سەرۆک بارزانی : پێشمەرگایەتی لە هەموو پلەو پایەیەک پیرۆزترە و بە بەرزترین و بەشەرەفترین دەستکەوتی ژیانمی دەزانم

ساسان دەروێش – ئەڵمانیا
59 ساڵ لەمەوبەر، سەرۆک مەسعود بارزانی ئەو ئومێدەی کە لەژێر پەرچەمی کۆماری مەهاباد لە 16ی ئابی 1946 لەدایکبوو ، بووە خۆری گەشی ئاڵای کوردستان بۆ گەلەکەی و لەساڵی 1962 و لەتەمەنی 16 ساڵیدا بووەتە پێشمەرگەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول ، بەڕابەرایەتی باوکی ڕۆحی نەتەوەیمان بارزانیی نەمر . لە 20ی ئایاری 1962 هەنگاو دەبڕێ و لەگەلی بێخمە پەیوەندی بەبارەگای بارزانیی نەمر دەکات و بەفەرمی دەبێتە پێشمەرگە و لەیەکێک لە وتەکانیدا دەفەرمووێ : بۆمن خۆشترین بڕیار ئەوەبوو کە لە تەمەنی 16 ساڵیدا لە پێناو ئازادی و مافەنەتەوەیی و دیموکراسییەکانی گەلی کوردستان و ڕزگارکردنی خاکی کوردستاندا بوومە پێشمەرگەی کوردستان. واتە سەرۆک بارزانی پێشمەرگایەتی لە هەموو پلەو پایەک لاگرنگترو پیرۆزترە بە بەرزترین و بەشەرەفترین دەستکەوتی ژیانی دەزانێ . ئەم مێژووە پڕشنگدارەی سەرۆک بارزانی وێڕای ئەوەی لە دوابەرهەمی خۆیدا لە کتێبی بارزانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد شۆڕشی ئەیلوول 1961-1975 لەلاپەڕە 68 تا 70 لەژێر ناونیشانی چوونم بۆ شۆڕش یاداشت کردووە وهەروەها لە دەفتەری بیرەوەری ئەفسەری پۆلیس( شەوکەت ئیسماعیل) بەرپرسی ئەوکاتی دەزگای بێتەلی بارەگای گەڕۆکی سەرۆک بارزانی،بەناوی( محەتەی بێتەلی ئاراس) کە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن دەبیت تۆمارکراوە، لە دوای 59 ساڵ تێپەربوون، ڕووناکی دەخاتە سەر ئەو مێژووە پرشکۆیەی کە بووە ئومێد و ئاواتی گەلی کورد بۆ بەدەستهێنانی ماف و ئازادی بۆ کوردستان . بەمشێوەیەش بۆ خەبات بۆمان دوا:

