مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی ئەلجەزیرە، تیشکی خستە سەر پەیوەندی ئێستای نێوان هەولێر و بەغدا و مەترسییەکانی داعش لە عێراق و پەیوەندیی هەرێم لەگەڵ دراوسێکانی.

سەرۆکی حکومەت لە چاوپێکەوتنەکە رایگەیاند: ”پابەندین بە سەرجەم بڕگەکانی یاسای بودجە، ئەوەی لە سەر ئێمەیە جێبەجێی دەکەین بۆیە چاوەڕێ دەکەین سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بنێرێت”.

راشیگەیاند: ”ماوەی 10 مانگ دەبێت حکومەتی فیدڕاڵ هیچ بڕە پارەیەکی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە”.

لەبارەی مەترسییەکانی سەر هەرێم و داعش، مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەکرد، هەرێمی کوردستان ئارامترین شوێنە لە ناوچەکە و دەیەوێت پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ هەموو دراوسێکانی هەبێت.

ئەوەشی خستەڕوو کە هێشتا مەترسییەکانی داعش ماون.

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

ئەلجەزیرە: سڵاوتان لێ بێت بینەرانی بەڕێز بۆ زنجیرەیەکی نوێی بەرنامەی ( دیداری ئەمڕۆ) کە خۆشحاڵم بە میوانداری بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان .

بە دۆسیەی دانوستانی ستراتیجی نێوان ئەمەریکا و عێراق دەست پێ دەکەم تایبەت بە داهاتووی هێزە ئەمەریکییەکان لە عێراق. لایەنی کوردی لە ڕێیی چەند نوێنەرێکەوە بەشدارە لە چوارچێوەی شاندی عێراقی. ئاشکرایە کە جیاوازی بیروبۆچوون لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە سەبارەت بە داهاتووی هێزە ئەمەریکییەکان لە عێراق. ئەو جیاوازییە چییە  ؟

مەسرور بارزانی:

لە گفتوگۆی ستراتیژی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لە گەڵ ئەمەریکا، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرسە ستراتیژییەکان، کە بێگومان هەرێمی کوردستان ئەندامە لە شاندی حکومەتی عێراق، لایەنی عێراقی، لەنێویشیان شاندی هەرێمی کوردستان، لەو بڕوایە دایە، هەڕەشەی تیرۆریزم لە عێراق هێشتا جیدییە، هەر بۆیە هێشتا هاوکاری و یارمەتیدانی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزەکانی عێراق لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا پێویستە، ئەمەش بۆچوونێکی هاوبەشی سەرجەم ئەندامانی شاندی حکومەتی عێراقییە بۆ گفتوگۆ ستراتیژییەکان، لە نێویشیاندا، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

ئەلجەزیرە: بەڵام با بزانین جیاوازیییەکە چییە . بەغدا دەیەوێ هێزە ئەمەریکییەکان بکشێنەوە . قسەش لە بارەی ئەوە هەبوو ئەو کشانەوەیە بنکە ئەمەریکییەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراقیش بگرێتەوە، بۆچوونی بەغدا و هەولێر لە بارەی بوونی ئەو هێزانە چییە ، بەتایبەتی لە سەر خاکی هەرێمی کوردستان .

مەسرور بارزانی:

هەر شتێک رووبدات پێویستە بە پێی ڕێککەوتنێکی گشتی بێت لە نێوان حکومەتی فیدڕاڵی عێراق و هەرێمی کوردستان و ئەمه‌ریکا. نابێت هیچ سیاسەتێکی جیاواز هەبێت.  بۆیە هەرشتێک ڕووبدات دەبێ بە رێککەوتنێکی گشتگیر بێت، هەروەکو ڕاشمانگەیاند ئەمە گفتوگۆیەکی ستراتیژییە لە نێوان حکومەتی عێراقی و ئەمه‌ریکا، هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لەو گفتوگۆیانە، هەمووشی بەندە بەوەی دوا بڕیاری سیاسی عێراق چی دەبێت لەو پرسەدا. هەرێمی کوردستان هیچ سیاسەتێکی جیاوازی نابێت لەوەی چ خاڵێک لەو گفتوگۆیانەدا باس کراوە و رێککەوتنی لەسەر کراوە.

