سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە شارۆچکەکردنی شارەدێی عەنکاوەی ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ، دووشەممە 4-10-2021، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە وتارێکدا لە عەنکاوە، ڕایگەیاند: بە شارۆچکەکردنی عەنکاوە ”بەرپرسیارێتیی زیاتر دەخاتە سەر بەرپرسانی ئەم قەزایە“.

عەنکاوە شارەدێیەکی مەسیحیشینی سەر بە قەزای ناوەندیی هەولێر بوو و ئێستا بوو بە شارۆچکەیەکی پارێزگای هەولێر. عەنکاوە کەوتووەتە باکووری هەولێر و یەکێکە لە هێماکانی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی ئایین و نەتەوە جیاوازەکانی کوردستان.

دەقی وتارەکەی مەسرور بارزانی:

زۆر خۆشحاڵم جارێكی تر هاتینەوە سەردانی شارۆچكەی عەنكاوەمان كرد كە ئێستا بووەتە ناوەندێكی گرنگ بۆ پێكەوەژیانی ئایینی و كۆمەڵایەتی و شوێنی ئاشتەوایی و بووەتە ناوەندێك بۆ ئەوەی زۆر لەو خوشك و برا كریستیانانەی ئێمە كە لە شوێن و ناوچەكانی دیكەی عێراق لەبەر هەر هۆكارێك نەیانتوانیوە بمێننەوە، ڕوویان كردووەتە ئێرە و لێرە نیشتەجێ بوون.

شارۆچكەی عەنكاوە یەكێكە لەو شارۆچكانەی ڕۆژ بە ڕۆژ دەبینین پێشوەچوونی زیاتر بە خۆیەوە دەبینێت و گەورەتر دەبێت. ئێمەش بە ناوی حكوومەتەوە هاتووین لێرەوە پێتان رابگەیەنم كە جەنابی وەزیر و پارێزگار و ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ڕادەسپێرین بۆ ئەوەی ناحیەی عەنكاوە بكرێت بە قەزا تاوەكوو دواتر بتوانن خزمەتی زیاتری دانیشتوانی ئەم قەزایە بكەن.

هیوادارم هەمووتان سەركەوتوو بن، ئەوەی لە دەستمان بێت یارمەتیشتان دەدەین، بەڵام بێگومان ئەمە بەرپرسیارێتیی زیاتریش دەخاتە سەر بەرپرسانی ئەم قەزایە كە لە هەموو ڕووێكەوە هەوڵی خزمەتكردنی دانیشتوانی ئەم قەزایە و هەولێر بەگشتی و هەموو كوردستانیش بدەن.

من جارێكی تر پیرۆزبایی لە خەڵكی شارۆچكەی عەنكاوە و هەولێر و هەموو كوردستان دەكەم، هیوادارم ڕۆژ بە ڕۆژ پێشكەوتنی زیاتر بە خۆیەوە ببینێت.

جارێكی تر دەستخۆشیتان لێ دەكەم و زۆر سوپاس.

بابه‌تی تر

تا چوار ڕۆژی دیکە دەوامی بەشێک لە زانکۆکانی سنووری سلێمانی ڕادەگیرێت

زانکۆکانی سلێمانی و هەڵەبجە و پۆلەتەکنیکی سلێمانی بۆ ماوەی چوار ڕۆژ دەوامیان ڕاگرت. لە ڕاگ…