چوونم بۆ ناو شۆڕش
سەرۆک مسعود بارزانی لە کتێبی بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد: باس لە چوونی بۆ ناو شۆڕش وبوونی بەپێشمەرگە دەکات کە ڕۆژی 20-5-1962 بەیەکێک لە ڕۆژە خۆشەکان و لەیادنەچوونی دەزانێ کە لەو ڕۆژەدا چۆتە ڕیزی پێشمەرگەی کوردستان لەم ڕووەوە بەرێزیان لە بیرەوەریەکانیدا لە بەشێکیدا لە دوای رێگەپێدانی لەلایەن گەورەکانی وناردنی نامەی کاک ئیدریس بارزانیی هەمیشە زیندوو بۆ بارزانیی نەمر دەنووسێت : ئیدریس بارزانی نامەیەکی بۆ باوکم نووسی تیایدا باسی کرد کەوا هەموو ڕازی بوون بەوەی ببم بە پێشمەرگە و داوای لێکرد هەموو زانیارییەکی پێویستی لەبارەی ئەوەوە بداتێ کە کەی وکوێی پێ باشە بمنێرێ بۆ ئەوێ ، بارزانی نەمریش عوزێر دۆڵەمەریی نارد بۆ ناوچەیەکی دیاری نێوان ناوچەی (ڕێزان وئالکە) کە لەو شوێنەدا پردێ بەسەر زێوە هەیە ، ئیتر ئەو لەوێوە بمبا بۆ لای ، لەگەڵ محەمەد مستەفادا کە یەکێک بوو لە پاسەوانەکانی خۆمان لەزێ(ڕوباری شین) پەڕیمەوە ئەوبەر ، هەرکە چاوم بە عوزێر وکۆمەڵێ پێشمەرگە کەوت کە هەموو ناسیاوی خۆم بوون، شادمانییەکی وازۆر دایگرتم کە بۆم باس ناکرێ ، هەستم کرد کەوا بووم بەخاوەنی هەموودنیا و ئامادەم لەگەڵ بادا بکەومە پێشبڕکێ بۆ ئەوەی بگەمە لای ئەوان .
شەوی 19لەسەر 20ی ئایاری 1962 هەموومان بەڕێگەبڕینەوە بردەسەر بۆ سبەینێ ڕۆژی دوایی کەوتینە سەرکەوتن بەچیای پێرسدا تا گەیشتینە لووتکەی کە سەری ئامادە بۆ عەسری ئەو ڕۆژە گەیشتینە (کانیا تۆزی) واتە (کانی چنار) لەگەلیی بێخەمە، لە ڕێگەدا تووشی چەندین کۆمەڵ و دەستەی پێشمەرگە دەبووین ڕوویان گەش وپڕ بوو لە مژدە وخۆشی و باوەڕ بەخۆکردن ، دیمەنێکی زۆرجوانی بەسام بوو لەوە پێش شتی وام نەدیبوو ، کە بەلایاندا تێپەڕ دەبووم سەرەڕای باوەڕوهیوا ، شانازیش دڵ ودەروونی هەموو دەگرتمەوە ، کاتژمێر 6ی عەسری 20 ی ئایار ، گەیشتمە بارەگای باوکم ، بەڵام ئەو بەخۆی لەوێ نەبوو ، چووبوو بۆ بەسەرکردنەوەی بارودۆخی ناوچەی بێخمە کە گەڕایەوە و چاوم پێکەوت، سەرنجمدا کە باوکم چەند بەدیتنم شادمان بوو ، یەکەم شت هەواڵی تەندروستی شێخ ئەحمەد بارزانی ومامم (شێخ بابۆبارزانی) لێ پرسیم ، پاشان کەوتە پرسیارکردن لەبارەی ئەندامانی تری خێزانەوە ویەکەیەکە ناوی دەهێنان ،
منیش وەڵامم دەدایەوە و پاشان سڵاوی ئەوانم پێ دەگەیاند ، کەواتە ڕۆژی چوونی من بۆ ناو شۆڕش 20ی ئایاری 1962 ، ئەم ڕۆژە مێژوویەکی ڕۆشەنە لە ژیانمدا .
هەروەها لە هەمان پەڕەگرافدا سەرۆک بارزانی باس لەو پیشمەرگەیە( مەعاون شەوکەت مەلا ئیسماعیل ) دەکات کە ئەمڕۆ بۆ خەبات بۆمان دەدوێ . سەرۆک بارزانی دەنووسێ : باسی ئەو خۆشییەم بۆ ناکرێ کە لەوکاتەدا دڵ و دەروونمی گرتەوە ، دیمەنی ئەو لەشکرە ڕێکخراو سیلاحشۆڕەم زۆر پێ سەیر بوو ، هەرچیم دی لەسەرووی ئەوەوەبوو کە خەیاڵم لێ دەکردەوە ، دیمەنی ئەو دەزگای بێتەلە کە بەرپرسی هەواڵ گەیاندن ،پێشمەرگە ئەفسەری پۆلیس( شەوکەت ئیسماعیل) و مەلا سلێمانی یارمەتیدەری هەڵیان گرتبوو، بەشێوەیەکی تایبەتی سەرنجی ڕاکێشام ، چاوم تێ دەبڕی چۆن کار بەدەزگاکەی دەکات و ئەو برووسکانە وەردەگرێ کە لەبارەی بەرەکانی شەڕەوە دەگەیشتن و ئەو برووسکانەشی دەقۆستەوە کە یەکەکانی سوپای عێراق لە نێوان خۆیاندا ئاڵوگۆڕیان دەکرد و ، جفرەکانیانی لێک دەدایەوەوتاقە جوولەیەکی سوپای عێراقی نەدەبوارد ، یەکێ بوو لە خاوەن بەهرەکانی جیهانی لێکدانەوەی ئەو جفرانەی سوپا بەکاری دەهێنان و بە دەست هیچیانەوە دانەدەما ، نەخوازەڵا ئەو جفرانەی هەواڵی نێزیکبوونەوەی هێڕشی ئاسمانییان بۆ سەر ناوچەیەک ڕادەگەیاند ، ئیتر خەڵکەکە خۆیان بۆ ئامادە دەکرد و ، هاتنی باڵە فڕ بۆ سەریان شتێکی لەپڕنەدەبوو ، ڕۆژی 20 ی ئایار 1962 یەکێ بوو لەو ڕۆژانەی ژیانم کە هەرگیز لەیادم ناچنەوە ، لەو ڕۆژەدا بوو لە ڕیزی پێشمەرگەی کوردستاندا بووم بەجەنگاوەر، هیوام زۆر گەورەیە کە تا دوا ڕۆژی ژیانم هەروا بمێنم وهەر پێشمەرگە بم .

