خەبات: رۆشنا عەلی:- لە هەفتەی رابردوو هێرشكردنە سەر مامۆستایەك لە لایەن قوتابییەكەوە قسەو باسی زۆری لێكەوتەوە بەو ئاراستەیەی ئەم روداوە شكۆی مامۆستا دەخاتە ژێر پرسیارەوە و سەرەتایەكی مەترسیداریشە بۆ پەروەردە بە گشتی ، لاپەرەی پەروەردەو خوێندن بۆ وردەكاری روداوەكە بەدواداچونێكی مەیدانی ئەنجامدا لەسەر لێكەوت و چارەنوسی قوتابییەكەو بارودۆخی مامۆستاكە و بۆچوونی بەرپرسی پەروەردە لەسەر شێوازی ئەم حاڵەتە و رێكارەكانی بەر گرتن بە روداوێكی تری هاوشێوەی ئەمە و توند كردنەوەی ئەو ئەگەرانەی كەئەم روداوە لە حاڵەتێكەوە دەكاتە دیاردە:

چۆنێتی روداوەكە
*سەرەتا مامۆستا محەمەد جەلال یاریدەدەری بەرێوەبەری قوتابخانەی ئامادەیی زۆزكی كوڕان و ئەو مامۆستایەی هێرشی كرایە سەر لەلایەن قوتابییەكە ، دەربارەی روداوەكە لە نەخۆشخانە بۆ خەبات وتی : ئێمە لە ئامادەیی زۆزكی كوران كە ساڵانە قوتابی وەردەگرین 11 یاساو رێنمایمان داناوە بۆ وەرگرتنی قوتابییەكان ئەو رێنماییانە بۆ بەرژەوەندی قوتابی و كەس و كاری قوتابی و قوتابخانە یەكێك لە رێنماییەكان ئەوەیە كە پێویستە كەل و پەلی قەدەغە كراو نەهێنێت وەك مۆبایل چەقۆو بۆكس خەنجەر من و بەرێوەبەر چوین بۆ پۆلەكان قوتابییەكانمان پشكنی ئەم قوتابییە دەم بۆكسی پێبوو منیش لێم وەرگرت و وتم باوك بێنە ئەیدەینەوە ، دووجار لە پشوو هاتە لام وتی: مامۆستا ئێستا باوكم دێنم ، وتم : نا بەیانی بیهێنە دوایی دیسان هاتەوە و منیش وتم باشە برۆ ئێستا بیهێنە رۆشتە ماڵەوەو هاتەوە وتم كوا باوكت نەهێنا وتی : باوكم لە ماڵ نەبوو مامۆستا ، دیار بوو چوو بوو چەقۆی هێنابوو لای سەیارەكە چاوەرێی منی كردبوو كە رۆشتم بەرەو سەیارەكە ، وتی: مامۆستا فەسڵ ناكرێم وتم نەخێر وتی: مامۆستا زۆر زۆر سوپاست ئەكەم من بەرەو سەیارەكە رۆشتم هەستم كرد شتێیەك بەر پشتم كەوت و قوتابییەكە رایكرد چەند هەنگاوێك بە دوایا رامكرد بیگرم سەیرمكرد پشتم تەر بوو هەستم كرد چەقۆ بوو هاتمە ئیدارە وتم ئەو چەقۆیە دەركەن تا ئەو قوتابییە بگرم بەڕێوەبەر زۆر هەوڵیدا چەقۆكە دەرنەهات ،چونكە نزیكەی 12 سم ی بڕی بوو دواتر هاتینە نەخۆشخانەو لێرە نەشتەرگەریان بۆ ئەنجامداین و بە نەشتەرگەری چەقۆكەیان دەركرد.

