مەحموود محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، ئەوانەی لەسەر دژایەتیکردنی پارتی بەشێک لە خەڵکیان چەواشە کردووە، هەمیشە فاشیل بوون. هاوکات دیدگای خۆیان لەمەڕ ئارامکردنەوەی پەیوەندییەکانی هەرێم و ناوەند دەخاتە ڕوو، کە دەبێ ئەو هەستی خۆزاڵکردنەی ناوەند نەمێنێت، بەڵکوو تێ بگەن بە شەراکەت و تەوافق و تەوازنی ڕاستەقینە وڵات ئارامی بە خۆیەوە دەبینێت و، واز لە عەقڵییەتی کەڵەکەکردنی کێشەکان بێنن.

مەحموود محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە میانەی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی (کوردستان تیڤی)، لەسەر پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن و تێڕوانینیان لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە ڕایگەیاند، ئەوان هەر لە سەرەتای دەستپێکی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە هەموو ئەو لایەنانەی خۆیان کە پەیوەستن بە بانگەشەوە ئاگادار کردووەتەوە کە هەڵمەتێکی هێمن و لەسەرخۆ و سەردەمییانە بەڕێوە ببەن، بە شێوەیەک کە لە ئاستی مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستاندا بێت و، بە هیچ شێوەیەک پەنا نەبەنە بەر وشەی زبر، یان بە شێوەیەک لە شێوەکانی شکاندنی کەسی دیکە.

جەختی لەوەش کردەوە، بانگەشەکانی پارتی هەر بەو ڕەوتەی دیاری کراوە، بەڕێوە چووە و، ئەگەر ناچار نەکرێن! پێی وایە ئێستا کوردستان پێویستی بەو جۆرە هەڵمەتە هەیە، کە هەر کەس و لایەنێک بێن و ئەوەی لە هەگبەیاندایە، پێشانی هاووڵاتیانی بدەن، هاوکات ئەو بەڵێنەش بە هاووڵاتیان بدەن کە نەبێتە هۆی نیگەرانیی خەڵکی کوردستان.

کاریگەریی فرەبازنەیی

مەحموود محەمەد ئاماژە بە جیاوازیی سیستم و یاسای ئەم جارەی هەڵبژاردن دەدا، کە ئەم جارە بازنەکان لەسەر بنەمای ناحیە و قەزا و پارێزگا نین، هەروەها لەسەر بنەمای کۆی عێراقیش نییە، بەڵکوو بە شێوازێکی تایبەتی ناو دەبات و دەڵێت: “هەندێ هەوڵ و ماندووبوونی دەوێت، هەوڵمان داوە خۆگونجاندێک لەگەڵ ئەو بابەتە بکرێت”.

لەسەر چۆنیەتیی بانگەشەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختەیە، ئەوەی باس کرد، کە پارتی دەیەوێت ئەو بانگەشەیەی دەیکات، لە پاش هەڵبژاردن و لەنێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کاری بۆ بکات و جێبەجێی بکات، هەر بەوەش کار دەکەن لەپێناو ڕاکێشانی سەرنجی دەنگدەر.

مەحموود محەمەد دەستپێکردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنی لەلایەن پارتییەوە بە هەڵمەتێکی باش ناو برد، کە لەسەرخۆ و هێمنە و، بە شێوازێکە خەڵکی هەرێمی کوردستان ئارەزووی وەها هەڵمەتێک دەکەن کە نەبێتە هۆی نیگەرانی و دروستکردنی کێشە، ئەوەیشی دووپات کردەوە، کە دەبێ خواستی میللەت لە میانەی بانگەشەکاندا ڕەنگدانەوەی هەبێت.

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بە بانگەشەی کاندیدەکانیان دا کە لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەیەی بۆیان دیاری کراوە، بانگەشەی خۆیان دەکەن و جەختیشی لەوە کردەوە، دەبێ ئەو بەڵێنانە بدەن کە پارتی دیموکراتی کوردستان دەتوانێت جێبەجێیان بکات و شتێک نەڵێن ناواقیعی و خەیاڵی بێت، شتێک بێت کە پارتی دەتوانێت لەگەڵ بەغدا بیکات و جیاواز بێت لەوەی لە کوردستان دەتوانن بیکەن، بەو پێیەی ئەم هەڵبژاردنە بۆ عێراقە، نەک بۆ هەرێمی کوردستان.

ڕوونیشی کردەوە، هەندێ لایەن وا بانگەشە دەکەن، دەڵێی هەڵبژاردنەکە بۆ هەرێمی کوردستانە و کۆمەڵێ بەڵێنی بەو جۆرە دەدەن! مەحموود محەمەد تیشکی خستە سەر پێکەوەبوونی دوای هەڵبژاردن، لەو پێناوەی قورساییەکی باش بداتە لایەنی کوردی بۆ نێو پرۆسەی سیاسی و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، تا بتوانن ئەو کێشە کەڵەکەبووانەی چەندین ساڵە چارە نەکراون، چارەیان بکەن. ئومێدیشیان وایە، بتوانن بەشێک لەو کێشانەی چارە نەکراون و بوونەتە هۆی پەرتەوازەیی و کیشەی لاوەکیی دیکە، چارەیان بکەن و، ئارامییەک بۆ عێراق بگەڕێتەوە، چ لە ڕووی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و پەروەردەییشەوە کرانەوەیەک بێت کە پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵی بۆ دەدا، کە لە دوای هەڵبژاردن لەگەڵ لایەنەکانی دیکەدا ئەو تێگەیشتنە دروست ببێت، بەو پێیەی بتوانن ئاڕاستەیەک بدەنە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە خزمەتی گەلی عێراق و خەڵکی هەرێمی کوردستانیش بێت.

پارتی لە بەغدا توانای زیاتر بێت، دەسکەوتی نەتەوەییمان زیاتر دەبێت

مەحموود محەمەد، باس لەوە دەکا، ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان پشتی پێی بەستووە، متمانەی خەڵکی کوردستانە، ئەو متمانەیەش هەر لە یەکەم هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٢ەوە بە پارتی دراوە، کە زۆرینەی دەنگی هەرێمی کوردستانی بەدەست هێنا، چونکە دڵنیاییەکیان لەگەڵ پارتی و ڕێبازی بارزانیدا هەیە و، دەزانن هەموو توانا و وزەیەکی پارتی بۆ مافەکانی گەلی کوردستانە، هەر بۆ ئەوەش پارتی دامەزراوە، کە بەرگری لە ماف و ئازادییان بکا و، ئەو مافانەی بەدەستیان نەهێناوە بەدەستی بێنن و، نە‌هێڵێت پیلانی دوژمنان لەسەر مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان سەر بگرێت.

گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دووپاتیشی کردەوە، کە هەموو هەوڵێک دەدەن ئەو متمانەیەی پێشووی هاووڵاتیان بە پارتییان هەبووە، بەدەستی بێننەوە، ئەویش بە پشتگیریی هەموو چین و توێژەکانی نێو کۆمەڵگەی کوردستان، هاوکات بتوانن ئەو مافانەی بەدەستیان هێناون، بیانپارێزن و زیاتریشی بکەن، گوتیشی: “ئێمە تەسەور دەکەین، تا پارتی لە بەغدا توانای زیاتر بێت، دەتوانێت زیاتر دەسکەوتی بۆ خەڵکی کوردستان هەبێت و، ئەو مافانەیشی پێشتر پێشێل کراون، نەهێڵێت پێشێل بکرێن و ئازادی و مافەکانیان زیاتر بکا”.