 

لاپەڕەیەکی گەشی بیرەوەرییەکانی پێشمەرگەیەک باس لە سەرۆک بارزانی دەکات
شەوکەت مەلا ئیسماعیل حەسەن وەک پێشمەرگەیەکی لێهاتوو بەئاگا لە ڕووداوەکان لە 1961 تا 1975 وەک پێشمەرگەونزیک لە بارزانیی نەمر و سەرپەرشتیاری دەزگای بێتەلی ئاراسی بارەگای گەڕۆکی بارزانی و دەزگای بێتەل وجفرەی شۆڕشی ئەیلوولی مەزندا بەم شێوەیە باس لە بیرەوەری ئەو ڕۆژەی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکات کە بۆتە پێشمەرگە :
پ/ یەکەم دیدارت لەگەڵ سەرۆک مسعود بارزانی لەکوێ بوو و چۆنیش یاداشتکردووە ؟
شەوکەت ئیسماعیل : ڕۆژی شەممە 19ی ئایار1962 لەسەر ڕوباری شین (زێی گەورە)بووین، دەچووینە نزیك گوندی (مالموس)ی سەر بەناوچەی سورچی، كۆمەڵێكی تر لە پێشمەرگەكان خۆیان ئامادەكردبوو بەشەو بەكونگەی فوودراوی لەسەر چەپەر شەتەكدراو، واتە كەڵەك (كە بریتی بوو لە پارچەیەك چەپەری چوارچێوەی لاكێشەیی، لە شوڵی تەڕو ئەستوور تەنراو لەسەر (6-8) كوندەی فوودراوو دابەستراو) لە ڕوبارەكە بپەڕنەوە بۆ ناوچەی سۆران.
لەو كاتانەدا بوو، سەرۆک مەسعود بارزانی گەیشتە خزمەت مەلا مستەفا بارزانی و هاتە ناو لەشكرەوە. بۆماوەی نیوکاتژمێر لای بارەگای بێتەلەکەمان مایەوە و زۆر بە وردی وئیهتیمامەوە سەرەنجی لە چۆنیەتیی ئیشوکارەکەمان دەگرت.لەپەرداخێکی شووشەدا چایەکی لامان خواردەوە.
ئەمە یەکەمجاربوو،بەدیدەنی سەرۆک مسعود بارزانی شادبم.تفەنگێکی بڕنەوی درێژی بەشانەوەبوو،لەگەڵ فیشەکدانێکی (پشتێنیی شەست فیشەکی). بەڕیزیان گەنجترین پێشمەرگەبوو، لەناو هێزی پێشمەرگەدا.
بۆ زانیاری و بۆ مێژوو:ڕۆژی 21/12/1961 لە دەوروبەری گوندی بامەڕنی بووین، یەكەم بنكەی بێتەلی گەڕۆكم لە بارەگای گه ڕۆکی بابه گه وره مەلا مستەفا بارزانی دامەزران بەناوی(ئاراس)و لەگەڵ بێتەل مستەفا حوسین محەد ئامێدی خستمانە كار،دواتر لەتەک عاملی بێتەل مەلا سلێمان.
مەلا سلێمانی بێتەل، سەرگەرمی وەرگرتنی بروسكەی شیفرەكراوی بروسكەكانی میری بوو، منیش پەیتا پەیتا بروسکە جفرەکراوەکانم شی دەكردنەوە و پێشكەشی بابە گەورە سەرۆك بارزانیم دەكرد.
جارێکی دی، ئەم ڕووداوەش پێشکەش دەکەم:ڕۆژی هەینی 12/7/1963، سەرۆك بارزانی لە دامێنی چیای (پێرس)، سەرپەرشتی شەڕی دەكرد، ژمارەیەكی زۆر بروسكەی گرنگم پێشكەش كرد لەبارەی پلانی هێرشی سوپای بەعس بەرەو لوتكەی (بوك و زاوا)، لەچیای پێرس.
سەرۆک مەسعود بارزانی لەتەنیشتیەوە دانیشتبوو، فڕۆكەش بەچەكی هەمەچەشنە بۆردومانی شیوودۆڵ و لوتكەكانی دەكرد، ورەبەرزی و خۆڕاگریی لەسەردەم و چاویان بوو، بەدووربینیش تەماشای هێرش و دایڤی فڕۆكەكانیان دەكرد.
ڕۆژی هەینی 30/تەممووز/1965، سەرۆك بارزانیی نەمر و مەسعود بارزانی لە (بەردەكلۆر)ی حاجی ئۆمەرانەوە كەوتنە ڕێگە بەرەو چیای هەندرێن. بۆ دانانی پلانێكی هێرش بردنە سەر هێزەكانی میری لەڕەواندوز و جوندیان و دیانا و دەشتی بەردەم گەلی عەلی بەگ، هەروەها دەشتی هاودیان و دامێنی چیای زۆزك و گەردن حوشتر بەدیوی دەشتی (هاودیان)دا.
بارزانی نەمر پلانی هێرشەكەی داناو شوێنی شەش تۆپەگەورەكانی دەستنیشان كرد، دوو تۆپی گەورە لە چیای هەندرێن و چوارەكەی دیكەشی لە چیای زۆزك و گەردن حوشتر جێگیركرد.

پ/ هاتنی سەرۆک مسعود بارزانی بۆ بوونی بە پێشمەرگە چۆن پێشوازی کراو دەنگدانەوەی لەناو خەڵک و پێشمەرگە چۆن بوو ؟
شەوکەت ئیسماعیل : لەلایەن هێزەتایبەتییەکەی بارزانیی نەمرەوە بەگەرمی پێشوازیی لێکرا،هەموو پێخۆشحاڵ بووین.
پ/ چی سەرۆک مسعود بارزانی لە پێشمەرگەکان جیادەکردەوە ؟
شەوکەت ئیسماعیل : ئەوکاتانە هیچ جۆرە ،ئیمتیازێک بەڕێزیانی جیا نەدکردەوە لە پێشمەرگەکانی دیکە. بابەگەورە سەرۆک بارزانی ،بەردەوام،سەرجەم پێشمەرگەکانی کوردستانی بە ڕۆڵەی خۆی دەزانی.سەبارەت بە خودی خۆشی،دەیفەرموو: من لەهیچ کەسێ زیاترنیم،تەنها ئەوەیە زیاتر تەحەمولی برسێتی وماندوێتی دەکەم،لە کاتی شەڕوئاشتیشدا خۆڕاگرو
پشوودرێژم.

