ساسان دەروێش – هۆڵەندا

بۆ لەبیرنەکردن و خزمەتی بەرچاوی دۆستەکانی کورد بۆ شۆڕش وخۆشەویستیان بۆ باوکی رۆحی نەتەوەیمان بارزانیی نەمر ، ئێمەی گەلی کورد و پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ کات ئەو هەوڵە دڵسۆزانەیەیان لەو ڕۆژە سەختانەی شۆڕشدا لە بیرناکەین و لە ویژدانماندا بۆ هەمیشە زیندوون و یادیان بەرز و پیرۆز ڕادەگرین ، دەرگای کوردستان لە ئەمرۆی ئازادی وسەرفرازی بەڕوویاندا کراوەیە ، زۆر لەو کەسایەتیانە لە دوای ڕاپەڕین جارێکی تر هاتنەوە کوردستان و بەشێوەیەکی جیاواز کوردستانیان بینی لە پێشوازی گەرم و سوپاسمان کردنمان بۆیان ، یەکێک لەوکەسایەتیانە پیت مویلەر وهاوژینەکەی خاتوو لیا فیسەرە کە لە رۆژە سەختەکانی شۆرش و دوای ڕاپەڕین وێرای سەردانیکردنیان بۆ چەندینجار بۆ کوردستان ، خزمەتێکی بەرچاوی کورد و کوردستانیان کردوە ، بەداخەوە پارساڵ لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە هۆڵەندا لە 5ی نیسان 2020 ڕۆژی یەک شەممە لە تەمەنی 91 ساڵیدا بەهۆی نەخۆشی درێژخایان کۆچی دوایکرد لە ماڵەکەی خۆیدا لە شاری نایمێخنی هۆڵەندا .


پێت مویلەو هاوەڵەکانی خۆیان گەیاندە بارزانیی نەمرو شۆڕشی مەزنی ئەیلوول
پیت مویلەر لە ساڵی 1973 خۆی و هاوەڵەکانی چوونە کوردستان کە گەلی کورد لە نزیکەوە بناسن کە بریتی بوون لە 7 کەسایەتی هۆڵەندی قوتابی و دیدەوانی بوون ، بەپاسێکی بچوک لە هۆڵەنداوە گەشتەکەیان بەناوی لە دواهەنگاوەکانی کسێنۆفۆن بەرەو وڵاتی کاردۆخیەکان بڕی ، بۆ ئەوەی کەلی کورد بناسن وڕیگریان لێ نەکرێ لە وڵاتانی دراوسێی کورد ، لەپێشی پاسەکەیان نووسیبویان گەڕیدەین وبەشوێن هەنگاوەکانی کسێنۆفۆن دەچین وتۆماری دیدارەکانمان دەکەین لە شێوەی نووسینەوە ڕاپۆرت کە مەبەستی ڕاستەقینەشیان ئەوەبوو کە خۆیان بگەیەننە ژەنەڕاڵی چیاکان بارزانیی نەمر لە حاجی هۆمەران ، لەنێو گەشتێکی سەخت وگران ئامانجەکەی خۆیان پێکا و لە رێگەی باکوری کوردستانەوە خۆیان گەیاندە باشوور وگەیشتنە نێو سەنگەرەکانی پێشمەرگە و داکۆکیکار لەکوردستان لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول کە دەنگ و سەدای لەجیهاندا بڵاوبوو لە ئازایەتی و بەرخودان لە پێناوی گەلێکی ستەملێکراو بۆ بەدیهینانی ئاشتی و ئازادی ودیموکراسی دەجەنگان ، ساڵێک دواتر لە 1974 لە شاری نەغەدەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دواجار بووە چاویان بەبارزانیی نەمر کەوتۆتەوە وچەند وێنەیەکیان لەگەڵ بارزانیی نەمر چرکاندوە بۆ میدیاکانی هۆڵەنداو بڵاویان کردۆتەوە ولەڕادیۆی هۆڵەنداوە ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلیان لەسەر گەشتەکەیان بۆ لای پیاوە ئازاکانی ناوچیاکان و پێشمەرگەکانی بارزانیی نەمر باس لێوە کردوە بەداخەوە نسکۆی شۆڕش وپیلانی نێودەوڵەتی ڕێگربوون لەبەردەوامی ئەم دۆستانە کە سەردانی کوردستان بکەن ، بەڵام خۆشبەختانە لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 بەهۆی پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ کەسایەتی کورد خەلیل سنجاری میدیاکار و پێشمەرگە بەهێز دەبێت لە هۆڵەندا ، بەدەستێکی پڕ و خزمەتێکی زۆر و هاوکاریکردنی کورد لە کوردستان و سەردانیکردنیان بەتایبەتی بۆ ناوئۆردوگاکانی ئاوارەکان و دەستگیرۆدەیان لەدابینکردنی پێداویستیەکانیان لە مەکینەی خەیاتی و کەلوپەل کە بتوانن خزمەت وبژێوی ژیانی خۆیانی پێبکەن ، لە دەرەوەش هاوکاری کوردەکان بوون لە ئۆردوگاکانی پەناهەندەی و ڕێ نیشاندەربوون بۆ مانەوەیان ، کە دەبێت ئەوەشمان لەبیر نەچێ بەهۆی ڕێکخستنی گروپی دەستپێشخەری کوردستان لە دوای نسکۆ لە ئێرانەوە کۆمەڵێک کەسایەتی کوردیان بەچەند جارێک گەیاندە هۆڵەندا و بوونە پەناهەندە و لەگەڵ ئەمانەشدا دەیان چالاکی جۆراوجۆری خێرخوازی ومرۆڤ دۆستی گەورەی ئەم پیاوە مەزنە ڕەنگدانەوەی هەبووە بۆ کوردستان .