*تا ئێستا باوكی قوتابییەكە پەیوەندی پێوە كردووی ؟ پەیوەندی پێوە كردووم ، بەڵام وتوومە تا باری تەندروستیم باش نەبێت نامەوێت هیچ قسەیەك لەسەر ئەو بابەتە بكەم و داومەتە قانوون و سكاڵای لەسەر تۆمار دەكەم بۆ ئەوەی ببێتە عیبرەت بۆ هەموو قوتابییەك رووداوی لەمجۆرە دووبارە نەبێتەوە.

*لە ناخی خۆت تەواو دڵنیایت بیرت لە لێبوردنی نەكردۆتەوە ؟ تا ئەم ساتە بەهیچ شێوەیەك بیرم لێنەكردۆتەوە؟

*پێت وایە پەروەردەی ناوەند و وەزارەت تاچەند پشتگیری بریارەكەی ئێوە دەكەن ؟ لە راستییا جەنابی وەزیر پەیوەندی پێوە كردووم و سەردانیشی كردووم بەڵێنی پێدام و وتی: ئێمە لەگەڵ هەموو بریاێكی تۆداین و من داوام لە وەزیر كرد كە ئەندام پەرلەمانەكان و حكومەت و سەرۆكی حكومەت یاسایەك دەربكەن و حەسانەی مامۆستای تیا دیاریبكرێت و بۆ ئەوەی حاڵەتی وا دوو بارە نەبێتەوە.

*ئەڵێن مامۆستا میهرەبانەو ئەوەی گوێبیستی بووم ئەوەیە كە دواجار مامۆستا لە قوتابییەكە خۆش دەبێت تاچەند وایە ؟ لەم بابەتەیا میهرەبانی دەبێت لەلایەك دابنێی لەبەر ئەوەی ئەوە هێرشكردنە سەر هەموو مامۆستایەكە من ئەگەر ئێستا میهرەبانی خۆم بە كار بهێنم رەنگە زەرەری بۆ هەموو مامۆستایەكی تر هەبێت و ئەم حاڵەتە دووبارە بێتەوە ئەم كەیسە لە ئێستادا تەنها هی من نییە ، بەڵكو هی هەموو مامۆستایانی كوردستانە بۆیە چاوەرێ‌ دەكەم تا ئەو كەیسە رێو شوێنی یاسایی خۆی دەگرێت.

*پێتان وانییە ئەم روداوە دەرئەنجامی گرنگیدانێكی زیاد لە پێویستە بە قوتابی و لە بەرامبەردا كەمكردنەوەی بایەخی مامۆستا بەهەر شێوازێك؟ بە دڵنیاییەوە من بە وەزیری پەروەردە بەڕێز دكتۆر ئالانم وت كە ئێوە كۆمەڵێك مافتان بۆ قوتابی داناوە كە نابێت لیدان هەبێت توورە بوون هەبێت و هیچ توندییەك هەبێت لەبەرامبەردا مامۆستا هیچ مافێكی بۆ دانەنراوە كە لە بنەمادا دەبێت هاوتا بێت هیوادارم ئەمە ببێتە كۆتا حاڵەتی لێدانی مامۆستا لە پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران یاسایەك دەربكرێت بۆ بنبركردنی ئەم دیاردانە.

قسەی پەروەردە
*مامۆستا محەمەد سوورە لەسەری گەشتنی كەیسەكەی بە شوێنی خۆی و فەسڵكردنی قوتابییەكە لەمبارەیەوە مامۆستا دلێر عەبدوڵا بەڕێوەبەری پەروەردەی ناوەندی هەولێر بۆ خەبات دەربارەی ئەوەی كە ئایا ئەوان وەك پەروەردە تاچەند پاڵپشتن وتی: دیارە قوتابخانە دەسەڵاتی هەیە ، ئەنجومەنی قوتابخانە كۆدەبێتەوە و بۆیان هەیە بەكۆی دەنگ داوا بكەن ئەم قوتابییە دەربكرێت لە قوتابخانە بە پێی سیستەمی قوتابخانەكان بۆیە ئەوان وتیان كە بریارێكی وا دەردەكەن ئێمەش پشتگیرییان دەكەین و بڕیارەكە بۆ سەرو خۆمان بەرز دەكەینەوە دوا بریار لای ئێمە نییە بەرز دەكرێتەوە بۆ گشتی و بەپێی یاسا ئەو قوتابییە فەسڵ دەبێت لە قوتابخانە.