پ/ ڕۆڵی سەرۆک مسعود بارزانی وەک پیشمەرگە و سەرکردە و سەرۆک لە ڕابرودوو ئێستادا چۆن دەنرخێنی ؟
شەوکەت ئیسماعیل : بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە گشتگیرە،پێویستە ئەم سەرنج و تێبینی و تێڕامانانەی خوارەوە یادداشت وبەرجەستە بکرێ بۆسوودی گشتی و بۆ مێژووی سەردەم: بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین ئەو دابونەریت وئاکارانەی بۆ سەرۆکێکی بەهێز و سەرکەوتوو و دڵفراوان و لەهامان کاتدا میهرەبان ودڵنەرم پێویستە،سەرۆک مسعود بارزانی وەک قوتابیەکی چوست وچالاکی بابەگەورە سەرۆک بارزانی لە ئەمیشدا ئابیدە و بەرجەستەیە،وەک:
– توانای ڕێکخستن وتەبارکردنی هێزی پێشمەرگە و ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و پێوەندیی نێوان چینەکانی کۆمەلگای کورد.
– دانان و دابەزاندن وکاراکردنی بڕیاری دروست،بۆ هەمووهەڵوێست ودۆخێکی سیاسی و دیبلۆماسی وکۆمەڵایەتی، بێ دوودڵی و دڵەڕاوکێ.
– توانایەکی سەرنجڕاکێشی هەیە لەبەردەوام بوون و درێژەپێدانی پەیوەندی لەتەک تیپە سیاسییەکانی ناو هەرێمی کوردستان.
– خاوەنی ڕاو بیروبۆچوونێکی ڕاست ودروست وکارامەیە،لەهەر تەنگوچەڵەمە و ئارێشەیەک بێتە ئاراوە.
– لەزۆر کاتی پێویست و تەڵەزگەدا،توانیویەتی وزەو ورەی پێشمەرگە و میللەت بەرزبکاتەوە و بورووژێنێ.هەرگیز ئامادە نییە میللەت،یان خۆی بدا بەدەست دوژمن ونەیارانی میللەتی کوردەوە.
– پلاندانەرێکی سەرکەوتووە،چ لەڕووی سیاسی وچ لەڕووی دیبلۆماسییەوە،بۆبەرەنگار بوونەوەی ئەو ئاستەنگانەی دەهێنرێنە پێش ڕەوڕەوەی پێشڤەچوونی دەسکەوتەکانی هەرێم.
– بۆ پلان دانانی سەرکەوتوو و بەجێ،لە بابە گەورە سەرۆک بارزانیەوە،هێزوتوانایەکی سەرکەوتوو و پیرۆزی بۆ ماوەتەوە.
– خاوەنی بەهرەمەندی و زیرەکیی کۆمەڵایەتیە.ئەمەش شان بەشانی ئەوهەموو هەنگاوە بەرینانەی ئەمڕۆی بارودۆخی سەردەم پێی ڕادەبێ.لە دنیای ئەمڕۆدا،سەرکردەی لاواز وبێ هیممەت جێی نابێتەوە.
سەرۆک مسعود بارزانی،ڕابەرێکی پڕ هێزوتوانایە،بەردەوام هەوڵی زیاتر خۆدروستکردن ئەدات، زۆر بەخۆیدا ئەچێتەوە، بەئارامی وپشوودرێژی و وردبینیەوە.ڕۆژانە لە بیرۆی خۆی دەسبەکارە،چاوەڕوانی ئەوە نیە زروف چی دەهێنێتە پێشەوە،خۆی زروفی لەبار دەخوڵقێنی.