ئەو جەختیش لەوە دەکاتەوە، یەکێ لە خاڵەکانی کارنامەی پارتی، دەستوورە، کە ببێتە بناغەی چۆنیەتی کۆکردنەوەی هەموو عێراقییەکان پێکەوە، چونکە دەزانن لە دیباجەی دەستووری عێراقدا نووسراوە، ئەم وڵاتە بە یەکپارچەیی دەمێنێتەوە، بە مەرجێک ڕێز لە هەموو پێکهاتەکانی بگیرێت و جێبەجێ بکرێت، دووپاتیشی دەکاتەوە، ئەوەی پارتی گلەیی و سەرنجی لێی هەیە، ئەوەیە، کە لایەنەکانی دەستەڵاتی نێو پرۆسەی سیاسیی بە ئەنجومەنی نوێنەران و حکوومەتی عێراقیشەوە، بە شێوەیەکی ئینتیقائی ماددەکانی دەستوور هەڵدەبژێرن بۆ جێبەجێکردنی! کە دەزانن لە ساڵحی هەندێ لایەندایە! بەڵام پارتی هەوڵ دەدا ئەو ئینتیقاییە نەهێڵێت و، دەستوور وەک ئەوەی هەیە تەفسیری جیا جیای بۆ نەکرێت و، وەک ئەوەی خەڵکی عێراق بەگشتی دەنگی بۆ داوە، جێبەجێ بکرێت، ئەوەی لە دەستووردا هاتووە وەکخۆی جێبەجێ بکرێت، ئەوا کۆمەڵێ مافی دیکەی وەک، نەتەوەیی و نیشتمانی و خزمەتگوزاری و، دابینکردنی میزانییە و ئیمکانیات و شایستە داراییەکان دەگەڕێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

سەبارەت بە گەشبینیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەمبەر هاتنە پێشەوەی لایەنە عەرەبەکان بۆ جێبەجێکردنی دەستوور وەکخۆی، مەحموود محەمەد، ئاماژەی بەوە دا: دەبێ تەجرووبە لە هەندێ ڕووداو وەربگرن، ئایا دروستکردنی کێشە، یا چارەکردنی کێشە بە کێشە، چ سوودێکی بۆ عێراق هەبووە؟! نموونەیشی بەوە هێنایەوە، کە لە سەرەتای دروستبوونی ئەم دەوڵەتەی پێی دەگوترێت عێراق تا ئێستا، کەی توانیبێتیان هەندێ لە کێشەکان چارە بکەن، ئەوکات ئارامییەک بۆ عێراق گەڕاوەتەوە.

ئەوەیشی ڕوون کردەوە، ساڵی ١٩٧٠ کاتێ ڕێککەوتننامەی ئازار لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بارزانیی نەمر و، حکوومەتی ئەوسای عێراق کرا، بۆ چەند ساڵ ئارامی باڵی بەسەر هەموو عێراقدا کێشا و هەر ئەم وڵاتەش گەشەیەکی باشی ئابووری و کۆمەڵایەتیی بە خۆیەوە بینی و لە زۆر بواری دیکەدا پێش کەوت، بەراورد بەو کاتانەی عێراق کێشەکانی خۆی چارە نەکردبێت، یا هەوڵی دابێت لەپێناو شاردنەوەی کێشەیەک، کێشە دروست بکا، دەستکەوتی لەدەست داوە و بناغەی ئابووری وڵاتەکەیشی هەڵتەکاندووە! تەنانەت کاریگەرییشی لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی وڵات هەبووە و تێکی داوە! هەربۆیە مەحموود محەمەد پێی باشە هەموو لایەک وانە لەو ڕووداوانەی پێشوو وەربگرن.

ئاماژەی بەوەش دا، کە هەموان ئومێدیان وا بووە، لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە عێراقێکی نوێ لەسەر بنەمای چارەکردنی کێشەکان بنیاد بنێنەوە، نەک لەسەر بنەمای تەرحیلکردنی کێشەکان وەک ئەوەی لە پێشووشدا هەندێ جار کراون، مەحموود محەمەد گوتیشی: “بڕوانە کێشەی هەشت ساڵ شەڕ لەگەڵ ئێران، لە ئاکامی چییەوە هات؟! لەسەر ئەوە بوو عێراق ئامادە بوو ئاو و خاکی وڵاتەکەی بداتە ئێران، بەڵام ئامادە نەبوو لەگەڵ شۆڕشی کوردستان ڕێک بکەوێت، کە کەرکووک بەشێکە لە کوردستان، لە کاتێکدا گەر کەرکووک بەشێک بێت لە کوردستان، خودی کوردستانیش بەشێکە لە عێراق”.