یەکەم ناسینم لەگەڵ پێت مویلەر
ماوەیەکی کەم بوو گەیشتبوومە هۆڵەندا لە ساڵی 1996 ، هێشتا لەنێو ئۆردوگایی پەناهەندەیدا بووم ، دواتر ڕزگار لەشکریش گەیشت و یەکترمان گرتەوە کە ساڵانی دوای 1993 بەهۆی ڕاگەیاندنی پارتی بووینە هاوڕێ وبرا ، لە هۆڵەندا سەرەڕای ئەو باردودۆخە سەختەی ئەوکاتەی تاراوگە ، ئەو لەشوێنێک ومن لەشوێنێکی تر ، جارێکی تر پێکەوە کارمان کردەوە بۆ میدیاکانی کوردستان وبوینە پردێک لەونێوەندادا ، ئەویش بەپاڵپشتیکردن ولەخۆبردووی ودڵسۆزی برای بەرێزمان کاک ئازاد میرانی بەرپرسی پێشووی لیژنەی ناوچەی هۆڵەندای پارتی بوو ، بانگهێشتی کردین کە هەموو پاڵپشتیەکمان بکات لە پێناوی کارکردن بۆ میدیای سەرکەوتووی پارتی لە هۆڵەندا کە خزمەتی بە دۆزی کورد بکات ، دواتر پلاتفۆڕمی کوردی دروستکرد لە پێکهاتەو کۆکراوەی هەموو ڕێکخراوە کوردییەکان لەژێر چەتری پلاتفۆڕم کاربکەن ، من و ڕزگار لەشکری و ئیدریس بربهاری و ئەحمەد سلێڤانی و سامی فەقێ و ڕیگەش ئامێدی کاری ڕاگەیاندمانمان تیایدا کرد ، ساڵی 1998 بەسەرپەرشتی ئازاد میران لە شارۆچکەی زایستی هۆڵەندا نزیک شاری ئامسفۆڕت سیمینارێک ڕێکخرابوو بۆ کەسایەتیەکانی هۆڵەندی کە چۆن کورد بتوانێ خۆیی بگونجێنێ لەگەڵ کۆمەڵگەی هۆڵەندی ، لەوسیمینارەدا کەسایەتی ناسراوی هۆڵەندای پیت مویلەرمان ناسی و زۆر بەخۆشیەوە بەرەوڕوومان هات کە بەندەو ڕزگار لەشکری ونەزیرە مەلا کەریم بەرپرسی پێشووی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بوو لە هۆڵەندا ، پێکەوە گفتوگۆیەکمان لەسەر سەردانەکەی بۆ کوردستان و هاوکاریە بەردەوامەکەی کرد زۆر دڵخۆشبوو گوتی دەبێت کورد هەر بگات بە ئامانجی خۆی مادام ئێوە سەرکردەی بوێرو ڕێبازێکی پیرۆزتان هەڵگرتووە لە بارزانیی نەمرەوە فێربوون کە نەفەس درێژبن لە خەبات وتێکۆشان .


