فه‌رحان جه‌وهه‌ر
فەڕەنسا تاکە وڵاتی رۆژئاواییە لەسەر ئاستی سەرۆکی وڵات، بەشداری کۆنگرەی هاوکاری و هاوبەشی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بەغدادی کرد، هەروەها تاکە سەرۆکی نێوبەشداربووانی کۆنگرەکەش بوو سەردانی هەولێری کرد.

هاتنی ماکڕۆن لەم کاتەدا بۆ عیراق بەگشتی و هەولێریش بەتایبەتی، مەغزای سیاسی هەیە، چونکە کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان دوو دڵی و نیگەرانیەکی زۆری لە نێو شەقامی عیراقی و کوردستانیشدا دروست کردووە، بەجۆرێک کاری کردۆتە سەر بازاڕی هاووڵاتیانیش، لەبەرئەوەی لە کۆتایی ئەم ساڵدا هێزە شەڕکەرەکەی لە عێراق دەکێشێتەوە، هەرچەندە بارودۆخی هەردوو وڵات لە زۆر رووە لێک جیاوازن، بەڵام خاڵی هاوبەشیشیان هەیە بە تایبەتی گەندەڵی.

بوونی ماکڕۆن بەم شێوەی ئێستا لە بەغداو هەولێر، پەیامێکە بۆ هەمووان، ناوەڕۆکەکەی ئەوەیە کە بەکشانەوەی هێزەکانی ئەمریکاش لە عیراق ئەوان پشتی عیراق و هەرێمی کوردستان بەرنادەن لە هیچ باروودۆخێکدا، ئەگەر بچینەوە ناو رابردووش لە تەمەنی سی ساڵی ئەم ئەزموونەی هەرێم، هەمیشە فەرەنسا لەکاتە ناخۆش و تەنگەکاندا پشتی کوردستانی بەرنەداوە، بۆیە دوای ئەو نیگەرانیانەی ئێستای باردۆخی عیراقیش دوای ئەفغانستان پێماندەڵێت: نیگەران مەبن ئێمە لەگەڵتانین، ئەوڕوپا بەگشتی و فەرەنسا بەتایبەتی نیگەرانن لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان، رەخنەیان لە ئەمریکا هەیە، چونکە بۆ ئەم کارەی هیچ پرسێکی بە ئەوروپا نەکردووە، جگەلەوەش ئەمریکا بەم هەنگاوەی لە ئەفغانستان متمانەی نێودەوڵەتی لەسەرهەردوو ئاستی فەرمی و میللی لەدەستدا، لەناوخۆشیدا بایدن و ئیدارەکەی کەوتوونەتە ژێر گوشارێکی زۆر و کیرڤی لایەنگری جەماوەری زۆر دابەزیووە، بۆیە ماکڕۆن پێیوایە ئێستا کاتێکی زۆر باشە کە وڵاتەکەی وەک یاریزانێکی بەهێز لە گۆڕەپانەکە رۆڵی خۆی ببینێ.

فەرەنسا لە هەر وڵاتێکی تری رۆژئاوای زیاتر بەتەنگ بەها مرۆڤایەتییەکانەوەیە، چونکە ئێستاشی لەگەڵ دابێ لەژێر کاریگەری دروشمەکانی شۆڕشە بەناوبانگەکەیدایە، هەروەها خۆی بە میراتگری کەلەپووری رۆشەنگەری دەزانێت، بۆیە سیاسەتەکەی هەندێک لە بەهاکانی ئەخلاقی تێدایە.

هەرێمی کوردستانیش ناوچەیەکی گرنگە و رۆڵێکی باش دەبینێت لە دابین کردنی ئاسایش بۆ هەموو ناوچەکە و عیراق بە تایبەتی، بۆیە ئەوان لەو بڕوایەدان هەر هەژانێکی ئەمنی لەم ناوچەیە رووبدات، هەرێمی کوردستان دەتوانێت رۆڵێکی مەزن ببینێت بۆ هێورکردنەوە، سەرباری ئەوەی هەرێم خاوەن پەیوەندییەکی باشی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیە، عێراق بەبێ هەرێم دەکەوێتە دۆخێکی زۆر نەخوازراو بۆ ئەوان، وێڕای ئەمەش ماکڕۆن متمانەیەکی زۆری بە نێچیرفان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەیە، کە دەتوانێت هاوسەنگیەکی باش لە نێوان لایەنە ناکۆکەکان رابگرێت، هەروەها یارمەتیدەرێکی باشیشە بۆ عێراق، چونکە ئەمە داواکاریەکی جەوهەری فەرنسایە لە هەرێمی کوردستان، ئەوان پێیانوایە تێکچونی باری ئاسایشی عیراق کاریگەری نەرێنی بۆسەر هەرێم و هەموو ناوچەکە هەیە، بۆیە مەبەستیانە عیراق وەک وڵاتێک، سەربەخۆیی و سەروەری خۆی لە دەست نەدات و بەهێز بێت، بەرامبەر دەست وەردانە دەرەکییەکان بەتایبەتی دەست وەردانی ئێران و تورکیا لە کاروباری ناوخۆی، ئەمە داخوازی وڵاتانی عەرەبیشە، بۆیە بەم شێوەو لەسەر ئاستی باڵادا بەشداریان لە کۆنگرەی بەغدا کرد.

بابه‌تی تر

ئەو ھۆکارانەی وات لێدەکەن رۆژانە ترێ بخۆیت

خەبات: سولین سلێمان:- ھەموومان دەزانین کە میوەی ترێ جگە لەوەی میوەیەکی خۆشە چەندەھا سوودی …