د.سەباح سوبحی کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای هەولێر:

بۆ بەهێزترکردنی پێگەی کوردستان تێدەکۆشین

 

خەبات: بڕیار کۆیی

د.سەباح سوبحی، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان بە ژمارە ٣٦ لە بازنەی چواری پارێزگای هەولێر بۆ پەرلەمانی عێراق لە دیدارێکیدا لەگەڵ(خەبات)باس لە بەرنامەی خۆی و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ چوار ساڵی داهاتووی پەرلەمان عێراق دەکات و لەمیانەدا رایدەگەیەنێت: ئێمە لە خولی پێنجەم لە دوای هەڵبژاردنەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە دەبێت ماددەی ١٤٠ دووبارە بێتەوە سەر مێزی دانوستان و گفتوگۆ چونکە ئەو ماددەیە تاکە ماددە و هۆکارە کە بتوانین رۆڵ و مافی خۆمان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەدەستبهێنین”.

ئەو بەربژێرەی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: “بەرنامەی پارتی ئەگەر سەیری بکەین لە چوار خاڵ خۆی دەبینێتەوە خاڵی یەکەم تایبەتە بە پێگەی کوردستان لەنێو عیراق ئەوەش ئەو پێگەیەیە کە بە پێی دەستوور دەپارێزرێت و لەرێگەی ئەو ماددانەی کە تایبەتە بە پاراستنی هەرێمی کوردستان لەلایەک لە لایەکی تریشەوە هەموو ئەو بابەتانەی دیکە کە تایبەتە بە قەوارەی هەرێمی کوردستان ئێمە لەنێو دەوڵەتێکی فیدراڵیداین بۆیە پێویستە پرەنسیپەکانی فیدراڵی بچەسپێنین بەتایبەت لە خولی پێنجەم ئێمە جەخت لەسەر ئەو خاڵە دەکەینەوە”.

سەبارەت بە پرسی پێکەوەژیان کە پارتی دیموکراتی کوردستان لەم پرۆسەی بانگەشەیەی هەڵبژاردنەش زۆر جەختی لێدەکاتەوە د. سەباح سوبحی رایگەیاند: “بابەتی پێکەوەژیان کە یەکێکە لە بنەماکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو جۆراوجۆرەی کە هەیە لەنێو پارتی سەلمێنەری ئەوەیە کە پارتی لەگەڵ ئەوەیە کە هەموو پێکهاتەکان لەخۆبگرێت چونکە سروشتی پارتی لەوەدایە کە حزبێکی جەماوەرییە و ئەو حزبە جەماوەرییە سەرکردایەتی کوردستان دەکات نەک بە شێوەیەکی دیکتاتۆریانە بەڵکو بە شێوەیەکی دیموکراسیانە ئەو پرۆسەیە لە هاتووە لە ژمارەی کورسییەکانی و سەلمێنراوە زۆرترین کورسییەکان و دەنگەکان لەلایەن پارتییەوە بۆ کورد بە دەست دێن”.

گوتیشی: “ڕوانگەی ئێستای ئێمە سەبارەت بە ماددەی ١٤٠ روانگەیەکی نوێ و واقعێکی نوێیە ئێمە لە خولی پێنجەم لە دوای هەڵبژاردنەکان جەخت لەسەر ئەو روانگەیە دەکەینەوە کە دەبێت ماددەی ١٤٠ دووبارە بێتەوە سەر مێزی دانوستان و گفتوگۆ چونکە ئەو ماددەیە تاکە ماددەیە کە بتوانین رۆڵی خۆمان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم وەرگرین و مافەکانمان بەدەستبێنین پیویستیش دەکات لەسەر شانی ئێمە وەکو کاندیدانی پارتی جەخت لەسەر ئەو ماددەیە بکەینەوە لەبەر ئەوەی ئەو ماددەیە خاڵی یەکلاکەرەوەیە لەنێوان مافەکانی ئێمە لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە دەیانەوێت کوردستان لاواز بکەن”.

روونیشیکردەوە: “سەبارەت بە تەناهیی هەرێمی کوردستان پێویستە ئەو میلیشیاتانەی کە لە دەوروبەری هەرێمی کوردستانن دوور بخرێنەوە و رێککەوتنی شنگالمان هەیە دەبێ جێبەجێ بکرێت و نەتەوە یەکگرتووەکان هاتوونەتە سەر هێڵ، بەڵام ئالیەتی جێبەجێکردنێکی زۆر سستیان هەیە و هەوڵ دەدەن بەردەوام دوای بخەن ئەمەش بە شێوەیەکی تەواو لەلایەن ئێمەوە رەتدەکرێتەوە و ئێمە هەوڵی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان دەدەین بۆ ماڵ و شوێنی خۆیان هەروەها قەرەبووکردنەوەیان ئەم هەوڵەمان بۆ ئاوارەی تەواوی شارەکانی عێراقە کە لە هەرێمی کوردستانن و دەبێت زیاتر هاوکاری بکرێن”.

ئەو کاندیدەی پارتی سەبارەت بە پرسی بودجەی هەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران رایگەیاند: “سەبارەت بە بودجەی هەرێم لە مادەی ١١ هاتووە لە یاسای ژمارە ٢٣ لە ساڵی ٢٠٢١ ئەم یاسایە خۆی لە خۆیدا جێگەی رەخنەیەکی زۆرە لەلای ئێمە بەڵام لەبەر ئەوەی دابینکردنی قوتی خەڵکە بەرگەی زۆر زوڵمان کردووە لەلایەن هەندێک لایەنی سیاسی کە بەداخەوە لایەنی کوردیشی تێدایە ئێمە روانگەی ئەوەمان هەیە کە ململانێی سیاسی دووور بخەینەوە لە یاسای بودجە بۆ جێبەجێکردنی ئەو یاسایە پێویست دەکات کە بەشێوەیەکی تەکنۆقراتبێ و پێویستە ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان بدرێت، بێ ئەوەی هیچ لایەنێک موزایەدەمان لەسەر بکات بڵێت کە ئێمە هۆکارێکین بۆئەوەی کە ئەم بارودۆخە دروست بێت”.

گوتیشی: “لەلایەکی دیکەوە بابەتی بودجە نابیت بلکێنرێت بە مەلەفی نەوت و غاز چونکە مەلەفی نەوت و غاز مەلەفێکی جیایە و چارەسەرکردنی تەنیا بە یاسا دەکرێت ئەو پرۆژە یاسایەی کە لە ٢٠١٧ دەرچوو بەداخەوە لەبەر ئەوەی بەرژەوەندی ناوەراست و خوارووی عێراقی تێدانەبوو بەرژەوەندییەکی دارایی تێدا نەبوو، ئەمە بووە هۆی هەرەسهێنانی پڕۆژەکە”.

بابه‌تی تر

كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ خەبات دەدوێن

کاڤین سەعید کاندیدی ژمارە 21 لە بازنەی دووی پارێزگای نەینەوا: خەڵکی دەڤەرە جۆراوجۆرەکانی ن…