جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان  لە شێخان رایگەیاند، ئەم هەڵبژاردنە زۆر گرنگە و دەرگەیەکی نوێ دەکاتەوە، بۆیە داوای لە خەڵک کرد بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان، بە دەنگدەرانی بازنەی سێیشی گوت، بەربژێرەکانی پارتی بنێرنە بەغدا تاوەکو داکۆکی لە مافەکانتان بکەن. 
نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی هەوڵەکانی حیزبەکەی بۆ کوردستان کرد، رایگەیاند، ئاوەدانییەکی گەورە لەسەر دەستی پارتی بەدیهاتووە.. لە هەر شوێنێکیش پارتی فەرمانڕەوابێت، ئارامی و خۆشگوزەرانیی لێیە. لەبارەی شێخانیش گوتی، “گرنگە ئەو پێکەوە ژیانەی شێخان بمێنێت و… جوانی کوردستان بەو پێکەوەژیانەیە.”
نێچیرڤان بارزانی ئەوەشی گوت کە سەرکەوتنی پارتی، “سەرکەوتنی خەباتی میللەتی کوردە” و دەیانەوێت لە بەغدا سەنگی پارتی بچەسپێنن. هاوکات ئاماژەی بەوە دا کە “پارتی بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی کورد دەچێتە بەغدا.”
وەکو جێگری سەرۆکی پارتی باسی کرد، دەستکەوتی نووسراو لەسەردەستی پارتی بەدیهاتوون و بەردی بناخەی دیموکراسی لەم وڵاتە بە پێشنیازی پارتی بووە. باسی هەوڵی حیزبەکانی دیکەیشی کرد، بەڵام گوتی، “پشکی شێر” بەر پارتی کەوتووە.
لە رابردوودا پلانێك هەبوو بۆ لاوازکردن و خستنی پارتی، بەڵام پشتیوانیی گەلی کوردستان نەیهێشتووە ئەو پلانە سەربگرێت، گوتی، “پارتی سەربڵند و سەرفرازە کاتێک دەبینێت ئەو جەماوەرەی هەیە، هەتا ئەو حیزبەش بەردەوام بێت و میللەت بەردەوام بێت لە پشتگریی پارتی، هیچ هێزێک ناتوانێت پارتی بچەمێنێت.”

گوتاری نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان

زۆر خۆشحاڵم کە جارێکی دیکە ئەو دەرفەتەم بۆ رەخسا لێرە یەکتر ببینین، بە دڵنیاییەوە پێویستبوو ئەو یەکتر بینینە پێشتریش کرابووایە، بەڵام بە تایبەت ئەو ساڵەی رۆیشت کۆرۆنا گوشارێکی زۆری هەرێمی کوردستان و هەموو دونیا دروستکرد، بە داخەوە رێک نەکەوت زوو زوو یەکتر ببینین. لەم بۆنەیە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی هەموو ئەو خۆشەویستانە دەکەین، کە لە ئەنجامی پەتای کۆرۆنا گیانی خۆیان لە دەستدا، هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ ئەوانە دەخوازم کە تووشی ئەو پەتایە بوونە، ئینشائەڵڵا خودا شیفایان دەدات و بە زووترین کات چاک دەبنەوە. ئێمە هاتووین بۆ کۆبوونەوەیەک لەو دەڤەرە کە ئاکرێ و شێخانە پێکەوە بۆ پرسی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق.

ئەو هەڵبژاردنە بە دڵنیاییەوە هەمووتان دەزانن هەڵبژاردنی زۆر گرنگن بۆ هەرێمی کوردستان، گرنگییەکەی و بەشداری جیددی هەرێمی کوردستان لەو هەڵبژاردنانە، بە تایبەتی بەشداریی کادر و ئەندامان و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر گرنگە و دەرگەیەکی نوێ بۆ هەرێمی کوردستان دەکاتەوە. ئەگەر باس لە دەڤەری شێخان بکەین، مێژووەکەی، جوگرافیاکەی، پێکەوەژیانی هەموو پێکهاتەکانی تابلۆیەکی جوانە بۆ کوردستانێکی بچووک.

