نێچیرڤان بارزانی لە هەڵمەتی بانگەشەی پارتی بۆ لایەنگرانی حیزبەکە لە سنووری پارێزگای نەینەوا دەڵێت، بەردەوام لەگەڵ نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی لە پەیوەندیدان و کاردەکەن بۆ رزگارکردنی “ئەو خوشک و برا ئێزدییانەی” لەژێر دەستی داعش ماون و، “نابێت خەڵکی شنگال وەک کەرەستەیەک لە ململانێی سیاسیدا بەکاربهێندرێن”.
لە چوارچێوەی چڕکردنەوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی، ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دهۆک لەگەڵ کادر و بەشێک لە ئەندامانی حیزبەکەی لە سنووری پارێزگای نەینەوا کۆبووەوە.
نێچیرڤان بارزانی لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوەدا، “دیداری ئەمڕۆم لەگەڵ ئێوەی هێژا لە سنووری شنگال و موسڵ بۆ من زۆر تایبەت بوو.. چونکە ئێوە نوێنەرایەتیی دەڤەرێکی زۆر رەنگینی پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی دەکەن.”

پارێزگای نەینەوا لەڕووی نەتەوەیی و ئایینیشەوە فرەڕەنگە، جێگری سەرۆکی پارتی بە ئاماژە دان بەو فرەڕەنگییە دەڵێت، “کورد و عەرەب، شەبەک، ئاشووری، سریان، کلدان، تورکمان، موسڵمان، ئێزدی، کریستیان، کاکەیی، سوننە و شیعە پێکەوە لەو سنوورە هەن و پێکەوە دەژین، ئەوە ئەو تابلۆ جوان و رەنگینەی پێکەوەژیانە لە کوردستان، لە پارتی و ئێوە پیرۆز بێت. ئەوە دەوڵەمەندییەکی زۆر گەورە و بەهادارە، جێی شانازی و رێز و پێزانینی ئێمە و جیهانیشە”.

لە هەڵبژاردنی 2018دا، بەشێکی زۆر لە ئەندام و لایەنگرانی پارتی کە لەنێو موسڵ و دەوروبەریدابوون نەیاندەتوانی دەنگ بدەن، بەشێکیش کە ئاوارەبوون لە سنووری پارێزگای دهۆک دەنگەکانیان سووتێندران، بەڵام ئەمجارە پارتی هەم لەنێو موسڵ بانگەشەی خۆی دەکات، هەم رێکارەکانی کۆمیسیۆن بە شێوەیەکە کە ئاوارەکان دەتوانن دەنگی خۆیان بدەن و دەنگەکانیان وەکو جاری پێشوو نەسووتێندرێت.
لە هەڵبژاردنی رابردوو پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری پارێزگای نەینەوا توانیی 149 هەزار دەنگ بەدەست بهێنێت، پارتی پێشبینی ئەوە دەکات لەو هەڵبژاردنە دەنگەکانی زیاد بکات، بۆ ئەو هەڵبژاردنەش لە هەر 8 بازنەکەی ئەو پارێزگایە 14 بەربژێری هەن.
 ده‌قی وتاره‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان

بابه‌تی تر

تا چوار ڕۆژی دیکە دەوامی بەشێک لە زانکۆکانی سنووری سلێمانی ڕادەگیرێت

زانکۆکانی سلێمانی و هەڵەبجە و پۆلەتەکنیکی سلێمانی بۆ ماوەی چوار ڕۆژ دەوامیان ڕاگرت. لە ڕاگ…