خەبات: هاوار مورتكەیی:- لاتان سەیر نەبێت كە لەم هەرێمەی كوردستانی خۆمان كەسانێك هەبوونە بەر لە چەندین ساڵ ئاشنایەتیان بەشەترەنج هەبووە و ئەو یارییەان كردووە، نموونه و بەڵگە‌ش زۆرن، یەكێ لەوانەش كە تا ئەمڕۆ لە ژیان ماوە مام خدر عەبدوڵلا كۆییە كە بە ملازم خدر كۆیی ناوبانگی دەركردووە، لە ساڵی 1936 لە شارۆچكەی كۆیە لەدایك بووە.

بەراورد بە ناودارە بەتەمەنەكەی جیهان
پیاوێكی بەتەمەنی رووسی هەیە ناوی یۆری ئاڤێرباخه كە لە ساڵی 1922 لەدایك بووە و لەنێوەندەكانی میدیاكاندا هەمیشە باسی دەكریت كە بەتەمەنترین یاریزانی شەترەنجە لە جیهان و بۆ ئەمەش زۆر ریزی لیدەگیرێت و دەنگۆیەكی زۆری ناوەتەوە، بەتایبەتیش كە وڵاتێكی رووسیا لەدێرزەمانەوە تا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بیت لە وڵاتە پێشەنگەكانی جیهانە لە یاری شەترەنج، كەچی لە وڵاتی خۆشمان سەرباری ئەو بارودۆخە سەختەی لە قۆناغە جیاجیاكاندا پێیدا تێپەڕیوین، كوردیش لە یاریكردنی شەترەنج دانەبڕاوە، ملازم خدر نموونەیەكی دیاری ئەمەیە كە بەر لە زیاتر لە 60 ساڵ یاری شەترەنجی كردووە و ئەوەی جێی سەرنجە دوای ئەو ماوە زۆرەی دابڕان كەچی تا ئێستاش ئەو یارییەی لەبیر ماوە و دەزانێ چۆن یاری بكات و داشەكان بجولێنێت.

چۆن ئەو پیاوەم بینی؟
لەم رۆژانە كە ساڵرۆژی فۆتۆگرافەری رەش و سپی بوو، لەهەولێر و لەناو باخی شار یادی ئەو رۆژە كرایەوە، یانەی شەترەنجی خانزادیش لەپاڵ لایەنە پەیوەندارەكان بەچەند چالاكییەك بەشداری ئەو یادەی كرد، باخی شاریش كە لانەی كۆبوونەوەی خانەنشینانە، مام خدر لەوێ بوونی دەبێت و كاتێك شەترەنج لەناو باخەكە دەبینێت و خۆی بۆ ناگیرێت و خۆی دەگەیەنیتە لای شەترەنجەكە دەڵێت كێ ئامادەیە شەترەنجم لەگەڵ بكات، شەنگە مەسعوود كە یاریزانی یانەی خانزادە پێی دەڵێت با یاری بكەین، ئەوان یاری دەكەن و ئەم دیمەنەش بەلای ئامادەبووانەوە دەبێتە جێی سەرنج كە پیاوێك لەم تەمەنە دەزانیت یاری بكات، هەمووان وێنەی یادگارییان دەگرت، هەربۆیەشە هەمووان دەوریان لێدەدەن.

مام خدر چی بۆ باسكردین؟
ئەگەرچی یارییەكەیان زیاتر لە كاتژمێرێكی خایاند، بەڵام مامەوە تا یارییەكەیان تەواو دەكەن ئینجا لێی بپرسم چۆن فێربووە و چۆن تا ئێستا ئەو یارییەی لەبیر ماوە؟ یاری تەواو بوو، چوومە لای و ئەو بۆی گێڕامەوە و گوتی: لە ساڵی 1957 چوومە‌ كۆلێژی سەربازی و لەوێ فێری ئەو یارییە دەبیت، دەمبینی قوتابیان لەكاتی پشوودا ئو یارییەان دەكرد، بەوپێیەی ئەو یارییە هەمووی بریتییە لە تەكتیكی سەربازی بۆیە لەوێ لە كۆلێژی سەربازی بایەخی پێدرابوو، منیش فێربووم و ئەو یارییەم كرد، لەبیرمە زۆر لە تاكتیكەكانی هێرشبرن و بەرگری لەو یارییەدا بەرجەستە دەكرد، هەروەها گوتی: لەو كۆلێژە هەمووان ئەو یارییەان دەكرد و ركابەرییەكی باش لەنێوانماندا هەبوو، كاتە پشووەكانمان بەو یارییە بەسەر دەبرد، یارییەك بوو هەموومان حەزمان لێی بوو، بەدرێژایی ئەو ماوەیەی لە كۆلێژ بووم ئەو یارییەم دەكرد و یاریزانێكی باش بووم، بەڵام دواتر كە بوومە ئەقسەر بە پلەی ملازم، پەیوەندیم بە شۆڕشەوە كرد، پاشان دوای راگوێزتنمانەوە بۆ باشووری عێراق و سەختیی ژیانەوە ئیتر لەو یارییە دابڕام‌، بەڵام لەبەر ئەوەی یارییەكە بەبیركردنەوە و مێشك بەكارهێنان پەیوەستە، بۆیە تا ئێستاش لەبیرم ماوە كە چۆن یاری دەكریت و چۆن مەلیك و سەرباز و ئەسپ و فیل و قەڵاكان دەجولێندرین و لەچ كاتێك پێویست دەكات بیانجولێنی.

دوا پەیڤی چی بوو؟
دوای ئەم گفتوگۆیە مام خدر لێی پرسیم ئەوانە لەكێ ئەو یارییە دەكەن حەزەكەم ئەو شوینە ببینم، منیش ناونیشانی یانەی شەترەنجی خانزادم پێدا و هەر ئەو رۆژە بۆ ئێوارەكە سەردانی ئەو یانەیەی كرد و لەنزیكەوە بینی چۆن كچان و كوڕان خەریكی ئەو یارییەن و زۆر دڵێ پێی خۆش بوو و هەروەها گوتی ئەگەرچی كەوتوومەتە ناو تەمەنەوە بەڵام حەزەكەم زوو سەردانی ئێرە بكەم و بەبینینی ئەوان یادگارییەكانی خۆم بەبیر دێتەوە.

مام خدر لەبارەی شەترەنج بۆ “خەبات” دەدوێت

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

گرنگی دەستور لە یەکلایکردنەوەی کێشەو دۆزینەوەی چارەسەردا

ئاشنا بابان دەستور بەڵگەنامەیەکی گرنگی سیاسی ویاسایی وئەساسیە کە کۆمەڵێک پرەنسیپ وبنەما لە…