کەسایەتیە کاریزماکەی کاریگەرە لەسەر کادیرانی دەوروپشتی و دەرسی لێ وەردەگرن.
بیروهیزروبۆچوونی خۆی،ئازایانە دەرئەخات و ئابیدەی ئەکات.
– لەسەروو هەموو ئەو خیسلەتانەوە،خاوەنی ئەوپەڕی خووڕەوشتی جوان وبەرزە.گوێبیستی ڕەخنە و بیروڕای کەسان و لایەنە سیاسییەکانی دیکەشە،حسابی بۆ ئەکات،هەتا ئەگەر ئەو بیروڕایانە نەرێنیش بن.
– زانیاریی پڕسوود وسەرکەوتووی هەیە لەبواری تاکتیک وپلانی سەربازیەوە.بۆ سوودی سوپای شۆڕشگێڕی کوردستان. میللەتی کورد دائەنێ بە ئەمانەتێک لەئەستۆی خۆیدا.هەمیشە ڕێزو ستایشی خۆی دەردەبڕێ بۆ کەسانێ خزمەتی میللەتی کورد بکەن.
– ئەوپەڕی ڕێزوستایشی هەیە،بۆ ئیسلامەتی وپیاوانی ئاینی و پەیڕەوی فەرزەکانی دین وئاینە.
ڕێزوستایشی بۆ هەموو دین وڕێڕەوو بڕوامەزهەبیەکانی دیکەی کوردستان هەیە،بێ فەرق و جیاووازی.لە ڕەمەزاناندا بەڕۆژوو دەبێ وفەرزەکان بەجێدێنێ.شەوان قورئان و کتێبی وتەکانی پێغەمبەر ئەخوێنێتەوە،دیوانی شاعیرە کلاسیکیەکان ئەخوێنێتەوە وزۆرجار سەرگەرمی خوێندنەوەی دیوانی پەندەکانی پیرەمێردە.
بۆ زیاتر پتەوکردنی زمانی ئینگلیزی،چەندان پەڕتوک وفەرهەنگی ئینگلیزی لەژوور سەری خۆیەوەیە ولێی دەخوێنێتەوە.زمانی عەرەبی وفارسیەکەی ئەکادیمیانەیە.دەسخەتی زۆر خۆشە،ئەو کاتانەی بابەگەورە سەرۆک بارزانی نامەی بنووسیایە بۆ هەر کەسایەتیەک و لایەنێک،جێی متمانە بوو،بەنووسینی نامەکە دەوترا: خەتی ڕەسمی.واتە بێ گومان ئەوە نامەو ئیمزای سەرۆک بارزانیەو بە خەتی مسعود بارزانی نووسراوە.
لەساڵانی ١٩٦١ هەتا ساڵی ١٩٧٠ تابیعەو کۆمپیوتەر باوی نەهاتبووە پێشەوە.
بەنیسبەت بارەگای سەرۆک بارزانیەوە،نووسین و وەڵامدانەوەی نامەی شەخسی وفۆرمی
،ڕۆژانە و بەردەوام هێژایان مسعود بارزانی و ئیدریس بارزانی بەوکارە ڕادەبوون.
لێرەدا ئەبێ ئەوەش بڵێین هێژا ئیدریس بارزانیش دەسخەتێکی جوانی هەبوو،زۆر بەخێراییش
ناوەرۆکی نامەکانی ڕادەپەڕاند و دەخرانە بەردەست بابەگەورە بۆ واژۆکردن.