دەڤەری شێخان، لە مێژوودا هەر جارێک مەڵبەندێکی گرنگ بووە بۆ بەرخودان و پێشمەرگایەتی، ئەو خەباتکارانەی ئەمڕۆ لێرە دانیشتوون، نموویەکی کەمن لەو خەباتکارانەی کە لەو دەڤەرە زەحمەتیەکان کێشاوە و شەهیدەکانیان خوێنیان رشتووە، وڵات لە سایەی سەر ئەو شەهیدانە و ماندوبوونی ئەو قارەمانانە ئەمڕۆ بە سەربڵندی لە کوردستاندا دەژین. ئەو کاروانەش تاوەکو ئەو میللەتە هەبێت، تاوەکو ئەو حیزبە هەبێت، تاوەکو ئەو پێشمەرگانە هەبن کە باوەڕیان پێی هەبێت و خەباتیان بۆی کردووە، بەردەوام دەبێت.

شێخان لە شۆڕشی گوڵاندا رۆڵێکی سەرەکی هەبووە، مەڵبەندێکی سەرەکی بووە بۆ پێشمەرگایەتی، داستانی قارەمانی و جوامێری و خۆڕاگری و شەهیدانی ئەو دەڤەرە و مێرخاسانی ئەو دەڤەرە وەکو ئەفسانە باس دەکرێت، یەکێک لەوانە شەهید مەحموود ئێزدیە، کە خەڵکی ئەو دەڤەرە بووە.

تابلۆی پێکەوەژیانی ناوچەی شێخان زۆر گرنگە بمێنێت، شێخان ناوەندێکی گرنگی ئایینی بووە سەبارەت بە ئێزدییەکان، ماڵباتی میران رۆڵێکی بنچینەیی و گرنگیان هەبووە لە پرسی پێکەوەژیانی ئەو ناوچەیە. خەڵکی ئەو دەڤەرە ئێزدییەکی دەڤەری شێخان لە ساڵانی چلەکاندا کاتێک موسڵمانەکان ویستوویانە مزگەوتێک دروست بکەن، زەویان پێداوە بۆ دروستکردنی مزگەوت، ئەم تابلۆی پێکەوەژیانە پێویستە لە کوردستان بەردەوامبێت و کوردستان سەرفرازە بەو پێکەوەژیانەی لە کوردستان هەیە. رۆڵ و خزمەت و قوربانیدانی خەڵکی ئەو دەڤەرە، جێگەی شانازییە بۆ پارتی. هەرکات ناوی پێشمەرگە و پێشمەرگایەتی هاتبێت ئاکرێ سەرەڕم بووە لەو خەباتەدا، ئاکرێ مەڵبەندی عیرفان بووە، ئەگەر سەیر بکەین تەریقەت لەو ناوچەیەوە دەستیپێکرد. ئاکرێ مەڵبەندێک بووە بۆ خەبات و تێکۆشان، هەر کاتێک ناوی کوردایەتی هاتبێت ئاکرێ سەرەڕم بووە لەو پرسەدا. ئەوەش ئەو خاڵەیە کە ئێمەی شانازی پێوە دەکەین.

لە ئاکرێ، ئاکرەیی بوون ئەو خەڵکەی کۆکردووەتەوە، جا گەر عەشیرەتەکە زێباری بێ، هەرکی بێ، سوورچی بێ، مەسیحی بێ، ئاکرەیی بوون لە داستانی خەباتی ئەو دەڤەرەدا خوێنیان تێکەڵبووە بۆ بەرگریکردن لە کورد و کوردستان و دەستکەوتەکانی میللەتی ئێمە، سڵاو لە خوێنی ئەو شەهیدانە و ماندوبوونی ئەو پێشمەرگانە، خۆمانیان بۆ دەچەمێنین. ئەمڕۆ جارێکی دیکە هاتووینەوە ئەو دەڤەرە، سڵاو و رێز و خۆشەویستی جەنابی سەرۆک بارزانی پێشکەش بە هەمووتان.

هەڵبژاردنی ئەمجارەی عێراق گرنگییەکەی بۆ ئێمە ئەوەیە، ئەگەر سەیر بکەین جیاوازی پارتی لە هەموو حیزبەکانی دیکە ئەوەیە، پارتی ناسنامەی نەتەوەیی میللەتی کوردی بە خوێنی خۆشەویستەکانی و شەهیدەکان و ماندوبوونی پێشمەرگەکانی خۆی پاراستووە.