*دەربارەی ئەوەی ئایا ئەو قوتابییە دەتوانێت لە قوتابخانەیەكی ناحكومی بخوێنێت دوای فەسڵكردنی لە قوتابخانەی حكومی مامۆستا دلێر وتی : ئەوە دواتر دادگا یەكلای دەكاتەوە ئەمساڵ بێگومان ناتوانێت بگەڕێتەوە و چارەنوسیشی بەندە بە دادگایی كردنی كە حكومبكرێت و سزا بدرێت بە دڵنیایی ئەوە فەسڵی كۆتایی دەبێت و ناگەرێتەوە بۆ قوتابخانە.

*تا ئێستا باوكی ئەو قوتاببە هیچ پەیوەندییەكی بە ئێوەوە كردووە بۆ لێبوردن و كاریگەریتان لەسەر مامۆستا محەمەد ؟ نەخیر لەگەڵ ئێمە نا، بەڵام باوكی پەیوەندی لەگەڵ قوتابخانەكە كردووە هەر دوای ئەو روداوە چەندین جار داوای لێبوردنی كردووە كە گوایە منداڵەكەیان هەڵەی كردووە ، بەڵام لەبەر ئەوەی هەڵەیەكی ئاسایی نییە و مەترسی خستۆتە سەر ژیانی مامۆستا و ئەوە بابەتێكە پەیوەستە بە شكۆی مامۆستا.

*ئێوە تەنها داوای قوتابخانەكە بەرز دەكەنەوە یان بەتەواوی پاڵپشتی بڕیارەكەشیان دەكەن ؟ ئێمە مكوڕین لەسەر داكۆكیكردن لە تەواوی مامۆستایان وە هەر دەست درێژییەك بكرێتە سەر مامۆستایەك یان فەرمانبەرێك یان هەر كارمەندێكی پەروەردە واتە دەستدرێژیكردنە بۆسەر تەواوی دەسەڵاتەكانی پەروەردە.

*ئەمە حاڵەتێكی نوێیە ئەوەی ئێمە بەگشتی بزانین ئایا هیچ حاڵەتێكی تر هەبووە پێشتر كە قوتابی پێی فەسڵكرابێت ؟ كێشە هەر هەبووە بە دڵنیاییەوە لە نێوان قوتابی و دەستەی كارگێریش رووی داوە، بەڵام هیچ حاڵەتێك نەگەشتۆتە ئەم رادەیە من چەندین ساڵە لەسنوری پەروەردەی هەولێرم زەقترین حاڵەتە كە ڕوویداوە.

*دوای ئەم رووداوە چ ڕێكارێك دەگرنە بەر بۆ ئەوەی دووبارە نەبێتەوەو لە حاڵەتێكەوە سەر نەكێشێت بۆ دیاردە؟
حاڵەتی ئەم مامۆستایە دەنگۆیەكی گەورەی دروستكردووە پێشتر ئێمە رەچاوی دۆخی قوتابیمان دەكرد كە هاوكاری بین ، بەڵام لەبەرامبەردا پێویستە ڕێزی مامۆستا بگرن شكۆی مامۆستا پێوستە بە بریاری تایبەت كە كەس بۆی نەبێت دەستدرێژی بكاتە سەر مامۆستا هەر حاڵەتێكیش توندترین سزا بدرێت ناكرێت یاساكان پێشێل بكرێت . مامۆستایانی قوتابخانە.