ئەلجەزیرە: جۆری ئەو هەڕەشەیە چییە کە هەولێر و هەرێمی کوردستان هەستی پێ دەکات لەلایەن داعشەوە؟ سەرئەنجام چ پاساوێک بۆ بوونی هێزی ئەمەریکییە هەیە لە هەرێم؟

مەسرور بارزانی:

 ئێمە لەو بڕوایەداین هێشتا داعش مەترسییەکی گەورەیە، نەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکو بۆ عێراق و هەروەها بۆ تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش. داعش بە تەواوی لەناو نەبراوە، لە رووی ئایدیۆلۆژییەوە داعش هێشتا زۆر چالاکە و هێشتا خەڵک رادەکێشێتە نێو ڕیزەکانیانەوە، هەروەک لەم دواییانەشدا بینیوومانە هێشتا توانای ئەنجامدانی كرده‌ی تیرۆریستیان لە ناوچە جیاوازه‌کانی عێراق و سووریاش هەیە. ئەوان هێشتا توانای ئەوەیان هەیە ساڵانە بڕی 150 ملیۆن  دۆلاریان دەست بکەوێت، بۆیە داعش هێشتا چالاکی هەیە و ئێستاش داعش ژمارەیەکی زۆر ئەندامی هەیە. بۆیە دەبێ ئەو مەترسییە کۆنتڕۆڵ بکرێت، بەبێ هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانانیش پێموانییە‌ هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکە بتوانن بە تەنیا و لەیەک کاتدا ڕووبەڕووی ئەو هەموو تەحەدییانە ببنەوە.

ئەلجەزیرە: لە ماوەی ڕابردوودا باسی پووچەڵکردنەوەی هەوڵێکتان کرد کە بە تیرۆریستی ناوتان برد  لە لایەن داعش کە ئامانجی هەولێر بوو  . دۆخی ئاسایشی هەرێم ئێستا چۆنە؟

مەسرور بارزانی:

ئێمە لە ناوچەیەکدا دەژین، کە ڕووبەڕووی ئەو هەموو قەیران و بەربەستە ئەمنیانە بووەتەوە، بەڵام هەروەکو لای هەمووان ئاشکرایە هەرێمی کوردستان ئارامترین شوێنە لە ناوچەکە و بووەتە پەناگەیەکی سەقامگیر و خەڵکێکی زۆر بەهۆی شەڕ و کوشتار، یان هۆکارگەلێکی دیکە، ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و لە کوردستان ژیان بەسەردەبەن، ئەمەش بەهۆی ئەو ئارامی و سەقامگیرییە ڕێژەییەی لێرە هەیە. بۆیە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی ئارامە، بەڵام ئەمەش بەو مانایە نایەت، کە ئێمە هەڕەشەمان لەسەر نییە و لەلایەن گرووپە تیرۆریستییەکانەوە، ڕووبەڕووی ئاستەنگ ناکرێینەوە. هەروەک ئاماژەشت بۆ كرد لەم دواییانەدا شانەیەکی داعش لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکران، ئەو گرووپە پیلانیان داڕشتبوو کاری تیرۆریستی لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن و چەند شوێنێکی دیاریکراو بتەقێننەوە، بەڵام خۆشبەختانە هەموویان دەستگیرکران، ئەمەش وەبیرهێنانەوەیەکە کە هەرگیز ناكرێت ئێمە هەڕەشەی تیرۆر بە کەم بزانین، نە لە هەرێمی کوردستان و نە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق. هەربۆیە ئێمە شانازی بە هێزەکانی ئاسایشی خۆمان دەکەین، کە توانیان ئەو شانە نووستووە ئاشکرا بکەن، پێش ئەوەی بتوانن کارە تیرۆیستییەکانیان ئەنجام بدەن.