ئەگەر سەیری مێژووی عێراق بکەین، تەنیا دەسکەوتێک کە سەر کاخەز نووسراوەتەوە، لەساڵی 1970رێککەوتنی 11ی ئازار بوو، کە لەسەر دەستی پارتی و سەرۆکی نەمر مەلا مستەفای بارزانی بەدەستهاتووە، هەر ئەو رێککەوتنە دواتر بنەمایەکی دانا بۆ رێککەوتنی دیکە کە دواتر کران. کێ ئەو شانازییەی هەیە؟ چ حیزبێک ئەو شانازییەی هەیە کە ئەو دەستکەوتانەی بۆ میللەتی کورد بەدەستهێنابێت؟ پارتی ئەو شانازییەی هەیە، لە هەر شوێنێکیش پارتی باڵادەست بووبێت واتە هێمنایی، ئاوەدانی و ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ میللەتی ئێمە.

بە دڵنیایی لە ساڵی 1991 دوای راپەڕین، زۆر وێستگەی خۆش و ناخۆش بەسەر ئێمەدا تێپەڕین، ئەوەی گرنگ بووە بە نسبەت ئێمە بە گشتی، کاروانی خەبات و بەرخودانی ئێمە بۆ ئاوەدانکردنەوەی کوردستان، بۆ بەردەوامی ئاوەدانی زیاتر بۆ کوردستان، بۆ خۆشگوزەرانی میللەتی ئێمە، بە دڵنیایی ئەو کاروانە لە 1991ـەوە تاوەکو ئێستا بەردەوام بووە.

ئێمە ناڵێین کەموکوڕی نەبووە، کێشە نییە، ناڵێین هەرشتێکمان کردبێت راستبووە، بە دڵنیاییەوە گلەیی و گازندەش هەیە، ناخۆشیش هەیە، دەرفەتی خۆش و ناخۆشیش هەبووە لە ماوەی ئەو ساڵانەدا، ئەمە گومانی تێدا نییە، رەنگە ئێستا لە هەر کەسێک بپرسی چیرۆکێکی هەیە کە بەسەریهاتووە خۆش و ناخۆش، بەڵام ئەوەی کە زۆر گرنگە ئەوەیە لەسەر دەستی پارتی  ئاوەدانییەکی زۆر گەورە لە ناوچەکە و لە کوردستان بە دەستهاتووە.

پارتی سەربڵند و سەرفرازە کاتێک دەبینێت ئەو جەماوەر و ئەو کادرانە پشتیوانی پارتین، تاوەکو ئەو حیزبەش بەردەوامبێت، ئەو میللەتە بەردەوامبێت لە پشتگیرکردنی پارتی، هیچ هێزێک ناتوانێت پارتی بچەمێنێت و پارتی بخات. هێزی پارتی لە ئێوەدایە، هێزی پارتی لە پشتگیری ئەو جەماوەرەدایە.

ساڵی 1975 گەورەترین نسکۆ بەسەر شۆڕشی کورددا هات، ئەو شتەی جارێکی دیکە کە پارتی زیندووکردەوە هێزی جەماوەری پارتی بوو برایان و خوشکان.. ئەو هێزەی کە جارێکی دیکە پارتی هێنایەوە گۆڕەپانەکە دوای نسکۆی 1975 و ساڵی 1976 جارێکی دیکە بەرخودان دەستیپێکرد و شۆڕش دەستیپێکردەوە، بەشێک لەوانەی ئەمڕۆ لێرە دانیشتوون شایەدی ئەو خەباتەن، داستان و قارەمانی ئێوە جێگەی شانازی هەموومانە. ئەو هێزەی وایکرد پارتی لەسەر پێی خۆی رابووەستێت، نە توانای ماددی بوو، نە پشتگیری ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بوو، ئەو شتەی پارتی راگرت، پشتگیری جەماوەری پارتی بوو بووە هۆی ئەوەی جارێکی دیکە پارتی هەستێتەوە، پارتی بۆ دۆست و دووژمن بیسەلمێنێت لەوەی پارتی پشت گەرمە بە خەبات و مێژووی خۆی و شانازی پێوە دەکات.