دووپاتی ئەوەش دەکاتەوە، هەمووان ئەو عەقڵیەتەیان هەبێت، کە لەپێناو چارەکردنی کێشەکان دەتوانن گفتوگۆ بکەن و تێگەیشتنیان هەبێت، ئەویش بەنیەتی چارەکردنی کێشەکان، نەک بە نیەتی ئەوەی درێژە بە گفتوگۆ بدەین بۆ ئەوەی کە درێژە بە کات بدەین و نەهێڵین کێشەکە چارە بکرێت.

گوتەبێژی فەرمیی پارتی، بەباشی دەزانێت، ئەوانەی لە عێراقدا دەستەڵاتدار دەبن، تێ بگەن، ئەم وڵاتە بە یەک لایەنی نەتەوەیی، ئایینی و مەزهەبی بەڕێوە ناچێت! ئەوەش ئیسپات بووە، هەربۆیە دەبێ شەراکەتێکی ڕاستەقینە لە وڵاتدا هەبێت و هەمووان پێکەوە هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن، تا بتوانن عێراقێکی پێشکەوتوو و خۆشگوزەران بۆ گەلەکەیان درووست بکەن و چی دی نەگلێتە نێو ئەو کێشانەی چ لە نێوخۆی خۆیدا، یا دەورووبەری درووستی کردبوو.

گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک

مەحموود محەمەد کێشەی کەرکووکی بە بابەتێکی کۆن ناو برد، بەو پێیەی هەر لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە هەبووە و، هەر جارێ چارەی بۆ دانرابێت، حکوومەتی عێراقی لێی پاشگەز بووەتەوە.

ئەو باسی لەوەش کرد، هەندێ جار حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق داوایان کردووە، کەرکووک نیوەی سەر بە کوردستان بێت و نیوەی سەر بەوان، یا پێکەوە بەشدار بن لە بەڕێوەبردنی شارەکە، هەندێ جاریش گوتوویانە هەر نابێت! زۆر کێشە و ڕێککەوتن و بەڵێن لەسەر ئەو شارە هەبووە، بەڵام هیچ ڕێککەوتنێک جێبەجێ نەکراوە.

سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای کەرکووک، ئاماژەی بەوە دا، کە هەڵبژاردن لە پێشە و لەگەڵ دەسەڵاتی ئەمنی و کۆمسیۆن قسەیان کردووە، کە دەبێت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، سەرجەم کاندیدانی لایەنەکان لە هەرشوێنێکن لە بانگەشەکانی خۆیان ئازاد بن، تا بتوانن پەیوەندی بە جەماوەرەکانیانەوە بکەن و تێکەڵاویان بن، بۆ ئەوەی ئەو پڕۆگرامەی هەیانە پێیانی ڕابگەیەنن، هەر لەو ڕوانگەشەوەیە، کە کاندیدەکانیان لە سنووری کەرکووک و شنگال و مووسڵ و خانەقین و تەنانەت لە بەغداش چالاکیی خۆیان ئەنجام دەدەن، ئەوەشی بە مافێکی سروشتی وێنا کرد.

مەحموود محەمەد ئەوەشی ڕوون کردەوە، ئەو بارودۆخەی لە کەرکووک هەیە، پەیوەندیی بەو کۆمیتە و لیژنانەوە هەیە کە لە نێوان ئەوان و حکوومەتی عێراقدا درووست کراون بۆ چۆنیەتیی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێممی کوردستان.

ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقیدا هەیە، بووەتە هۆکاری کۆمەڵی ڕووداوی ناخۆش، دەبینرێت داعش چۆن توانیویەتی نفووزی لەو ناوچانە هەبێت و بتوانێت کێشە بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە دروست بکات، بە کورد و عەرەبیشەوە، کە سەرەنجام هەمووان لێی زیانمەندن، هەربۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق، ڕێککەوتنێکی باشیان لەسەر بارودۆخی شنگال ئەنجام دا، بەڵام ئەسەفی کێشا کە کۆمەڵێ ڕێگری بوونە هۆی جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنەکە، “ئەگەر بهاتبایە ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ بکرابایە، دەبووە ئاسۆیەک بۆ شوێنەکانی دیکەش، تا وەک وانەیەک لە شوێنەکانی دیکەش ڕێککەوتن بکرابایە و جێبەجێ بکرانایە، ئیدی کیشەکانیش چارە دەبوون، ئێمە مادام لە عێراقدا پێکەوە دەژین، بەتایبەت برایانی عەرەب، کە جەخت لەوە دەکەنەوە پێکەوە بژین، دەبێ ڕێگای پێکەوەژیان بدۆزینەوە، نەک ئەو ڕێگایەی چۆن خۆمان بەسەر یەکدا بسەپێنین! ئەمە هەڵەیە، تا ئێستاش ئەمە بووە، بۆیە بەردەوام کێشە هەبووە”!

جیاوازیی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و کەرکووک

مەحموود محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەسەر پرسی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و کەرکووک، ئاماژەی بەوە دا کە کۆمەڵێ ئاستەنگ هەن، هەندێکیان نوێ نین، ئەو تمووحەی حکوومەتی عێراق لە دێرزەمانەوە لەسەر کەرکووک هەیەتی، جیاوازە لەو تمووحەی کە پارتی هەیەتی، ڕوونی کردەوە، ئەوان تەماحیان لە نەوتی شارەکەیە! بەڵام پارتی تمووحی لە خاکەکەیەتی کە نیشتمانی کوردستانە، هەربۆیە بەلای ناوبراوەوە، دوو شتی زۆر جیاوازن، جەختیش لەوە دەکاتەوە، پارتی کە باسی کەرکووک دەکا، مەبەست لێی نەوت و غازەکەی نییە، بەڵکوو بابەتی سەرەکی نیشتمانیبوونی ئەو شارەیە.

دووپاتیشی دەکاتەوە، حکوومەتی عێراق لەسەر ئەو بۆچوونەی خۆیان کۆمەڵێ شتیان تاقی کردەوە و تێیدا فاشیل بوون، وەک سیاسەتی تەعریب و تەرحیل کە ئەنجامیان داوە، تەنانەت ئەنفالیش، هەمووی لەو پێناوە بوو کە چۆن بتوانن تەعریبی کەرکووک بکەن، بەڵام سەری نەگرت و سەریش ناگرێت، هۆکارەکەیشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە کورد خۆی لەوە یەکلا کردووەتەوە، بەتایبەت ئەوانەی پەیڕەوی ڕێبازی بارزانین، کەرکووک کوردستانییە و ئەو شارەش بە پێکهاتە و جیاوازییەکانییەوە جوانە، کە پێکەوەژیان لەوێ هەبێت، بەڵام وەک نیشتمان، ئەو شارە بەشێکە لە نیشتمانی کوردستان.

ئەوانەی دژایەتیی پارتییان کردووە، هەمیشە فاشیل بوون

لێرە و لەوێ دەگوترێت ئەوانەی دەیانەوێت دەنگ بەدەست بێنن، هەمیشە هێرش بۆ سەر پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن، مەحموود محەمەد پێی وایە، ئەوانەی ئەو کارانە دەکەن، نیشانەی پێنەبوونی شتێکی نوێیە تا پێشکەشی خەڵکی بکەن و بەرنامەیەکی نوێیان پێ نییە تا سەرنجی خەڵکی بۆ خۆیان ڕاکێشن، ئەوەش دەرەنجامی هێرشکردنیانە بۆ سەر پارتی، ئەو هێرشەیشی هەر کەسێ دەیکا، تا لەنێو قەواعیدی خۆی دەنگی پێ کۆ بکاتەوە و خۆی پێ قەبە بکا، کارێکی خراپە. ئاماژەی بەوەش دا کە هەندێ لایەن ئەوەیان کردبێت، چەواشەکردنی بەشێکی خەڵک بووە و مەوداکەیشی کورتە و بەسەر دەچێت.