ئەلجەزیرە: بە ڕای تۆ ئایا مەبەست لەو هێرشانە ناردنی پەیامی ڕاستەوخۆیە بۆ ئەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بکشێنەوە لە هەرێمی کوردستان ؟

مەسرور بارزانی:

ڕەنگە ئەوە ئامانجەکە بێت، بەڵام ئەوە کارێکی هەڵەیە، لەبەرئەوەی هەروەکو دەزانی ئەمه‌ریکا وڵاتێکی بەهێزە و هاوکاری حکومەت و گەلی عێراقیان کرد لەوەی لەدەست رژێمی دیکتاتۆری پێشوو رزگاریان بێت. هاوکاری ئێمەیان کردووە لە شەڕی دژ بە داعش، ئەوان لێرەن و لەسەر داوا و بانگهێشتی حکومەتی عێراقی و بە ڕەزامەندی حکومەتی عێراق لێرەن. بۆیە پرسیارەکە ئەوەیە، کە ئایا ئەو کەسانە کێن و نوێنەرایەتی کێ دەکەن؟ لەبەر ئەوەی حکومەتی عێراقی لە گفتوگۆدایە لەگەڵ ئەمه‌ریکا لەسەر چارەنووسی ‌هێزەکانی ئەمه‌ریکا لە وڵاتەکە و ئەم گرووپ و هێزانەش لە دەرەوەی دامودەزگا فەرمییەکانی حکومەتی عێراقی هەڵسوکەوت دەکەن، بۆیە ناکرێت کارەکانی ئەو گرووپانە وەکو بۆچوونی عێراقییەکان وەربگیرێت، ئەمە تەنیا کار و بۆچوونی هەندێ لەو گرووپانەیە، کە دەیانەوێت لە ڕێگای هەڕەشە و هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئه‌مه‌ریکا، ناچاریان بکەن لە عێراق بچەنە دەرێ، پێموایە ئەمەش رەوشەکە ئەوەندەی دیکە ئاڵۆزتر دەکات، بەهیچ شێوەیەکیش ئەو رێگایە هاوکار نابێت بۆ گەلی عێراق و هاوکاریش نابێت لە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی عێراق و ئەمه‌ریکا، بۆیە دەبێ حکومەتی فیدڕاڵ بەشێوەیەکی گونجاو چارەسەرێک بۆ ئەو پرسە بدۆزێتەوە.

ئەلجەزیرە: حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دەتوانێ چی بکات بۆ وەستاندنی هەڕەشەی ئەو گرووپانە چەکدارانە بۆمباران دەکەن کە پێتانوایە سەر بە حەشدی شەعبین؟

مەسرور بارزانی:

ئێمە چەندین جار ئەوەمان دووپاتکردۆتەوە، کە لە هەندێ ناوچە بۆشایی ئەمنی هەیە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی پێیدەگوترێت، ناوچە جێ ناكۆكەكان. زۆربەی هێرشەکان لەوێ ئەنجام دەدرێن، یانیش لەوێ پیلانیان بۆ دادەنرێ. بۆ نەهێشتنی ئەو بۆشاییە ئەمنییەش ئێمە لەمێژە پێشنیازی ئەوەمان پێشکەش بە حکومەتی فیدڕاڵ و سەرۆک وەزیران کردووە، کە پێویستە هێزێکی ئەمنی هاوبەش لەو ناوچانە پێکبهێنرێت بۆ پاراستنی ناوچەکە و رێگریش لە چەکدارانی داعش یان هەر گرووپێک بکات کە کاری تیرۆرستی لەو ناوچانە ئەنجام بدەن. بۆیە بە بوونی ئەو هێزە هاوبەش و هەماهەنگییە وا دەکات گۆڕانکارییەکی گەورە ڕووبدات، ئەمەش لە ئەنجامدا وا دەکات، ئەو ناوچەیە سەقامگیر بێت و دەبێتە هۆی سەقامگیرتربوونی دۆخی هەرێمی کوردستان.