سەیری شۆڕشەکانی کورد بکەن، هەر شۆڕشێک پێش شۆڕشی ئەیلوول زۆر ناوچەیی بووە، پارتی ئەو شەرەفەی هەبووە هەموو کوردستان لەژێر یەک ئاڵا و یەک سەرکردە هەر لە زاخۆوە تاوەکو دەگاتە خانەقین بکاتە یەک و یەکێک لە گەورەترین شۆڕشەکانی کورد بەردەوامی پێبدات لە ئەنجامی ئەوەش رێککەوتنی 11ی ئازار واژۆکرا لەسەر دەستی سەرکردایەتی پارتی و لەسەر دەستی پارتی.

ئەمڕۆ سەیری دۆخی ئێستای پارتی بکەین، ساڵی 1992 دوای راپەڕین کاتێک کێشە هەبوو، پارتی یەکەم حیزب بوو، سەرۆکی پارتی یەکەم کەسبوو داوای کرد پێویستە کێشەکانی کوردستان بە هەڵبژاردن و دیموکراسیەت چارەسەر بکرێن، دیسان کێ ئەو شەرفەی بەرکەوت، راستتر بە ئێوە بڵێم بەردی بناخەی یەکەم سیستەمی دیموکراسی لە کوردستاندا لەسەر پێشنیازی پارتی دامەزرا.

بۆیە دەستکەوتی ساڵی 2003ش، بێگومان حیزبەکانی دیکەش لەگەڵ ئێمە بەشدار بوونە، ناڵێین تەنیا پارتی ئەو شتەی کردووە، حیزبی دیکەش تا راددەیەکی زۆر رۆڵیان هەبووە، بەڵام پشکی شێر بەر پارتی دەکەوێت. پارتی بوو دەستکەوتەکانی میللەتی کوردی لە دوای ساڵی 2003 لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا جێگیرکرد، پارتی رۆڵی سەرەکی هەبوو، دیسان بە پشتیوانی ئێوە.

بە دڵنیاییەوە دەستووری عێراق هەموو خواستەکانی میللەتی ئێمەی تێدا نییە، بەڵام هەنگاوێكی گەورەیە دوای ساڵی 1970 و ئەو دەستکەوتانەی کە بە خەباتی ئێوە جێبەجێکرا، دوای ئەوە لە ساڵی 2004و 2005 کاتێک دەستووری عێراق دەنووسرێتەوە، خەباتی نێوان ساڵی 1970 تا دەگاتە 2003، ئەو دەستکەوتەبوو کە جارێکی دیکە بە ماندوبوون و خۆڕاگری ئێوە بە دەستهات بە ئاسانی نەبوو، زۆریش بە زەحمەت بوو. هەوڵ و توانای زۆریشی بۆ خەرجکرا.

ئەو دەستکەوتانەی لە دەستووری عێراق جێگیرکراون تاوەکو ئێستاش لە دوای ساڵی 1970 تەنیا دۆکیۆمێنتی واژکراوە کە هەمانبێت کە دان بە دەستکەوتەکانی میللەتی ئێمە دەنرێت. یەکێک لەوانە ماددەی 140ـە، دەڤەری شێخان بەشێکە لەو ناوچانە، تاوەکو ئێستا بەپێی یاسا نەهاتووەتە سەر کوردستان، تاوەکو ئێستاش پێی دەگوترین ناوچەی ماددەی 140 کە تاوەکو ئێستا دان پێدا نەنراوە بەشێکە لە کوردستان.

یەکێک لە گرنگییەکانی ئەو هەڵبژاردنە ئەوەیە، پێویستە هەر تاکێکی ئێمە و دەنگێکی ئێمە، هەر لایەنگر و ئەندامێکی پارتی هەست بەو بەرپرسیاریێتیە بکات کە لەبەردەم دەرفەتێکی مێژووییدایە. ئەو دەرفەتە مێژووییە چییە؟ پێویستە بە بەشداریکردن لە پرۆسەی دەنگدان، بە دەنگی خۆتان جارێکی دیکە بە ناردنی ئەو نوێنەرانە بۆ بەغدا تەئکید لەسەر ئەوە بکەینەوە کە پێویستە ئەو ماددەیە جێبەجێ بکرێت.

هەڵبژاردن گرنگە بۆ ئەوەی سەنگی پارتی بە دیار بکەوێت، مەسەلەکە ئەوە نییە چ کەسێک دەردەچێت و کێ دەنگی زیاتر دەهێنێت، ئامانجی هەموومان لێرە پێکەوە یەک خاڵە، پێویستە هەموومان خەبات بکەین سەنگ و گەورەیی خەبات و بەرخودانی پارتی لە بەغدا بسەلمێنین، ئەوە گرنگە.

