خه‌بات‌: هاوار مورتكه‌یی:- لان یاو Lan Yao كچه‌ شه‌تره‌نجزانه‌ لاوه‌ دیاره‌كه‌ی وڵاتی چین، له‌ناو خانه‌واده‌كه‌ی یه‌ته‌نها ئه‌و شه‌تره‌نج ده‌كات و كاتێك هه‌ستی كرد له‌و وه‌رزشه‌دا سه‌ركه‌وتوو ده‌بیت، بۆیه‌ به‌رده‌وامیی به‌خۆیدا و نه‌وه‌ك هه‌ر له‌سه‌ر ئاستی وڵاته‌كه‌ی خۆی بگره‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهانیش توانی پله‌ی پێنجه‌م به‌ده‌ست بهێنیت، لان یاو ته‌مه‌نی ته‌نها 20 ساڵه‌ هه‌ڵگری ناسناوی WIMه‌، له‌ دیمانه‌یه‌كی لاپه‌ڕه‌ی وه‌رزشی رۆژنامه‌ی خه‌بات، باس له‌ خۆشه‌ویستی خۆی بۆ شه‌تره‌نج و ده‌سكه‌وته‌كانی ده‌كات.

خۆشه‌ویستی بۆ شه‌تره‌نج
لان یاو كه‌ ئێستا له‌ له‌نده‌ن ده‌ژی ره‌یتینگی ( 2297 )ه‌ له‌سه‌ر ئاستی یه‌كێنی شه‌تره‌نجی نێوده‌وڵه‌تی و ده‌ڵێت: هیچ نهێنییه‌ك له‌وه‌ نه‌بوو كه‌ شه‌تره‌نجم هه‌ڵبژارد، به‌ڵام كاتێك یارییم كرد و تیایدا سه‌ركه‌وتووبووم، بووه‌ وه‌رزشیكی خۆشه‌ویست له‌ لام و سه‌ره‌تا وه‌ك ئاره‌زوویه‌ك ئه‌و یارییه‌م ده‌كرد، دواتر به‌رده‌وام بووم له‌سه‌ری چونكه‌ هه‌ستم كرد له‌گه‌ڵ شه‌تره‌نجدا ئاسووده‌م و له‌ ژیان و كاری رۆژانه‌مدا سوودم پێده‌گه‌یه‌نیت، ئاواتێكی گه‌وره‌م له‌و یارییه‌دا نییه‌ چونكه‌ به‌به‌رده‌وامی له‌گه‌ڵی ده‌ژیم و ئه‌مه‌ش بۆ من زۆره‌.

هه‌م راهینه‌ر و هه‌م یاریزان
ئه‌و كچه‌ پاڵه‌وانه‌ لاوه‌ی چین كه‌ سه‌ره‌تا ته‌مه‌نی ته‌نها 7 ساڵان بووه‌ فێربووه‌: ئه‌گه‌رچی به‌رده‌وامم له‌ یاری كردن و به‌شداریكردن له‌ پاڵه‌وانێتییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش كاری راهێنه‌رایه‌تی و وانه‌ی شه‌تره‌نج له‌ قوتابخانه‌دا به‌منداڵان ده‌ڵێمه‌وه، ژماره‌یه‌ك قوتابی له‌ژێر ده‌ستم فێری ئه‌و یارییه‌ ده‌بن و هه‌ندێكیان به‌هره‌ی باشیان تێدایه‌ و دوارۆژی گه‌شیان ده‌بیت ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بن‌.

ده‌سكه‌وته‌ گرنگه‌كانی
له‌كۆتاییدا لان یاو له‌باره‌ی ده‌سكه‌وته‌كانی له‌بواری شه‌تره‌نجه‌وه‌ ده‌ڵێت: وه‌ك شه‌تره‌نجزانێكی چینی له‌ماوه‌ی 13 ساڵدا به‌شداری زۆرترین پاڵه‌وانێتیم كردووه‌ و ده‌سكه‌وتی جۆراوجۆریشم هه‌بوونه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ شانازی پێوه‌ ده‌كه‌م ئه‌و دوو ده‌سكه‌وته‌من له‌سه‌ر ئاستی چین و جیهان، ئه‌ویش له‌سه‌ر ئاستی لاوانی چین توانیومه‌ پله‌ی یه‌كه‌م به‌ده‌ست بهێنم و ببمه‌ پاڵه‌وانی لاوانی چین، له‌سه‌ر ئاستی جیهانیش له‌ پاڵه‌وانێتی لاواندا بۆ ئافره‌تان توانیم پله‌ی پینجه‌م به‌ده‌ست بهینم.

بابه‌تی تر

وەک چۆن پێویستە لە هەڵەی کەسێک فێربین ئاواش گرنگە سەرکەوتنەکانی کەسێک بەرز بنرخێنین

فەرحان جەوهەر ناونیشانی سەرەوەی ئەم وتارە، پەرەگڕافی کۆتایی وتارێکی نێچیرڤان بارزانی سەرۆک…