خەبات: رۆشنا عەلی:- كۆمپانیایەكی پەروەردەیی هاوبەشی كەرتی تایبەت و حكومەت بەمەبەستی چاكسازی لە قوتابخانەكاندا گرێبەستی كۆمەڵێك مامۆستایان هەڵوەشاندۆتەوەو بەوتەی خۆیان پارەی چوار مانگی مامۆستایانیشیان نەداوە ، مامۆستاكان كە هەندێكیان دامەزراوی حكومەتن و برە پارەی زیادی دەوامكردنیان لەو كۆمپانیایە وەرگرتووە لەو قوتابخانەیە چەند ساڵێكە خزمەتیانكردووە هاوشانی ئەوانەی تەنها گرێبەستی كۆمپانیان وەك یەك گرێبەستیان هەڵوەشاوەتەوە ، مامۆستاكانیش دەڵین كۆمپانیا دەڵێت دەبێت حكومەت بیدات و لەو نێوەندەدا ئێمە ساڵێكە چاوەڕێین ، لاپەرەی پەروەردەو خوێندن لەگەڵ مامۆستایانی ئەو قوتابخانەیە راپۆرتێكی ئه‌نجامدا.

*لەیەكێك لە لقەكانی ئەو كۆمپانیایە مامۆستاكانی قوتابخانەكە وەك ناڕەزایی گردبوونەوە ، مامۆستا خوناو جەلال بۆ خەبات وتی: ئەم مووچەیەی داوای دەكەین مووچەی پار مانگی 5-و 6 من گرێبەستی حكومیم لەبری زیادەی دەوام پارەیەكیان بۆ سەرف ئەكردین و هەریەك بەپێی كارەكەی خۆی ساڵی پار لە گرەنتینە هەتا 12 ی شەو ئیشم بۆ قوتابخانە كردووە بەو پێیەی سوپەر ڤایزەر بووم ، لەگەڵ دایك باوكی قوتابی قسەم كردووە كە ئاگایان لە خشتەو كاتی خوێندنی منداڵەكانیان بێت ماندوو بوونێكی زۆرم كرد و دوایش كە داوای مافی خۆمان كرد دەست هەڵگرتنیان پێداین ئێمەیان دوور خسته‌وه‌.

*مامۆستایەكی تر بۆ خەبات دەربارەی كێشەكەی وتی : من گرێبەستم هەبوو لەگەڵ قوتابخانە ئێستاش چوار مووچەم لەلای قوتابخانەكە ماوە دەكاتە 2500دۆلار تا ئێستا نەدراوە زۆربەی شارەكانی تر كە ئەم قوتابخانەیە لقی هەیە وەریانگرتووە تەنها هەولێر نەبێت كێشەیەكی تریش ئەوەیە تا ئێستا دۆلار بە هەرچەن بووبێت هەر بە 120000 دینار بۆ ئێمە حسابكراوە.


*مامۆستایەكی پێشووی قوتابخانەكە كە پێشتر گرێبەستی هەبووە بۆ خەبات وتی : من مووچەی چوار مانگ كاركردنم لەم قوتابخانەیە وەرنەگرتووە كە دەكاتە 1700 دۆلار و لە حكومەت دانەمەزراوم تەنها لێرە بووم و دواتریش گرێبەستەكەیان هەڵوەشاندەوە و ئێستاش داوای مافی خۆمان دەكەین.

*ئەو مامۆستایانەی لەم لقەی قوتابخانەكەن بە وتەی یەكێك لە مامۆستاكان 50 مامۆستان لەمبارەیەوە مامۆستا ئیدریس وتی : ئێمەش هەمان كێشەمان هەیە نزیكەی 50 مامۆستاین تەنها لەم قوتابخانەیە كە هەم گرێبەستەكەمان هەڵوەشاوەتەوە و هەم پارەی چوار مانگیشمان نەدراوە لە نێوان حكومەت و كۆمپانیا دەیانەوێت ئەو چوار مانگە بخۆن بۆیە ئێمە بەهەر شێوەیەك بێت داوای مافی خۆمان دەكەین.