گرنگ ئەوەیە رۆژی دەنگدان یەک دەنگیش بۆ ئێمە زۆرە، ئەمڕۆ سوپاس بۆ خودا دەبینین پارتی لە پێگەیەکی تەواو جیاوازە. ئەو سەنگەی پارتی لە دەرەوە هەیەتی، ئەو پێشوازییەی لە بەرپرسانی ئێمە لە حکومەت دەکرێت لە دەرەوە، لە سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی وەزیران، وەزیرەکانی ئێمە، هەمووی لە سایەت سەری خەبات و ماندوبوونی ئێوەیە، مەسەلەکە کەسی نییە و بۆ هیچ کەسێکیش نییە، ئەوە ئەنجامی پشتیوانی و بەردەوامی ئێوەیە.

باش لە بیرمە لە هەڵبژاردنی رابردووی عێراق، پلانێکی گەورە هەبوو بۆ ئەوەی پارتی وەکو پێویست دەنگ نەهێنێت، پلانێکی جیددیش هەبوو بۆ خستنی پارتی، بەڵام ئەمە چۆن گۆڕا؟ کاتێک زۆرینەی میللەتی کورد بڕیاریاندا پشتیوانی پارتی دەکەن. پارتی بە سەربڵندییەوە گەڕایەوە بۆ بەغدا، چونکە ئێوە پشتیوانی پارتیتان کرد لەو گەڕانەوەیە.

ئێوە دۆستی پارتی و دۆستی گەلی کوردستانتان دڵخۆشکرد، ناحەزانی میللەتی ئێمەش زۆریان پێناخۆشبوو ئەو رۆژە پارتی بەو هێزەوە جارێکی دیکە گەڕایەوە بۆ بەغدا، بۆ دۆست و دوژمنانیش سەلماندی کە پارتی دەمێنێت و ئاڵا هەڵگری خەباتی دۆزی میللەتی کوردە.

کاتێک دەڵێین حیسابێکی جیددی وەکو حیزب بۆ پارتی دەکرێت، مەبەستی ئێمە ئەوە نییە هیچ حیزب و لایەنێک بە کەم بزانین، هەرگیز. مەبەستی ئێمە ئەوەیە ئەوە بەرپرسیاریێتی دەخاتە سەر شانی ئێمە، ئەرکێکی گەورەتر دەخاتە سەر شانی ئێمە، ئەرکێک دەخاتە سەر شانی ئێمە کە پێویست دەکات ئێمە لەگەڵ هەموو حیزبەکان ببینە چەترێک بۆ کۆکردنەوەی هەموو ئەو حیزبانە. ئەوانیش ئارەزووی خۆیانە بۆ هەڵبژاردن دروشم لە دژی پارتی بدەن و خۆیان سەرقاڵی ئەوە بکەن و تێڕوانینیان ئەوەبێت ئەگەر بە خراپی باسی پارتی بکەن دەنگ دەهێنن.. ئێمە جارێ زۆر لەسەر ئەو بابەتە ناڕۆین، ئەسڵەن بابەتی گرنگیدانی نە جەماوەی پارتییە نە لایەنگرانی پارتییە، سوپاس بۆ خودا هۆشیاری میللەتی کورد لە کوردستان ئەوەندە بەرزە بزانێت کە کام حیزب خزمەتی دۆزی میللەتەکەی دەکات، هۆشیاری میللەتی ئێمە لەو ئاستەدایە بزانێت کێ زیاتر پشتگیری دەستکەوتەکانی ئەو میللەتە دەکات و پشتیوان دەبێت بۆ ئەوەی ئەو دەستکەوتانە زیاتر بکات. من دەڵێم میللەتی کورد لەو پرسەدا بڕیاری خۆی داوە، میللەتی کورد بڕیاری خۆی داوە پشتیوانی کام حیزب دەکات.

بە تێڕوانینی من زۆر هەڵەن کە وا بڕوانن بە هێرشکردنە سەر پارتی دەنگ کۆدەکەنەوە، بە دڵنیایی ئاگاداری و تێگەیشتنی میللەتی ئێمە هەر لە خانەقینەوە تاوەکو دەگاتە زاخۆ سوپاس بۆ خودا بایی ئەوەندەیە بزانێت کێ چی کردووە؟ کێ چ دەکات و کام حیزبە بەرگری لە دەستکەوتەکان و مانەوەو ناسنامەی میللەتی کورد دەکات، ئەو حیزبە پارتییە، پارتی دەشمێنێت.

