ئەمڕۆ لە كۆڕێكی جەماوەریی بەرفراواندا بۆ جەماوەری پارتی، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی تیشكی خستە سەر رەوشی ئێستای عێراق و خەباتی پارتی دیموكراتی كوردستان و گوتیشی: “ئێمە لە ژیانی خۆمان ناڕازین، بەڵام بەراورد بە ناوچەكانی دیكەی عێراق، ئەوەندە رەوشمان خراپ نییە”.

فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی، لە بانگەشەی پارتیدا بۆ جەماوەری دیجلە و زوممار رایگەیاند: “ئەگەر دوێنێ ژمارەمان لە چەند كەسێك تێنەدەپەڕی لە دەڤەری زوممار و دەوروبەری، ئەمڕۆ بە ھەزاران پێشمەرگە و كادیر و ئەندام ھەیە لەم دەڤەرە، ھونەر لەوەدایە لەم دەڤەرە دوور لە چیا و ھێشتا بارزانیی نەمرمان نەدیتبوو دەستمان بە شۆڕش كرد، لەم دەڤەرە بە ھیچ شێوەیەك خەڵك دژی شۆڕش چەكیھەڵنەگرت و چەندین شەھیدمان لەم دەڤەرە بەخشیوە”.

سكرتێری مەكتەبی سیاسی گوتیشی: “كەس ناتوانێت بیروباوەڕ بەزۆر بكاتە ناو مێشكی مرۆڤەوە، شوێنی ھەموو كەس لەنێو پارتی دەبێتەوە، چونكە لەزۆر رووەوە پارتی ئەو حزبەیە شوێنی ھەموو كەسێكی تێدا دەبێتەوە، پارتی حزبێكی نەتەوەیی دیموكراتییە، مرۆڤ لەسەر هەر بیروباوەڕێك بێت، دەشێت لەنێو پارتیدا جێگەی ببێتەوە”.

میرانی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: “متمانە لە عێراق نەماوە، لەبەر ئەوەی كاتێك بەرژەوەندیی تاكەكەسی و حزبی خرایە پێش بەرژەوەندیی گشتی، ئەوە نیشتیمان زەرەرمەند دەبێت، بەداخەوە سەروەری و سەربەخۆیی عێراق وەھمییە، ئێمە دەبێت وڵاتێكمان ھەبێت بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەكان پارێزگاری لە ھاووڵاتیانی خۆی بكات، ئێمەیش لە كوردستان ھەمان شێوەینە، كێشەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا، كێشەی ناو یەك خێزانن، بەڵام ئەگەر بەغدا مافی ھەولێر دابین نەكات، كێشە دروست دەبێت، ئەمڕۆ برایانی شیعە زۆرینەی عێراق پێك دێنن و دەسەڵات لە دەست ئەواندایە، بەڵام زۆرینەیەكی شیعەن و زۆرینەیەكی عێراقی نین، چونكە ئەگەر زۆرینەیەكی عێراقی بن، دەبێ مافی كورد و عەرەبی سوننەش دابین بكرێت”.

روونیشی كردەوە: “ھەڵبژاردنی ئەمجارە گۆڕانكارییەكی دیكەیە لە عێراق، ھەر گۆڕانكارییەك بكرێت، بۆ باشتركردنی رەوشی عێراقە بە شێوەیەكی رێژەیی، پێویستە كاندیدەكانمان خۆیان لە ھەندێ بەڵێن بەدوور بگرن، پێویستە كاندیدان بەڵێنی ئەوە بدەن گوشار بخەنە سەر دەزگاكانی حكووومەت بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری نەك پەرلەمانتار خۆی بەڵێن بدات، ئێمە لە رەوشی خۆمان ناڕازین، بەڵام رەوشی ئێمە لەگەڵ ناوچەكانی دیكە بەراورد ناكرێت، ھەزار ملیار دینار داھاتی عێراق بووە و ھێشتا ھاووڵاتیانی لەژێر كوخ و قەراغ ئاوەكان بەبێ خزمەتگوزاری دەژین”.

بابه‌تی تر

تا چوار ڕۆژی دیکە دەوامی بەشێک لە زانکۆکانی سنووری سلێمانی ڕادەگیرێت

زانکۆکانی سلێمانی و هەڵەبجە و پۆلەتەکنیکی سلێمانی بۆ ماوەی چوار ڕۆژ دەوامیان ڕاگرت. لە ڕاگ…