*مامۆستا رەزمەند محەمەد وتی : نزیكەی نەوەد مامۆستاین و هەمان كێشەمان هەیە من ئیستا 3300 دۆلارم لای شەریكەیە و پێم نەدراوە ئەگەر گرێبەستیشیان هەڵنەوەشاندینایەتەوە كێشەمان نەبوو بەردەوام دەبووین و دڵمان بە قوتابخانەكە خۆش بوو، حەوت ساڵە لێرە خزمەت دەكەم ، بەڵام گرێبەستەكەشمان نەماوە ئەوانەی لەگەڵ ئێمە بیانی بوون هەموویان وەریانگرت كە زۆر لە هی ئێمە زیاتر بوو جگە لەوەی هەموو سەری مانگیش مووچەی خۆی وەردەگرت ،چونكە ئەوان قونسوڵخانەیان هەیە و پارێزەریان هەیە ، بەڵام من لە خاكی خۆم مووچەكەم نایەنێ‌ و شەریكەكە پشت ئەستورەو حكومەتیش لە پشتی من نییە.

*دەربارەی ئەوەشی كە ئایا كۆمپانیا چ پاساوێكی هەیە لەوەی پارەی ئەم چوار مانگەیان ناداتێ‌ مامۆستایەك ئاماژە بەوە دەكات كە شەریكە پێی وتوون ئەبێت حكومەت بیدات ئەو مامۆستایە وتی: ئێمە كە دانەمەزراوین لە حكومەت پێویستمان بەو پارەیە هەیەو بە مافی خۆمانی دەزانین وەریبگرین ، جگە لەوەی لە قوتابخانەكەش نەماوین شەریكەش دەڵێت ئەو پارەیە دەبێت حكومەت بیدات ئەوەی داوای دەكەین هی یەك ساڵ پێش ئێستایە.

*دەربارەی ئەوەشی كە ئایا بیانوویان ئەوە نییە دەوامتان نەكردووەو كۆرۆنا هەبووە ئەو مامۆستایە وتی : لقەكانی سابیس لەشارەكانی تر وەریانگرتووە تەنها هەولێر نەبێت.
*مامۆستا هۆزان ئاماژە بەوە دەدات كە كاتێك لەهەر شوێنێك ئیش بكەی دەبێت مافی خۆت وەربگری ئێمە تا ئێستا وەرماننەگرتووە ئەو وتی : مانگەكانی 5-6-7-8 مان وەرنەگرتووە ، ئێستا دەڵێن نوسراوەكە لای داراییە و واژوو نەكراوە هەرچەند تەنها چوار قوتابخانەیە كە ماوەو وەرینەگرتووە كە پارەیەكی ئەوەندە زۆر نییە و هەر بە هەفتەو مانگ ئێمەیان راگرتووە گوایە كۆمپانیا خزمەتگوزاری خۆی لەسەر ئەو پارەیە داناوەو برەكەی زۆرتر بووە.
دەربارەی ئەوەشی كە بۆچی گرێبەستەكەیان هەڵوەشاوەتەوە ئەو مامۆستایە وتی : بیانووەكە ئەوە بووە ئێمە هەر كە دامەزراوین لێرە دامەزراوین و وەزارەت وتوویەتی گوایە ئێمە خزمەتی دەرەوەی شارمان تەواو نەكردووە ودەبێت بچینە دەرەوەی شار.

*پێشتر لاپەرەی پەروەردەو خوێندن دیمانەیەكی لەگەڵ شیلان خەلیل جنید بەڕێوەبەری فێركردنی بنەرەتی و باخچەكانی منداڵان ئەنجامدابوو كێشەی ئەم مامۆستایانەش پرسیارێك بوو لەوەڵامدا ئەو بەرێوەبەرە ئاماژەی بەوەدا كە كێشەكەیان چارەسەر دەكەن و هۆكارەكە قەیرانی داراییەو و ئەو بڕە پارەیەش زۆره.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بابه‌تی تر

کوردستان و بەهاکانی نيشتمانسازی

د. ســامان سۆرانی ڕاستە کوردستان وەکو نیشتمان یەکەیەکى جوگرافى سیاسى یەکگرتووی هەیە، کە لە…