شەرەفێکی گەورەیە بۆ ئێمە ئەندامی حیزبێک بین، لەو کاروانە بین، کاروانی خەباتی هەزاران شەهیدی لەسەر داوە، خەباتێک کە هەزاران پێشمەرگە تێیدا ماندوبوو. شەرەفێکی گەورەیە بۆ ئێمە سەرەڕای هەموو ئەو گلەیی و گازندانەی ئەمڕۆ هەن، لەلایەکیان دابنێین و هەموومان پێکەوە خەبات بکەین بۆ سەرخستنی پارتی.

سیستەمی ئەو هەڵبژاردنە سیستەمێکی نوێیە، بۆ یەکەمجاریشە لە عێراق و کوردستان تاقیدەکرێتەوە، ئەوەی گرنگە لەو هەڵبژاردنە ئەوەیە تاوەکو چەند دەتوانین ئەندام و لایەنگران و خەڵکی خۆمان ببەینە سەر سندووقەکانی دەنگدان، ئەوە لە هەموو شتێک گرنگترە، رێکخستن بنچینەی ئەو مەسەلەیە. شتی گرنگ ئەوەیە سەرکەوتنی کەسێک نییە، سەرکەوتنی پارتییە، سەرکەوتنی کەسێک نییە، سەرکەوتنی رێبازێکی پیرۆزە بەرخودانی چەندین ساڵەیە کە خەبات دەکات و تێدەکۆشێت بۆ میللەتی کورد.

دەڤەرەکەی ئێوە شایەدی ئەو مەسەلەیە، ساڵی 2014 کاتێک داعش هێرشیکرد، بە هەموو هێزی خۆیان کە ئامانجیان ئەوەبوو لالش بگرن، شێخان بگرن، وابزانم هەمووتان ئەوە دەزانن کە ئەوان مەبەستیان چ بوو، ئەو شتەی کە نەیهێشت ئەو خەونە بێتەدی، خەباتی ئێوەبوو، ماندوبوونی پێشمەرگە بوو.

بەبیرم دێت هەر دوێنێ بوو هەر کەسێک لە ماڵەکەی خۆیدا چەکێکی هەبوو دەستی دایە چەک، هەر کەسێک لە ماڵەکەیدا گەنج، پیر تەنانەت ئافرەتانی دەڤەری ئێمە پشتیوانیەکی گەورەیان کرد بوونە خۆبەخش و بەگرییان لە دەستکەوتەکانی میللەتی خۆیان کرد، ئەمە بۆ ئێم ەجێگەی شانازییە.

ئەو خەباتە لە دەڤەرە، لە شێخان لە ئاکرێ و شوێنی دیکەی کوردستان ئەو شتەیە کە ئێمە شانازی پێوە دەکەین، ئەگەر پشتیوانی ئەو میللەتە نەبووایە، ئەگەر ئەو بەرخودانە نەبووایە، دیار نەبوو ئەمڕۆ چارەنووسی کوردستان چ دەبوو.

پارتی و کوردایەتی گرێدراوی یەکن، ئێمە ئایدیۆلۆژیایەکی تەسکی حیزبایەتیمان نییە، لە بیرمە یەکێک لە کۆنگرەکانی حیزب، کۆنگرەی 10 بوو هەندێک لەنێو هۆڵی کۆنگرە نوێژیان دەکرد، لەلایەکی دیکە هەندێک بەرگرییان لە ماددەیەک دەکرد، کە ماددەی پێنجەم بوو لە پرۆگرامی حیزبدا، ئەوانی دیکەش کاتی نوێژ بوو نوێژیان دەکرد، هەر یەکەو بە کارێک. کاتێک سەیرم کرد گوتم سەیرکە پارتی بەمەوە جوانە، لەوپەڕی عەلمانیەت بۆ ئەوپەڕی دیانەت هەموو لەژێر یەک چەتر کۆبوونەتەوە بۆ یەک ئامانج خەبات دەکات لەژێر ئەو ئاڵایە ئامادەن خۆیان بە کوشت بدەن، ئەمەیە پارتی. پارتی ئایدیۆلۆژیایەکی حیزبی نییە، پارتی حیزبی کوردستانە، پارتی حیزبی کوردایەتییە.

