دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا وتەبێژی فەرمی هەردوو حزب، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە دەخەنەڕوو.

لە سەرەتایی کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا ئەمین بابەشێخ، وتەبێژی یەکێتی رایگەیاند: “دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، ئەم کۆبوونەوەیە دەستپێشخەریەکی باش بوو، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی چەندین بابەتی گرنگمان کرد، بەتایبەتی یەکڕیزی کورد لە بەغدا”.

مەحموود محەمەد، وتەبێژی پارتی گوتی: “دوای پڕۆسەی هەڵبژاردن، وەک شاندی پارتی سەردانی هەموو لایەنەکان دەکەین،سەردانەکە سەردانی دۆستانەیە، رەنگە لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن جۆرێک لە نیگەرانی لەنێوان لایەنەکان دروست بووبێت، دەمانەوێت ئەو نیگەرانییە بڕەوێنینەوە، هەموو ئەو لایەنانەی کوردستان کە بەشدارن لە پڕۆسەی سیاسی عێراق دەکەن، پێکەوەبین داکۆکیکی لەو مافە دەستوورییانە بکەین بکە بەدەستهاتوون و کار بۆ بەدەستهێنانی ئەوانەش بکەین کە ماوەن”.

گوتەبێژی پارتی، لەبارەی هەنگاوەکانی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک، ئاماژەی بەوەکرد: “پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق هەنگاویان بۆ ئەم مەبەستە ناوە و لە رێککەوتن نزیکبوون، بەڵام ئاستەنگ هاتنە پێش، ئومێد دەکەین لە داهاتوودا چارەسەری کۆتایی بۆ ئەم پرسە بدۆزرێتەوە”.

لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کوردستان24، لەبارەی یەکڕیزی کورد لە بەغدا، مەحموود محەمەد رایگەیاند: “لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی بە سەرۆکایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی، بڕیاری ئەوەماندا کە تەواوی حزب و لایەنەکانی کوردستانی بەسەر بکەینەوە، بەوانەشەوە کە کورسی پەرلەمانیشیان نەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش ئەم شاندە پێکهێنراوە کە بە فەرمی سەردانی هەموو لایەنەکان بکات، بۆ دروستکردنی یەکڕیزی و رێکخستنەوەی ناو ماڵی کوردستانی بەشێوازێک کە درزێک نەبێت خەڵکی دیکەی ناحەز دەستی تێوەردەدات و کێشە بۆ هەرێمی کوردستان دروستبکات”.

ئەمین بابەشێخ، وتەبێژی یەکێتی لە وەڵامی پەیامنێری کوردستان24 گوتی: “ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین لە بەغدا و هەرێمی کوردستانیش یەکڕیز بین، ئێمەش بەرنامە و دەستپێشخەریمان هەیە و چاوەڕێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن بووین. وەک یەکێتی سەردانی هەموو لایەنەژان دەکەین و پێشوازیش لە دەستپێشخەری هەموو لایەنەکان دەکەین، گەشبینین بە یەکڕیزی لایەنەکان”.

سەبارەت بە پۆستی سەرۆک کۆمار، وتەبێژی پارتی ئەوەی خستەڕوو: “لەبارەی ئەو پرسە هیچ گەنگەشەیەکمان نەکردووە، پێویستە لیژنەیەکی تایبەت بەو مافە دەستووریانەی هەرێمی کوردستان هەبێت، دەبێت دیراسەی هەموو بابەتەکان بکرێت. راستە سەرۆک کۆمار پشکی کوردە، بەڵام ناتوانین بڵێین بۆ فڵان لایەنە، تەنها دەتوانین بڵێین پشکی کوردستانە و مەرج نییە بۆ لایەنێکی دیاریکراو بڕیاری لێدرابێت”.

هەروەها وتەبێژی یەکێتی جەختیکردەوە، لە کۆبوونەوەکە باسی دابەشکردین پلە و پۆست نەکراوە، گوتی: “دووپاتمان لەسەر بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان کردووەتەوە و بە چ شێوازێک نوێنەرایەتی گەلەکەمان دەکەین، ئەوە گرنگە بۆ ئێمە. با پۆستەکان نەکەین بە عوقدەیەکی گەورە، لە سیاسەتدا بە رێگەی پۆستەکان دەتوانین نوێنەرایەتی خەڵک بکەین. پۆستی سەرۆک کۆمار پۆستی کوردە، نەریتێکیش هەیە و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ یەکێتی بێت، باوەڕناکەم ئەوە کێشەیەکی گەورەبێت و ببێتە ئاستەنگ لەبەردەم بابەتە سەرەکییەکان”.

بابه‌تی تر

سەرجەم دەسەڵاتە داراییەکانی بەڕێوەبەری بانکی هەرێم لە سلێمانی ڕاگیرا

بە بڕیاری وەزیری دارایی و بەهۆی دواکەوتنی مووچەوه‌، سەرجەم دەسەڵاتە داراییەکانی بەڕێوەبەری…