د. محەمەد سدیق خۆشناو كاندیدی ژمارە 27ی بازنەی یەك لە هەولێر: لە هەر جێگەو پلە و پۆستێك بم بۆ پێشخستنی بواری پەروەردەو خوێندنی باڵا درێغی ناكەم

 

هەوڵی دامەزراندن و رەخساندنی هەلی  كار بۆ دەرچووانی زانكۆ یەكێك لە پێشینەی كارەكانمان دەبێت

 

 

خەبات: رۆشنا عەلی

د. محەمەد صدیق خۆشناو كاندیدی ژمارە 27ی بازنەی (1)ی پارێزگای هەولێر لە سنووری (شەقڵاوە، سۆران، رەواندوز، مێرگەسۆر، چۆمان) پارتی دیموكراتی كوردستان. دەربارەی كارو بەرنامەی خۆی دوای بەدەستهێنانی دەنگی پێویست بۆ بوونە ئەندام پەرلەمان لە عێراقی فیدراڵ بۆخەبات دووا :

سەرەتا دەربارەی ئەوەی ئایا وەك كاندیدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان كاری لە پێشینەیان چی دەبێت لە دوای ئەوەی دەنگی پێویستیان بۆ بوونە ئەندام پەرلەمان بەدەستهێنا؟ بە تایبەتیش لەبواری خوێندن كە خۆیان ماوەی چەند ساڵێك سەرۆكی زانكۆ بوون هەم لە كەرتی گشتی و هەم لە كەرتی تایبەت؟ د. محەمەد گوتی : سەبارەت بەوەی كاری پێشینەمان چ دەبێت كاتێك متمانەی دەنگدارانمان بەدەستهێنا ؟ ئەم پرسیارەی بەرێزتان گریمانەی ئەوەتان خستۆتەڕوو، كەوا  متمانەی دەنگدەران بەدەست دەهێنم، كاتێك  من بچمە پەرلەمانی عێراق، بەپێی ئەو ئەزموونەی كە من  هەمە لە بواری پلانی پەروەردەیی، هەوڵی  جدی دەدەم كار بكەم بۆ ئەوەی رەوشی پەروەردەو خوێندن بچێتە قۆناغێكی تر كە بەبەراورد بە ئێستا  گۆڕانكاری  تێدا  ببینرێت، خاڵێكی تری  گرنگیش دەمەوێ ئاماژەی پێ بدەم  لە هەر جێگەو پلە پۆستێك بم، من بۆ پێش خستنی بواری پەروەردەو خوێندنی باڵا درێغی ناكەم هەر وەكو چۆن لە ڕابردووش  لە هەوڵی جدیدا بووم  بۆ خزمەتكردنی رەوشی  پەروەردە و خوێندنی باڵا.

دەربارەی ئەوەشی كە ئایا ئەو كەموكوڕییانە چین وەك مامۆستایەكی زانكۆ لە سیستەمی خوێندنی زانكۆیی دركیان پێكردووەو پێیانوایە چارەسەری پێویست چییە هەم بۆ هەرێمی كوردستان و هەم بۆ عێراق؟ ئایا چارەسەرەكانیش ئاستی خوێندنی زانكۆ بەرز دەكاتەوە؟ د. محەمەد سدیق خۆشناو كاندیدی ژمارە 27ـی بازنەی یەكی پارێزگای هەولێر گوتی: سەبارەت بە كەموكوڕییەكانی  سیستەمی  خوێندنی  زانكۆیی، پێویستە سیستەمی خوێندن، زیاتر بە زانین بكرێت بە زانستی سەردەم، لەڕێگەی تیۆر و پارادایمە نوێیەكان، ئەمەش  بەمەبەستی بەستنەوەی زانیارییە دەرەكی و ناوخۆییەكان بەیەكترەوەو تێكەڵكردنیان بەیەكتری، هەروەها پێویستە ئامرازەكانی فێركاریی زیاتر  پەرەی پێ بدرێت، بۆ نموونە زیاتر بەكارهێنانی داتاشۆ و كەمكردنەوەی  ئامرازەكانی  نووسین و زیاتر بەكارهێنانی  ئامێری ئەلكترۆنی لەبری دەفتەرو تێنووس و ئامێرەكانیش وەك  كۆمپیوتەرو  ئایپاد، ئەم بە ئەلكترۆنیكردنە بە مەبەستی لەناوبردنی دەفتەر  نییە، بەڵكو ئامانج لێی هێنانەكایەو ئاشنابوونە بەجیهانی نوێگەرایی و خێراكردن و پوختكردنی میكانیزمەكانی پرۆسەی فێربوون.

گوتیشی: كەموكوڕی نەكردنەوەی خولی پەروەردەیی جۆراو جۆر لە ئاستەجیاجیاكان، بەمەبەستی  بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری مامۆستایان وقوتابیان. نەبوون یان كەمی توێژەرانی دەروونی و كۆمەڵایەتی لەقوتابخانەكان و دامەزراوەكانی تری پەروەردەو فێركردن، نەگونجانی دەروونی و كۆمەڵایەتی قوتابی لەگەڵ مامۆستا، رەنگدانەوەی ئەم نەگونجانە دەروونی و كۆمەڵایەتییە درێژەدەكێشێت و دەچێتە ناو بازنە سیستەمی خوێندنەوە،  ئەمەش  كاریگەری راستەوخۆی هەیە لەسەر پرۆسەی خوێندن .

دەربارەی ئەوەی زۆربەی قوتابیانی زانكۆ كە قسەمان لەگەڵدا كردوون و دەنگ بە كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەدەن و داواكاریشیان لەكاندیدەكان ئەوەیە سیستەمی خوێندن بەرەو پێش ببرێت و دامەزراندن و هەلی كاریان بۆ فەراهەم بكرێت، ئەوان چ بەڵێنێكیان پێدەدەن و چ بەرنامەیەكیان بۆ ئەم داواكارییەی قوتابیان هەیە؟ د. محەمەد خۆشناو گوتی: سوپاس بۆ ماندووبوونی ئێوەو ئامادەكردنی ڕاپۆرت لەناو قوتابیانی زانكۆ، جێگای خۆشحاڵییە كە پارتیمان جێگای متمانەی  قوتابیانی زانكۆیە، چونكە قوتابیانی زانكۆ بەرهەمی بەرزترین ناوەندی ئەكادیمین، بەدڵنیاییەوە هەرچی لەتواناماندا بێت درێغی ناكەین و كاروانی زانست پەرە پێ دەدەین، سەبارەت بەهەوڵی دامەزران و رەخساندنی هەلی كاریش بۆ دەرچووانی زانكۆ، بەدڵنیاییەوە یەكێك لە پێشینەی كارەكانمان دەبێت.

بابه‌تی تر

كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ خەبات دەدوێن

د.سەباح سوبحی کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای هەولێر: بۆ بەهێزترکردنی پێگەی ک…