پ/ لە ئێستادا بوونی سەرۆک مسعود بارزانی بۆ دۆزی گەلی کورد چۆن دەبینی ؟
شەوکەت ئیسماعیل : ئەو کەسایەتیەو لایەنە حیزبیانەی ئێستا لەژێر سایەی هەرێمی کوردستانداندا حەواونەتەوەو دەسبەکارن،ئەگەر دەسبەرداری لایەنانی دەرەکیبن،زۆر زووتر کورد و کوردستان بەهەمووئاواتێکی خۆی دەگات.هێژا سەرۆک مسعودبارزانی جێی ڕێزوستایشی وڵاتانی دەرەوەیە وبە( ئیپسۆفاکتۆ )سەرۆکی کورد وکوردستانە.

پ/ بۆچی هەمیشە نەیارانی کورد سەرۆک مسعود بارزانی دەکەنە ئامانجی پیلانەکانیان ؟
شەوکەت ئیسماعیل : نەیارانی کورد،لەناوخۆدا،هەوڵ ئەدەن ئەو پایەوپلەبەرزەی سەرۆک مسعود بارزانی هەیەتی،لەناو کۆمەڵگەی کورد و لای وڵاتان، بیهێننە خوارەوە بۆ ڕیزی خۆیان.ئەوانە، ژمارەیان هەرچێ چەندێ بێت،نەیانتوانیوە ببن بە نوێنەری کورد وکوردستان.
هەروەها نەیارانی (دەرەکی)ی كورد ،ئەم دامودەزگا هاوچەرخەی کورد، بە دۆخێكی ناوێزە و پڕسام لە قەڵەم ئەدەن لەسەر عێراق، ئێران، توركیاو سوریا، گوایە دۆخێكی خەتەرناكە لەسەر بەرژەوەندییان ، بۆیە ئەو وڵاتانە هەریەكەیان لەئاستی خۆیەوە، هەموویان پێكەوە هاوپەیمان و هاوپلانن بۆ ئاستەنگ هێنانەپێش.

پ/ بەڕای تۆ وەک پیشمەرگەیەک چی بەشایستەی ئەم سەرۆکە دڵسۆزە ڕەوادەبینی لە پاداشتی 59 ساڵ پێشمەرگایەتی و خەبات و تێکۆشانی ؟
شەوکەت ئیسماعیل : بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە گرنگە،بەپێوستی دەزانم،ئەم زانیاری و بۆچوونانەی خوارەوە،ئابیدە وبەرجەستەبکەم: مسعود بارزانی ،وەک قوتابیەکی وریا و دووربینی بابەگەورە سەرۆک مستەفا بارزانی بڕوای بەفرە حیزبیە ، تەنانەت ئەو حیزبانەی لای میری قەدەغەكراون، لەناوچە ئازادكراوەكانی كوردستان بارەگاو مەڵبەندی خۆیان هەیە، بەوهیوایەی لەسەر ڕێبازو ئامانج وسوودو خزمەتی گەل و نیشتمان خەبات بکەن. دەبێ ڕێز لە ئامۆژگاریەكانی مسعود بارزانی بگرن بۆ سوودی گشتی و بێ‌ جیاوازی، یارمەتی و چەك وتەقەمەنی یان پێ‌ ئەدرێ ، بۆ زیاتر سوود لێ‌ وەرگرتنی لەكات و شوێنی پێویستدا.

هەروەها سەرۆک مسعود بارزانی ، لەهەرێمی كوردستان بەردەوام جلی پێشمەرگەی لەبەردایە،تەنانەت لەکاتی پێشوازی کردنی گەورەپیاوانی دیبلۆماسیی وڵاتانی بیانی وهەروەها کاتی چوونەدەرەوەی بۆوڵاتان زۆربەی جار جلو بەرگی پێشمەرگەی ڕەنگ خاکیی سپات لەبەردەکات، بەردەوام جلەكانی ساكارو پاك و تەمیز وئوتووکراوە، پشتێنی قوماشی خاکی دەبەستێ بەشێوەی ناوچەی بادینان شەتەکی ئەدات. جامانەی سوور بێ هەڵگەڕاوەیی دەبەستێت.
سەرۆک مسعود بارزانی ،خولیای یاریی فتبۆڵێنە،گرنگییەکی سەرنجڕاکێشی داوە بە دروستکردنی یاریگای ئەم وەرزشە لە هەرێمی کوردستان. وەک نەریتێکی بۆماوەش ،بەشێوەیەکی سەردەم،ئەوپەڕی بایەخی داوە بە پاراستنی ژینگە: دارودرەخت، ئاژەڵەکێویەکانی کوردستان.

