لەمیانەی کۆبوونەوەیەکی ئەمڕۆیدا ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا کە کرێى خوێندنى پارالێل و ئێوارانى لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان بە ڕێژەى (٤٥%) هاوشێوەى ساڵى ڕابردوو بۆ سەرجەم قۆناغەکانى خوێندن کەم بکرێتەوە.

ئەمڕۆ دوشەممە(١٢/١٠/٢٠٢٠) بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر سەرۆکى ئەنجومەنى وەزارەت و وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئامادەبونى بریکارى وەزارەت و سەرۆک زانکۆکان و ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت، کۆبەونەوەى ژمارە (١٠)ى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە هۆڵى کۆبونەوەکانى سێنتەرى رۆشنبیرى و کۆمەڵایەتى زانکۆى سەڵاحەدین بەڕێوەچوو بە ڕەچاوکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکانی تایبەت بە خۆپارێزی و تاکپارێزی.

لە تەوەرى یەکەمى کۆبونەوەکەدا سەبارەت بە کەمکردنەوەى کرێى خوێندنى پارالێل و ئێواران لە زانکۆ حکومییەکان، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: “ئامانجى وەزارەتی خوێندنی باڵا لە کەمکردنەوەى کرێى خوێندنى پارالێل و ئێواران لەبەر چاوگرتنى بارى دارایى هاوڵاتیانى کوردستان و ڕەخساندنى هەلى زیاترى خوێندن و پەرەپێدانى تواناکانى گەنجانی هەرێمی کوردستانە، لەهەمان کاتدا ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت لە پاراستنی سەرمایەی نیشتیمانی و بەکارهێنانی لە گەشەپێدانی زانکۆکان و کەرتی گشتی هەرێمی کوردستان”.

راشیگەیاند: “لێژنەیەکی وەزاری پێکهێنراوە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ زانکۆ تایبەتەکان تاوەکو هاوشێوەی ساڵی ڕابردو بەشداربن لە کەمکردنەوەی بارگرانی سەرشانی ئەو خێزانانەی کە ڕۆڵەکانیان لە زانکۆ تایبەتەکان دەخوێنن، لەم بارەیەوە وەزیری خوێندنی باڵا سوپاس و پێزانینی ئاراستەی زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان کرد کە ساڵی ڕابردوو بە گیانی لە خۆبردووییەوە بەشداربون لە کەمکردنەوەی کرێی خوێندن”.

ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەمڕۆ بڕیاریدا بە کەمکردنەوەى ڕێژەى (٤٥%)ى کرێى خوێندنى پارالێل و ئێواران لە ماوەى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ سەرجەم قۆناغەکانى خوێندن لەزانکۆ و پەیمانگە حکومیەکانى هەرێمى کوردستان هاوشێوەى ساڵى ڕابردوو، بڕیارەکەش خوێندنى (دبلۆم، بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا) دەگرێتەوە.

لە تەوەرێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، بۆ جاری دووەم بڕیاریدا بە زیادکردنى ڕێژەیەک لە کورسى خوێندن بۆ پلانی وەرگرتنی کۆلێژەکانی کۆمەڵەی پزیشکی لە زانکۆ حکوومییەکانى هەرێمى کوردستان.

بابه‌تی تر

تا چوار ڕۆژی دیکە دەوامی بەشێک لە زانکۆکانی سنووری سلێمانی ڕادەگیرێت

زانکۆکانی سلێمانی و هەڵەبجە و پۆلەتەکنیکی سلێمانی بۆ ماوەی چوار ڕۆژ دەوامیان ڕاگرت. لە ڕاگ…