دواماڵئاوایی و ڕێزگرتن لە دڵسۆزیەکانی
بۆ ڕێزگرتن لە دواماڵئاویی ودڵسۆزیەکانی بۆ کوردوکوردستان وشۆرش ، 10ی نیسانی 2020 لە شاری نایمێخنی هۆڵەندا ، لە کلێسەیەکدا مەراسیمی بەخاک سپاردن وماڵئاوایی لێکردن لە کۆچکردو پیت مویلەر لە تەمەنی 91 ساڵیدا بەڕێوەچوو ، کە لە 5ی نیسان ڕۆژی یەک شەممە کۆچی دوایکردبوو لەنێو ماڵەکەی خۆیدا بەهۆی نەخۆشی درێژخایان ، لەبارودۆخی سەرەتای سەرهەڵدانی کۆڕۆنا لە هۆڵەندا و سنووردارکردنی کۆبوونەوەی خانەوادەوهاوڕیانی تەنها توانیان 18 کەس بەشداربن ، دیندار کۆچەر کارگێڕ و بەرپرسی دیاسپۆرا لە لیژنەی ناوچەی هۆڵەندای پارتی دیموکراتی کوردستان ، تەنها کورد بوو بەنوێنەرایەتی بارەگایی بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری لەومەراسیمەدا کرد و تاجە گوڵینەیەک وهاوخەمی کوردی لە ووتەیەکدا بەرامبەر ئامادەبووان پێشکەشی هاوژین و خانەوادەکەیانی کرد ، لەسەرەتای مەراسیمەکەشدا هاوژینەکەی ووتەیەکی پێشکەشکرد وتیایدا گوتی شانازی دەکەین بەدۆستایەتی کورد و سەرکردەی دڵسۆزی کوردستان بارزانیی نەمر وهیچ کات ئەویادەوەریانە لەلامان کاڵ نابنەوە وپیزانینمان هەیە بۆ خەلیل سنجاری وئامینەی هاوژینی کە لە دوای راپەڕین ئەم دۆستایەتیان پتەوترکرد ، هەروەها یەکێک لەهاوسەفەرەکەیان بۆ کوردستان ساڵی 1973 فرێک هاسلار ئەویش ووتەیەکی پێشکەشکرد و گوتی بەختەوەرین نوێنەری کورد دیندار کۆچەر لەگەڵمان بەشدارە ئەمە پێزانینی کوردستانە بۆ دڵسۆزی خوالیخۆشبوو لەگەڵ دۆستەکانی وبەم شێوەیە لەگەڵ چەند پەیڤ ودوعا ونزا لەسەر جەنازەکەی پێت مویلەر لە کۆتایدا بەڕێکرا بۆ بەخاك سپاردن و دیندارکۆچەر گوتی بەقەدەر بەرزای چیاکانی کوردستان و ئازایەتی پێشمەرگە دۆستەکانمان لا گەورەن و یادوبیرەوەریەکانیان لە مێژووی هاوچەرخی کوردی بۆ نەوەکانمان دەنووسینەوە .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

ئومێد خۆشناو: پارێزگاری له‌ هاووڵاتیانی خۆمان ده‌كه‌ین له‌ هه‌ر شوێنێك بن

لە دیوانی پارێزگای هەولێر، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر پێشوازی لەو خێزانە کوردە کرد، چه‌…