جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌بۆنه‌ی سه‌ركه‌وتنی پارتی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران په‌یامێكی پیرۆزبایی بڵاو كرده‌وه‌، له‌ په‌یامه‌كه‌دا هه‌روه‌ها كادیرانی پارتی به‌ سامانێكی به‌نرخ و شانازییه‌كی گه‌وره ناو ده‌بات.

نێچیرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌یامه‌كه‌دا ده‌ستخۆشى له‌ یە‌كە ‌یە‌كە‌ی ئە‌و ھە‌ڤاڵه‌ دڵسۆزانە‌ كرد كە‌ لە‌ كۆڵان و گە‌ڕە‌كە‌كان و له‌ هه‌ر شوێنێك بانگه‌شه‌یان كرد و دە‌نگدە‌ریان بردە‌ سە‌ر سه‌ندووقە‌كان.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ سەرکەوتنی پارتی لەم هەڵبژاردنەدا گەواهیدانێكى ڕاستگۆیانەی گەلەکەمانە بۆ متمانه‌ و سەلماندنی پێگەی سەنگینی پارتی لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان:

ئەندامان و جەماوەر و دەنگدەرانی دڵسۆزی پارتی دیموکراتی کوردستان

بە بۆنەی سەرکەوتنی پارتیمانه‌وه‌ له‌ هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، پیرۆزبایییەکی گەرم لە کەسوکاری سه‌ربه‌رزى شەهیدانى قاره‌مان و جەنابی سەرۆک بارزانی و مەکتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی دەکەم. لە دڵەوە پیرۆزبایی لە یەکە بە یەکەی کادیران و ئەندامان و جەماوەری پارتی و ئەو دەنگدەرە خۆشەویستانە دەکەم کە متمانەیان بە پارتی بەخشی.

ئه‌وپه‌ڕى سوپاس و پێزانینم بۆ ئێوەی خۆشەویست لە هه‌موو بنکە، ڕێکخراو، ناوچە، لق، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارێزگاکان، ڕێکخراوه‌ جەماوەری و پیشەیییه‌كان، مەکتەب و دەستە ناوەندییه‌کانى پارتیمان بۆ ڕۆڵی دڵسۆزانە و خەمخۆرانەتان لە ئەنجامدانی بانگەشه‌یه‌كی شارستانییانە و ئارام لەپێناو سەرخستنی هەڵبژاردنەکە و سەرکەوتنی کاندیدانی پارتیدا.

ده‌ستخۆشى له‌ یە‌كە ‌یە‌كە‌ی ئە‌و ھە‌ڤاڵه‌ دڵسۆزانە‌ ده‌كه‌م كە‌ لە‌ كۆڵان و گە‌ڕە‌كە‌كان و له‌ هه‌ر شوێنێك بانگه‌شه‌یان كرد و دە‌نگدە‌ریان بردە‌ سە‌ر سه‌ندووقە‌كان. زۆر سوپاس بۆ دەنگدەرانی خۆشەویست، بۆ بەشدارییان لە پرۆسەی دەنگدان و بەخشینی متمانەیان بە پارتی دیموکراتی کوردستان.

بەشداریی دڵسۆزانه‌تان، سەلمێنەری بەهێزیی باوەڕ و متمانەتانە بە ڕێبازەکەتان. ئێوە سامانێکی بەنرخ و شانازییەکی گەورەی پارتین کە بە هیممەتی ئێوە و دڵسۆزان لە جەماوەری پارتی و کوردستانییان به‌گشتى، هەمیشە بۆ سه‌ركه‌وتن هەنگاو دەنێت.

پیرۆزبایی لە سەرجەم کاندیدە سەرکەوتووەکانی پارتی دەکەم، چاوەڕوانیم لە هەموویان ئەوەیە به‌ باشترین شێوه‌ ئەرکەکانیان ڕاپه‌ڕێنن و خزمەتكاری خەڵک بن، له‌گه‌ڵ ئه‌ندامان و لایه‌نگران و جه‌ماوه‌رى پارتى، هەوێنی یەکڕیزیی لایه‌نه‌ کوردستانییه‌كان و بەرگریکاری سەرسەختی مافە دەستورییەکانی هه‌رێمى كوردستان بن.

سەرکەوتنی پارتی لەم هەڵبژاردنەدا گەواهیدانێكى ڕاستگۆیانەی گەلەکەمانە بۆ متمانه‌ و سەلماندنی پێگەی سەنگینی پارتی لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق. ئەم سەرکەوتنە ئەرک و بەرپرسیاریه‌تییەکانی پارتی زیاتر و گەورەتر دەکات، دەبێت لە ئاستی ئەو بڕوا و دڵسۆزییەی ئەندامان و لایەنگرانی و ئەو متمانەیەدا بێت کە خەڵکی کوردستان پێیان بەخشیوە.

سەرکەوتن لە هەموو پارتییەکان و دەنگدەرانی پارتی و لە تەواوی خەڵکی کوردستان پیرۆز بێت.

بابه‌تی تر

فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانی پشتیوانیی پێشمه‌رگه‌: داستانی پردێ خه‌ونی گڵاوی دوژمنانی كوردستانی پووچه‌ڵ كرده‌وه‌

فەرماندەیی ھێزەکانی پشتیوانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌یاننامه‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌ یادی چوار…