مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ میانه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ به‌شداریكردن له‌ دایه‌لۆگی مه‌نامه‌ 2021 له‌ پایته‌ختی به‌حره‌ین، به‌شداری له‌ پانێڵێكدا كرد و دووپاتیكرده‌وه‌، هه‌رێمی كوردستان پێویستی به‌ كاته‌، بۆ ئه‌نجدامدانی چاكسازی.

سه‌باره‌ت به‌ گرووپه‌كانی سه‌ر به‌ حه‌شدی شه‌عبیش، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم گوتی: حه‌شدی شه‌عبی دامه‌زراوه‌یه‌كی یه‌كانگیر نییه‌، به‌ڵام هه‌موو پێكهاته‌كانی ناو حه‌شد له‌ یاسا ده‌رچوو نین و وه‌ك رایگه‌یاند، نابێت چه‌ك بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌ سیاسییه‌كان به‌كاربهێنرێت و ده‌بێت میلیشیاكان چه‌كه‌كانیان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی وڵات دابنێن.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی پانێڵه‌كه‌یدا، مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌ ئاسایش و سه‌قامگیری هه‌رێمی كوردستان كرد و دووپاتیكرده‌وه‌، هه‌رێمی كوردستان بووه‌ته‌ وارگه‌یه‌كی سه‌قامگیر له‌ ناوچه‌كه‌، به‌ڵام وه‌ك جه‌ختی كرده‌وه‌، به‌رقه‌راركردنی سه‌قامگیری له‌ هه‌رێمی كوردستان بێ قوربانیدان نه‌بووه‌، بۆیه‌ له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌ش پێویسته كار بۆ سه‌قامگیری به‌رده‌وام بكه‌ین. روونیشیكرده‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ كاری به‌ یه‌كه‌وه‌یی له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌ به‌دی ناكرێت.

هه‌روه‌ها گوتی: له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پێویستیمان به‌ په‌یكه‌ربه‌ندییه‌كی نوێی ئاسایشه‌، پێویسته‌ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ له‌نێو په‌یكه‌ربه‌ندی نوێی ئاسایشدا بن له‌ ناویشیاندا ئێران و گوتیشی: نه‌بوونی دادپه‌روه‌ری و سه‌قامگیری ئابووری، هۆكاری به‌رده‌وامبوونی مه‌ترسییه‌كانی داعشن.

سه‌باره‌ت به‌ پرسی كۆچكردنیش، مه‌سرور بارزانی روونیكرده‌وه‌، كۆچكردن دیارده‌یه‌كی جیهانییه‌ و له‌ هه‌موو شوێنێك هه‌یه‌، به‌ڵام تۆڕی شاره‌زا به‌ مه‌رامی سیاسی، بارزگانیان به‌ هاووڵاتیانی ئێمه‌ كرد و جه‌ختی كرده‌وه‌، نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هاووڵاتیان وه‌ك چه‌ك به‌كاربهێنرێن.

مه‌ترسی و كاریگه‌رییه‌كانی گۆڕانكاریی له‌ كه‌شوهه‌وای زه‌وی، به‌شێكی دیكه‌ی پانێڵه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی پێكهێنا و له‌و باره‌یه‌وه‌ گوتی: گۆڕانكاری كه‌شوهه‌وا له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌ستپێكردووه‌.

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌رده‌وامی گوته‌كانیدا تیشكی خسته‌ سه‌ر دۆخی ئابووریی هه‌رێمی كوردستان له‌ چه‌ند ساڵی رابردوو و پرسه‌ داراییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و گوتی: له‌ چه‌ند ساڵی رابردوودا ته‌نیا به‌ 5%ی بودجه‌ی عێراق پرۆژه‌مان كردووه، به‌ڵام پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ 95%ی بودجه‌ی عێراق له‌ چی خه‌رج كراوه‌؟

له‌باره‌ی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێمی كوردستان رۆژئاوای كوردستانیش‌ مه‌سرور نه‌یشارده‌وه‌، كه‌ ئیداره‌ی رۆژئاوا نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو كوردانی رۆژئاوا ناكات و نابێت به‌ نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو كورد دانوستان له‌گه‌ڵ دیمه‌شق بكات و دووپاتیكرده‌وه‌، ئێمه‌ پشتیوانی دیالۆگی كوردی – كوردی ده‌كه‌ین و گوتیشی: به‌هۆی ده‌ستوه‌ردانه‌كانی په‌كه‌كه‌، حكومه‌تی هه‌رێم په‌یوه‌ندییه‌كی ئاسایی له‌گه‌ڵ رۆژئاوای كوردستان نییه‌.

بابه‌تی تر

بڕیار درا به‌ دامه‌زراندنی 47 دادوه‌ر

ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان فه‌رمانی دامه‌زراندنی 47 دادوه‌ری نوێی بۆ دادگاكانی …