ڕێبوار هادی كاندیدی ژمارە 22 لە بازنەی سێ پارێزگای هەولێر:  كورسییەكانمان زیاد دەكات

 

خەبات: تریفە ئازاد

 

ڕێبوار هادی كاندیدی ژمارە 22ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بازنەی سێ پارێزگای هەولێر بۆ رۆژنامەی خەبات گوتی: لەڕاستیدا خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق تارادەیەكی زۆر خولێكی نائاسایی بوو، بەهۆی ئەو قەیرانە زۆر و زەوەندانەی هاتە كایەوە، بەڵام هەوڵمان بۆ ئەوەیە ئەمجارە كارو پلانمانمان چربكەینەوە.

رێبوار هادی دەڵێت: كاروپلانی ئێمە بەشێكە لە پرۆژەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هەڵبژاردنەكان كە كۆمەڵێك تەوەری لەخۆگرتووەو هەموو كایەكانی ژیان دەگرێتەوەو تیایدا بیروبۆچوونی پارتی بەرجەستە كردووە بۆ ئایندەی پرۆسەی سیاسی لەعیراقدا. هەروەهاش هەوڵدانی بەردەوام بۆ دەستەبەركردنی مافەكانی خەڵكی كوردستان، كە لەدەستووردا هاتووە و پاراستنی شایستە داراییەكانی كوردستانیان لە ململانێی سیاسی نێوان هەولێر و بەغدا.

 كاندیدی ژمارە 22ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بازنەی سێ پارێزگای هەولێر بۆ رۆژنامەی خەبات گوتیشی: بەردەوامبوون لە هەوڵەكانمان بۆ دەركردنی چەند یاسایەك كە بەرجەستەی فیدرالیەتی راستەقینە بكات لە عیراق و هەرێمیش بپارێزیت، لەوانەش یاسای ئەنجوومەنی فیدراڵی كە یەكێكە لە زەمانەتەكانی پاراستنی مافی هەرێمەكان لە دەوڵەتی فیدرالیدا. لەراستیدا زۆر یاسا هەبوو كە زەرورەت بوو دەربچێت، بەڵام بارودۆخی ئالۆزی سیاسی و قەیرانەكانی تر رێگربوون لە دەرچوونیان، لەوانەش ئێمە ساڵێكی داراییمان تێپەڕاندو نەمانتوانی یاسای بوجەی ساڵی ٢٠٢٠ دەربكەین، بەڵكو پشتمانبەست بە یاسای ئیدارەی مالی فیدرالی، كە نەیتوانی وەك پێویست بودجە بەڕێكوپێكی خەرج بكات و دادپەروەریی بەدیبهێنیت، یاسایەكی تر زۆر گرنگ بوو دەریبكەن، كە یاسایەكی نوێ بوو بۆ دادگای فیدراڵی، بەڵام بەداخەوە بەهۆی ململانێكانەوە نەمانتوانی یاسایەكی نوێ دەربكەن، كە دەرخەری قۆناغی نوێی حوكمڕانی بێت لە عیراقدا، بەلكو یاسا كۆنەكەمان هەمواركردەوە و شەرعیەتمان پێدا، هەرچەندە ئێمە لەگەڵی نەبووین، بەڵام دواجار بە زۆرینە تێپەری.

رێبوار هادی دەڵێت: یاسایەكی تر كە زۆر گرنگ بوو دەربچێت و پرۆژەیەكی باشیشمان پێشكەش كرد ئەویش یاسای ئەنجوومەنی هەرێمەكان بوو، بەڵام بەداخەوە تەنیا یەك خوێندمەوەی بۆ كراو بەهۆی دۆخی شڵەژاوی سیاسی عیراق و دۆخی كۆرۆناوە كۆبوونەوەكانی پەرلەمان پەكی كەوت و نەمانتوانی دەریبچووێنین، بەڵام هیوامان هەیە لەم خولەی تازەدا بتوانین دەریبكەین و لەرێگەی سازانی نیشتیمانییەوە بێت یان لەرێگەی هاوپەیمانی سیاسیەوە بێت.

 رێبوار هادی كاندیدی ژمارە 22ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بازنەی سێ پارێزگای هەولێر بۆ رۆژنامەی خەبات لەبارەی دەنگدانەی ئەمجارە گوتی: ئومێدێكی زۆرمان هەیە خەڵك دەنگ بەكاندیدانی پارتی بدات و كورسییەكانیشمان ئەمجارە زیاتر دەبێت بە بەراورد بەهەڵبژاردنی رابردوو لە بەر دوو هۆكار، یەكەمیان پارتی هێزێكی خاوەن ئیرادەیەو سازش لە خواستی خەڵك ناكات و ئەزموونكراوە، بۆیە خەڵك هەڵوێستەكانی پارتی لەبەرچاوە. وەمیشیان ئەوەیە ئەم هەڵبژاردنە لەكاتێكدا دەكرێت هەرێم لە پێگەیەكی بەهێزترە لە هەڵبژاردنی رابردوو، كە تا رادەیەكی زۆر هێشتا هەرێمی كوردستان لە رووی دبلۆماسی ونێودەوڵەتی و ئیقلیمییەوە گەمارۆ درابوو، بەڵام پارتی بەهێزی خۆی و دبلۆماسیەتی نەرمەوە ئەو قۆناغەی تێپەڕاند و ئازادانەتر لە هەندێ ناوچەی تری عێراق كاندیدی هەیە و ئەگەری دەرچوونیان زۆرە. لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئێمە بەهێزەوە بەشداریمان كردووە. هەموو ئەم هۆكارانە پێماندەڵێن كاندیدانی پارتی چانسی دەرچوونیان لە هەموو هێزەكانی تر زیاترە و دڵیناین و پشتئەستورین بە جەماوەری خۆمان، كە بە هێزی پلە یەكی عێراق دەمێنینەوە و هەمیشە نوێنەری راستەقینەی هەرێم دەبین لە بەغدا.

بابه‌تی تر

كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ خەبات دەدوێن

د.سەباح سوبحی کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای هەولێر: بۆ بەهێزترکردنی پێگەی ک…