ئەلجەزیرە: باسی ئەوەتان کرد کە لە پەیوەندیدا بوون لە گەڵ بەغدا دەربارەی ئەو ڕووداوانەی دوویارە بوونەوە لە لایەن چەند لایەنێکەوە کە لە سەر حەشدی شەعبی دەژمێردرێن. وەڵامی بەغدا چی بوو سەبارەت بەم بابەتە ؟

مەسرور بارزانی:

لەسەرەتا دەبێ بڵێم کە چەندین گرووپی جیاواز لەنێو حەشدی شەعبی هەن بۆیە ناکرێت ئێمە ئەو کارە بەشێوەیەکی گشتی لێک بدەینەوە و تەواوی حەشدی شەعبی تۆمەتبار بکەین. هەروەها گرووپیش هەن لە دەرەوەی یاسان و بەشێکیش نین لە دەزگا فەرمییەکانی حکومەتی عێراقی و هەتا گوێش لە حکومەتی عێراقی ناگرن بەڵکو ڕووبەڕووی حکومەتیش دەوەستنەوە، بۆیە دەبێ ئەو جۆرە گرووپ و کەسانە بهێنرێنە ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتەوە.

ئەلجەزیرە: تا چ ڕادەییەک کۆنترۆڵکردنی ئەو هێزانەی حەشدی شەعبی و وەستاندنی ئەو هێرشانە ، پەیوەندی بە هۆکارەکانی ناوخۆ و پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا و لایەنی هەرێمی و نێودەوڵەتی هەیە ؟

مەسرور بارزانی:

بێگومان ئەو هێرشانە بۆ ئەوەیە زیان بە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و هەروەها پەیوەندییەکانی عێراق و کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی بگەیەنێت. بۆیە هەرکەسێک لە پشت ئەو هێرشانەوە بێت، خزمەتی بەرژەوەندییەکانی گەل و حکومەتی عێراق ناکات. دەبێ حکومەتی فیدڕاڵ چارەسەرێک بۆ ئەم کێشەیە بدۆزێتەوە، ئێمەش وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەین بەهەموو شێوەیەک هاوکاری حکومەتی فیدڕاڵ بکەین تاوەکو ئەو جۆرە بەربەست و هەڕەشانە سنووردار بکەین.

ئەلجەزیرە: هەڵوێستی تاران لەمبارەیەوە چییە؟

مەسرور بارزانی:

من نازانم  بەتەواوەتی مەبەستت چییە، بەڵام ئێران دراوسێمانە و بەرژەوەندی و سیاسەتی خۆی لە عێراق هەیە، سیاسەتەکانی ئێمەش زۆر ڕوون و ئاشکران، دەمانەوێت پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ هەموو دراوسێکانمان هەبێت، لەنێویشیان ئێران. ئێمە سنوورێکی دوورودرێژمان لەگەڵ ئێران هەیە، بەرژوەندی بازرگانی و ئەمنی هاوبەشمان هەیە، بۆیە هیوادارین کە پەیوەندییەکانمان بەهێزتر بێت لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی هاوبەش، کە دەستوەردان لە کاروباری یەکتری نەکرێت.

ئەلجەزیرە: مەبەستم ئەوەیە لە چوارچێوەی ئەو دانوستانەی دەکرێت دەربارەی ڕێککەوتنی ناوەکی و هۆکارە پەیوەندیدارەکاتی تری هەرێمیی، هەروەها پەیوەندی ئەو گرووپانە لە گەڵ ئێران . مەبەستم هەڵوێستی ئێرانە لەم دۆسیەیە؟

مەسرور بارزانی:

لەراستیدا ئێمە تەنیا دەتوانین لەسەر بنەمای ڕاگەیاندراوە فەرمییەکان بڕیار بدەین، لەو چوارچێوەیەشدا ئەوان هیچ بەرپرسیارێتییەکیان لەو کارانە ڕانەگەیاندووە. بێگومان دەشزانین ئەوان سیاسەتێکی ڕوونیان هەیە لەبەرامبەر بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و ئەو سیاسەتەشیان بە ئاشکرا لە میدیاکان ڕاگەیاندووە، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە و پەیوەست بە پەیوەندییەکانمان بێت لەگەڵ ئێران، ئێمە خوازیارین پەیوەندییەکی باش و دۆستانەمان هەبێت لەگەڵیان، پەیوەندییەک لەسەر بنەمای رێزگرتنی هاوبەش و دەست لە کاروباری یەکتری وەرنەدەین، ئەمەش سیاسەتی ئێمە بووە و لەوبارەیەشەوە، راشکاوبووین و لەسەر هەمان سیاسەتیش بەردەوام دەبین.