ئەمڕۆ پێویستە جارێکی دیکە ئەوە بسەلمێنین کە ئەو حیزبە پێشڕەوە، ئێوە زویرن، گلەییتان هەیە لە جێی خۆیدایە، راستە کەموکوڕیش دەبێت، بەڵام دۆخی ئەمڕۆ، دۆخی کوردستانیش دەبینن هەر لە 2014وە پیلان لەدوای پیلان لەسەر پارتی کراوە، ئەگەر سەیر بکەین لە ساڵی 2014وە وایان نەکردووە ئەو میللەتە پشوو بدات هەردەم پیلانیان بۆ داناوە، لە بەغدا بودجەیان بڕی، ئێمە لە ساڵی 2014، هەزار و 100 کیلۆمەتر سنوورمان لەگەڵ داعش هەبوو، نزیکەی 2 هەزار پێشمەرگەی ئێمە لەو خەباتەدا شەهید بوون و خوێنیان رشت، نزیکەی 10 هەزار پێشمەگە برینداربوون، ئەمە بەرخودانی دوێنێ و پێرێ بوو. ئەگەر ئەو بەرخودانە نەبێت دیار نەبوو ئەمڕۆ ناسنامەی ئەو میللەتەی ئێمە چی لێ بەسەر دێت.

پارتی شانازی ئەوەی هەیە، پارتی پارێزەری ناسنامەی نەتەوەیی میللەتی کورد بووە، هەر لە ساڵی 1961 و شوڕشی بەر لە 1961، ئەوکاتەی شێخ عەبدولسەلام بارزانی رۆڵی گەورەی لەو ناوچەیە هەبوو لە شۆڕشەکاندا، رۆڵێکی گەورەی لە ئاکرێ هەبوو بۆ پشتیوانی بەشداریی شۆڕشەکەیان، ئەمە راستییەکی مێژووییە کەس ناتوانێت ئەو راستیە بگۆڕێت.

هەڵبژاردنی ئەمجارە، من وەکو ئەندامێکی ئەو حیزبە بۆم دیاریکراوە ئەو رۆژە بەشدار ببم و دەنگی خۆم بە فڵان کاندید بدەم، پابەندی حیزبی لێرەدا زۆر گرنگە، پێویستە پابەند بن، پابەندی حیزبی خۆتان بن، مەسەلە ئەوە نەبێت ئەو کاندیدە ئەوەندە دەنگە بهێنێت ئەو کاندیدە دەنگی زۆر بهێنێت، نەخێر، ئەمە زەرەر لە ئێمە دەدات، پێوستە هاوئاهەنگی لەنێوان لقەکاندا زۆر باش بێت، پێوستە هاوئاهەنگی لەنێوان کادرەکانی ئێمە زۆر باش بێت، پێوستە هاوئاهەنگی لەنێوان ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی زۆر باش بێت.

با ئەوەتان پێ بڵێم، نەیار و ناحەزانی ئێمە دڵی خۆیان خۆشکردووە هەندێک کاندید لەو ناوچانەدا سەربخەن، پێویستە ئەو خەونەی ئەوان ببەنە ژێر گۆڕ، پێویستە شتێکی وا بکەن یەک کەسیش دەرنەچێت، نابێت. پێویستە بە هەموو هێزی خۆتانەوە هەوڵ بدەن کاندیدەکانی پارتی دەربچن. تێکەڵی نەبێت ناوچە بۆ ناوچەی جوگرافی، ئەوەی بۆتان دیاری دەکرێت، یەک دەنگ بۆ ئێمە زۆرە.

زۆرجار گوتوومە کێشەی گەورەی پارتی ئەوەیە، حیزبێکە ئەوەندە بڕوای بەخۆیەتی لەو بڕوایەدا هەر شتێک هەبێت هەر سەردەکەوێت، ئەوە باوەڕ بەخۆبوونە زۆر باشە، ئەوە باوەڕ بەخۆبوونە زۆر باشەم بەڵام هەندێکجاریش کێشە دروست دەکات.

