پێنجشەممە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی وڵاتەكەی راگەیاندووە كە ئەستەمە بتوانن ئامادەكارییەكانیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە شەشی حوزەیراندا تەواو بكەن.
چەند پەرلەمانتارێكی عێراق ئاشكرایان كرد كە لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق و سەرۆك فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراق، لەگەڵ كۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكاندا، بە ئامادەبوونی جینین بلاسخارت نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، كۆمسیۆنەكە دووپاتی كردەوە كە ناتوانن بەر لە مانگی ئەیلوولی داهاتوو ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردن تەواو بكەن.
ئەمەش لە كاتێكدایە دوای كۆبوونەوە فرەوانەكە، بەیاننامەیەكی فەرمیی هاوبەش دەركرا، تیایدا هەرسێ سەرۆكایەتیی پەرلەمان، حكوومەت و كۆماری عێراق دووپاتیان لەسەر پشتیوانیكردنیان بۆ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كردووەتەوە، تا ئامادەكارییەكانی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە لە شەشی حوزەیراندا تەواو بكات.
لەمبارەیەوە ڤیان سهبری سهرۆكی فراكسیۆنی پارتی له پەرلەمانی عێراق به كەناڵی (كوردستان24)ی راگهیاندووە كە بڕیار دراوه ههڵبژاردنی پێشوهختهی ئهنجوومهنی نوێنهران بۆ دوای مانگی ئهیلوول دوابخرێت.
جێی باسە دوای ئەوەی بڕیار درا له سهرهتای مانگی حوزهیرانی ئهمساڵدا پرۆسهی ههڵبژاردنی پێشوهخته بۆ پەرلەمانی عێراق بهڕێوهبچێت، ئێستا هیچ لایەنێكی عێراقی ئامادە نییە بەرپرسیارییەتی ئەنجام نەدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە كاتی دیاریكراودا بگرێتە ئەستۆ، بەم شێوەیە پرسەكە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.