زۆر ساردن و لە هاوینیشدا زۆر گەرمە،هەروەها قەبارەی هۆڵەكان زۆر بچوكن.

*دەربارەی پێشنیاریان بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە وەك مامۆستایانی ئەوبەشانە چ هەوڵی فەرمی و چ تاكە كەسی ئەو مامۆستاییە وتی : بەهۆی قەیرانی دارایی لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە كاركردن لە پرۆژەیەك وەستاوە كە بۆ چەند بەشێكی كۆلێژی ئاداب دروست بكرێت ، بە نزیكەی ٤٠٪‏ ی پرۆژەكە تەواو بووە، بەمدواییە لەگەڵ بەڕێزان راگرو سەرۆك بەشەكان بەدواداچوونمان بۆی كرد ئێستا بە نووسراوێكی وەزارەتی پلان دانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ژمارە (2691) لە ٢٠٢١/١٠/١٩ كە ئاڕاستەی دیوانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران كراوە داوا كراوە گوژمەی پێویست بۆ تەواو كردنی ئەم پرۆژە تەرخان بكرێت، جا لێرەوە ئێمەش داوا دەكەین كە هەرچی زووە حكومەتی هەرێم پارەی پێویست تەرخان بكات تاكو ئێمەش بتوانین بەگوێرەی پێوەرە زانستیەكان پرۆسەی خوێندن بەڕێبكەین.

*بۆ وەڵامی كۆی كێشەو گرفتەكانی كۆلێژەكەو چارەسەركردنی و هەوڵەكانییان لەو بارەیەوە د. قادر محەمەد راگری كۆلێژی ئاداب بۆ خەبات دەربارەی بینابەجێهێڵراوەكە گوتی: ,ئەو بینایەی نێو كۆلێژی ئاداب دەمێكە كاری لێكراوە بەڵام بە جێهێڵدراوە پاش ئەوەی كە شەڕی داعش ڕووی لە هەرێمی كوردستان كرد كێشەی دارایی دروست بوو بۆ هەرێمی كوردستان وەك هەموو ئەو پرۆژانەی تر پێویستی بە دابین كردنی بودجە هەبوو بەڵام بە جێهێدرا, لەو كاتەی كە دەست بە دروست كردنی ئەم بینایە كرا ئێمە پێویستمان بوو، لەو كاتەوە تا ئێستا كۆلێژی ئاداب فراوانتر بووە ، بۆ نموونە تۆ كە داوی پەنجا قوتابی دەكەیت حەفتا قوتابیت بۆ دێت ئەمەش كێشە دروست دەكات ,كێشەی ئێمەش وەك كولێژی ئاداب كەمپێكی دیاریكراومان نیە كە زانكۆ كۆبكاتەوە بەداخەوە كە زۆربەی زانكۆ حكومیەكان ئەم كەمپەیان هەیە,بەڵام ئەو كەمپەی ئێمە دواكەوتووە ئێستا ئێمە هەشت بەشین شەش بەشی ئێوارانیشی هاتۆتەسەر بارگرانییەكی زۆر هاتۆتە سەرمان مەجبوریش دەبێت جێگا بۆ ئەو قوتابیانە بكەینەوە وە ئەگەر ئەوبینا بۆ ئێمە تەوا بكرایە ئەوا كێشەی گەورەی بۆ چارەسەر دەكردین دووساڵە لە هەوڵ داین كە ئەم بینایە تەواو بكرێت بۆ بەشی كاروباری كۆمەڵایەتی و كۆمەڵناسی ,وە بەشێكی زۆری هۆڵەكان بە سەندەویج پەنەڵ دروست كراوە ,ئەمەش خوێندنی تێدا ناكرێت.

*دەربارەی ئەوەی كە بۆچی خۆیان ئەو كارە ناكەن لە كاتێكداداهاتی پارالێڵ و ئێوارانیان هەیە د. قادر وتی : داهاتەكان كە لە كۆلێژ دێت دەگەرێتەوە بۆ وەزاەرتی خوێندنی باڵا و دارایی, ئەمەش وای كردووە دەست تەنگ بین,بینایەكانی تریش زۆر كۆنن ,ئەم كۆلێژەی ئێمە پێشتر بەشە ناوەخۆی بووە,رێژەی قوتابیەكانیش بەرز دەبێتەوە ساڵانە,وە بوونی ئەم بینایە تەواو نەكراوە مەترسیی هەیە.

*دەربارەی ئەوەشی ئایا هەوڵەكانمتان بە كوێ‌ گەشتووە تا ئێستا د. قادر محەمەد وتی : ماوەی دووساڵە زۆر بەدوداچوون دەكەین كۆی هەوڵەكانمان گەیشتۆتە ئەنجومەنی وەزیران لەوێ چاوەرێن ئەم بینایە تەواو نەكراوەمان بۆ تەواو بكەن,چونكە ساڵ بە ساڵ كێشەمان زیاتر دەبێت، بەداخەوە هەل و مەرجی ژێرخانمان زۆر نالەیارە، بەڵام ئێمە درێژمان بە خوێند داوە,داواشمان كردووە ئەو داهاتەی دێتە كۆلێژ كاری پێبكەین ، بۆ ئەوەی كولێژ نۆژەن بكەینەوە یاخود بینای تازە دروست بكەین، بەڵام تا ئێستا ئەم دەست كراوەییەمان نەبووە,داواش دەكەین ئەم دەسەڵاتە بگەرێتەوە بۆ زانكۆ ,تەنانەت هۆڵی كۆلێژەكەمان زۆر خراپە كە بۆ سمینارێك جێگای هەموو مامۆستایان نابێتەوە,چاوەرێش دەكەین سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئەم دەسەڵاتە بداتەوە بە سەرۆكی زانكۆكان.

قوتابیەک بۆ “خەبات” دەدوێ

بابه‌تی تر

یارییەكی دۆستانە هونەرمەندانی شاری هەولێر كۆدەكاتەوە

خەبات: هاوكار كەلهوری:- لە یاریگای بچووكراوی شەهید فرەنسۆ هەریری، یارییەكی دۆستانەی تۆپی پ…