جوان عەبدوڵڵا كانديدى ژمارە 23ـی پارتی لە بازنەی یەكی پارێزگای هەولێر: بڕوامان بەخۆمان هەیە ئەمجارە كورسی زیاتری پەرلەمان بەدەستبێنین

 

لە پەرلەمانی عێراق بوێرانە پێداگری لەسەر مافە ڕەواكانی گەلەكەم دەكەم

 

خەبات : بڕیار كۆیی

جوان عەبدوڵڵا عومەر كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سنووری پارێزگای هەولێر بە ژمارە ٢٣ لە بازنەی یەك بۆ پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت كە متمانەی تەواوی بە خۆی هەیە كە لەپاڵ پەرلەمانتارە كورد و عەرەب و نەتەوە جیاوازەكانی دیكەدا كاری پەرلەمانتاری بكات هێز و توانا و گەنجیەتیی خۆی بخاتە خزمەت گەلی كوردستان. ئەو بەربژێرەی پارتی بە (خەبات)ی راگەیاند: “من وەك ئافرەتێك لە دوو بنەماڵەی خەباتگێڕ و خاوەن شەهیدم، بووە هۆكارێكە بۆ ئەوەی هەستی نەتەوایەتیم بەهێزتر بێت و ئەم بەرپرسیاریەتییەم بكەوێتە سەرشان و بتوانم لەمەودا درێژە بە خەباتی پەرلەمانی بدەم و خزمەت بە گەلەكەم بكەم و بە هەموو توانامەوە لە بەغدا پێداگری لەسەر مافە ڕەواكانی گەلەكەم بكەم، واتە ئەگەر متمانەی هاووڵاتییانم بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران بەدەست هێنا، بەپێی ئەوەی پسپۆڕیی خۆم یاسایه،‌ زیاتر كار لەسەر ئەو مافە دەستوورییانە دەكەم كە مافەكانی هەرێمی كوردستان زامن دەكەن، بەتایبەت پرسی بودجە و مووچە و شایستە داراییەكان، لەپاڵ ئەوەشەوە كاری جددی بۆ خانەوادەی شەهیدان و قوربانیانی ئەنفال دەكەم، كە ئەوانە ئەولیەتی كاری من دەبن”. جوان عەبدوڵڵا كە لە دایكبووی ساڵی ١٩٨٩یە و ئەزموونی كاری حكوومیی بۆ ماوەی ١٠ ساڵە.

گوتیشی: “لە سەرەتاوە چەندین ساڵ لە زانكۆی سۆران لە بەشە جیاوازەكاندا كارم كردووه،‌ وەك بەشی یاسایی، هەروەها بۆ ماوەی دوو ساڵ لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كارم كردووە، ئێستاش ڕاگەیاندكارم لە هەرسێ لیژنەكانی دارایی و یاسایی و سامانە سروشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان. جگه ‌لە كاری حكوومییش، ساڵی 2011 لە پرسە یاسایی و كۆمەڵایەتییەكاندا لەگەڵ چەند ڕێكخراوێكی كۆمەڵی مەدەنی دەستم بە كاری خۆبەخشی كردووه و لەسەر ئەم بنەمایە دوو خەڵاتی ڕێزلێنانم لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی وەرزش و لاوانەوە بەدەست هێناوە، هەروەها له ‌ساڵی 2013ـوە دەستم بە كاری نووسین كردووە لەسەر پرسە یاسایی و سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و لە گۆڤار و ماڵپەڕەكاندا بڵاوم كردوونەتەوە. ئەو بەربژێرەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەشڵێت: “هەڵبژاردن پرۆسەیەكی دیموكراسییە و بریتییە لە دەستاودەستكردنی دەسەڵات، لە هەمان كاتیشدا بەشداریكردنی گەلە لە چاكسازیی سیاسیدا، بۆیە ئەركە هاووڵاتییان بە جۆش و خرۆشەوە بەشداری لەم پرۆسەی‌ چاكسازییەدا بكەن، هەروەك هاووڵاتییان خۆیان داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەیان‌ كردووە‌ و هیودارم ئەم هەڵبژاردنە لە كەشێكی ئارام و سەركەوتوودا بەڕێوه ‌بچێت و بە شێوەیەكی شارستانیانە و مەدەنیانە و دوور لە لەكەداركردنی یەكتر و بە شێوازێكی دیموكراسیانە وەری بگرین و دەرئەنجامی باشی هەبێت”. جوان عەبدوڵڵا پێیوایە ئەگەر كورد به ‌یەك لیست بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بكردبایە، كاردانەوەی باشتری دەبوو لەسەر ئەو ڕێژە كورسییەی بەدەستی دەهێنرێت، راشیگەیاند: “لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە وەك كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان بڕوامان بە خۆمان هەیە كە ئەم ڕێژە كورسییە بەدەست بهێنین هەروەك خولەكانی پێشووتر و بگرە ئەم جارە ڕێژەی كورسییەكانمان زیاتریش بێت”. ئاماژەی بە ئەوەش دا ئەمە ئەزموونی پارتی لە هەرچوار خولی پەرلەمانی عێراقدایە كە زیاتر بەرگریكردن بووە لەسەر هەموو ئەو پرسە چارەنوسسازانەی كه پەیوەندییان بە هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانەوە بووە، هەروەها زۆر جار قوربانیی داوە لەپێناو مافە ڕەواكانی گەلەكەیدا و ئەوەش دەیسەلمێنێت كە پارتی حزبێك بووە خۆی به ‌خاوەنی پرسی كورد و پێكهاتەكانی كوردستان زانیوە، بۆیە باوەڕی تەواومان بەوە هەیە كە خەڵكی كوردستان به ‌شێوەیەكی زیاتر دەنگ بە كاندیدەكانی پارتی بدەن. جوان عەبدوڵڵا كە لە دەڤەری سۆران لە سنووری پارێزگای هەولێر خۆی كاندید كردووە روونیكردەوە: ”من تاكە كاندیدی ئافرەتم كە لە دەڤەری سۆران كاندید كراوم و بە باوەڕ و متمانەی زۆرەوە كێبڕكێ لەگەڵ كاندیدەكانی دیكە دەكەم بۆ بەدەستهێنانی متمانه ‌و دەنگی هاووڵاتییان، سەرەڕای ئەوەی كە عێراق یەكێكە لەو وڵاتانەی ئافرەتان لە هەڵبژاردنەكاندا دووچاری زۆر پێشێلكاری دەبنەوە، بەڵام هەرگیز كۆڵ نادەم و بەهیوام بە بەدەستهێنانی دەنگێكی زۆر، خۆم لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا ببینمەوە و بوێرانە پێداگری لەسەر مافە ڕەواكانی گەلەكەم بكەم”.

بابه‌تی تر

كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ خەبات دەدوێن

د.سەباح سوبحی کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای هەولێر: بۆ بەهێزترکردنی پێگەی ک…