*مامۆستایەكی قوتابخانەی ناوبراو بە ناوی مامۆستا ژیان رەشید پسپۆری كیمیا دەربارەی روداوەكە بۆ خەبات وتی : ئەم دیاردەیە تابڵێی دیاردەیەكی قێزەونی كۆمەڵگاكەمانە پیشانمان دەدات كە نەوەكانمان بە كوێ‌ گەشتوون بەرامبەر كەسانێك كە بەرپرسن لە پەروەردەو فێركردن بەراستی دیاردەكە زۆر مەترسیدارە و مەترسیدارتریش ئەبێت ئەگەر بە زوترین كات یاسایەك دەرنەكرێ‌ كە داكۆكی لە مامۆستا بكات بەرامبەر قوتابی زۆربەی یاساكانیش لە خزمەتی قوتابییە ئەو قوتابییە بە مەبەستی كوشتن ئەو كارەی كردووە كەواتە دەبێت بەپێی یاسای سزادان توندترین سزا بدرێت.

*ئێوە وەكو مامۆستایانی قوتابخانەكە سورن لەسەر پشتگیری مامۆستاو فەسڵكردنی قوتابییەكە ؟ هیچ كە ئەبێت فەسڵبكرێت ، چونكە ئەوە كەرەستەی قەدەغە كراوی پێبووە وەك قوتابخانە فەسڵ دەكرێت ، چونكە ئەمە دڵە راوكی لای مامۆستا دروست دەكات وا دەكات مامۆستا لە كاتی وانە سیقەی بە قوتابییەكان نەبێت.

ئیدارەی قوتابخانە
*یوسف خدر حاجی بەرێوەبەری ئامادەیی زۆزكی كوران دەربارەی هەڵس و كەوتی قوتابییەكە و پێشتر لە قوتابخانە وتی : قوتابییەكە ئەمساڵ هاتۆتە قوتابخانەو لە قوتابخانەیەكی تر هاتووە نوێیە و هیچ تێبینییەكیشمان لەسەری نەبووە تازە لە قوتابخانەیەكی تر هاتووەو نۆ رۆژ دەوامی كردووە ئەو بەرێوەبەرە وتیشی پێشتریش كێشەی تر لە قوتابخانە روویداوە و چارەسەرمانكردووە لە رێگای پەیوەندیكردن بە باوكی قوتابیەكە، بەڵام كێشەی لەمجۆرە نەبووە ، لای ئێمە قوتابی هەتا باوكی نەیەت وەریناگرین و بەڵێننامەیەكی پێ‌َ پڕدەكەینەوە ئەگەر پێشێلی بكات بەرپرسیار دەبێت و پێشی واژوو دەكەین لەبەرامبەر باوكی.

*دواجار قوتابخانەكەی ئێوە بریاری بەرامبەر قوتابییەكە چی دەبێت؟ حاڵەتەكەی ئەو تایبەتە ئەنجومەنی مامۆستایان كۆدەبینەوە و بریاری خۆمان دەدەین بە فەسڵكردنی قوتابییەكە دەسەڵاتی ئێمە لە قوتابخانە ئەوەندەیە ئێمە ناتوانین ئەو قوتابییە بەیەكجاری فەسڵ بكەین هەتاوەكو بریاری پەروەردەی پێ‌ دەرنەچێت.

*ئەو قوتابییە لەرووی دەروونییەوە هیچ كێشەیەكی نەبووە ؟ نەخێر لە دوای بەندكردنیشی ئەو وەڵامە درایەوە كە هیچ كێشەیەكی نییە و بەپێی ئەو فۆرمی وەرگرتنەی ئێمەش بۆمان پركردۆتەوە هیچ كێشەیەكی نییە.

مامۆستا مەحمەد بۆ خەبات دەوێ

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

بۆ سیاسەتی دەرەوەی هەرێمی كوردستان سەرکەوتووە؟

د. سامان سۆرانی هەرێمی كوردستان لە ساڵی ١٩٩١ وە، واتە پاش دوورخستنەوەی ڕژێمی پێشوو لە هەند…