لە ناودارستانەکاندا بەفەرمانی بەڕێزیان دەیان ئامانی نیوە بەرمیل،پانەوپان ناوبەناو
پڕئاودەکرێ بۆ ئاژەڵە کێویەکان وباڵندە،کە لەکاتی وەرزی گەرمادا،ئاوی لێ بخۆنەوە.
بۆ پاراستنی دارستانەکانی هەرێم ونەبڕینەوەیان وپاراستنی ژینگە،دامودەزگای فەرمیی دامەزراندووە وموچەیان بۆ بڕاوەتەوە. لەهەموو وەرزەکانی ساڵدا،ڕوخسەتی ڕاووشکار ودارودرەخت بڕینەوە نییە . هەندێ نهێنی تایبەت بەکورد، لای خودی خۆی دەپارێزێ ، لای هیچ كەسێ‌ نایدركێنێ. ناڕەحەتیی و دژواری و قورسی و گرانی دیبلۆماسیەتی كێشەی كورد ئەم بارودۆخەی بەسەر بەڕێزیاندا زاڵ كردووە. لەکاتی پێویستدا،خودی خۆی هەڵدەسێ بە جێبەجێ‌ كردن و چارەسەرکردنی هەر گیروگرفتێکی کۆمەڵایەتیی دژوار بێتە پێشەوە. سات بەسات ئاگادارە لە دەنگوباسی سیاسی ودیبلۆماسیی جیهان، بەزمانی کوردی،عەرەبی،فارسی ، ئینگلیزی. شانبەشانی ئەوباسانەی پێوەندی بەكوردو كێشەی كوردەوە هەبێ.

کەناڵە تەلەفزێۆنیەکان،جێی ڕێزو ستایشتێتی، وبە ئیهتیمامەوە تێڕامان وگوێ لە کەناڵە نەیارەکانیش دەگرێ وهەڵسەنگاندنی ئەڕینیان بۆئەکات.
سەرۆك مسعود بارزانی پەنجە ناخاتە ناو كاروباری ڕامیاری بەشەكانی دیكەی كوردستان.
بەڵام بەردەوام،چاو وگوێ و فیکروهۆشی لای هەموو بارودۆخێکی کوردی ڕۆژهەڵات وڕۆژاوا و

باکوورە. بێسنوور،دەسکراوەوبەخشندە وخزمەتگوزارە لەئاستیاندا.
لە ڕۆژی 18/4/1992 لە بارەگای ڕێكخراوی (كریستیان ئاوتریچ Christian Outreach لە سلێمانیەوە لەگەڵ نوێنەری ئیزگەی ڕادیۆی بەریتانیا (BBC) خاتوو (رۆزماری كلارك Rosemary Clark) چووین بۆ دیدەنی سەرۆك مەسعود بارزانی. من وەرگێڕ بووم لەنێوانیاندا، و فەرمووی: كورد داوای نان وخۆراك ناكات، داوای مافی نەتەوایەتیی خۆی دەكات، خەباتی میللەت لەپێناوی بەدەست هێنانی مافی نەتەوایەتیە و دەمانەوێ‌ وەك ئەو میللەتانەی بەمافی نەتەوایەتی ڕەوای خۆیان گەیشتوون و لەڕێكخراوی وڵاتە یەكگرتووەكان ددان بەمافیاندا نراوە، وەك ئەوان بژیین، فەرمووی: كورد بەنانەسكی ژیان دەباتە سەر، بەڵام بێ‌ ئازادی و بێ‌ خۆیبوون ژیانی تاڵەو ناهەموارەو داناسەكنێ‌.
فەرمووی: كورد لەبرسانا شۆڕشی نەكردووە، بەڵكو كوردستان خاوەنی خێرو بێری زۆرە، ئێمەی كورد داوای سەربەخۆیی و ئازادی دەكەین بۆ نەتەوەو میللەتی كورد.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

ته‌ندروستی هه‌رێم: 239 كه‌سی دیكه‌ تووشی كۆرۆنا بوون

تەندروستی هەرێم ئاماری 24 كاتژمێری رابردووی نه‌خۆشی كۆرۆنای بڵاوكرده‌وه‌ رایگه‌یاند: 239 ك…