پارتی حزبێکی تاقیکراوەیە، حیزبێک نییە دوێنێ و پێری هاتبیتە گۆڕەپانەکە، بیروبۆچوونی جیاواز لەناو هەموو حیزبەکاندا هەیە، بەڵام حیزبێکی یەکگرتووە، حیزبێکە لەژێر یەک ئاڵا خەبات دەکات، یەک سەرۆکی هەیە، یەک سەرکردایەتی هەیە و شانازیشی پێوە دەکات، شانازی بەوە دەکات ئەو سەرکردایەتیە پڕ ئەزموونەی هەیە، شانازی دەکات ئەو سەرۆکەی هەیە بۆ بەرگریکردن لە میللەتی خۆی و بۆ بەرگریکرن لە میللەتی خۆی ئامادەیە، ئەو شتەی پێ بکرێت دەیکات.

داستانەکانی پێشووتر باس ناکەم، داستانەکانی ئەم دواییە، کە لە کتێبە نوێیەکەی جەنابی سەرۆک بارزانی کە دەکەوێت بازاڕ، ئەگەر بیخوێننەوە ئەوە روون دەبێت کە ئەو مێژوو و بەرخودان و خەبات و ماندوبوون کە سەروەتیكی چەند گەورەیە بۆ هەموومان بۆ ئەمڕۆ و بۆ پاشەڕۆژی میللەتی ئێمە.

باسی مێژووی نوێ دەکەم، دوای 2014 ئەو زەحمەتی و ماندوبوونەی کێشراوە بۆ ئەوە بووە بەرگریی لەو میللەتە بکرێت.

ئەمڕۆ تاقیکردنەوەیەکی نوێ بۆ ئێمە هاتووەتە پێشەوە، پێویستە لەو تاقیکردنەوەیەدا سەرفراز و سەر بڵند لێی دەربچین.

داوا لە هەموو ئەندامان و لایەنگران و ئەو کەسانەی کە لە دەڤەرەکانی ئاکرێ و شێخانن، داوایان لێدەکەم و پێیان دەڵێم یەک دەنگ بۆ پارتی زۆرە. ئەو بڕوابوونە بەهێزەی بە خۆمان هەیە کە پارتی سەردەکەوێت، سەردەکەوێت، بەڵام زۆر جیاوازە ئێمە بە هێزەوە سەرکەوین و خەونی نەیارەکانمان ئەوانەی لەو بڕوایەدان پارتی لاواز بێت ئەو خەونەیان لە گۆڕ بنێین، جارێکی دیکە بۆ دۆست و دووژمن بیسەلمێین پارتی یان پێشڕەوە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی میللەتی کورد، پێشڕەوە بۆ زیادکردنی ئەو دەستکەوتانە، کە شەهیدانی ئێمە خوێنی خۆیان لەپێناوی دا، پێشمەرگەی ئێمە بوون ماندووبوون و میللەتی ئێمە خەباتی تێداکرد، پارتی بۆ ئەمە دەچێتە بەغدا.

پارتی دەچێتە بەغدا بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی میللەتی کورد، پارتی بۆ ئەوە دەچێتە بەغدا بۆ ئەوەی بەرگریی لەو دەستکەوتانە بکات لە پەرلەمانی عێراق و ئەو دەستکەوتانەش زیاتر بکات.

بۆیە ئەو هەڵبژاردنە زۆر گرنگە، پێویستە رۆژی دەنگدان هەموومان پێکەوە ئامادە ببین لەسەر سندووقەکانی دەنگدان و هەموو پێکەوە دەنگ بدەینە کاندیدەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان.

داوا دەکەم کاندیدە خۆشەویستەکانمان، کە سۆز و بەڵێن بە هەمووتان دەدەن، بەرگریی لە دەستکەوتەکانی میللەتی ئێمە و خوێنی شەهیدان دەکەن و بەهێزەوە دەچنە بەغدا و خەبات دەکەن. ئەو خەون و شتەی لە مێشکی میللەتی ئێمەدایە پشتیوان بە خودا بەدی بهێندرێت.

بابه‌تی تر

تا چوار ڕۆژی دیکە دەوامی بەشێک لە زانکۆکانی سنووری سلێمانی ڕادەگیرێت

زانکۆکانی سلێمانی و هەڵەبجە و پۆلەتەکنیکی سلێمانی بۆ ماوەی چوار ڕۆژ دەوامیان ڕاگرت. لە ڕاگ…