وتەبێژی پارتی گوتیشی، هەر کەس و لایەنێک بە هێرشکردنە سەر پارتی بانگەشەی کردبێت، یا لەمەودوا بیکا، ئاشکراکردنی ئەو ڕاستییەیە، کە وەک شەخس توانا و بەرنامەی نییە تا ئەو بارودۆخەی ئێستا هەیە، چاکی بکا، یان نەبوونی بەرنامەیە تا لە ئایندەدا و لەنێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێشکەشی خەڵکی کوردستانی بکا! جەختیشی لەوە کردەوە، گەر وەک حیزبیش وەها کارێک بکەن، ئەوا هەمان ڕاستییە کە ئەوانیش هیچ بەرنامەیەکی نوێ و ئەجێندایەکیان پێ نییە، جیا لە دووبارەکردنەوەی قسەی ئەو خەڵکانەی کە فەشەلیان هێناوە لە ئاکامی ئەو سیاسەتەدا و دەبێ وانە وەربگرن!

مەحموود محەمەد ئەوەشی خستە ڕوو: ئەوان وەک پارتی بە تەوسییەی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، بە شێوەیەکی سەردەمیانە و نەرم دەستیان بە بانگەشە کردووە، گرژی و زمانی زبر بەکار نەهێنن، هاوکات هەوڵ بدەن ئەوەی هەیانە بە خەڵکی ڕابگەیەنن، ئەویش لەپێناو نیگەراننەکردنی هاووڵاتیان. جەختیشی لەوە کردەوە، هەندێ کەس و لایەن جۆرێ لە هەڵمەتیان دەست پێ کردووە کە ئەوەش سنووری هەیە و بە دەرچوونی لە سنوور، ڕەنگە کۆنترۆڵ نەکرێت و وەڵامدانەوە هەبێت، کە ئەو وەڵامانەش هەرگیز لە خزمەتی ئەواندا نابێت.

ئەو دووپاتی کردەوە، هەر کەس و لایەنێک دژایەتیی پارتی کردبێت بۆ وەدەستهێنانی دەنگ، هەمیشە شکستیان هێناوە و سەرکەوتوو نەبوون، لە دوای تەواوبوونی هەر هەڵبژاردنێکدا و سەرباری ئەو هەموو وشە ناشرینە و هێرشی ڕاگەیاندنەکانیان کە بەرانبەر پارتی بەکاریان هێناوە، بەڵام هەمیشە زۆرینەی خەڵکی کوردستان لە ڕاستییەکان تێ گەیشتوون و لەگەڵ پارتیدا بوون، نموونەیشی بەوە هێناوەیە کە بە سێ چوار حیزبیش هێندەی پارتی دەنگ یا کورسییان نەهێناوە، ئەوەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ئەو ڕەوتە هەڵەیە و بەباشی زانی کە پێوست ناکا دووبارە ئەو ڕەوتە دووبارە تاقی بکەنەوە.

ڕوونیشی دەکاتەوە، هەمیشە پارتی دیموکراتی کوردستان، لەپێناو بەرژەوەندییە نیشتمانی و نەتەوەییەکان و، یەکڕیزیی نێوماڵی کوردستان و تەبایی، لە دوای هەڵبژاردنەکان چاوپۆشیی لە مستەحەقاتی خۆیشی بۆ لایەنەکانی بەرانبەر کردووە، ئەوەش لەپێناو پاراستنی ئەم دەسکەوت و قەوارەیەی هەیە، هاوکات هەوڵیش بدەن هەموان پێکەوە شان بدەنە بەر ئەو مافانەی تا ئێستا بەدی نەهاتوون، بەدییان بێنین و لەجیاتی دژایەتی، با گونجان و هەماهەنگی هەبێت.

مەحموود محەمەد نایشارێتەوە کە هەندێ شت لە هەندێ لایەن بەدی دەکەن، هەڵەیە، وەک تێکەڵکردنی مونافەسە و دژایەتی، “ئێمە لەگەڵ ئەحزابی دیکەی کوردستانی مونافسی یەکین، بەو مانایەی ئێمە چیمان هەیە لە ڕووی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و ئەوان چییان هەیە، با بێین لەسەر بەرنامەکان مونافەسە بکەین، کاممان زیاترین بەرژەوەندییەکان دابین دەکەین، کاممان دەتوانین ئابوورییەکی باشی سەردەمیانە بۆ خەڵکەکەمان و شایستە داراییەکانیان بۆ دابین بکەین، بەداخەوە لە کودستان هەن کە پێیان وایە لایەنی مونافست دوژمنتە، ئەوەش لێکەوتەی خراپی دەبێت و لە ڕابردوودا بینومانە”!

مەحموود محەمەد ئومێد دەکا کە سەرکردایەتیی ئەو لایەنانەی بانگەشەکانیان لەسەر شکاندنی حیزبەکانی دیکەیە، واز لەو کارە بێنن، بەو پێیەی هەمووان مونافسن، بانگەشە و مونافەسەش لەسەر بنەمای شکاندن و چەواشەکاری دروست نابێت، بەڵکوو بانگەشە لەسەر بنەمای ئەو بەرنامەیە کە لایەنەکە هەیەتی و هاووڵاتیانیش لەسەر بنەمای نێوەڕۆکی بەرنامەکە دەنگ بە لایەنەکە دەدەن، “تۆ کاڵای خۆت بەیان بکە، بەڵام ناگونجێ کاڵای لایەنی دیکە بشکێنیت، دوای هەڵبژاردنەکانیش بۆ لایەنی بەرانبەرمان سەلماندووە، کە بانگەشەکەتان هەڵە بووە”!

ئەو بە سەرسوڕمانەوە باسی لەوەش کرد، هەندێ جار هەبووە، کە هەڵبژاردن تەواو بووە و هێشتا ئەنجامەکانی ڕانەگەیەندراون، لایەن هەبووە بانگەشەی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دەست پێ کردووەتەوە! گوتیشی، هەر لایەنێک ئۆپۆزسیۆنە، بەرپرسیارێتی هەیە و، هەر لایەنێکیش دەسەڵاتە و بەشدارە تێیدا، ئەویش بەرپرسیارێتیی هەیە. جەختیشی لەوە کردەوە، بەرپرسیارێتیی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لە هەندێ بابەتدا شەریکن، وەک بابەتە نیشتمانی و نەتەوەیییەکان و بەرژەوەندییە باڵاکانی هاووڵاتیان.

ئابووریی سەربەخۆ

تۆمەتبارکردنی پارتی لەسەر بڕینی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەغداوە بە هۆکاری ڕاگەیاندنی ئابووریی سەربەخۆ و فرۆشتنی نەوتی هەرێم، بەلای مەحموود محەمەدەوە ڕاست نییە، بەو پێیەی کاتێ بەغدا سزای هەرێمی کوردستانی داوە، حکوومەتی هەرێم دەستی بە فرۆشتنی نەوت نەکردووە، کوردستان دەبوو ڕێگەیەک بدۆزێتەوە، کە بودجەی بڕدراوە، تا ئیدارەی خەڵک و حکوومەت بدا.

ئەو نایشارێتەوە، کە بەشێک لە دەسەڵاتدارانی بەغدا بە هاوکاریی هەندێ کەسی دیکە، لە هەوڵی ئەوەدا بوون، هەرێمی کوردستان بە چۆکدا بێنن، تا ئاستی نەهێشتن و تواندنەوەی، یان لەپێناو شایستە داراییەکاندا ئەو دەستکەوتانەی هەیە لەنێوی بەرن!