ئەلجەزیرە: پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا چۆن دەبینین دوای پەسەندکردنی یاسای بودجەی 2021 کە ماوەی چوار مانگ دواکەوت بە هۆی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و جیاوازی بیروبۆچوونی هەردوولا، هەولێر و بەغدا ؟

مەسرور بارزانی:

لە دوای پەسەندکردنی یاسای بودجە، پەیوەندییەکان باشتر بوون، بەڵام لەرووی پڕاکتیکی و كردەییەوە هێشتا هیچ کارێک نەکراوە. هێشتا چاوەڕێی سەرۆک وەزیران و حکومەتی عێراقی دەکەین بەشە بودجەی هەرێم ڕەوانە بکەن، لەسەر بنەمای ئەو رێککەوتنەی هەمانە. ئێمە ڕامانگەیاندووە بە تەواوی پابەندین بە سەرجەم ئەو بڕگانەی رێککەوتنەکە، ئەوەی پەیوەستە بە ئێمە جێبەجێی دەکەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەش چاوەڕێ دەکەین سەرۆک وەزیران و حکومەتی فیدڕاڵی بودجەی هەرێمی کوردستان رەوانە بکەن، هەروەکو دەشزانن ئێستا ئێمە لە مانگی نیسانداین، بەڵام ئەوا بۆ ماوەی 10 مانگ دەبێت حکومەتی فیدڕاڵ هیچ بڕە پارەیەکی بۆ هەرێمی کوردستان ڕەوانە نەکردووە. بۆیە چاوەڕێش دەکەم و هانی سەرۆک وەزیران دەدەم پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان رەوانە بکات.

ئەلجەزیرە: دوای ئەوەی بودجە پەسەند کرا ، پێشبینی دەکەن کەی ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ بکرێت؟

مەسرور بارزانی:

ئێمە چاوەڕێی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دەکەین و ئەوەش لە ڕاستیدا دەگەڕێتەوە بۆ سەرۆک وەزیران و حکومەتی فیدڕاڵ، کە میکانزمێک دابنێن، هیچ بەربەستێکی یاسایی نەماوە، تەنیا ئەوە ماوە یاساکە بەزووترین کات جێبەجێ بکرێت، ئەمەش پێموایە هەنگاوێکی گرنگ و پێویستە.

ئەلجەزیرە: هەر سەبارەت بە ڕێکخستنەوەی پەیوەندی لە گەڵ حكومەتی فيدراڵی ، ڕێککەوتنێک لە نێوانتان هەبوو سەبارەت بە شنگال کە بە ڕێککەوتننامەی شنگال ناسراوە بۆ دەرکردنی گرووپە چەکدارەکان بەتایبەتی پەکەکە لەو ناوچەیە. هەروەها فشاری تورکیا لەمبارەیەوە هەبووە، بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی شەش مانگ بە سەر ڕێککەوتنەکە ، بۆ تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە ؟

مەسرور بارزانی:

ئەوە رێککەوتنێکی باش بوو لە نێوان هەولێر و بەغدا، رەنگە ئەمەش ببێتە دەروازەیەک، یان دەستپێکێک بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی دیکە لە نێوان هەولێر و بەغدا. بەداخەوە رێککەوتنەکە بە کردەیی جێبەجێنەکراوە، ئەمەش لەبەرئەوەی هەندێ لە هێزە یاساییەکان رووبەڕووی دەسەڵاتی هێزەکانی فیدڕاڵی بوونەتەوە. لەگەڵ ئەوەش، بوونی هێزەکانی پەکەکە بەربەستێکی دیکە بووە لەبەردەم جێبەجێنەکردنی ئەو رێککەوتنە، ئێمەش هەتا ئێستا چاوەڕێی حکومەتی فیدڕاڵی دەکەین، کە هەنگاو بنێت و بەرپرسیارێتییەکەی له ‌چوارچێوه‌ی ئەم رێککەوتنە جێبەجێ بکات، چونکە پێمانوایە ئەو رێککەوتنە، نەک تەنیا پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا باشتر دەکات، بەڵکو دۆخی تەواوی ناوچەکەش بە گشتی سەقامگیر دەکات.

ئەلجەزیرە: کاریگەریی ململانێی پەکەکە و تورکیا ئاشکرایە لە سەر هەرێمی کوردستان ، بە تایبەتی کە چەندین گوند لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمدا نەماون بە هۆی بوونی چەکدارانی پەکەکە لەو شوێنانە ، ئەمەش وایکردووە تورکیا بێتە ناوچەکەوە . لەمبارەیەوە دەتوانن چی بکەن.؟

مەسرور بارزانی:

پێشەکی دەمەوێت ئەوەتان بەبیر بهێنمەوە،  کە ئەمە کێشەی ناوخۆی تورکیایە و هێنرایە نێو خاکی هەرێمەکەمانەوە، ئەوە کێشەی نێوان پەکەکە و تورکیایە، نە کێشەی عێراق و نە کێشەی ئێمەیە. ئەم کێشەیە رووبەڕووی ئێمە کراوەتەوە، بەتایبەتی لەو کاتەی ئێمە سەرقاڵی رووبەڕووبوونەوەی داعش بووین. زۆربەی هێزەکانمان تەرخانکرابوون بۆ شەڕی دژ بە داعش و ئەو ناوچەیەش بێ هێز مابوونەوە. بەداخەوە پەکەکە ئەو هەلەی قۆستەوە و هەوڵیدا هەژموونی خۆی فراوانتر بکات، بەتایبەتی لە رووی سەربازییەوە لەو ناوچانە، بۆیە هێزەکانی پەکەکە دەستیان گرت بەسەر ئەو ناوچانەی، کە هێزەکانمانی تێدا بوون، زۆرێک لە خەڵکی سڤیلی ناوچەکەش بەهۆی ئەو شەڕ و ناسەقامگیرییەی لەو ناوچەیە لە نێوان تورکیا و پەکەکە هەیە، نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە نێو ماڵی خۆیان. بەهۆی ناکۆکی و شەڕەوە، نزیکەی 800 گوند لەو ناوچانە ئاوەدان نەکراونەتەوە. دەستپێکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەش ژمارەیەکی دیکەی خەڵکی ناوچەکەی ناچار کردووە لە گوندەکانیان ئاوارە بن، ئێستاش پرسیارەکە ئەوەیە،  کە ئایا بۆچی پەکەکە لێرەیە؟ نابێت پەکەکە لێرە بێت، نابێت ئەوان خۆیان بە بەدیل بناسێنن. ئەوان بەجۆرێک هەڵسوکەوت دەکەن، رێگە بە جووتیاران نادەن بچنە سەر زەوییەکانی خۆیان، ئەوان خۆیان بە بەدیلی دەسەڵات دەناسێنن. بێگومان لەمیانەی شەڕە بەردەوامەکەشیان لەگەڵ تورکیادا،  ناوچەکە زیاتر ناسەقامگیر بووە بۆ خەڵکی ناوچەکە، کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان. ئەوەی ئێمە دەمانەوێت ئەوەیە، کە داوا لە پەکەکە بکەین هەرێمەکەمان بەجێبھێڵن و رێز لە دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بگرن، تورکیاش لەوە تێبگات، کاتێک دۆخی ناوچەکە سەقامگیر بووەوە، چاوەڕێ دەکەین تورکیاش بکشێتەوە نێو خاکی خۆی.

ئەلجەزیرە: ئایا تا چەند ئەوە کاریگەریی لە سەر پەیوەندییەکانتان لە گەڵ تورکیا هەیە ؟

مەسرور بارزانی:

ئێمە پەیوەندی ئابووریمان لەگەڵ تورکیا هەیە. رێگەم بدە بیرتان بێنمەوە کە کورد هەمووی پەکەکە نییە. بۆیە پەیوەندی کورد و تورکیا ناکرێت تەنیا لە چوارچێوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و پەکەکە تەماشا بکرێت. تورکیا کێشەی لەگەڵ پەکەکە هەیە، ئێمە پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵیان هەیە، هەروەکو چۆن لەگەڵ هەموو دراوسێکانمان هەیە. هیواخوازیشین پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانمان پەرە پێبدەین و تێشدەگەین لەوەی هەموومان نیگەرانین بەرامبەر بە دۆخی ئەمنی وڵاتانی خۆمان، بۆیە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا ئاسایین.

ئەلجەزیرە: سەبارەی بە کۆرۆنا و شەڕی جیهانیی بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی ئەم پەتایە ، دۆخی تەندروستی هەرێم بە چ شێوەیەکە لە هەرێمی کوردستانی عێراق . کە ئێمە هەموومان ڕووداوە دڵتەزێنەکەی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیبی بەغدامان دیت؟

مەسرور بارزانی:

زۆر بەداخین بۆ ئەو ڕووداوەی لە نەخۆشخانەی ئیبن ئەلخەتیب لە بەغدا روویدا، پەیوەندیم بە سەرۆک وەزیرانەوە کرد و سەرخۆشی خۆمانمان پێگەیاند. لەهەمان کاتیشدا ئامادەیی حکومەتی هەرێمی کوردستانمان راگەیاند لەوەی نەخۆشخانەکانمان ئامادەن بریندارانی ئەو رووداوە، یاخود ئەو نەخۆشانەی پێویستیان بەچارەسەر هەیە، لەخۆبگرێت. بەشێوەیەکی گشتی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆتە کێشە، نەک تەنیا بۆ ئێمە، بەڵکو بۆتە کێشە بۆ سەرانسەری جیهان. لە کوردستانیش ژمارەی کەیسەکان پەیوەستە بە شەپۆلەکان و هەندێجار ژمارەی رۆژانە دەچێتە خوار سەد کەیس و هەندێجاریش سەروو چەند سەد کەیسێک لە رۆژێکدا.  پێموابێت هەماهەنگییەکی باش لە نێوان وەزارەتی تەندروستی و رێکخراوی تەندروستی جیهانی و هەروەها وەزارەتی تەندروستی عێراقی هەیە، سەبارەت بە کۆنتڕۆڵکردنی ئەو پەتایە و دابینکردنی ڤاکسین بۆ هاووڵاتیان. ئێمە هیواخوازین ڤاکسینی زیاترمان بەدەست بگات لەبەرئەوەی پرسی گەیاندنی ڤاکسین بۆ هەرێمی کوردستان زۆر خاوە و ژمارەشیان زۆر کەمە. بۆیە ئەمە هەلێکی باشە بۆ ئەوەی ڕایبگەیەنم کە ئێمە پێویستمان بە بڕێکی زیاتری ڤاکسین لە هەرێمی کوردستان هەیە، چونکە پێموایە دواجار ڤاکسین هاوکار دەبێت لەوەی بگەڕێینەوە دۆخی ئاسایی ژیان، نەک تەنیا لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لە تەواوی عێراقیش.

ئەلجەزیرە: ئایا حکومەت پێداچوونەوەی بە پێداویستییە تەندروستییەکان بۆ نموونە وەکو ئۆکسیجن و ڕێوشوێنەکانی سەلامەتی کردووە ؟

مەسرور بارزانی:

بەداخەوە پێموانییە کەرتی تەندروستی لە عێراق لە دۆخێکی باشدا بێت. بۆیە پێموانییە ئەوان کاری زیاتر لەوەی هەیە بتوانن ئەنجامی بدەن. زۆربەی پێداویستییەکانمان بە خۆمان دابینی دەکەین. هەندێ هەماهەنگیی لە نێوان وەزارەتەکانی تەندروستی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵدا هەیە، ئەوان ئەو پێداویستیانەی لەبەردەستیانە دەتوانن دابینی بکەن، بەڵام بێگومان ئێمە چاوەڕێی زیاتر دەکەین. چاوەڕێش دەکەین حکومەتی عێراق گرنگی زیاتر بە کەرتی تەندروستی بدات، لەو رێگایەشەوە هاوکاری زیاتری هەرێمی کوردستان بکات.

ئەلجەزیرە: زۆر سوپاس بۆ بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردنتان لە بەرنامەی ( دیداری ئەمڕۆ ).

مەسرور بارزانی:

سوپاستان دەکەم.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

ڕێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان سوپاسنامه‌یه‌ك ئاراسته‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی ده‌كات

عومه‌ری سه‌ید عه‌لی، ڕێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان سوپاسنامه‌یه‌ك ئاراسته‌ی مه‌كته‌بی سی…