مەسروور بارزانی، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٨/٥/٢٠١٩ پێشوازی لە هندریك ڤان دیفێڵد، باڵیۆزی بەلجیكا لە عێراق و ئوردن كرد، كە بە بۆنەی كۆتاییهاتنی ئەركەكەی سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە.
لە دیدارەكەدا، پەرەسەندنەكانی ناوچەكە و پەرەپێدانی پەیوەندییەكان و هەنگاوەكانی كاراكردنەوە و پێكهێنانی دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرا.
مەسروور بارزانی، كار و چالاكییەكانی باڵیۆزی بەرز نرخاند و هیوای سەركەوتنی لە ئەركی نوێیدا بۆ خواست. هەروەها ئاماژەی بە پێشڤەچوونەكانی هەرێمی كوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەكان و گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدا كرد بە مەبەستی گەیشتن بە چارەسەركردنی تەواوی كێشەكان لە چوارچێوەی دەستووردا.
لەلای خۆیەوە، باڵیۆزی بەلجیكا لە عێراق و ئوردن، ئاشتی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستانی بە هۆكارێكی ئەرێنیی فراوانكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان ناوزەد كرد و رایگەیاند، وڵاتەكەی ئامادەیە لە بوارە جیاكاندا پشتیوانی و هاوكاری هەرێمی كوردستان بكات و هیوای پێشكەوتنی زیاتری بۆ هەرێمی كوردستان و سەركەوتنی مەسروور بارزانی خواست لە سەرۆكایەتیكردنی كابینەی داهاتووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.