مەحموود محەمەد جەختیش لەوە دەکاتەوە، کاتێ لایەنەکان لەسەر پرسی فرۆشتنی نەوت و ئابووریی سەربەخۆ لە ئەنجومەنی وەزیران کۆ بوونەتەوە و ئەویش تێیدا بەشدار بووە، سەرۆکی حکوومەتی ئەوکات و وەزیرەکان، ئەو پرسەیان لەگەڵ حیزبەکان باس کردووە و پاش چەند کاتژمێرێک گفتوگۆ، هەمووان گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە باشترە هەرێمی کوردستان نەوتی خۆی بفرۆشێت، تا ناچار نەبن چۆک بۆ حکوومەتی عێراقی دابدەن، “موافەقەی حیزبەکانی لەسەر بوو، بە لایەنی ئیسلامی و عەلمانییەوە، بە لایەنی ئەوانەی لە دەسەڵات بوون، تەنانەت بە لایەنی ئەوانەیشی ئۆپۆزسیۆن بوون، پێکەوە هەمووان دانیشتبووین و گفتگوگۆی ئەو بابەتەمان کرد، بە بڕیار و پەسەندکردنی هەموو لایەنەکان بڕیاری ئابووریی سەربەخۆ دراوە، ڕێکەوتی بڕینی بەشەبودجەی هەرێم و ڕێکەوتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم دیارن”.

ئاماژەی بەوەش دا، هەندێ لایەن چ بۆ بانگەشە بێت، یا بۆ هەر مەبەستێک بێت، خۆیان لەو بەرپرسیارێتییە لا داوە، بەڵام دووپاتی لەوەش کردەوە، کە پارتی هەرگیز لە بەرپرسیارێتی نە ڕا دەکا، نە ڕای کردووە و، ڕوونیشی کردەوە، گەر ئەو سەرمایە نەبووایە، ئەوا هەرێمی کوردستان لە بارودۆخێکی زۆر خراپدا دەبوو، کە کەسمان تەمەننای وەها حاڵەتێک ناکەین، چونکە ئەو بەرنامەی لە نێوخۆی عێراق بە هاندانی هەندێ لایەنی دیکە و کەسی کوردیش دانرابوو، دەبووایە بارودۆخی چۆنیەتیی ئەو ماددە دەستوورییانەی کە جێبەجێش کراون، تەراجوعیان پێ بکرایە! ئەوەش بۆ خەڵکی کوردستان کارەسات دەبوو.

بوونی ئەو هەموو خەبات و قوربانیدانەی گەلی کوردستان، وەک ئەنفال و کیمیاباران و تەرحیل و تەعریب و تەبعیس، لەپێناو وەدیهێنانی مافی ئەم گەلە دراون، گەر ئابووریی سەربەخۆ نەبووایە، ئەوا هەمووی بەهەدەر دەچوو، بە گوتەی مەحموود محەمەد.

قؤناغی دوای هەڵبژاردن

مەحموود محەمەد، لەسەر پرسی ئارامکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان لایەنەکان و هەرێم و بەغدا ئاماژەی بە دیدگای پارتی دیموکراتی کوردستان دا، کە دوای هەڵبژاردن و دامەزراندنی کابینەی نوێی عێراق، بە شێوازێک بن چیی دیکە کار لەسەر کەڵەکەکردنی کێشەکان نەکرێت، بەو پێیەی چارەنەکردنی کێشەکان لە وڵاتدا لە حاڵەتەوە بووە بە دیاردە، ئێستاش بووەتە سەقافەتی عێراقییەکان بۆ چارەنەکردن!

دووپاتیشی دەکاتەوە، تەوافق و تەوازن و شەراکەتی ڕاستەقینە دەبێتە هۆکاری ئارامیی وڵات و ئەوەیشی هەیە با لەپێناو خۆشگوزەرانیی هاووڵاتیانی عێراق خەرج بکرێت.

بابه‌تی تر

فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانی پشتیوانیی پێشمه‌رگه‌: داستانی پردێ خه‌ونی گڵاوی دوژمنانی كوردستانی پووچه‌ڵ كرده‌وه‌

فەرماندەیی ھێزەکانی پشتیوانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌یاننامه‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌ یادی چوار…